Draw Media

تۆتال ئینێرجی فەرمانبەرەكانی لەعێراق كشاندەوە 

تۆتال ئینێرجی فەرمانبەرەكانی لەعێراق كشاندەوە 

2023-02-02 19:45:59


درەو:
🔹گرێبەستەی تۆتاڵ ئینرجی لەعێراق كە بڕی وەبەرهێنانەكانی دەگاتە (27) ملیار دۆلارە, ڕوبەڕوی دێوەزمەی داڕمان بووتەوە, لەسایەی ناكۆكییە داراییەكانی نێوانیان.
🔹بەگوێرەی هەوالێكی ئاژانسی ڕۆیتەرز, كۆمپانیا فەرەنسیە زەبەلاحەكە, فەرمانبەرە بیانییەكانی لەعێراق كشاندووەتەوە, فەرمانبەرە عێراقییەكانیشی لەماڵەوە كارەكانیان دەكەن. 
🔹بەرپرسە ئاگادارەكان لەكارەكانی تۆتال ئینێرجی لەعێراق رایانگەیاندووە: فەرمانبەرەكانی كۆمپانیاكە كە سەرقاڵی كاركردن بوون بۆ جێبەجێكردنی پرۆژەی نوێ‌ لەعێراق, ڕۆژی سێ‌ شەممەی ڕابردوو عێراقیان بەجێهێشتووە.
🔹لەئەگەری داڕمانی گرێبەستە(27)ملیار دۆلارییەكە, عێراق ئەم زیانانەی بەردەكەوێت:
 -لەدەستدانی دەرفەتی دامەزراندنی ژێرخانی ئابوری بەملیارەها دۆلار.
-لەدەستدانی ئەگەری زیادبونی داهاتەكانی, لەڕێی كەرتی وزەو زیادكردنی بەرهەمهێنان لەكێڵگە نەوتییەكانی بەسرە.
-لەدەستدانی دامەزراندنی كارگەیەكی چارەسەرەكردنی غازی هاوەڵ. كە بەڕێگایەكی نادروست دەسوتێندرێت.
-لەدەستدانی بەرهەمهێنانی وزەی خۆر. 
🔹دانوستانە (27)ملیار دۆلارییەكەی نێوان تۆتاڵ ئینێرجی و حكومەتی عێراق, كێشەی تێكەوت دوای ئەوەی بەغداد داوای (40%) پشكەكانی كرد لەپرۆژەكە, ئەوەش پرسێكە كۆمپانیاكە ڕەتیدەكاتەوەو, خوازیاری خاوەندارێتی زۆری پشكەكانێتی.
🔹قەیرانەكە هەفتەی ڕابردوو لەمیانی كۆبونەوەی محەمەد شیاع سودانی سەرۆك وەزیرانی عێراق لەگەڵ (پاترێك بویانیە) سەرۆكی كۆمپانیای جێبەجێكاری كۆمپانیای تۆتاڵ ئینێرجی ڕویداوە. 
🔹كۆبونەوەكە, كە حەیان عەبدولغەنی وەزیری نەوتی عێراقی ئامادەیبووە, تەنها (10) خولەكی خایاندووەو, سەرۆكی كۆمپانیا فەرەنسییەكە بەهۆی ناكۆكی لەبارەی پشكی بەغداد لە پرۆژەكە كشاوەتەوە, نوسینگەی تۆتاڵ ئینێرجی یاخود نوسینگەی سودانی, هیچ بەیاننامەیەكیان لەبارەی كۆبونەوەكە بڵاونەكردووەتەوە. 
🔹بەغداد هەڵوەشاندنەوەی بڕیاری داواكردنی پشكی (40%) لەلایەن حكومەتی پێشوەوە ڕەتدەكاتەوە, ئەوە بە سازش كردن لەمافەكانی عێراق دەزانێت, لەكاتێكدا تۆتاڵ پێداگرە لەسەر ئەوەی پشكەكانی (30%) تێپەڕنەكات.
🔹كۆمپانیای تۆتال ئینێرجی لەساڵی 2021دا هیواكانی كەرتی وزەی لەعێراق بوژاندەوە, كاتێك گرێبەستێكی لەگەڵ بەغداد واژوكرد بۆ جێبەجێكردنی (4) پرۆژەی نەوت و غاز و وزەی تازەبوەوە, بەوەبەرهێنانی سەرەتایی (10) ملیار دۆلار لەباشوری عێراق بەدرێژایی 25 ساڵ.
🔹عێراق تائێستا گەشبینە و پێیوایە گرێبەستەكە پێویستی بەكاتە, سەرۆكی كۆمپانیای نەوتی بەسرە پێشبینی كردووە, قەتەر ببێتەخاوەنی 20بۆ 25% پشكەكانی پرۆژەكە, گرێبەستەكەش لەماوەی 3 مانگدا چالاكدەكرێت.
🔹عاسم جیهاد وتەبێژی وەزارەتی نەوتی عێراق ڕایگەیاندووە: حكومەت و وەزارەتی نەوت پەرۆشن لە بەردەوامبون لەگەڵ پرۆژەكانی تۆتال ئینێرجی بە بەهای (27)ملیار دۆلارو, تائێستا دانوستانەكان بەردەوامن.
🔹لەمانگی ئەیلولی (2021)دا, كۆمپانیای تۆتال ئینێرجی لەگەڵ وەزارەتی نەوتی عێراق ڕێككەوتنی بۆ جێبەجێكردنی (4) پرۆژەی زەبەلاح واژووكرد, بە وەبەرهێنانی (27) ملیار دۆلار.
🔹گرێبەستەكە لەمانگەكانی ڕابردودا مشتومڕێكی سیاسی و ئابوری زۆری بەخۆوە بینی, تائێستا هەردوولا هیچ هەنگاوێكی كرداریان بۆ پرۆسەی جێبەجێكردنی پرۆژەكان پێشكەش نەكردووە, لەگەڵ بوونی مەترسی لەئاستەنگی دارایی ڕەنگە هەڕەشە لەجێبەجێكردنی بكات, كە عێراق پشتی پێبەستوە بۆ بەدەستهێنانی قازانجێكی زۆر كە بڕكەی ڕەنگە بگاتە (50) ملیار دۆلار.
🔹گرێبەستە (27) ملیار دۆلارییەكەی تۆتال ئەم پرۆژانە لەخۆدەگرێت:
-ڕاكێشانی هێڵی بۆرییەكی ئاوی, كە ئاو لەدەیاوە دەگوێزێتەوە بۆ كێڵگە نەوتییەكان, بە وزەیەكی ئەندازەیی كە تواناكەی(7.5) ملیۆن بەرمیل ئاوە لەڕۆژێكدا, بەئامانجی بەردەوامیدان بە بەرهەمهێنان لەكێڵگە نەوتییەكان.
-پێشخستنی كێڵگەی ئەرتاوی و زیادكردنی بەرهەمهێنان لە (80) هەزار بەرمیلی ڕۆژانەوە بۆ (200) هەزار بەرمیلی ڕۆژانە.
-دامەزراندنی كۆمەڵگەی غازی ئەرتاوی بە توانای (600) ملیۆن پێ سێجا, بەئامانجی وەبەرهێنانی سوتاندنی غاز لەكێڵگە نەوتییەكان.
-دامەزراندنی وێستگەیەكی بەرهەمهێنانی كارەبا كە پشت بەوزەی خۆر دەبەستێت, بۆ بەرهەمهێنانی كارەبا بەتێچوی كەمتر لە (45%) بەرهەمهێنانی وێستگەكانی ئێستا, كە تێكڕای تواناكەی دەگاتە (1000) مێگاوات.


سەرچاوە: پێگەی الطاقة

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand