Draw Media

تا په‌سه‌ندكردنی بودجه‌ ده‌بێت كورتهێنان پڕبكاته‌وه‌

تا په‌سه‌ندكردنی بودجه‌ ده‌بێت كورتهێنان پڕبكاته‌وه‌

2023-05-07 12:38:09


(درەو):
حكومەتی هەرێمی كوردستان هێشتا لیستی موچەی مانگی نیسانی رانەگەیاندووە، چاوەڕێی هاتنی 400 ملیار دینارەكەی بەغداد دەكات، تەنانەت بە پارەكەی بەغدادیشەوە حكومەت نزیكەی (170 ملیار) دینار كورتهێنانی دەبێت بۆ خەرجی موچە. 
وەزارەتی دارایی هەرێمی كوردستان لە رۆژی 6ی نیساندا دەستی بە دابەشكردنی موچەی مانگی (ئازار) كرد، ئەمڕۆ 7ی ئایارە، هێشتا لیستی موچەی مانگی (نیسان)ی رابردووی رانەگەیاندووە. 
فرۆشی نەوت كە سەرچاوەی 77%ی كۆی گشتی  خەرجییەكانی حكومەتی هەرێم بوو (بە خەرجی موچەشەوە)، بەهۆی بڕیاری دادگای نێودەوڵەتی پاریس، هەناردەی نەوت راوەستاو هەرێم ئەم سەرچاوە گرنگەی داهاتی لەدەستداوە، ئێستا بۆ پڕكردنەوەی كورتهێنانی داهاتی نەوت تا ئەوكاتەی بودجەی گشتی عێراق پەسەند دەكرێت، حكومەتی بەغداد بڕیاریداوە مانگانە بڕی (400 ملیار) دینار بۆ هەرێمی كوردستان بنێرێت، ئەم بڕە پارەیە رێژەی تەنیا 44%ی خەرجی موچە لە هەرێمی كوردستان پێكدەهێنێت، ئەمە جگە لە خەرجییەكانی تر، پاشماوەی كورتهێنانی خەرجی موچە دەبێت حكومەتی هەرێم بە داهاتی ناوخۆ پڕیبكاتەوە.
بۆ موچەی مانگی نیسان هێشتا حكومەتی فیدراڵ (400 ملیار) دینارەكەی نەناردووە، بەڵام حكومەتی هەرێم چاوەڕێیە ئەم هەفتەیە پارەكە بگات. 
ئەگەر حكومەتی فیدراڵ لەم هەفتەیەدا (400 ملیار) دینارەكە بنێرێت، حكومەتی هەرێم بڕی (200 ملیار) دیناری داهاتی ناوخۆی دەخاتە سەر، ئەمە لەگەڵ بڕی (100 ملیار) دیناری تر كە لەبەردەستی حكومەتدا ماوەتەوە، لەپاڵ ئەمەدا حكومەت مانگانە بڕی زیاتر لە (31 ملیار) دینار وەكو یارمەتی بۆ پێشمەرگە لە هاوپەیمانان وەردەگرێت، واتا بەتێكڕا حكومەتی هەرێم بڕی (731 ملیار) دیناری لەبەردەستدا دەبێت، ئەمە لەكاتێكدایە خەرجی مانگانەی موچە لە هەرێمی كوردستان زیاتر لە (900 ملیار) دینارە، لەم حاڵەتەدا حكومەت بۆ دابینكردنی خەرجی موچە بڕی نزیكەی (170 ملیار) دینار كورتهێنانی دەبێت. 
دواخستنی وادەی دابەشكردنی موچە بەردەوام یەكێك لە تەكنیكەكانی حكومەتی هەرێم بووە بەمەبەستی كۆكردنەوەی زیاتری داهات، دواخستنی دابەشكردنی موچەی مانگی (نیسان) ئەو دەرفەتە بە كابینەی نۆیەم دەدات كورتهێنانی خەرجی موچە لەرێگەی كۆكردنەوەی داهاتی زیاتری ناوخۆوە پڕ بكاتەوە. 
ئەم دۆخی كورتهێنانە تا پەسەندكردنی بودجەی 2023ی عێراق بەردەوام دەبێت، خوێندنەوەی یەكەم بۆ پرۆژەیاسای بودجەی گشتی عێراق كراوە، بڕیارە لەم مانگەدا پرۆژەكە پەسەند بكرێت. 
بەپێی قسەی نەرمین مەعروف ئەندامی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی عێراق، لە پرۆژە یاسای بودجەدا مانگانە بڕی (775 ملیار) دینار بۆ موچەی فەرمانبەرانی هەرێم تەرخانكراوە، ئەمە لەگەڵ بڕی (112 ملیار) دیناری مانگانە بۆ موچەی خانەنشینانی هەرێم.
واتای دوای پەسەندكردنی یاسای بودجە، دەبێت حكومەتی عێراق مانگانە بە تێكڕا بڕی (887 ملیار) دینار بۆ موچەی فەرمانبەرو خانەنیشیانی هەرێم بنێرێت، بەمەش حكومەتی هەرێم بە ئاسانی دەتوانێت خەرجی موچە پڕبكاتەوە كە مانگانە زیاتر لە (900 ملیار) دینارە، هەڵبەت ئەگەر هەردوو حكومەتەكە پابەند بن بە یاسای بودجەو هاوشێوەی رابردوو هیچ یەكێكیان ئەوەی تر بە پێشێلكردنی یاسای بودجە‌و رێككەوتنەكان تۆمەتبار نەكات. 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand