Draw Media

ئاغای (لوتفی) له‌ هه‌رێمی كوردستان بوو

ئاغای (لوتفی) له‌ هه‌رێمی كوردستان بوو

2023-04-14 17:20:39


(درەو): 
محەمەدی حاجی مەحمود وێنەی ئەو وەفدەی ئیتلاعاتی ئاشكراكرد كە سێ رۆژ لە هەرێمی كوردستان بوون بۆ یەكلاكردنەوەی چارەنوسی حزبەكانی رۆژهەڵاتی كوردستان. 
وەفدێكی باڵای كۆماری ئیسلامی ئێران بە سەرۆكایەتی ئاغای (لوتفی) جێگری وەزیری ئیتلاعات ماوەی سێ رۆژ لە هەرێمی كوردستان بوو. 
بەپێی زانیارییەكانی (درەو)، ئەم وەفدە هەریەكە لە نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێم‌و مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەت‌و بافڵ تاڵەبانی سەرۆكی یەكێتیی نیشتمانی كوردستان‌و بەرهەم ساڵح سەرۆك كۆماری پێشووی عێراقی بینیوە. 
دیدارەكانی ئەم وەفدە دوور لە چاوی كامێراكان بەڕێوەچوون، هیچ یەكێك لەوانەی وەفدەكەیان بینیوە، وێنەی دیدارەكەیان بڵاونەكردەوە، بەڵام محەمەد حاجی مەحمود سەرۆكی پارتی سۆسیال دیموكراتی كوردستان بە بڵاوكردنەوەی هەواڵی سەردانی وەفدەكە، وێنەی تیمەكەی ئێرانی ئاشكراكرد. 
بەپێی ئەو زانیارییانەی كە لە چەند سەرچاوەیەكی ئاگادارەوە دەست (درەو) كەوتوون، تەوەری سەرەكی گفتوگۆی وەفدەكەی ئێران لەگەڵ بەرپرسانی پارتی‌و یەكێتیی، یەكلاكردنەوەی چارەنوسی بارەگای حزبەكانی رۆژهەڵاتی كوردستان بووە لەناو خاكی هەرێمی كوردستان. 
لەدوای خۆپیشاندانەكانی ئەمدواییەی ئێران بەهۆی كوژرانی خاتوو (ژینا ئەمینی) ئێرانییەكان فشاریان لەسەر هەرێمی كوردستان توندكردوەتەوە بۆ داخستنی بارەگای پارتە سیاسییەكانی رۆژهەڵاتی كوردستان، ئێران هاوكات لەگەڵ خۆپیشاندانەكان بارەگای حزبەكانی رۆژهەڵاتی بۆردومان كرد، بەرپرسانی كۆماری ئیسلامی دەڵێن لەكاتی خۆپیشاندانەكاندا لە هەرێمی كوردستانەوە چەك رەوانەی شارەكانی ئێران كراوە، ئەمە تۆمەتێك بوو كە لەكاتی خۆیدا حكومەتی هەرێم رەتیكردەوە. 
سەرچاوەیەك كە خۆی دوایكرد ناوەكەی بڵاونەكرێتەوە، بە (درەو)ی راگەیاند، لەبارەی چارەنوسی حزبەكانی رۆژهەڵاتی كوردستانەوە، پارتی‌و یەكێتیی بەڵێنیی ئەرێنییان بە وەفدەكەی ئێران داوە. 
هەر لەم سەردانەدا، وەفدی ئێران لەبارەی كێشە ناوخۆییەكانی یەكێتیی‌و دۆخی پەیوەندییەكانی نێوان پارتی‌و یەكێتیی‌و پەیوەندییەكانی نێوان هەولێرو بەغداد لەگەڵ بەرپرسانی هەرێم قسەوباسیان كردووە. 
 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand