ئابوریی سەربەخۆ: سیاسی وەک بازرگان و حیزب وەک دەعبا
2023-04-23 11:39:28
مەریوان وریا قانع (هەفتانە تایبەت بە درەو دەینوسێت)
(٢-٢)
لە بەشی یەکەمی ئەم نووسینەدا باسی ئەوەمان کرد کە حکومەتی هەرێم لە ساڵی ٢٠١٤ەوە بە شێوەکی سەربەخۆ دەست بە فرۆشتنی نەوتی هەرێم دەکات و بەغداش لەبەرامبەردا بڕە پارەی هەرێم لە داهاتی عێراق دەبڕێت، لەو بەشەدا باسم لە سێ دەرەنجامی گرنگی ئەم دۆخە تازەیەکرد:
یەکەم: بڕی ئەو بودجەیەی لە بەغداوە بۆ هەرێم دیاربوو، خەڵک دەیزانی چەندە پارە هاتووەتە هەرێمەکەوە، داهات و خەرجیش چەندبوون بەڵام لەدوای راگەیاندنی ئابوریی سەربەخۆوە لە ساڵی ٢٠١٤ دا، یاسای بودجەی هەرێم بوونی نەبوە و بەمەش داھات و خەرجیی هەرێم بە درێژایی ئەو ماوەیە تا ئەمرۆکە، لە دەرەوەی هەر چاودێریی و لێپرسینەوەیەکدا بووە، ئەمش دەستی حوکمڕانانی هەرێمەکەی ئازادکردوە لەوەدا بێلێپرسینەوە و چاودێری ئەو ملیارەها دۆلارە بەکاربهێنن کە لە فرۆشتنی نەوتەوە دەستیانکەوتوە.
دووهەم: بڕی ئەو پارەیەی لە فرۆشی نەوتەوە بۆ حکومەتی هەرێم گەڕاوەتەوە زۆر کەمتربووە لە بڕی ئەو پارەیەی کە دەکرا لە بەغداوە بێت، ئەگەر نەوتەکە «سەربەخۆ» نەفرۆشرایە، عێراق لە ساڵی ٢٠٠٤ بۆ ٢٠١٤ نزیکەی ٧٥ ملیار دۆلار پارەی لە بەغداوە بۆ هەرێم ناردوە کەچی حکومەتی هەرێم خۆی لە ساڵی ٢٠١٤ ەوە کە ساڵی ئابورییە سەربەخۆکەیەتی، تا ساڵی ٢٠٢١ کە دەکاتە نزیکەی هەشت ساڵ تەنها بری ٢٥ ملیار دۆلاری لە فرۆشی نەوت دەستکەوتوە، بە کورتییەکەی ئەگەر حکومەتی هەرێم نەوتی نەفرۆشتایە و بودجەکە لە بەغداوە بهاتایە، بڕی ئەو پارەیەی کە دەهاتە هەرێمەوە نزیکەی ٣٥ ملیار دۆلار زیاتر دەبوو لەوەی کە حکومەتی هەرێم لە ڕێگای فرۆستنی نەوتەوە پەیدایکراوە، لەم ئاستەدا نەوتفرۆشتنی سەربەخۆ لەلایەن هەرێمەوە لەو ماوەیەدا زیانی ٣٥ ملیار دۆلاری لە هەرێم داوە.
سێهەم: بەڵام ئەمە هەموو زیانەکانی «ئابورییە سەربەخۆ»ەکەی حوکمڕانانی هەرێم نییە، لەپاڵ زیانی ئەو ٣٥ ملیار دۆلارەدا کە دەکرا لە بەغداوە بێت، نەوتفرۆشیی وادەکات هەرێم تووشی قەرزێکی گەورە ببێت، ئەو قەرزە لە ئێستادا بڕی ٣١ ملیار دۆلای تێپەڕاندوە.
بەم مانایە لە ساڵی ٢٠١٤ ەوە بۆ ئێستا سیاسەتی فرۆشتنی نەوت بە سەربەخۆیی زیاد لە ٦٠ ملیار دۆلار زیانی بە هەرێم گەیاندوە بەڵام ئەمە هەموو دەرنجامە نێگەتیڤەکانی ئابوری سەربەخۆ و نەوتفرۆشییەکی هەرێم نییە کارە بنکۆڵکارییەکەی درەو میدیا وێنەیەکی ئابوریی و کۆمەلایەتیی تەواو ترسناکترمان دەخاتە بەردەم.
بۆ نموونە بە پێی ئامارەکانی یەکێتی وەبەرهێنان لەو ماوەیەدا پینج هەزارپڕۆژەی ئابوریی وەستاون، لەو ماوەیەدا سێ ھەزار و پێنج سەد کارگەی گەورە و بچوک داخراون، زیاتر لە هەزار کۆمپانیاش مایەپوج بوون، ئەم دۆخە وایکردوە زیاد لە سێ سەد و پەنجاهەزار کەس کارەکانیان لەدەستبدەن.
بەهۆی ئەوەوە کە هەرێم بڕێکی کەم پارەی لە فرۆشی نەوت دەستدەکەوێت و هیچ چاودێریەکیش لەسەر چۆنیتی سەرفکردن و بەکارهێنانی ئەو پارانە نییە هەروەها بە هۆی ئەوەشەوە کە گەندەڵیی ئاکاری ژمارە یەک و هەرەسەرکیی حوکمرانییەکەیە، دۆخێک دروستدەبێت وا لە دەسەڵاتداران دەکات باجی زۆرتر و رسوماتی زیاتر بخەنە سەر شانی خەڵکی هەرێم، هاوکات بەرزبوونەوەی نرخی شتومەک و گرانبوونیان فشارێکی گەورەتر لەسەر دانیشتوانی هەرێم دروستدەکات، وەک وتیشمان ژمارەیەکی زۆری کۆمپانیا و پرۆژەی ئابوریی ئیفلاسدەکەن، هەموو ئەمانە لە دۆخێکدا کە ژمارەی بێکار و بێئیش لە هەرێمدا تا دێت گەورەتر و زیادتر دەبێت.
بۆ نموونە لە ساڵی ٢٠١٣ەوە تا ئێستا حکومەتی هەرێم بەفەرمی دامەزراندنی موچەخۆری ڕاگرتوە، جگە لە یەکەمی کۆلێژەکان هیچ کەسێک لەلایەن حکومەتی هەرێمەوە دانەمەزرێندراوە، کەچی لەم ماوەیەدا پتر لە دوو سەد هەزار قوتابیی زانکۆ خوێندنیان تەواوکردووە و چاوەڕوانی دۆزینەوەی دەرفەتی کارکردنن لەناو ئابورییەکدا کە لەوە کەوتوە ئابوریی بێت و لانی هەرەکەمی توانای دروستکردنی هەلی کاری بۆ ژمارەیەکی بچوکیش لە خەڵکی هەرێم هەبێت.
ئەگەر ئەم ژمارە گەورەیە لە بێکاری خاوەن بروانامە گرێبدەین بە زیادبوونی ژمارەی دانیشتوانی هەرێمەوە قەبارەی ئەو مەرسییانەی کە رووبەرووی هەرێم دەبنەوە باشتر و بەرچاوتر دەردەکەون.
وەک لە ڕاپۆرتەکەی درەو میدیادا هاتوە تا ساڵی ٢٠٢٥ ڕێژەی دانیشتوانی هەرێمی کوردستان دەگاتە نزیکەی حەوت ملیۆن کەس، کە نزیکەی سێ ملیۆن کەس لەم ڕێژەیە گەنجن و ژمارەیەکی بەرچاویشیان بێکار و بێدەرامەتن، سەرەڕای بەرزبوونەوەی ڕێژەی دانیشتوان لە هەرێمدا ڕێژەی هاوسەرگیریی لە هەرێمدا نەک زیادی نەکردووە بەڵکو بەراورد بە سالانی ٢٠١٢ و ٢٠١٣ کەمیکردوە کە بێگومان بەشێک لە هۆکارەکانی بەو دۆخە ئابورییە سەختەوە پەیوەستە کە ئابوری سەربەخۆ لە هەرێمەکەدا دروستیکردوە، ئاخر بەر لە فرۆشتنی نەوت لەلایەن هەرێم خۆیەوە شتێک هەبوو بەناوی پێشینەی هاوسەرگریی، کە لە ساڵی فرۆشتنی سەربەخۆی نەوتەوە لە ٢٠١٤ەوە، ڕاگیراوە بەمجۆرە نەوەیەک لە هەرێمدا دروستبووە کە توانای دروستکردنی خێزانی نییە و ژمارەیەکی ئێجگار گەورە لە گەنجانی سەرو ٢٥ ساڵ و سی ساڵ لە نێر و مێ هەن کە ژنیان نەهێناوە و شویان نەکردوە، ئەمە لە ژینگەیەکی کۆمەلایەتیی و دینیدا کە سێکس بووە بەیەکێک لە باس و خواستە سەرەکییەکانی ناویی و یەکێک لە پێداویستییە هەرەسەرەکییەکانی ژیانی گەنجانە.
خاڵێک کە لە راپۆرتەکەی درەو میدیادا هێمایەکی خێرای پێکراوە، بەڵام بابەتێکی گرنگیی ناو ژیانی کۆمەلایەتیی ئەمرۆکەی هەرێمە مەسەلەی دووژنە یان فرەژنییە، ئەم بابەتە لە هەرێمدا زیاد لە قەبارەی خۆی گەورەکراوە و بەهۆی ئەم گەورەکردنەشەوە باز بەسەر ئەو کێشە گەورەیەدا ئەدرێت کە یەخەی نەوە گەنجەکانی هەرێمی گرتووەتەوە، مەبەستم کێشەی نەبوونی توانایە بۆ هێنانی یەک ژن و شوکردن بەیەک پیاو.
بەپێی ئامارەکان لە ١٤ ساڵی رابردوودا (١٦٢٥) تەنها هەزار و شەش سەد و بیست و پێنج حاڵەتی هێنانی ژنی دووهەم هەبووە کە دەکاتە ١١٦ حاڵەت لە ساڵێکدا و ١٠ حالەت لە مانگێکدا و هەموو سێ رۆژ جارێک پیاوێک لە هەرێمدا ژنی دووهەمی هێناوە، بێگومان ئەو توێژە کۆمەلایەتییە پارەدارە کە توانای هێنانی دوو ژنی هەیە توێژێکی ناسراوە، ئەو خاڵەی دەمەوێت لە پەیوەندیدا بەم دیاردەیەوە کەمەکێک لەسەری بوەستم ئەوەیە مەسەلەی دووژنە یان فرەژنی مەسەلەیەکە بەتەواوی گەورەکراوە، هەم هێزەکانی ئیسلامی سیاسیی و هەم بزوتنەی ژنان لە هەرێمدا، بە بەردەوامی قسەی لەسەردەکەن. ئیسلامییەکان بە حەڵال ناویدەبەن و بزوتنەوەی ژنانیش وەک ئیهانە و سوکایەتی بەرامبەر بە ژن دەیبینێت، کێشەی ئەم گرنگیدانە گەورەیە بە مەسەلەی دووژنە ئەوەیە کە کێشە گەورەکەی ژیانی گەنجانی لە هەرێمەکەدا لەبیری هەمووان بردووەتەوە، کێشەی نەبوونی توانای کۆبونەوەی یەک ژن و یەک پیاو لەناو خێزانێکدا.
بە کورتییەکەی، ، ئابوری سەربەخۆ و فرۆشتنی نەوت لەلایەن دەسەڵاَتدارانی هەرێمەوە وێرانەیەکی ئابوریی و کۆمەڵایەتیی گەورەی لە هەرێمەکەدا دروستکردوە کە لە توانای دانیشتوانی هەرێمەکەدا نییە چارەسەریان بکات، لە زیاد لە ئاستێک و لە زیاد لە ڕەهەندێکدا کێشەی ئێجگار گەورە و ترسناکیی بۆ ژمارەیەکی گەورە لە دانیشتوانی هەرێمەکە دروستکردوە، بەڵام بێگومان ئەم نەوتفرۆشیە پارەیەکی گەورەی خستووەتە بەردەمی حوکمرانانی هەرێم و بنەمالە سیاسییەکانیان، ئەوانیش بێهیچ توانایەکی چاودێریکردن و لێپرسینەوە بەوشێوەیە کۆیانکردووەتەوە و خەرجیانکردوە کە خۆیان ویستویانە. لەمەشدا ئەوەی ئاراستەیکردون لۆژیکی کەڵەکەکردنی زیاتر و زیاتری سەرمایە و داهاتە شەخسیی و خێزانیی و بنەماڵەییەکانی خۆیان بووە نەک دابینکردنێکی کەرامەتپارێز بۆ کۆمەڵگا، ئەم ئابورییە وێرانە لەپاڵ ئەو هەموو نەهامەتیی و قەیران و کێشە گەورانەدا کە بۆ کۆمەڵگاکەی دروستکردوە، هاوکات ژمارەیەک ملیاردلێر و ملیۆنێریشی دروستکردوە کە زۆرینەیان بەشێکن لەو دۆخی گەندەڵییە گەورەی بە دەوری ئابوریی سەربەخۆدا دروستکراوە.
لە ئاستی سیاسەت و حوکمرانیشدا ئەم ئابورییە سەربەخۆیە نابەرپرسیارە، بەتەواوی کەسایەتی سیاسیی و کەسایەتی بازرگانی بەیەکتری تێکەلکردوە، کەڵەکەکردنی سەرمایەی بە پێگە سیاسییەکانەوە گرێداوە، بەمەش شتێک بەناوی سیاسەتەوە لە هەرێمدا بوونی نەماوە، سیاسەت وەک چالاکی ڕێکخستن و داهێنانی ژیانی هاوبەشی مرۆڤەکان بەیەکەوە کە وابکات کەسەکان یەکتری وەک بوونەوەری یەکسان و خاوەن ماف ببینن و نەبن بە دوژمنی یەکتری، ئەمە سەرەڕای گۆڕینی حیزب لە بکەرێکی سیاسییەوە لە ئۆرگانێکەوە کە کاری یەکەمی ڕێکخستنی پەیوەندیی نێوان مرۆڤ و گروپەکانە لە کۆمەڵگادا و کۆکردنەوەیان لە دەوری پرۆژەیەکی سیاسیی هاوبەش، دەڵێم گۆڕینی حیزبە لە ئۆرگانێکی لەو بابەتەوە بۆ دەعبایەکی ئابوریی و سەربازیی گەورە کە ئامادەیە هەموو شتێکی بەردەمی خۆی، لە پێناوی کەڵەکەکردنی سەرمایەکەیەدا بخاتەژێرپێ و لەناوببات.