کاریگەرییەکانی گرتنەوەی قوفڵەکە...
2023-04-26 15:39:48
ئامادەكردنی: یادگار سدیق گەڵاڵی
بەشی دووەم
راستەوخۆ دوای دزەپێکردنی هەواڵی بڕیاری کۆتایی دادگای ناوبژیوانی نێودەوڵەتی ژووری بازرگانی پاریس ICC دژی تورکیا و لە بەرژەوەندی عێراق، سەبارەت بە ڕێگەپێدانی تورکیا بە هەرێمی کوردستان بۆری عێراق- تورکیا بەکار بهێنێت نەوتەکەی لەبەندەری جەیهان باربکات و بیفرۆشێت لە کاتژمێرەکانی کۆتایی ٢٤ی ئازاری ٢٠٢٣ دا وە دوای چەند کاتژمێرێک لە بەرەبەیانی ٢٥ ئازاردا قوفڵی ئەو بۆرییە گیرایەوە و هەناردەی نەوتی هەرێم ڕاگیرا. تورکیا ڕایگەیاند بەبێ ڕەزاماندی عێراق ئەو قوفڵە ناکاتەوەو رێگە بەهەرێم نادات نەوت هەناردەبکات.
ئێستا پاش تێپەڕبوونی مانگیك بەسەر گرتنەوەی قوفڵەکەدا:
١- چ کاریگەرییەکەی لەسەر لایەنەکان( هەولێرو بەغدا) دەبێت؟
٢- چۆن دەتوانرێت ئەو کاریگەریانە سنوردار بکرێت؟
هەوڵ دەدەین وەڵامی ئەو دوو پرسیارە بدەینەوە
.
١- کاریگەرییەکانی لەسەر هەولێر
بەکردەیی هەرێمی کوردستان لە سەرەتای ساڵی ٢٠١٣ ەوە بەشێوەیەکی رەها پشتی بەداهاتی فرۆشی نەوت بەستووە کە لەرێی ئەو بۆرییەوە توانییویەتی بیگەیەنێت بە کڕیارەکانی و بازاڕەکانی جیهان، وەستانی هەناردە دەبێتە هۆی بێبەشکردنی لە سەرچاوەی سەرەکی داهات و لە ئەنجامدا درووست بوونی گرفت بۆ بەڕێوەبردنی کاری رۆژانەی حکومەت لە دابینکردنی مووچە و پێشکەش کرنی خزمەتگوزاری کە خۆی بەبێ درووستبوونی ئەم کێشەیەش بەدەستییەوە دەیناڵاند.
هەرێم لە ماوەی چەند ساڵی ڕابوردوودا رۆژانە لە ٤٠٠ بۆ ٤٥٠ هەزار بەرمیل نەوتی هەناردەی بەندەری جەیهان کردووە، و نەوتی بە داشکانی زۆر فرۆشتووە و کرێیەکی زۆری لێ داوە بە گواستنەوەی چ لە ناو هەرێم یاخود لە ناو خاکی تورکیادا ، و خەرجی کۆمپانیا نەوتییەکانیش زۆر بووە، بەگشتی هەم خەرجییەکان زۆر بووە وە هەم نەوتەکەش بە هەرزان فرۆشراوە، دەرئەنجام لە کاتێکدا لە دوو ساڵی ڕابووردوودا نرخی نەوتیش بەرزبووە بەڵام هەرێم بەردەوام کێشەی مووچەو خزمەتگوزاری هەبووە.
بڕیارەکەی دادگا لە ١٣ی شوباتدا دراوە واتە لایەنەکانی داواکە ماوەیکی باش پێش بڵاوکردنەوەی لە ڕاگەیاندنەکان ئاگاداری ناوەڕۆکی بڕیاری کۆتایی بوون، وە زۆر پێشتریش پێشبینی بردنەوەی دەکرا لە بەرژەوەندی عێراق بە تایبەت دوای بڕیاری دادگای فیدراڵی لە ١٥ی شوباتی ٢٠٢٢دا واتە یەکساڵ پێش دەرچوونی بڕیاری دادگای ناوبژیوانییەکە هەرێم رووبەڕووی کێشەی یاسایی و دەستوری بوو بویەوە کە خۆی لە ٣ێ خاڵدا دەبینیەوە
• نادەستووریبوونی یاسای ژمارە ٢٢ی ساڵی ٢٠٠٧، یاسای نەوت و گازی هەرێم.
• ڕادەستکردنی هەموو بەرهەمی نەوت بە وەزارەتی نەوت.
• داواکردن لە وەزارەتی نەوتی عێراق بەدواداچوون بکات بۆ نایاساییبوونی ئەو گرێبەستانەی کە هەرێم لەگەڵ لایەنە دەرەکییەکان کردوویەتی سەبارەت بە گەڕان و پشکنین، بەرهەمهێنان و هەناردەکردنی نەوت.
بەم بڕیارەی ICC خاڵی دووەمی بڕیارەکەی دادگای فیدراڵ بە کردەیی جێبەجی کرا.
هەرێم بەچەند مانگێک پێش وەستانی هەناردە لە گەڵ حکومەتەی فیدراڵ لە گفتوو گۆدا بوون و رێککەوتبوو لە سەر ٣ خاڵی سەرەکی لە پرۆژە یاسای بوجەی حکومەتی فیدراڵ :
١- کۆی داهاتی نەوتی بەرهەم هێنراو لە کێڵگەکانی هەرێم لە یەک هەژماری بانکیدا دادەنرێت کە تێیدا سەرجەم داهاتەکانی هەناردەکردن یان فرۆشتنی نەوتی خاو و بەرهەمەنەوتییەکان دادەنرێت بەبێ هیچ لێبڕینێک بۆ هەر مەبەستێک وەسەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێم یان هەرکەسێک کە ئەو دەسەڵاتی پێبدات دەسەڵاتی مامەڵە کردنی پێوە هەیە، هەروەها ئەو ئەژمارە لەژێر چاودێری حکومەتی فیدراڵی دەبێت، هەروەها هەموو هەژمارە هاوشێوەکانی تر دادەخرێن.
٢- پشکی هەرێم لە کۆی بڕی هەناردەکردنی نەوتی خاو لە کێڵگەکانی هەرێم ٤٠٠ هەزار بەرمیل لە ڕۆژێکدا، لە کۆی ڕێژەی هەناردەکردنی ٣,٥٠٠,٠٠٠ بەرمیل لە ڕۆژێکدا، بە پشتبەستن بە نرخی ٧٠ دۆلار بۆ یەک بەرمیل.
٣- لە ئەگەری هەر ناکۆکییەک لە دیدگاکانی نێوان حکومەتی فیدراڵی و حکومەتی هەرێم، لیژنەیەکی هاوبەش لە نێوان حکومەتی فیدراڵی و حکومەتی هەرێمدا دادەمەزرێت و ئەم لیژنەیە ڕاسپاردەکانی خۆی ئاراستەی سەرۆکی حکومەتی فیدراڵی دەکات بۆ دەرکردنی بڕیاری گونجاو.
هەر لە هەمان رۆژی وەستانی هەناردەینەوت، هەرێم بڕیاری دا کە بچێتە بەغدا و وتووێژی چڕ و پڕدەستی پێکرد، لە ماوەی ١٠ رۆژدا گەشتن بەڕیکەوتن و لەسەر میکانیزمی نوێی دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوت کە جگە لە و ٣ خاڵەی کە هەردوولا لە پرۆژەیاسای بووجەدا لەسەری رێککەوتبوون لەسەر خاڵێکی تری سەرەکی ڕیکەوتن کەهۆکاری وەستانی هەناردە ی نەوتی هەرێم بوو ئەویش رادەستکردنی هەناردەی نەوتی هەرێم بوو لە بەندەری جەیهانی تورکیا بە کۆمپانیای بە بازاڕکردنی نەوتی عێراق ( سۆمۆ) و گەڕانەوەی داهاتەکەی بۆ ناو ئەو ئەژمارە بانکییەی کە لەسەرەوە باسکرا ، هەروەها جێگری بەرێوەبەری گشتی سۆمۆ دەدرێت بە کورد . ڕیکەوتنەکە لەبەرواری ٤ ی نیساندا بە ئامادەبوونی هەردوو سەرۆک وەزیران ئیمزاکرا و بەوەش هەرێمی کوردستان تۆپەکەی خستووەتە قاچی بەغداوە.
ئاشکرایە کە فرۆشتنی نەوتی هەرێم لە ڕێی سۆمۆوە لە چەند رووەوە سوودی هەیە بۆ هەرێم:
یەکەم شەرعییەت دەدات بەونەتەی لەهەرێمەوە هەناردە دەکرێت و مەترسی کێشەی یاسایی نامێنێت.
دووەم کاتێک کێشەیی شەرعییەت و یاسایی نەما و سۆمۆ فرۆشتی بەهەمان شێوەی نەوتی کەرکوک دەیفرۆشێت و دەرەنجام داهاتێکی زیاتر لە فرۆشی نەوت دەست عێراق و کۆمپانیا بەرهەمهێنەکانی نەوت دەکەوێت.
سێهەم بەم رێکەوتنە هەرێم خۆی لە بەرپرسیارێتی دەربازدەکات بەرانبەر کۆمپانیاکانی بەرهەمهێنی نەوت لە وەستانی هەناردە و دەرئەنجام بەرهەم وەستاوە یان زۆر کەمبووەتەوە.
چوارەم: قوتاربوونی لە بەرپرسیارێتی بەرانبەر کڕیارانی نەوت، بەوەی ئەوە لەسەر شانی بووە بۆ دەستپێکردنەوەی هەناردە ئەنجامی داوە.
سەبارەت بەخاڵی سێ و چوار ئەم باروودۆخەی (هەرێم، بەرهەمهێنەران و کڕیارانی) نەوتی هەرێم تێی کەوتوون پێی دەوترێت بارودۆخی نە خوازراو ( القوە القاهرە Force Manure ( وە لە گرێبەستەکانی هاوبەشی کردن لە بەرهەمPCA ی هەرێم لەگەڵ کۆمپانیا نەوتییەکان لە مادەی ٤٠ دا بەم شێوەیە باسی بارودۆخی نەخوازراو کراوە" هەر دواکەوتنێک، یان کەموو کوڕییەک، پێشێلکردن یان ئەنجامنەدانێک لەلایەن بەڵێندەرەوە لە جێبەجێکردنی هیچ کام لە ئەرکەکانی بەپێی ئەم گرێبەستە وەک جێبەجێنەکردنی ئەم گرێبەستە هەژمار ناکرێت یان ببێتە بابەتی ناکۆکی ئەگەر ئەو دواکەوتن،ئەنجام نەدان، پێشێلکردن یان ئەنجام نەدانە بەهۆی ڕووداوێکی باردوۆجی نەخوازراوە وە بێت( القوە القاهرە). لەم حاڵەتەدا، بەڵێندەر دەبێت دەستبەجێ بە نووسراو حکومەت ئاگادار بکاتەوە و هەموو ڕێوشوێنێکی گونجاو بگرێتەبەر بۆ جێبەجێکردنی ئەرکەکانی بەپێی ئەم گرێبەستە بە تەواوی ئەو ڕادەیەی کە دەتوانێت" بۆ حکومەتیش بەرانبەر بەڵیندەر بەهەمانشێوەیە.
هەروها لە ماددەی ٤٠.٢ داسەبارەت بە بارودۆخی نەخوازراودا القوە القاهرە" بەم شێوە پێناسەی دەکات" هێزی نەخوازراو واتە هەر ڕووداوێکی پێشبینینەکراو و سەرنەکەوتوو و بەرگە نەگیراو، نەک بەهۆی هیچ هەڵەیەک یان جێهێشتنێک لەلایەن بەڵێندەرەوە بەڵکو بەهۆی بارودۆخێکەوە کە لەدەرەوەی کۆنترۆڵی ئەو بەڵێندەرە، کە بەربەست یان ڕێگری دەکات لە جێبەجێکردنی هەموو یان بەشێک لە ئەرکەکانی بەپێی ئەم گرێبەستە" .
لەو پێناسەیەی سەرەوەدا دەردەکەوێت کە بارودۆخی نەخوازرا بریتییەلە باروودۆخێک کە لەدەرەوەی دەستەڵاتی لایەنەکانی گرێبەستەکەیە نەک بارودۆخێکی چاوەڕوان نەکراو یان پێشبینی نەکراو ، لە بەشێک لە دانیشتنەکان و گفتوگۆکانی نێوان هەولێر بەغدا بینینمان کە کۆمپانیاکانی بەرهەمهێن و کڕیارانی نەوتیش ئامادەییان هەبوو.
کەواتە دەتوانین بڵێین ئەم بارودۆخەش بارودۆخێکی نەخوازراوە و لەدەرەوەی دەستەڵاتەکانی هەرێمە بەو هەنگاوانەی هەرێم تائێستا گرتوییەتییەبەر هەموو ڕێوشوێنێکی گونجاو ی گرتووەتە بەر بۆ جێبەجێکردنی ئەرکەکانی بەپێی گرێبەستەکە بۆ ئەوەی هەناردە دەست پێ بکاتەوە، و دەچێتە چوارچێوەی بارودۆخی نەخوازراوەوە" Force Majeure".
کاریگەرییەکانی لە سەر بەغداد
عێراقیش بەهەمان شێوەی هەرێمی کوردستان بەرێژەیەکی زۆر پشتی بە داهاتی فرۆشی نەوت بەستووە و لە پرۆژە یاسای بوجە بۆ ساڵەکانی ٢٠٢٣ تا ٢٠٢٥ ریژەی داهاتی نەوت لەکۆی هەموو داهات بریتییە ٨٧٪ بۆیە وەستانی ٥٠٠ هەزار بەرمیلی رۆژانە بە هەناردەی کەرکویشەوە کە دەکاتە رێژەی ١٤٪ی هەموو هەناردەی عێراق کاریگەری دەبێت لەسەر کۆی داهات بەتایبەت کە لە پرۆژە یاسای بوجەدا کورتهێنانێکی زۆر هەیە. بۆیە لەماوەی کورت مەودادا وەستانی بەرهەم کاریگەری نەرێنی دەبێت، هەرچەن بەغدا هەوڵی داوە ئەم بۆشاییە پڕ بکاتەوە کە دواتر باسی دەکەین.
بەڵام لەلایەکی ترەوە بەغدا زۆر بەباشی توانیویەتی سوود لە گرتنەوەی قوفڵەکە ببینێت کەوەک دەزانین ئەمە داخوازییەکەی چەندین ساڵەی بەغدایە بۆ ئەوەی هەناردە و فرۆشی نەو بخاتە ژێر رکێفی وەزارەتی نەوتەوە و لەمەدا سەرکەوتوو بووە. بەمەش یەکێک لەو خاڵاکانی کە لە بڕیاری دادگای فیدراڵیدا لە شوباتی ٢٠٢٢ دا هاتووە جێبەجێ کردووە کە ئەمە خاڵێکی گرنگ و جەوهەرییە بۆ وەزارەتی نەوت.
هەروەها دەبێتە هۆی ئەوەی لە ئایندەدا داهاتی ئەو نەوتەی کە لەهەرێمەوە هەناردە دەکرا زیاد بکات. چاوەڕی دەکرێت گەر سۆمۆ نەوتەکە بفرۆشێت بۆ هەر بەرمیلێک بەتێکڕا نزیکەی ٨ دۆلار داهات زیاد بکات و ئەمەش هاوکار دەبێت بۆ پڕکردنەوەی بەشێک لەو کورتهێنانەی لە بوجەدا هەیە. جگە لەوەی دەستکەوتێکە بۆ حکومەتەکەی سودانی دەتوانێت لە رووی سیاسییەوە وەبەرهێنانی تیادا بکات کە ئەوەی لەماوەی چەند ساڵی ڕابوردوودا حکومەتەکانی پێش ئەو نەیان توانیووە ئەنجامی بدەن ئەم کردوویەتی " هەرچەند لە بەختی سودانی بوو کە تەوقیتی بڕیارەکەی دادگای ناوبژیوانییەکە کەوتە ماوەی کارکردنی ئەوەوە و هەرێمی ناچارکرد بەخێرایی لەگەڵی ڕێک بکەوێت". هەروەها توانیویەتی لە گەڵ کڕیارانی نەوتی هەرێمیش ڕیک بکەوێت و دڵنیاییان بداتێ کە مامەڵەیان لەگەڵ دەکات بەڵام بەمەرجەکانی وەزارەتی نەوت. واتە گرتنەوەی قوفڵەکە بووە هۆی خێراکردنی رێکەوتن لە بەرژەوەندی حکومەتی فیدراڵی و وەزارەتی نەوت وە دەستکەوتێکی گرنگە بۆیان.
٢- سنووردارکردنی کاریگەرییەکانی
حکومەتی فیدراڵ توانای بەرهەم هێنانی لە سەروو ٤.٦ ملیۆن بەرمیلی رۆژانەوەیە وەلەم بڕە زیاد لە ١ ملیۆنی بۆ بەکار هێنانی ناوخۆ بەکار دەهێنرێت. بەکارهێنانی ناوخۆ لەو بەرهەمەیە کە لەلایەن کۆمپانیاکانی سەربە وەزارەتی نەوتەوە بەرهەم دەهێنرێن وەکو (کۆمپانیای نەوتی بەسرە و باکور...). لە ماوەی مانگەکانی رابووردوودا لەباشورەوە رۆژانە نزیکەی ٣.٢ ملیۆن بەرمیل نەوتی هەناردە دەکرد، دەتوانرێت ئەم بڕە بە ئاسانی زیاد بکرێت بۆ ٣.٥ ملیۆن کە لە پرۆژە یاسی بوجەدا بە ئاستی هەناردە دیاری کراوە.
وەزارەتی نەوت دەتوانێت ئەو بڕە نەوتەی کە لە کێڵگەکانی هەرێمی کوردستانەوە بەرهەم دەهێنرێت لە هەرێمی وەربگرێت و بۆ پێداویستی ناوخۆ لە بەرهەم هێنانی بەرهەمە نەوتییەکانی نەو تی سپی ماڵان و بەنزین و دیزڵدا بەکاری بهێنێت ، وە دەتوانرێت ئاستی پاڵاوتن زیاد بکرێت بەتایبەت کە هەرێمی کوردستان ژێرخانێکی زۆر بەهێزی پاڵاوتنی نەوتی هەیە. هەروەها پشکی کۆمپانیا نەوتییەکان لە بری ئەوە لە جەیهان رادەستبکرێت لەلایەن سۆمۆ وە لە بەسرەوە رادەستیان بکات( دەکرێت چ بە نەوت یان داهاتی نەوت تەسلیمیان بکات بەپێی ڕیکەوتن لەسەری). بەمەش حکومەتی هەرێم و کۆمپانیا نەوتییەکان دەتوانن بە ئاستێکی باش بەردەوام بن لە بەرهەمهێنان گەر بە تەواوی تواناشیان نەبێت. هەروەها حکومەتی فیدراڵیش دەتوانێت خۆی ببوێرێت لەوەی پێی بوترێت نەوتی خۆی دەکڕێتەوە لە کۆمپانیا نەوتییەکان.
بەپێی داتاکانی کۆمپانیاکانی بەدواداچونی کەشتییە نەوتییەکان ئەو نەوتەی لە نیوەی یەکەمی مانگی نیساندا لە باشورەوە و لەڕێی کەنداوە وە بارکراوە زیادی کردووە بەشێوەیەک بەتێکڕا رۆژانە ٣ ملیۆن و ٤٢٥ هەزار بەرمیل بووە و بەشێکی زۆر لە وبۆشاییەی کە بەهۆی وەستانی هەناردەوە لەڕێی جەیهانەوە دروست بووە پڕ بکاتەوە.
لەلایەکی ترەوە وەستانی هەناردە لە جەیهانەوە کە نزیکە نیو لەسەدی بەرهەمی جیهان پێک دەهێنێت بەشێکە لە هۆکاری بەرزبوونەوەی نرخی نەوتی جیهانی. لە ئانجامدا ددەبێتە هۆی زیادکردنی داهاتی نەوتی حکومەتی فیدراڵ.
پرۆژە یاسی بوجە لە پەرلەمانە و بڕیارە لە ئایندەیەکی نزیکدا پەرلەمان پەسەندی بکات دوای کەمکردنەوەی هەندێ خەرجی وەزارەتەکان و مناقەلەی هەندێ بڕگە، یاساکە لە ١ی کانوونی دووەمەوە بەرکار دەبێت کەواتە پشکی حکومەتی هەرێم لە بوجەی فیدراڵ دەبێت، ئەگەر نەوتی هەرێم بفرۆشرێت ئەوا داهاتەکەی دەخرێتە ئەو حسابەی لە پرۆژە یاساکە و رێکەوتنەکەی ٤ی نیساندا لەسەری رێککەوتوون و لە پشکی هەرێم لە بوجەدا دەردەکرێت و ئەوەی دەمێنێتەوە پاش دەرکردنی داهاتە فیدراڵیەکان دەنێردرێت بۆ هەرێم ، بەمانایەکی تر ئەگەر هەرێم نەوت هەناردە نەکات، وەکو لەسەرەوە روونکراوەتەوە هەرێم هەموو هەنگاوەکانی ناوە بۆ ئەوەی هەناردە دەست پێبکاتەوە، داواکارییەکانی بەغدای تا ئێستا جێ بەجێ کردووە لەو بارودۆخەدا حسابەکە هیچی تیا نابێت، پشکی هەرێم لە بوجەی حکومەتی فیدرڵی تەنها داهاتە فیدراڵییەکانی هەرێمی لێدەردەکرێت و دەبێت ئەوی تری بنێردرێت تاوەکو هەرێم بتوانێت مووچەو خزمەتگوزارییەکانی حکومەتی لێ بدات.
کەواتە هەرێم بە کردنەوەی قوفڵی هەناردە و نەکردنەوەشی لە رێی جەیهان، چاوەڕێ دەکرێت پشکی لە بوجە وەربگرێت.