30 ساڵ قەیرانی دارایی لە سلێمانی
2023-04-20 11:04:08
راپۆرت: درەو
مام جەلال گلەیی هەیە لەوەی پارتی گومرگی سەر (مۆز)ی لە سنورەكانی خۆی هەڵگرتووە، دوای 31ی ئاب بارزانی ناردنی بەشە بودجەی سلێمانی بەستوەتەوە بە كاراكردنەوەی پەرلەمانو گومانی لە داهاتی گومرگەكانی سنوری یەكێتیی هەیە، نەوشیروان مستەفا دەڵێ سەرۆكی حكومەتەكەی یەكێتی چاوەڕێ بووە بەپێی رێككەوتنی واشنتۆن پارتی مانگانە بڕی (10 ملیۆن) دیناری سویسری بۆ بنێرێت، بۆیە دەستیكرد بە دامەزراندنی خەڵك، بەڵام پارتی پارەكەی نەدەنارد، چیرۆكی قەیرانی دارایی سلێمانی نوێ نییە، زیاتر لە 30 ساڵە بەردەوامە، (درەو) بە پشتبەستن بە بەڵگەنامەكانی هەریەكە لە (جەلال تاڵەبانی)و (مەسعود بارزانی)و (نەوشیروان مستەفا) ریشەی گرفتی داهاتو خەرجی سلێمانی لەم راپۆرتەدا دەخاتەڕوو.
دیسان كێشەی دارایی سلێمانی
خەڵك ئامادەكاری بۆ جەژنی رەمەزان دەكەن، لە سلێمانی جارێكی تر قەیران بۆ موچە دروستبووە، پارتیو یەكێتیی دەستیانكردوەتەوە بە تۆمەتباركردنی یەكتر، یەكێتییەكان دەڵین پارتی سزای سلێمانی دەدات، دەیەوێت داهاتی سلێمانی كەم بكاتەوە، تا ئەو رادەی بەپێی قسەی زیاد جەبار سەرۆكی فراكسیۆنی یەكێتیی لە پەرلەمانی كوردستان كار گەیشتوەتە ئەوەی "ئۆتۆمبیلی مەلیكە لە هەولێر تۆماردەكرێتو رێگە نادرێت لە سلێمانی تۆماربكرێت، ئەمە بۆ ئەوەیە داهاتەكانی سلێمانی كەم ببێتەوە".
لەبەرامبەردا هێڤیدار ئەحمەد ئەندامی فراكسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی كوردستان دەڵێ" (15٪) داهاتی ئۆتۆمبێلی هەڵوەشاو دەبێ بگەڕێتەوە خەزینەی بەڕێوەبەرایەتی هاتوچووی سلێمانی، یەك دینار نەگەڕاوەتەوە".
میدیای هەردوو حزبی دەسەڵاتدار هەڵمەتیان لەدژی یەكتر دەستپێكردووە، میدیای یەكێتیی دەڵێ" لە هەولێر پێدانی موچەی پێشمەرگە خانەنشینەكانی یەكێتیی راگیراوە"، میدیاكانی پارتیش دەڵێن" لە سلێمانی پێدانی موچەی خانەنشینی پێشمەرگەكانی ئەیلولو گەڵان راگیراوە"
كێشەی دارایی سلێمانیو كورتهێنانی داهاتەكانی بابەتێكی نوێ نییە، ریشەی دەگەڕێتەوە بۆسەردەمی پێكهێنانی یەكەمین كابینەی حكومەتی كوردستان لە ساڵی 1992دا.
بودجەو دابەشبوونی لە كابینەی یەكەمدا
یەكەم كابینەی حكومەتی هەرێمی كوردستان كە (د. فوئاد مەعسوم) لە یەكێتیی سەرۆكایەتی دەكرد، لە تەموزی 1992دا پێكهات، ئەم كابینەیە كە سەرباری روودانی شەڕی ناوخۆیی (پارتیو یەكێتی) تاوەكو ساڵی 1996 بە یەكگرتوویی مایەوە.
بەپێی داتایەك كە كۆچكردوو (نەوشیروان مستەفا) بڵاویكردوەتەوە، لەمانگی (10)ی ساڵی 1994دا داهاتی حكومەت بەتێكڕا بڕی (166 ملیۆن) دیناری سویسری بووە، ئەم داهاتە بەمشێوەیە دابەشكراوە:
• بڕی (80 ملیۆن) دینار بۆ مەكتەبی سیاسیو پێشمەرگەی هەردوو حزب (یەكێتی+ پارتی).
• بڕی (86 ملیۆن) دینار بۆ موچەی فەرمانبەرانی كوردستان بەهەردوو ناوچەی ژێر دەسەڵاتی پارتیو یەكێتییەوە، بەمشێوەیە:
- بڕی (38 ملیۆنو 450 هەزار) دینار بۆ موچەی فەرمانبەرانی هەولێر.
- بڕی (26 ملیۆنو 200 هەزار) دینار بۆ موچەی فەرمانبەرانی سلێمانی.
- بڕی (14 ملیۆنو 800 هەزار) دینار بۆ موچەی فەرمانبەرانی دهۆك.
- بڕی (7 ملیۆن) دینار بۆ موچەی فەرمانبەرانی كەركوك.
بە تەماشاكردنی خەرجی یەك مانگی حكومەت لە ساڵی 1994دا دەردەكەوێت، تەنیا لە پارەی تەرخانكراو بۆ موچە، لە كۆی (86 ملیۆن) دینار بڕی (53 ملیۆن) دیناری بۆ هەولێرو دهۆكو بڕی (33 ملیۆن) دیناری بۆ سلێمانی رۆیشتووە، واتە لە تێكڕای خەرجی موچەی كوردستان بڕی (38%) بۆ سلێمانی رۆیشتووەو بڕی (62%)ی خەرجی موچە بۆ ناوچەكانی هەولێرو دهۆك بووە.
سەرەتای ناكۆكی لەسەر داهات !
سەرەتای ناكۆكی پارتیو یەكێتی لەسەر چۆنیەتی دابەشكردنی داهاتەكان (داهاتی گومرگەكان، چونكە ئەوكات هێشتا داهاتی نەوت سەریهەڵنەداوە) دەگەڕێتەوە بۆ رۆژانی شەڕی ناوخۆییو بەدیاریكراویش لە قۆناغی دووەمی شەڕەكەدا (1994).
لەدواین كتێبی بیرەوەری خۆیدا، مەسعود بارزانی سەرۆكی پارتی نوسیویەتی"یەكێتی بابەتی گومرگی ئیبراهیم خەلیلی كردبوو بە وێردی سەر زمانی، گوایە پارتی پشكیان لە داهاتی گومرگی ئیبراهیم خەلیل ناداتێو ئەوان داوای مافیان دەكەن".
بارزانی گومان لەسەر ئەم گرفتە دادەنێتو دەڵێ" پرسیارەكە ئەوەبوو ئایا كاتێك یەكێتی لە 1ی ئایاری 1994دا لە سلێمانیو گەرمیان پەلاماری بارەگاكانی پارتییان دا، كێشەی گومرگ هەبوو؟.. چ عەقڵو مەنتقێك قبوڵی دەكات پارتی پارە بە لایەنێك بدات كە دروشمی لەناوبردنی بەرزكردوەتەوەو هەوڵی سڕینەوەی دەدات".
هاوشێوەی ئێستا كە پارتییەكان گومانیان لە داهاتەكانی سلێمانی هەیە، لە رۆژانی شەڕی ناوخۆشدا هەمان گومان لە راستو دروستی داهاتەكان لە ئارادا بووە، بارزانی لە یادەوەرییەكانی خۆیدا لەبارەی بارودۆخی دارایی ئەو سەردەمەوە نوسیویەتی" داهاتی یەكێتی لە باشماخو خاڵە سنورییەكانی دیكەیان لەگەڵ ئێران لە داهاتی گومرگی ئیبراهیم خەلیل كەمتر نەبوو، وروژاندنی بابەتی ئیبراهیم خەلیل، تەنیا بیانوی یەكێتی بوو بۆ دەستپێكردنەوەی شەڕ".
بارزانی هیچ داتاو ژمارەیەكی لەبارەی داهاتی گومرگەكان لەو سەردەمەدا چ گومرگەكانی بندەستی پارتی چ ئەوانەی یەكێتی بڵانەكردوەتەوە، بۆ سەلماندنی ئەوەی داهاتی هەردوولا وەكو یەكترن تەنیا دەڵێ" ئەگەر راست بێت یەكێتی بێ پارە بووبن ئەو هەموو تێچوونەی شەڕیان چۆنو لەكوێ دابین دەكرد؟"، بەوتەی بارزانی ئەمە بەڵگەی ئەو راستیەیە لەو سەردەمەدا (1994) ئەگەر داهاتی یەكێتی لە پارتی زیاتر نەبوبێت، كەمتر نەبووە.
پارتی كورتهێنانی سلێمانی پڕدەكاتەوە !
سەرباری ئەوەی بارزانی نكولی لەوە دەكات ئیدارەی یەكێتی لە سلێمانی داهاتیان لە ئیدارەی سلێمانی كەمتر بووبێت، بەڵام لە ساڵی 1998دا كە شەڕی ناوخۆیی راوەستاوەو یەكێتیو پارتی دەستیان بە گفتوگۆی ئاشتیی كردووە، لە وەڵامی دەستپێشخەرییەكدا كە لەو ساڵەدا (عەزیز محەمەد) سكرتێری پێشووی حزبی شیوعی بۆ ئاشتیی كردویەتی، پارتی بەفەرمی رەزامەندی دەربڕیوە لەسەر ئەوەی "كورتهێنانی داهاتی سلێمانی پڕبكاتەوە، بەمەرجێك پارەكە بۆ كارو پرۆژە خزمەتگوزارییەكان تەرخان بكرێت".
بەمە دەردەكەوێت لە شوباتی ساڵی 1998وە پارتی بە فەرمی دانی بەوەدا ناوە داهاتەكانی سلێمانی بەشی خەرجییەكانی ناكاتو پێویستی بە یارمەتیی هەولێرو دهۆك هەیە.
پشكی سلێمانی لە رێككەوتنی ئاشتیدا
رۆژی 17ی ئەیلولی 1998 دوای چوار ساڵ شەڕو نیوە ئاگربەست، بارزانیو تاڵەبانی لە واشنتۆن رێككەوتنی ئاشتییان ئیمزاكرد، بابەتی كێشەی دارایی نێوان هەردوولا كە كێشەی سەرەكی بوو، لە رێككەوتنەكەدا بە ژمارەو داتا یەكلانەكرایەوەو بەجێهێڵدرا بۆ ئەوەی دواتر هەردوو حزبەكە خۆیان رێككەوتنی لەسەر بكەن، بەڵام بەگوێرەی رێككەوتنەكە بەبێ دیاریكردنی بە ژمارە، پارتی رەزامەندی نیشاندا لەسەر ئەوەی یارمەتی دارایی ناوچەی سلێمانی بدات.
مام جەلال لە (دیداری تەمەن)دا لەبارەی ئەو بڕگەی رێككەوتنی ئاشتیی كە تایبەتە بە پرسی دارایی دەڵێ" یەكەمجار ئەمریكییەكان پرۆژەیەكی تریان هێنابوو، ئەو پرۆژەیە زیاتر داخوازییەكانی ئێمەی تێدا دیار بوو، بەتایبەتی مەسەلەی دەرامەتو یارمەتی.. هەندێك لە برادەرانی پارتی پێیانوابوو ئەو پرۆژە ئەمریكییە لە نوسینی دكتۆر بەرهەم بووە، بۆیە ئەوان قبوڵیان نەكرد، جارێكی كە پرۆژەیەكی تر هاتەوە كە هەردوولامان قبوڵمان كرد".
لەبارەی پرۆژەی دووەمی ئەمریكییەكان كە دواجار بوو بە رێككەوتنی ئاشتیی، تاڵەبانی هەندێك گلەیی هەیەو دەڵێ" هەندێك كەلەبەرمان تێیدا هێشتبووەوە كە نەدەبوو تێیدا بێت، لەوانە: هەندێك خاڵ هەروا مابووەوە، بۆنمونە ماددەی یەكەم لە رێككەوتنامەكە دەڵێ: (دەبێ پارتی لەبەرامبەردا لە برایم خەلیل بەشی یەكێتی بدات)، دەبوایە بەشی یەكێتی چەندە دیاری بكرێت، چونكە كە هاتە سەرئەوە بەبیانوی ئەوەی چەندو چۆنە، خۆیان (پارتی) لێ كێشایەوە".
بەپێی گێڕانەوەی تاڵەبانی، دوای رێككەوتنی ئاشتیی، سەرەتا پارتی وتویانە مانگانە بڕی (30 ملیۆن) دینار بە یەكێتی دەدەن، دواتر وتویانە (10 ملیۆن) دینار دەدەن، تاڵەبانی دەڵێ" ئەگەر ئێمە لەرێككەوتنەكەدا بمانوسیایە، پارتی ناچار دەبوو جێبەجێی بكات، ئەگەر ئەوەمان بكردایە توشی ئەو هەموو گیروگرفتە نەدەبوین".
دوای رێككەوتنی ئاشتیی لە ساڵی 1998، حكومەتی پارتیو یەكێتیی تاوەكو ساڵی 2005 بەتەواوەتی یەكینەگرتەوە، لەو ساڵانەدا بەپشتبەستن بە رێككەوتنی ئاشتیی یەكێتیی مانگانە بڕە پارەیەكی لە پارتی وەرگرتووە بۆ پڕكردنەوەی كورتهێنانی خەرجییەكانی.
خەرجی حكومەتی یەكێتیی لە ساڵی 1999دا
نەوشیروان مستەفا لە گێڕانەوەیەكیدا باسلەوە دەكات، سەرلەبەیانی رۆژی 6ی حوزەیرانی 1999 لەگەڵ كۆسرەت رەسوڵ عەلی سەرۆكی حكومەتەكەی یەكێتیدا یەكتریان بینیوە، كاتێك لەبارەی چۆنیەتی دابەشكردنی داهاتی حكومەت پرسیاری لێكردووە، كۆسرەت رەسوڵ بەمشێوەیە وەڵامی داوەتەوە:
• 30% داهاتی سنورەكە بۆ ئیدارەی گشتی واتە بۆ یەكێتی دەڕوات
• 35% داهات بۆ پێشمەرگە دەڕوات
• 35% داهات دەدرێت بە حكومەت
لەو بڕە پارەیەی كە لە داهاتی سلێمانی دراوە بە حكومەت، حكومەت پارەی حزبە سیاسییەكانیشی داوە كە بە تێكڕا مانگانە بڕەكەی (4 ملیۆنو 88 هەزار) دینار بووەو بەمشێوەیە دابەشكراوە بەسەر حزبەكانی سنوری یەكێتیدا:
* بزوتنەوەی ئیسلامی مانگانە (2 ملیۆن) دیناری داهاتی سلێمانی لە حكومەت وەرگرتووە
* سۆسیالیست مانگانە (700 هەزار) دینار
* زەحمەتكێشان مانگانە (600 هەزار) دینار
* پارێزگاران مانگانە (250 هەزار) دینار
* دیموكراتخوازان مانگانە بڕی (100 هەزار) دینار
* هاوپەیمانی مانگانە بڕی (128 هەزار) دینار
* حزبی شیوعی مانگانە بڕی (200 هەزار) دینار
* حزبی وەتەنی عێراق مانگانە بڕی (60 هەزار) دینار
* كۆمۆنیستی كرێكاری مانگانە بڕی (50 هەزار) دینار
لە ساڵی 1999دا تێكڕای خەرجی موچەی فەرمانبەران كە حكومەتی یەكێتیی لە سنوری سلێمانی دابینی كردووە مانگانە بڕەكەی (36 ملیۆن) دینار بووە.
بەپێی سامپڵێك كە نەوشیروان مستەفا وەریگرتووە، تەنیا لە رۆژی (7ی تەموزی ساڵی 1999)دا داهاتی هەموو گومرگەكانی ئیدارەی سلێمانی بڕی (ملیۆنێكو 748 هەزارو 260 دینار) بووە كە بۆ ئەوكات بە دۆلار بڕەكەی بریتی بووە لە (15 هەزارو 320) دۆلار، واتە لەو ساڵەدا بە تێكڕا داهاتی مانگێكی خاڵە گومرگییەكانی ئیدارەی سلێمانی گەیشتوەتە بڕی (52 ملیۆن) دینار، ئەمە لەكاتێكدا بووە كە ئەوكات تەنیا خەرجی موچەی فەرمانبەران بڕەكەی (36 ملیۆن) دینار بووە، بەڵام بەوپێیەی یەكێتیی خۆی رێژەی 30%ی داهاتی مانگانەی بەدەستهاتووی ئەو ساڵەی بردووە، دەردەكەوێت یەكێتیی جگە لە داهاتی گومرگ سەرچاوەی تری داهاتی هەبووە.
ئەو ژمارانەی نەوشیروان مستەفا ئاشكرایكردوون، هەندێك لە دوردونگییەكانی بارزانی لە كۆتایی نەوەدەكانی سەدەی رابردوو سەبارەت بە داهاتەكانی سلێمانی پشتڕاستدەكاتەوە، گومانێك كە تائێستاش بەردەوامەو پارتییەكان دەڵێن داهاتی سلێمانی زیاترە لەوەی بۆ خەزێنەی گشتی دەگەڕێندرێتەوە.
دامەزراندن بە ئومێدی پارەكەی پارتی !
لەدوای یەكەم هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستانەوە، پارتیو یەكێتیی لەسەر ئەوە رێككەوتن یەكەمیان (پارتی) پۆستی سەرۆكی پەرلەمانو دووەمیان (یەكێتیی) پۆستی سەرۆكی حكومەت وەربگرێت، بەڵام لەرێككەوتنی ئاشتیی واشنتۆندا (1998) ئەم دابەشكارییە گۆڕانكاری بەسەردا هات، پارتی داوای سەرۆكایەتی حكومەتی كردو یەكێتیش قایل بوو بەوەی سەرۆكایەتی پەرلەمان وەربگرێت.
بەپێی گێڕانەوەی نەوشیروان مستەفا، كۆسرەت رەسوڵ (دووەم سەرۆكی حكومەت) كە دوای رووداوەكانی 31ی ئاب كابینەكەی بوو بە كابینەی یەكێتیی، دوای بڵاوبونەوەی رێككەوتنی ئاشتیی دەستیكردووە بە دامەزراندنی ژمارەیەكی زۆر كارمەند لەسنوری ئیدارەی سلێمانی، ئەمە بەپشتبەستن بەو (10 ملیۆن) دینارەی كە پارتی بەپێی رێككەوتنەكەدا بەڵێنیداوە مانگانە بۆ یەكێتیی بنێرێت، بەڵام كاتێك پارتی مانگانە پارەكەی نەناردووە كێشەی (فائچ) واتە كارمەندی زیادە سەریهەڵداوەو حكومەتی یەكێتیی بەناچاری پەنای بردووە بۆ دەركردنی ئەو كارمەندانە لەژێر ناوی ناردنیان بۆ "هێزی كار".
نەوشیروان مستەفا لە بابەتێكدا كە لەكاتی تەقینەوەی ناكۆكییەكانی لەگەڵ تاڵەبانیدا نوسیویەتی دەڵێ" سەرۆكی حكومەتەكەی یەكێتیی لە سلێمانی باوەڕی كرد بو لە هەر رێككەوتنێكی داهاتودا خۆی لە سەرۆكایەتی حكومەتدا نامێنێ بۆ ئەوەی لە لایەكەوە بیكا بە پیاوەتی خۆی كە ژمارەیەكی زۆر هاوڵاتی بێ دەرامەتی دامەزراندوەو موچەی بۆ دابین كردون، لە لایەكی ترەوە كێشەیەكی دژوار بۆ سەرۆكی داهاتوی حكومەت ئەخوڵقێنێ. ئیستا كە حكومەت یەكی نەگرتۆتەوەو خۆی لە سەرۆكایەتی حكومەتدا ماوەتەوەو، ئەو 10 ملیۆن دینارەش كە بە پێی رێككەوتنی واشنتۆن، پارتی ئەبو مانگانە بیدا بە یەكێتی نای دا، كێشەكە دوچاری خۆیان بوتەوە".
نامەیەكی مام جەلال بۆ مەسعود بارزانی راستی قسەكانی نەوشیروان مستەفا دەسەلمێنێت لەبارەی ئەوەی لەدوای رێككەوتنی ئاشتییەوە پارتی مانگانەو بەشێوەیەكی رێكخراو پارەی بۆ یەكێتیی نەناردووە.
بارزانی لەدواین بەشی یادەوەرییەكانی خۆیدا نامەیەكی تاڵەبانی بڵاوكردوەتەوە كە مێژووەكەی دەگەڕێتەوە بۆ 13ی كانونی دووەمی 2001، لەو نامەیەدا تاڵەبانی بۆ بارزانی نوسیوە:
"مەسەلەی بەشی (ی ن ك) لە گومرگەكە، ئەوەش بەوەی ئەمر بكەیت- تەنانەت ئەگەر بە یارمەتیو كۆمەكی برایانەشی دادەنێیت- بەدانی (10) ملیۆنەكەی مانگەكانی نەدراونو لەسەری ئەم ساڵەشەوە بۆ (3) مانگ (20 ملیۆن)و پاشان ببێتە (15) ملیۆن".
رۆژی 25ی كانونی دووەمی 2001 لەدوای نامەكەی تاڵەبانییەوە بۆ بارزانی، یەكێتی لەڕێگەی (ئاراس شێخ جەنگیی) بڕی (30 ملیۆن) دیناری سویسری لە (رەمزی شەعبان) وەكو نوێنەری پارتی وەرگرتووە (بارزانی ئەم بەڵگەنامەی لە یادەوەرییەكانی خۆیدا بە ئیمزای ئاراس شێخ جەنگییەوە تۆماركردووە).
دواترو لە مانگی نیسانی ساڵی 2001دا بەهەمان شێوە (ئاراس شێخ جەنگیی) بە نوێنەرایەتی یەكێتیی بڕی (40 ملیۆن) دیناری سویسری تری پارتی لە (رەمزی شەعبان) وەرگرتووە (بارزانی لە یادوەرییەكانیدا ئەم بەڵگەنامەیەشی بە ئیمزای ئاراس شێخ جەنگییەوە بڵاوكردوەتەوە).
گومرگی مۆز !
ناكۆكی نێوان بارزانیو تاڵەبانی لەبارەی چۆنیەتی جێبەجێكردنی رێككەوتنی ئاشتیی 1998 هەر بەردەوامبووە تاوەكو ساڵی 2001، لە كۆتا رۆژەكانی تەموزی 2001دا تاڵەبانیو بارزانی نامەیەكیان گۆڕیوەتەوە (بارزانی نامەكەی تاڵەبانیو وەڵامەكەی خۆشی لە یادەوەرییەكانیدا بڵاوكردوەتەوە).
لە نامەكەیدا بۆ بارزانی، تاڵەبانی دان بەوەدا دەنێت لە رێككەوتنی ئاشتیدا قایلبوون بەوەی رێژەی (51%)ی داهات بۆ سنوری پارتی بێتو داوای بەشەكەی یەكێتیی لە داهاتی گومرگی (برایم خەلیل) دەكاتو حكومەتی پارتی تۆمەتبار دەكات بەوەی "دەستی داوەتە جەنگێكی ئابوری لەدژی ناوچەی یەكێتی لە مەسەلەی گومرگو لابردنی گومرگ لەسەر مۆزو مەسەلەی هێنانی سەیارەو شتی تر لەلای یەكێتییەوە بۆ هەولێر".
لە كۆتایی نامەكەیدا بۆ بارزانی، تاڵەبانی نوسیویەتی" باوەڕ بە برای خۆت بفەرموو، وەزعی یەكێتی نە تەنگاوەو نە خراپە، بگرە زۆریش لە باشیو گەشەكردنە: بە نەدانی یارمەتییەكەش نە تەنگاو دەبێتو نە پەكی دەكەوێت، بەڵكو پتر وەزعەكە ئاڵۆز دەبێتو دڵان كرمێ دەكات".
بارزانی وەڵامی نامەكەی تاڵەبانی داوەتەوە، بە وەڵامەكەیدا دەردەكەوێت ناردنی پشكی یەكێتیی لە داهاتی گومرگی برایم خەلیل بەستوەتەوە بە چارەسەركردنی كێشەی پەرلەمانو گەڕانەوەی فراكسیۆنی یەكێتیی بۆ پەرلەمان كە لەدوای 31ی ئابەوە پەرلەمانیان چۆڵكردووە، بەگوێرەی رێككەوتنی واشنتۆن.
یەكگرتنەوەی حكومەتی پارتیو یەكێتیی
ساڵی 2005و دوای روخانی رژێمی سەددام، لەژێر فشاری ئەو گۆڕانكارییانەی لە عێراق هاتنەكایەوە، پارتیو یەكێتیی بڕیاریاندا حكومەتەكانیان یەكبخەوە، رێككەوتن لەسەر ئەوەی پۆستی سەرۆكی حكومەتو سەرۆكی پەرلەمان (دوو ساڵ بە دوو ساڵ) لەنێوان خۆیاندا دابەش بكەن.
لەدوای روخانی سەددامەوە ئیتر داهاتی گومرگەكان ئەو سەرەنجە زۆری لەسەر نەماو ناردنی 17%ی بودجەی عێراق بۆ هەرێمی كوردستان بوو بە شادەماری ململانێ ئابورییەكانی هەردوو حزب.
ساڵی 2005 پشكی هەرێم لە بەغداوە بڕەكەی (3 ملیارو 134 ملیۆن) دۆلار بووە، ئەم بڕە پارەیە بەمشێوەیە دابەشكراوە بەسەر هەردوو ناوچەی دەسەڵاتی پارتیو یەكێتیدا:
• رێژەی 54% بۆ سنوری پارتی
• رێژەی 46% بۆ سنوری یەكێتیی
لەدوای ساڵی 2007ەوە هەرێمی كوردستان بووە بە خاوەنی سەرچاوەیەكی تری داهات كە دۆزینەوەو دەرهێنانی نەوت بوو، ئیتر لەم سەردەمەوە باسو خواست لەبارەی چۆنیەتی دابەشكردنی شیرینی گرێبەستەكانی نەوت لەنێوان پارتیو یەكێتیی سەریهەڵدا، ساڵی 2010 ئاشتی هەورامی لە پەرلەمانی كوردستان وتی" بڕی 4 ملیار دۆلار پارەی شیرینی نەوتمان بۆ كابینەی داهاتووی حكومەت بەجێهێشتووە".
دۆخی دارایی ئێستا
ئێستا هەرێمی كوردستان بە هەردوو ناوچەی ژێر دەسەڵاتی پارتیو یەكێتییەوە مانگانە تەنیا بۆ خەرجی موچە پێویستی بە بڕی (930 ملیار) دینارەو بۆ خەرجی بەكارخستن پێویستی بە بڕی (120 ملیار) دینارە.
واتە بە تێكڕا كۆی خەرجی مانگانەی حكومەتی هەرێم بە (موچەو بەكارخستنو وەبەرهێنانو كارەباو خزمەتگوزارییەكانی ترەوە) بڕەكەی (ترلیۆنێكو 150 ملیار) دینارە، ئەمە بەپێی راگەیەندراوی حكومەت بۆ خەرجیو داهاتەكان لە مانگی ئایاری 2022دا.
ئێستا داهاتەكانی هەرێمی كوردستان بەمشێوەیەن:
• داهاتی نەوت: بەهۆی راوەستانی هەناردەی نەوتەوە داهاتەكە راوەستاوە، لەبری ئەمە حكومەتی فیدراڵ بڕی (400 ملیار) دیناری بۆ دوو مانگی هەرێم ناردووە
• داهاتی ناوخۆ: مانگانە نزیكەی (250 ملیار) دینارە.
• هاوپەیمانان مانگانە بڕی (31 ملیار) دینار وەكو هاوكاری بە حكومەتی هەرێم دەدەن.
بەگوێرەی رێككەوتنێكی رانەگەیەندراوی نێوان پارتیو یەكێتی لە ساڵی 2021ەوە بڕیادراوە خەرجیو داهات لەنێوان سنوری پارتیو یەكێتیدا لەسەر بنەمای:
• 57% بۆ سنوری هەولێرو دهۆك (سنوری پارتی)
• 43% بۆ سنوری سلێمانی (سنوری یەكێتی)
هەر بەگوێرەی ئەو رێككەوتنە كە ناوی لێنراوە "لامەركەزیەتی دارایی"، ئیدارەی سلێمانی دەبێت مانگانە لە داهاتی خۆی بڕی (90 ملیار) دینار بۆ خەرجی موچەو خەرجی سیادی هەرێم تەرخان بكات، كە لەو بڕە پارەیەش (75 ملیار) دیناری تەنیا بۆ تەواوكردنی خەرجەی موچەی سنوری سلێمانی دەڕوات كە مانگانە بە تێكڕا بڕەكەی (365 ملیار) دینارەو بڕی (15 ملیار) دیناری داهاتی سلێمانیش بۆ خەرجی سیادی دەڕوات، ئەمە لەكاتێكدایە بۆ ئەم مانگانە داهاتی سلێمانی (61 ملیار) دینار بووە.
بەپێی قسەی زیاد جەبار سەرۆكی فراكسیۆنی یەكێتیی لە پەرلەمانی كوردستان " لەماوەی 8ی مانگی رابردوودا (242 ملیارو 438 ملیۆن) دینار كورتهێنانی مانگانە هەبووە لە سنوری پارێزگای سلێمانی".
ئێستا كە ئیتر هەناردەی نەوتی هەرێمی كوردستان راوەستاوە، قسەوباس لەسەر داهاتی گومرگەكان گەرمبووەتەوە، سەرۆكی فراكسیۆنی یەكێتیی دەڵێ" 12 دەروازەی سنوری هەیە كە هەرێمی كوردستان بە عێراقو وڵاتانەوە هەیەتی، ساڵی رابردوو ئەم دەروازانە بەبەهای 6 ملیار دۆلار ئاڵوگۆڕی بازرگانییان تێدا بووە، بەڵام تاكە دەروازەی عێراقو هەرێمی كوردستان بە توركیاوە كە ئیبراهیم خەلیلە، ساڵی رابردوو لە سەرو 20 ملیار دۆلاری ئاڵوگۆڕی تێدا بووە، ئەمە چۆن بەراورد دەكرێت؟".
ئەمە ئەو بارودۆخەیە كە بافڵ تاڵەبانی نیگەران كردووەو دەڵێ داهاتەكانمان بەشی خەرجییەكانمان ناكاتو لەبەرامبەردا پارتی گومانی لە راستیو دروستی ژمارەی داهات لە سلێمانی هەیە، واتە چیرۆكەكە گەڕانەوەیە بۆ سەرەتای ناكۆكییەكان لەبارەی داهاتەوە لە ساڵانی شەڕی ناوخۆیدا.