Draw Media

کاریگەری ڕاگرتنی نەوتی هەرێم لەسەر ئەمنی وزەی ئیسرائیل

کاریگەری ڕاگرتنی نەوتی هەرێم لەسەر ئەمنی وزەی ئیسرائیل

2023-04-29 13:26:23


شیكاری: درەو

# ڕاگرتنی لەناکاوی هەناردەکردنی نەوتی خاوی هەرێمی کوردستان، ئەگەر چی وا دەردەکەوێت کاتی بێت، بەڵام دەریخستووە کە ئیسرائیل یەکێکە لەو وڵاتانەی وابەستەو کڕیاری بەردەوامی نەوتی خاوی هەرێم بووەو داشکاندنی گەورەی بۆ کراوە. بۆیە هەندێک پێیان وایە ڕاگرتنی هەناردەکردنی نەوتی هەرێم کاریگەرییەکانی لەسەر ئاسایشی وزەی ئیسرائیل نیشان دەدات. بە تایبەتیش بەرتەسکی ئەڵتەرناتیڤی خێرا بۆ پڕکردنەوەی دروست بوونی ئەو بۆشاییە لە وزە، بەشی زۆر ئەو بەرتەسکییەش دەگەڕێتەوە بوونی سزاکانی ڕۆژئاوا لە سەر روسیا کە یەکێکە لە بەرهەمهێنەرە سەرەکییەکانی نەوتی خاو لە ناوچەکە.
# بەگوێرەی زانیارییەکانی "کۆمپانیای داتا ئینتلێجنس "کێپلەر" دەکرێت ئاماژە بەوە بکرێت کە لە سێ مانگی یەکەمی ئەمساڵدا ئیسرائیل بۆ پڕکردنەوەی (40%)ی پێداویستییەکانی نەوتی خاو، نەوتی لە هەرێمی کوردستان هاوردەکردووە، بە قەبارەیەک کە نزیکەی دوو ئەوەندەی ئەو ڕێژەیەیە کە لە ساڵی (2022)دا تۆمارکراوە.
# ئیسرائیل لە دوای ساڵی (2018)ەوە بەردەوام هاوردەکاری نەوتی هەرێم بووە، جگە لە چەند ناوبڕێک بۆ نمونە لە کاتی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆڤید-19 لە ساڵی (2020).

سەرەتا
لەدوای ڕاگرتنی هەناردەکردنی نەوتی خاوی هەرێمی کوردستان لە (25)ی ئازاردی ئەمساڵدا، بەشێکی زۆری میدیا ناوخۆی و نێودەوڵەتییەکان سەرنجی زۆریان خستە سەر پرسەکە، بە تایبەت پەیوەندییەکانی نێوان بەغدا و هەولێر، لەبارەی بەڕێوەبردنی بەرهەمهێنانی نەوت و هەناردەکردنی نەوتی هەرێم. کە ساڵانێکی زۆرە هەردوو لایەن لەسەر ئەم بابەتە لە ناکۆکی قووڵدان. لەگەڵ ئەوەی حکومەتی فیدراڵی عێراق و حکومەتی هەرێمی کوردستان گەیشتوونەتە جۆرێک لە ڕێککەوتن بۆ دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنی نەوهەرێم، بەڵام تا ئێستا دەست بە هەناردەکردن نەکراوەتەوە. 
ئەوەی جێگەی سەرنجە کاریگەری و لێکەوتەکانی ڕاگرتنی نەوتی هەرێم تەنها لەسەر ئەو دوو لایەنە ناوەستێت، بەڵکو کاریگەری بەرفراوانتری ڕاگرتنی هەناردەکردنی نەوتی هەرێم فراوانترە، کە قەبارەکەی دەگاتە زیاتر لە (400 هەزار) بەرمیل نەوتی ڕۆژانە (بڕوانە چارتی ژمارە (1))، ئەگەر چی ئەم بڕە تاڕادەیەک سنووردارە، بەو پێیەی (0.5%)ی دابینکردنی نەوتی گشتی جیهان و (1%)ی هەناردەکردنی دەریایی تێپەڕ ناکات. بەڵام لە کاتێکدا جیهان سەرنجی لەسەر پێشهاتەکانی ناوخۆی عێراق بووە، لایەنێکی تری گرنگی ئەو پرسە کە تاڕادەیەکی زۆر پشتگوێ خراوە، ئەویش کاریگەرییەکانییەتی لەسەر کڕیارانی نەوتی هەرێم، بە تایبەت ئیسرائیل کە یەکێک بووە لە کڕیارە سەرەکییەکانی نەوتی هەرێمی کوردستان لە ماوەی ڕابردوودا.
چارتی ژمارە (1)


پشتبەستنی ئیسرائیل بە نەوتی هەرێمی کوردستان
ڕاگرتنی لەناکاوی هەناردەکردنی نەوتی خاوی هەرێمی کوردستان، ئەگەر چی وا دەردەکەوێت کاتی بێت، بەڵام دەریخستووە کە ئیسرائیل یەکێکە لەو وڵاتانەی وابەستەو کڕیاری بەردەوامی نەوتی خاوی هەرێم بووەو داشکاندنی گەورەی بۆ کراوە. بۆیە هەندێک پێیان وایە ڕاگرتنی هەناردەکردنی نەوتی هەرێم کاریگەرییەکانی لەسەر ئاسایشی وزەی ئیسرائیل نیشان دەدات. بە تایبەتیش بەرتەسکی ئەڵتەرناتیڤی خێرا بۆ پڕکردنەوەی دروست بوونی ئەو بۆشاییە لە وزە، بەشی زۆر ئەو بەرتەسکییەش دەگەڕێتەوە بوونی سزاکانی ڕۆژئاوا لە سەر روسیا کە یەکێکە لە بەرهەمهێنەرە سەرەکییەکانی نەوتی خاو لە ناوچەکە.
بۆ زیاتر بەرچاو ڕوونی، بەگوێرەی زانیارییەکانی "کۆمپانیای داتا ئینتلێجنس "کێپلەر" دەکرێت ئاماژە بەوە بکرێت کە لە سێ مانگی یەکەمی ئەمساڵدا ئیسرائیل بۆ پڕکردنەوەی (40%)ی پێداویستییەکانی نەوتی خاو، نەوتی لە هەرێمی کوردستانی هاوردەکردووە، بە قەبارەیەک کە نزیکەی دوو ئەوەندەی ئەو ڕێژەیەیە کە لە ساڵی (2022)دا تۆمارکراوە. لە نموونەیەکی دیکەی بەرچاوی ئەم گۆڕانکارییەدا، ئیسرائیل لە مانگی شوباتدا نزیکەی (183 هەزار) بەرمیل نەوتی خاوی کەرکوک-جەیهانی لە ڕۆژێکدا هاوردە کردووە، کە زیاتر لە پێنج ئەوەندەی ئەو (36 هەزار) بەرمیل نەوتەیە کە لە ڕۆژێکدا لە هەمان مانگی ساڵی ڕابردوودا هاوردەی کردووە. سەرنج بدەن لە (چارتی ژمارە (2)) ئیسرائیل لە دوای ساڵی (2018)ەوە بەردەوام هاوردەکاری نەوتی هەرێم بووە، جگە لە چەند ناوبڕێک بۆ نمونە لە کاتی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆڤید-19 لە ساڵی (2020). دەکرێت ئاماژە بەوەش بدرێت کە ئیسرائیل لەم ساڵانەی دوایدا نزیکەی (210 هەزار) بەرمیل نەوتی لە ڕۆژێکدا بەکارهێناوە، بەپێی داتاکانی  کۆمپانیا پترش پترۆلیۆم (بی پی).
چارتی ژمارە (2)

لە ساڵی (2014) یەکەم باری گەورەی نەوتی خاوی هەرێمی کوردستان هەناردەی ئیسرائیل کراوە، کە هاوکاتە لەگەڵ ئەوەی هەرێمی کوردستان بڕیاریدا نەوتی خاوی خۆی بە شێوەیەکی سەربەخۆ لە ڕێگەی بەندەری جەیهانی تورکیاوە بفرۆشێت، تا ناوەڕاستی ساڵی (2015) باس لەوە کرا کە ئیسرائیل "سێ لەسەر چوار"ی نەوتی خاو لە حکومەتی هەرێم هاوردە دەکات. لەو کاتەوە تا ئێستا بارکردنی نەوتی هەرێم لەلایەن ئیسرائیلەوە بەردەوام بووە، چونکە نەوتی هەرێم بۆ ئیسرائیل سەرچاوەیەکی متمانەپێکراو بوەو لە خاڵێکی بارکردنی نزیکەوە سەرچاوەی گرتووە، کە گەرەنتی کەمی تێچووی گواستنەوە دەکات بۆ ئیسرائیل. بڕوانە (چارتی ژمارە (3)).
بەڵام ئەو بازرگانییە مانگی ڕابردوو پەکی کەوت، کاتێک دادگای ناوبژیوانی نێودەوڵەتی لە دۆسیەی سکاڵاکەی عێراق لە دژی تورکیا لە بەرژەوەندی حکومەتی فیدراڵی عێراق بڕیاریدا، دوایین بارێک کە نەوتی خاوی هەرێمی هەڵگرتبوو، لە (24ی ئاداری 2023)دا بینراوە. 
چارتی ژمارە (3)


مەتەڵێکی ئاڵۆز
جگە لە بارکردن و هاوردەکردنی نەوت لە هەرێمی کوردستانەوە، ئیسرائیل پێویستیەکانی نەوتی خاو لە وڵاتانی وەک (ئازەربایجان، بەرازیل، گابۆن، کازاخستان و نەیجیریا) هاوردە دەکات. پێشتریش نەوتی خاوی ڕووسیای هاوردە کردووە، بەتایبەتی لە نێوان ساڵانی (2018 - 2020) بەپێی داتاکانی کێپلەر. بەڵام هیچ جۆرە نەوتێکی خاو ناتوانێت جێگەی ئەوەی هەرێمی کوردستانی بۆ بگرێتەوە بە هۆکاری تەکنیکی و دارایی و سیاسی.
بەڵام ڕاگرتنی ئەم دواییەی ڕۆیشتنی نەوت هەرێمی کوردستان، پرسیاری ئەوەی دروست کرد کە کام نەوتی خاو دەتوانێت جێگەی خاوی کوردستان بگرێتەوە بۆ ئیسرائیل. لەم بارەیەوە "هومایون فەلەکشاهی" شیکەوەرەری دیاری دەزگای "کێپلەر" دەڵێت، لەنێو یەکەم بەدیلەکان کە دێتە پێشەوە، نەوتی ڕووسیایە، چونکە لەناو گەمارۆکانی ڕۆژئاوا بۆ سەر مۆسکۆ بەهۆی لەشکرکێشییەکەی بۆ سەر ئۆکرانیا نەوتەکەی بە داشکاندنی گەورە دەفرۆشرێت، بۆیە لەڕووی تەکنیکییەوە بەدیلێکی هاوتەریبە بۆ نەوتی خاوی هەرێم.
ئەگەرچی لە روی سیاسییەوە ئیسرائیل پاڵپشتی ڕۆژئاوا نەبوو بۆ سەپاندنی سزا بەسەر نەوتی ڕووسیادا، بەڵام هۆکارە سیاسییەکان پرۆسەی هاوردەکردنی نەوتی خاوی ڕووسیا دەکاتە ڕێگەیەکی مەترسیدار. لەو چوارچێوەیەدا "فەلەکشاهی" بە ماڵپەڕی "ئەمواج میدیا"ی وتووە: لەڕووی داراییەوە، نەوتی ڕووسیا باشترین بژاردە دەبێت، بەڵام ئەمە دەبێتە مەترسی بۆ سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل "بنیامین ناتانیاهۆ". ئاماژەی بەوەشکردووە "ئەو کارە پێدەچێت ببێتە مانشێتی ڕۆژنامەکان و ڕەنگە حکومەتی ئیسرائیل پێیوابێت باشترە بۆ ئێستا گرژییەکان لەگەڵ ئەمریکادا پەرەنەسەنن".
هەروەها ئیسرائیل دەتوانێت هاوردەکردنی لە ئازەربایجان و کازاخستانەوە زیاد بکات، بەڵام کێشەی کوالێتی نەوتەکەی بۆ دروست دەبێت کە ڕێژەیەکی بەرزی گۆگردیان تێدایە.
بۆیە لە داهاتووی نزیکدا هیچ سەرچاوەو وڵاتێکی دیکە شوێنی هەرێمی کوردستان ناگرێتەوە بۆ پڕکردنەوەی پێداویستی نەوتی ئیسرائیل کە لە روی سیاسی و تەکنیکی داراییەوە هەرزان بکەوێت لەسەری.

سەرچاوەکان
سەرچاوەی سەرەکی؛
-    نعوم ريدان؛ تحليل معمق: قطع إمدادات نفط كردستان العراق يكشف نقطة ضعف في أمن الطاقة الإسرائيلي، أمواج میدیا، 4/4/2023؛
https://amwaj.media/ar/article/deep-data-iraqi-supply-cut-exposes-weak-spot-in-israel-s-energy-security
‌ سەرچاوە لاوەکییەکان؛
-    ڕاپۆرتەکانی کۆمپانیای دیلۆیت (2018 - 2022)، ماڵپەڕی حکومەتی هەرێمی کوردستان.
-    مەحموود بابان؛ کڕیار و هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستان لە بەندەری جەیهانەوە، ناوەندی لێکۆڵینەوەی روداوو، 4/4/2023؛
https://rudawrc.net/sorani/article/kryar-u-henardey-newti-heremi-kwrdstan-le-benderi-ceyhanewe-2023-04-04
-    سايمون هندرسون، بلال وهاب، هنري روم؛ إسرائيل قد لا تحصل على النفط في أعقاب الاتفاق بين بغداد والأكراد، معهد واشنطن، 13/4/2023؛
https://www.washingtoninstitute.org/ar/policy-analysis/asrayyl-qd-la-thsl-ly-alnft-fy-aqab-alatfaq-byn-bghdad-walakrad
 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand