هەناردەكردنەوەی نەوتی هەرێم جارێكی تر دوادەكەوێت

Draw Media

2023-05-12 11:24:09



 
(درەو):
كۆمپانیای (بۆتاش)ی توركیا كە كاری هەناردەكردنی نەوتی هەرێمی كوردستان دەكات، هێشتا وەڵامی داواكاری حكومەتی عێراقی نەداوەتەوە بۆ دەستپێكردنەوەی هەناردەی نەوت، وەزیری سامانە سروشتییەكانی هەرێم دەڵێ" بڕواناكەم سبەینێ هەناردە دەستپێبكاتەوە". 
حەیان عەبدولغەنی وەزیری نەوتی عێراق لە پەراوێزی سەردانێكیدا بۆ كێڵگەی نەوتی بەسرە قسەی بۆ رۆژنامەنوسان كردو رایگەیاند، پێشبینی دەكرێت سبەینێ هەناردەی نەوتی باكور (مەبەستی هەرێمی كوردستان‌و نەوتەكەی كەركوكە) دەستپێبكاتەوە. 
بەپێی قسەی وەزیری نەوتی عێراق، ئەمجارە كە هەناردە بۆ بەندەری جەیهانی توركیا دەستپێدەكاتەوە، تێكڕای نەوتی هەناردەكراوی هەرێمی كوردستان‌و كەركوك رۆژانە دەگاتە (500 هەزار) بەرمیل. 
وەزیری نەوت وتی: تائێستا هیچ وەڵامێكمان لە كۆمپانیای (بۆتاش)ی توركیاوە سەبارەت بە داواكارییەكەمان بۆ دەستپێكردنەوەی هەناردەی نەوت بەدەست نەگەیشتووە.
هاوكات كەمال محەمەد وەزیری سامانە سروشتییەكانی هەرێم بە وەكالەت دەڵێ:" لەو بڕوایەدا نیم سبەینێ هەناردەی نەوتی هەرێم دەستپێبكاتەوە".  
دوای بڕیاری دادگای ناوبژیوانی نێودەوڵەتی پاریس لەسەر سكاڵای حكومەتی عێراق دژی توركیا سەبارەت بە بەكارهێنانی بۆری عێراق بۆ هەناردەكردنی نەوتی هەرێمی كوردستان، رۆژی 25ی ئازاری ئەمساڵ توركیا هەناردەی نەوتی هەرێمی كوردستانی راگرت. 
بەمدواییە حكومەتی هەرێم‌و حكومەتی فیدراڵی عێراق رێككەوتنیان كرد لەبارەی دەستپێكردنەوەی هەناردەی نەوت، لەم رێككەوتنەدا هەرێم قایل بوو بەوەی كۆمپانیای بە بازاڕخستنی نەوتی عێراق "سۆمۆ" نەوتی هەرێم بفرۆشێت، لەسەر ئەم بنەمایە كۆمپانیای سۆمۆ گرێبەستی لەگەڵ چەند كۆمپانیایەكی بیانی كردووە بۆ فرۆشتنی نەوتی هەرێم، بەڵام هێشتا هەناردەی نەوت دەستیپێ نەكردوەتەوە. 
دوێنێ هاوكات لەگەڵ سەردانی محەمەد شیاع سودانی سەرۆك وەزیرانی عێراق بۆ هەرێمی كوردستان، وەزیری نەوتی عێراق كە هاوكات جێگری سەرۆك وەزیرانیشە بۆ كاروباری وزە رایگەیاند، كۆمپانیای سۆمۆ، كۆمپانیای بۆتاشی توركیای ئاگاداركردوەتەوە لە رۆژی شەممەوە 13ی ئایار، هەناردەی نەوت لە دەروازەی باكورەوە، دەستپێبكاتەوە. 
بەپێی زانیارییەكان، بەرپرسانی توركیا دەیانەوێت بەر لە دەستپێكردنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێم، گرەنتی ئەوە وەربگرن عێراق لەو (ملیارو 500 ملیۆن) دۆلارە خۆش دەبێت كە دادگای نێودەوڵەتی پاریس لە حوكمەكەیدا وەكو قەرەبوو بەسەر توركیایدا سەپاندووە، سەرباری ئەمە لایەنی توركی وەكو بەهانە بۆ بەردەوامبوونی راگرتنی هەناردەی نەوتی هەرێم باسلەوە دەكەن پشكنین بۆ بۆرییەكانی نەوت دەكەن بۆ ئەوەی بزانن ئایا بەهۆی بومەلەرزە گەورەكەی ئەمدواییەوە زیانی بەركەوتووە یاخود نا. 
هەناردەی نەوت رێژی 77%ی تێكڕای داهاتی هەرێمی كوردستان پێكدەهێنێت، بەهۆی راوەستانی هەناردەی نەوتەوە حكومەتی عێراق بەڵێنیداوە تا ئەوكاتەی یاسای بودجەی 2023 پەسەند دەكرێت، مانگانە بڕی (400 ملیار) دینار بۆ هەرێم بنێرێت، بەڵام بەم دۆخەشەوە هێشتا حكومەتی هەرێم بەتەواوەتی ناتوانێت خەرجی موچەی موچەخۆران دابین بكات. 
حكومەتی محەمەد شیاع سودانی بە بەڵێنی ئەوە هاتوەتە سەر كار، بۆ جاری یەكەم لەدوای كەوتنی رژێمی سەددامەوە، بەشێوەیەكی ریشەیی كێشەی نەوت‌و بودجە لەنێوان هەولێرو بەغداد چارەسەر بكات. 
سودانی لەگەڵ دەستبەكاربوونیدا لە بەرنامەی كاری خۆیدا بەڵێنی ئەوەیدا لەماوەی شەش مانگ دوای دەستبەكاربوونی حكومەتەكەی، یاسای نەوت‌و غازی فیدراڵ رەوانەی پەرلەمان بكات بۆ پەسەندكردن، بەڵام وادەی شەش مانگەكە تێپەڕیوە‌و هێشتا هیچ دەنگوباسێك لەبارەی ئەو یاسایەوە نییە. 
یاسای نەوت‌و غازی فیدراڵ یەكێك لەو یاسا گرنگانەیە كە دەبوو ساڵی 2005 دوای پەسەندكردنی دەستوری هەمیشەیی عێراق دەربچێت، بەڵام بەهۆی ناكۆكی نێوان هەرێم‌و حكومەتی فیدراڵ ئەم یاسایە تائێستا دەرنەچووە، سودانی دەیەوێت لەرێگەی دەركردنی ئەم یاسایەوە، بەشێوەیەكی بنڕ دەسەڵاتی حكومەتی فیدراڵ‌و حكومەتی هەرێم بەسەر سامانی نەوت‌و غازدا یەكلابكاتەوە‌و كۆتایی بەم ناكۆكییە درێژخایەنە بهێنێت. 
 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand