بانکی ناوەندی عێراق و پڕۆسەی دروستکردنی پارە لە بانک؟
2023-01-28 15:29:24
درەو:
ئامادەکردنی: ئەنوەر کەریم - ژوری توێژینەوەکانی بزوتنەوەی گۆڕان
پێشەکی
بانک مەکینەی سیستەمی ئابوریەو دەزگایەکی داراییە (Financial Institution) ئەو شوێنەیە کە کە پارە وەردەگرێت لە هاوبەشەکانی و ئەو پارەیە دەداتەوە بە بیزنسەکان بە قەرزو کریدت دەدات بە هاو بەشەکانی وە پارە پاشەکەوتکراوەکانیش دەپارێزێت.
مەبەست لەم ڕاپۆرتە ئەوەیە کە خستنەڕووی پارە کەمە لە عێراقدا، هۆکارەکەی نەبوونی ژمارەی بانکی پێویستە بۆ هاوڵاتیانی عێراق و لاوازی سیستەمی بانکییە، کە ناتوانێت خزمەت بە حکومەتی عێراق بکات لە کۆکردنەوەی داهاتدا، بەهۆی کەمی ژمارەی بانکەوە نەتوانراوە ڕێگە بگیرێت لە گەندەڵی، کە پارەیەکی زۆر براوەتە دەرەوەی عێراق ئەمەش زیانی گەورەی بە ئابوری عێراق گەیاندوە لەئەنجامی لاوازی سیستەمی بانکی عێراقەوەیەوە، هاوکات بوونی هەزاران کارمەندی بندیوار کە چەندین ساڵە بوون بەئەرک بەسەر بودجەی گشتیەوە بە هۆی نەبوونی سیستمی بانکی پێشکەوتوە، پاشەکەوت نەکردنی پارە لە لایەن هاوڵاتیاناوە، بۆتە هۆی زیادنەکردنی وەبەرهێنان، ئەمەش زیانی لە ئابوریداوە هۆکارەکەشی کەمی بانکی پێشکەوتووە، کە کار ئاسانی لە بەڕێکردنی کاری هاووڵاتیان گرتوە. بەمەش کاتێکی زۆری هاوڵاتیان بەفیڕۆ دەڕوات و کاریگەری هەیە لەسەر کەمکردنەوەی بەرهەمهێنان و زیانی بەسوڕی ئابوری گەیاندوە. لێرەدا مەبەست لەم توێژینەوەیە ئەوەیە کەپارەدارکردن زیاتربێت لە ناو عێراقدا لە ڕێگای کردنەوەی بانکی زیاتر و کلتوری پارە پاشەکەوتنکردن دروستببێت لە ناو خەڵکدا بۆ زیادکردنی وەبەرهێنان، ببێتە هۆی کۆکردنەوەی داهات بەشێوەیەکی خێراتر بۆ حکومەت و کەمکردنەوەی گەندەڵی. هەر ووڵاتێک بیەوێت پێشبکەوێت ئەبێت لە (STFM) دا پێشبکەوێت واتە (زانست، تەکنلۆژیاو، فاینەنس و ماتماتیك) واتە کاروباری دارایی کۆڵەکەی پێشکەوتنی وڵاتە ئەوەش لە ڕێگەی بانکی پێشکەوتوو بە تەکنلۆژیای دارایی پێشکەوتووە.
جۆرەکانی بانک
بە گشتی بانکەکان جۆریان زۆرە هەر لە بانکی پیشەسازیەوە تا بانکی کشتوکاڵی و بانکی بازرگانی و بانکی وەبەرهێنان وبانکی قەرزدانی خانووبەرە.
بەگشتی ئەم بانکانە ڕێکخراون بە چەند یاسایەک بانکی ناوەندی وڵات سەرپەرشتییان دەکات و دەتوانێت لێیان بپرسێتەوە.
هەموو بانکێک سەرمایە گەورەکەی متمانەیە ((Trust، واتە متانە لە پەرتوکی هەژمارەکەیدا لە هەمووجۆرەکانی سەرمایە بەهێزترە، متمانەیە وا دەکات هاوڵاتیان پاشەکەوتەکەیان لە بانقدا دابنێن، هەموو بانکەکان بەگشتی پارێزراون لە لایەن بانکی ناوەندی ووڵاتەوە، لە ئەمریکاو ئەوروپاو ووڵاتە پێشکەوتوەکاندا بۆ پاراستنی پاشەکەوتی پاشەکەوتکەران لەکاتی ڕوودانی قەیراندا کە بانکێک مایەپووچ دەبێت، بانک بە گشتی لەجیهاندا کارەکانی باش بەڕێوەدەبات و داهات دروستدەکات بۆ پشکهەڵگرەکان و یارمەتی بیزنسەکان ئەدەن و ڕۆڵی کاریگەریان هەیە لە سووڕی ئابوریدا، پێویستە بانکەکان کاری باشتر بکەن و ڕۆڵیان لە کۆمەڵگادا باشترو گەورەتر بێت و پشتیوانی لە تەکنلۆجیای ووزە پاکەکان بکەن، لە ساڵانی داهاتوودا قەرزبدەن بە پڕۆژەکانی ووزە نوێیەکان، زیاتر لەوەی قەرزبدەن بە پڕۆژە کانی ووزەی ئێستا، بۆ ئەوەی ڕۆڵی کاریگەریان هەبێت لە گۆڕینی کەش و هەوادا کە ئیستا بۆتە جێگای بایەخی مرۆڤایەتی و حکومەتەکان.
هەموو بانكێک بە بڕێکی دیاریکراو بە پێی یاساکانی بانکی ناوەندی، بڕێک لەو پارەیە دەپارێزیت کەبە یاسای بانکی ناوەندی دانراوە لە خەزینەی بانکەکەیدا، هەندێ دەزگای دارایی تر هەیە کە ڕۆڵی بانک دەبینین تەنها بۆ کەسە تایبەتە خاوەن سامانەکان، بەڵام کاری سەرەکیان بریتییە لە وەبەرهێنان لە هەموو سێکتەرەکانی ئابوریدا، بەڵام بانکی ناوەندی بڕی زیاتری پاشەکەوتی سەپاندوە بەسەر ئەم دەزگایانەدا کە بڕی پاشەکەوتی زیاتر هەڵبگرن وەک لە بانکەکانی تر، چونکە زۆر جار ئەمانە سەرکێشی زیاتر دەکەن لە بیزنسدا.
کاتێک کەسێک پارە پاشەکەوت دەکات لە بانک، واتە ئەو کەسە حسابی بانکی بۆ کراوەتەوە لەو بانکە، ئیتر بانکەکە پارە پاشەکەوتکراوەکان دەخاتە سوڕی کارکردنەوە، هەندێ جار هاوبەشەکانی بانک پارە دادەنێن لە بانک بۆ ماوەیەکی دیاریکراو بۆ ئەوەی رێژەی سوودی بانکی لەسەر وەربگرن، بەڵام ئەو پارەیە ناتوانرێت ڕابکێشرێتەوە تا ماوەکە تەواو نەبێت، بەپێی ڕێکەوتنەکە لەگەڵ بانکەکەدا، پارەی ئەم بانکانە لە هەندێ شتومەکدا وەبەرهێنانی پێوەدەکرێت وەک بۆندەکان یان دڵنیایی خەزێنەی وڵاتان بەگشتی کە ئەمانە مسۆگەرن و دەستهاتی جێگیریان هەیە لە هەموو دۆخێکی ئابوریدا بۆ بانکەکە.
سیستەمی دارایی جیهانی بە شۆرشی چوارهەم دەژمێرێت، دوای شۆرشی تەکنەلۆجیا لەساڵاکانی نەوەدەکانی سەدەی رابردووە، بە هۆی پێشکەوتنی تەکنەلۆجیاوە، بووە هۆی هەڵگیرسانی شۆڕشی دارایی (Financial Revolution) ڕێگا ئاسان بوو بۆ بانکەکان كە چۆن پڕۆژەو خەڵک پارەدار بکەن. ئەمەش کاریگەری تەواوی هەبووە لەسەر گەشەی ئابوری جیهان.
بۆ ئەوەی لە سیستەمی بانکی بگەیین چۆن کار دەکات؟
پێویستە دوو سیاسات بزانین یەکەمیان سیاساتی نەختینەی (Monetary Policy) وەFiscal Policy)) واتە سایاسەتی ساڵانە، کە دۆخی ماکڕۆئیکۆنۆمی و کەرتە خزمەتگوزاریەکانی ناو کەرتی ئابورییە و ڕیژەی بێ کاری و هەڵئاوسان وتێکڕای گەشەی ناوخۆی ووڵات دەگرێتەوە.
کارەکانی بانکی ناوەندی
1. چاپکردنی پارە.
2. پشتیوانی کردنی بەهای دراوی ووڵاتەکە بۆ ئەوەی بەهاکەی پارێزراوبێت لە ناوەوەو دەرەوەی ووڵات.
3. زیادکردنی پارەی نەختی و بەڕێوەبردنی یەدەکی بیانی ناو بانکەکە.
4. ئیدارەدانی ووڵات بۆ ئەوەی نرخی کاڵاو شتومەک جێگیر بێت.
5. پشتیوانیکردنی گەشەکردنی سیستەمی دارایی ووڵات بۆ ئەوەی گەشەبکات و تووشی قەیران نەبێت.
6. چاودێری بانکە بازرگانیەکان بکات بۆ ئەوەی ڕیسک بە پاشەکەوتی پاشەکەوتکراوەکان نەکەن.
7. بڕیار لەسەر ڕێژەی سوودی بانکەکان دەردەکات، بۆ ئەوەی کۆنتڕۆڵی هەڵئاوسان بکات و یارمەتی کەمکردنەوەی بەتاڵە بدات لە ووڵاتدا.
8. پاراستنی بەهای دراوی ووڵاتەکە و بتوانێت خوێندنەوە بۆ دراوەکانی تر بکات.
9. سیاسەتی نەختینەی ووڵات دابڕێژێت، کە بە هۆیەوە بەهای دراوی ووڵاتەکە چۆنبێت بەرامبەر دراوی بیانی.
ئەگەر ووردبینەوە لە بانکی ناوەندی عێراق هیچ یەکێک لەم خاڵانەی پەیڕەو نەکردوە بۆ یە دۆخی بەهای دیناری عێراقی لەم دۆخەدایە، کاری سەرەکیەکەی سیاساتی نەختینەیە (MONETARY POLICY) دەبوایە ئەم بانکە هەڵبستایە بە دیاریکردنی ڕیژەی سوودی بانکی بە پێی دۆخی (ماکرۆ ئیکۆنۆمی) ووڵات، بەڵام هاتووە رێژەی سوودی بانکی ناوەندی کە لە ئێستادا (٤%) بەمەش بانکەکانی عێراق قۆرخی ڕیژەی سوودی بانکیان لە ئەنجامی ئازادکردنیان کردوە لە نزمترین کاتدا لە (12%) بووە، لە بانکە بازرگانیەکان و تەنانەت بانکەکانی سەر بەوەزارەتی دارایی عێراق قەرزیان بە زیاتر لە (12%) داوە، لە بانکەکانی کەرتی تایبەت تەنانەت زیاتر بووە، لەو کاتانەدا لە ئەمریکاو ئەوروپادا پێش شەری ئۆکرانیا ڕیژەی سوودی بانکی نزیک بووە لە (0.25%) بۆیە ئەمە شکستی گەورەی بانکی ناوەندی عێراقە و نەبۆتە هۆی گەشەکردنی ئابوری، کەمکردنەوەی ڕیژەی بەتاڵە، نەهێنانی سەرمایەی بیانی بێجگە لە کەرتی نەوت و گاز.
سیستەمی دارایی عێراق بە هیچ شێوەیەک پێش نەکەوتوە.، لە ئەنجامی نەهێنانی بانکە پێشکەوتوەکان بۆ عێراق. ئەمەش وایکردوە ووڵاتەکە نەبێت بە ئەلەکترۆنی لە ڕووی داراییەوە، زۆربەی هاوڵاتیانی عێراق بە بێ هەژماری بانکیبن. بانکی ناوەندی عێراق نەیتوانیوە پارێزگاری لە یەدەکی پارەکەی خۆی بکات، ئەوە بوو ماوەیەک لە مەوبەر بڕی (3.7) تریلیۆن دینار دزرا کە بە(دزی سەدە) ناسراوە، ئەمە زیانی گەورەی بە ئابوری عێراق گەیاندوە.
عێراق بۆ ساڵی 2021 لە ئیندێکسی شەفافیەت ژمارە 169 بووە تەنها 21 پۆینتی بەدەستهیناوە. لە ئەنجامی ئەو گەندەڵی و ناشەفافیەتەی کە لە عێراقدا هەیە. بانکی ناوەندی ڕێگای داوە پارەیەکی زۆر لە عێراقدا بڕواتە دەرەوە بەهۆی حەواڵەوە، لە ڕێگای کۆمەڵی بانکی عێراقیەوە کە کاریان تەنها زیان بوە بە ئابوری نیشتمانی. کە ئێستا تاوانبار دەکرێت بەوەی گروپە تیرۆریستییەکان سوودیان لێبینوەو دەوڵاتانی (ئێران، سوریا، لوبنان، تورکیا و یەمەن) هەروەها سیاسییەکانی عێراق پارەی زۆریان بردۆتە دەرەوە بە هۆی شکستی ئەم بانکەوە، ئەمەش بە هەدەردانی سامانی نیشتمانییەو زیانی گەورەی بە ئابوری عێراق گەیاندوە، بە بێ ئەوەی لێپرسینەوە لەگەڵ کەسدا بکرێت. لە ئەنجامی شكستەکانی بانکی ناوەندی عێراقەوەیە، کە بوە بەدەزگایەی وابەستە بە میلیشیا عێراقیەکانەوە. نەیتوانیوە کارە سەرەکیەکانی خۆی بکات.
پێویستە بانکی ناوەندی وەک دەزگایەکی سەربەخۆ کاربکات بۆ ئەوەی ئەم شکستانەی سەرەوە ڕاستبکاتەوەو کاری تەنها کارکردن بێت لە سەر دۆخی ماکرۆ ئیکۆنۆمی و وەبەرهێنان. تا دراوی عێراقی نەچیتە دەرەوە، لە ڕێگای هاوردەکردنی كاڵاو شتومەک کە بە پێی داتاکان عێراق ساڵانە بە بەهای (90) مـلیار دۆلار هاوردەی هەیە لە ووڵاتانی جیهانەوە.
بانکی ناوەندی ئەگەر سەرنجی کارکردنی بدەین سێ کاری سەرەکی کردوە؛
1. فرۆشتنی دۆلاری ئەمریکی بە بانکەکان.
2. کردنەوەی نامەی گەرەنتی پاڵپشتی دارایی (letter of credit).
3. حەواڵەی بانکی.
بۆیە ئەم کارانە زۆر زۆر کەمن بۆ بانکی ناوەندی ووڵاتێک. ئەوەی لە عێراقدا لەم ڕۆژانە ڕوودەدات قەیرانی دارایی نیە، چونکە عێراق یەدەکی دراوی بیانی نزیک بۆتەوە لە (100) ملیار دۆلاری ئەمریکی، وە گەشەی ناوخۆی عێراق بە هۆی بەرزبوونەوەی نرخی نەوتەوە لە ساڵی 2022 بە ڕێژەی (8%) تێکڕای گەشەی ناوخۆ بووە، لە ئەنجامی زیادکردنی بەرهەمهینانی نەوتەوە بە ڕێژەی(12%) بەپێی داتاکانی سندوقی دراوی نیودەوڵەتی.
تەنها قەیرانێکی سیاسیە، کە لە نێوان ئەمریکاو عێراقدا. بەرپرسی ئەم قەیرانەش بانکی ناوەندی عێراقە. چونکە بانکی ناوەندی عێراق ڕێگای داوە بە کردنەوەی کۆمەڵێ بانک کە کارەکایان تەنها کڕینی دۆلاربێت لەعێراقدا و دوای ڕەوانەی بکەن بۆ دەرەوەی ووڵات و لە ئێستا ئەم دۆخە بخولقێنێت.
بانکی ناوەندی عێڕاق دەیتوانی؛
1. ئەگەر بانکی ناوەندی لەساڵی 2015 دا کە 1 دۆلار یەکسان بووە بە 1116 دینار ئەو کاتە ئەم ڕیگایەی بگرتایە بەر بانکی ناوەندی ببەستیاتەوە بە سیستەمی ( SWIFT) جیهانیەوە دۆلار ئەوەندە بەرز نەدەبووە ئەم دۆ خەی ئیستای نەدەخولقاند . کە بۆتە هۆی ئەوەی لەدەستدانی موچەی فەرمانبەرانی عێراق بە هەرێمی کوردستانەوە بەڕێژەی لە 30% لەساڵی2015 وە هەتا ئەم بڕە نرخە ی ئیێستا ، بۆیە ئەم بانکە زیانی گەورەی گەیاندوە بە دانیشتوانی عێراق و نەتیتوانیوە وەک دەزگایەکی سەربەخۆ کاربکات زیاتر وابەستەبوە بە پارتە سیاسیەکانەوە.
2. ئەوکاتە ڕێژەی هەڵئاوسان زۆر کەمبوو لە جیهاندا ئەوەندە کاریگەری نەدەبوو لەسەر توێژەکانی ناو کۆمەڵگا ئەگەر کارەکەی زووتر بکردایە
3. ئەوەندە سامانی بەرپرسەکانی عێراق سپی نەدەکرایەوە ڕەوانەی وولاتان نەدەکرا .
4. ئەگەر کاری وردی بکردایە لەسەر بانکەکان ئەو بانکانە ئەوەندە پارەی عێڕاقیان ئاودیوی سنورەکانی دەرەوە نەدەکرد .
5. بانکەکان بەئارەزاوی خۆیان تەزویری پسوڵەی بازرگانیان کردوە . بونەتە هۆی ڕاکێشانی پارەیەکی زۆر لە عێراقدا وە بە شیوەیەکی نایاسای دەوڵەمەند بوون .بە بێ ئەوەی لێکۆڵینەوە یان لە گەڵدا بکرێت لە لایەن بانکی ناوەندیەوە.
بانکی ناوەندو یاساکانی
بە یاسا، بانکی ناوەندی عێراق ژمارە 56 لەساڵی 2004 وە Banking Act رێژەی سوودی بانکی (Liberalized) واتە ئازاد کرد، ئەمەش کارێکی خراپە، چونکە بانکەکان دەتوان لە نێوان خۆیاندا ڕێکبکەون لەسەر ڕێژەکەو بازاڕ قۆرخ بکەن، بۆیە بەردەوام ڕیژەی سوودی بانکی لە (12%) کەمتر نەبوە لە عێڕاق و هەرێمدا.
هەروەها سیاساتی نەختینە بەم شێوەیە کاردەکات یان (Expansionary policy) واتە سیاساتی کەمکردنەوەی باج و زیادکردنی خەرجیەکانی حکومەت وەک دروستکردنی پڕۆژە لە لایەن حکومەتەوە، یان سیاساتی سک هەڵگوشین (Austerity Measure) کەمانای زیادکردنی باج و کەمکردنەوەی خەرجیەکانی حکومەت. هەروەها جۆرێکی تر هەیە کە پێیدەوترێت. (Deflationary Policy) ئەمەش واتە (پۆڵیسی داکشانی نرخ و ناهەڵئاوسان) واتە ڕاکیشانەوەی پارە بۆلای حکومەت لە لایەن حکومەتەوە. بەمەش نرخ و خزمەتگوزاریەکان دادەبەزن، کاتێک ڕوودەدات کە رێژەی سوودی بانکی لە خوار (سفر %)وە بێت یان نزیک بێت لە سفر.
تاپێش شەری ئۆکرانیا و ڕووسیا ئەو رێژەی سوودە لە ئەمریکاو ئەوروپادا هەیوو. هەندێ جار بە هۆی زۆری بەرهەم و کەمبونەوەی خواست ڕوودەدات یان قەبارەی کریدت لە ئابوریدا کەمدەبێتەوە، ئەمەش لە ئابوریدا زۆر خراپە، چونکە قازانجی کارگەکان کەمدەبێەوەو دەبێتە هۆی ئەوەی کارگەکان کرێکارەکان دەربکەن زۆربەی بەڕێوبەری بانکە ناوەندیەکان هەتا بتوانن خۆیان دوور دەخەنەوە لەم سیاساتە.
بۆ ئەوەی لە (Fiscal policy) بگەین واتە پێوەری ساڵانەکە حکومەت دایدەنێت بۆ جێگیرکردنی ئابوری لە ساڵەکەدا وەک خەرجیەکانی حکومەت و پلانی کۆکردنەوەی داهات، ئەوەش لە ڕێگای کۆکردنەوەی باجەکانەوە، واتە بودجەی ووڵات کە ساڵانە دەبێت دابنرێت.
سیستەمی بانکی عێراق
بانکەکانی عێراق لە (54) بانک پێکهاتوە کە (7) بانکیان دەزگای دارایی عێراقین و (23) بانکی بازرگانی و (9) بانکی ئیسلامی و (15) لقی بانکی بیانی و (1) ئۆفیسی نمایندەی بانکێکی بیانی. (34) کۆمپانیای حەواڵەکردنی پارە و (2000) ئۆفیسی گۆڕینەوەی دراو، کە پەیوەندیان بە بانکەکانەوە هەیە و (2) کۆمپانیا بۆ خزمەتگوزاری ئەلکترۆنی بانکی و کارتی زیرەک، هەروەها (800) لقی بانکی کە بەناو هەموو عێراقدا بڵاوبۆتەوە.
بەپێی بڕیارێکی بانکی ناوەندی کە بۆ بانکە بچوکەکانی عێراقی دەرکرد، هەر بانکێک کە سەرمایەکەی لە (250) ملیار دیناری عێراقی کەمتر نەبێت دەتوانێت بانک دابمەزرێنێت،، بەمەش ئەو بانکانەی کە دامەزراون زۆربەیان بازرگانانی کڕین و فرۆشتنی دۆلار بوون، خەڵكانی سیاسی لە پشت ئەم بانکانەوە بون، یان دەوڵەتانی ئەقلیمی لە پشتکردنەوەی بانکەکان بوون. کۆمەڵی خەڵک بوون بە ئەندامی بۆردی بانکەکان کە شارەزایان لە کاروباری دارایی و ئەرکەکانی بانکدا نەبووە، ئەوەیان بیر نەبوو کە دەبێت کار بۆ پشک هەڵگرەکانیان بکەن و بەشێکبن لە قازانجی بانکەکە، و یارمەتی تێکڕایی گەشەی ئابوری بدەن، کە کاری بانک ئەوەیە بەشێکی گرنگ و بنچینەییبن لە جێگیرکردنی گەشەی ئابوری ووڵات و ڕۆڵی کاریگەریان هەبێت و هەلی کار بڕەخسێنن، ئەم بانکانە ڕۆڵیان ئەوە بوو کە قازانج لەو میکانیزمی ئۆکشنی بانکی عێراقی بکەن بۆ گۆڕینەوەی ڕۆژانە نزیکی (200) ملیۆن دۆلاری ئەمریکی بوو بۆ دراوی عێراقی، کە جیاوازی لە نرخدا هەبوو تەنها بیریان لەوە دەکردەوە قازانجی بەپەلە بکەن، ئەوە بووە بەکاری سەرەکیان.
هەر چەندە بانکی ناوەندی ئاماژەی بەوەداوە کە دەبێت بۆ (10 هەزار) کەس بانکێک هەبێت، بەڵام ژمارەی ئەوە بانکانە زۆر کەمترن، ئێستا بۆ هەر (32 هەزار) کەسێک بانکێک هەیە تا ساڵی 2016 بە دڵنیایەوە ئێستا ژمارەکە گەیشتۆتە نزیکی (40 هەزار) کەس چونکە ژمارەی دانیشتوانی عێراق (41 ملیۆن) کەسی تێپەڕاندوە، ئەمەش لە گەڵ ڕێنمایە جیهانیەکاندا ناگونجێت.
لە ئەنجامی نەبوونی ستراتیج بۆ بانکی چالاک و ووردەکاری پلانی ساڵانە، بە پێی یاسای ژمارە 26ی بانک، ئەمەش پڕ بەوە نیە کە بتوانێت ئەو داواکاریانەی ئابوری عێراق و ئابوری بازاڕ پڕ بکاتەوە، بە پێی کارکردنی یاسای ژمارە 27 دەبێت هەر بانكیک زیاتر لە 50 خزمەتگوزاری پێشکەشبکات، بەڵام بانکەکانی عێراق تەنها (20) خزمەتگوزاری پێشکەش دەکەن، ئەمەش لە ئەنجامی نەبوون و لاوازی تەکنلۆژیای بانکی، بۆ نموونە (Home Banking Services) واتە ئەو خزمەتگوزاریانەی کە دەتوانرێت لە ماڵەوە هاوبەشەکانیان خۆیان جیبەجێی بکەن، وە ک چۆن پارەی پسوڵەی (ئاو، کارەبا و غاز) دەدرێت.
بانکی ناوەندی عێراق بەم شێوانە خستنە ڕووی پارەی پێناسەکردوە
1. پارەی دەرچوو، واتە ئەو پارەیەی بانکی ناوەندی چاپی دەکات لای جەماوەر و لەسندوقەکانی بانکەکاندایە.
2. پارەی یەدەک. بڕی پارەی چاپکراوە لەگەڵ راسپارەدەکانی بانکە بازرگانیەکان بە دیناری عێراقی لە سندوقی بانکی ناوەندیدایە.
3. خستنە ڕووی بەرتەسکی پارە M1، ئەو بڕە پارەیە کە بەدەستی خەڵکی ووڵاتەکەوەیە، هەروەها ڕاسپاردەی دراوی بیانی، دراوی ناوخۆ، کە لە لایەن کەرتی تایبەتەوە هەیە، لەگەڵ ئەو دەزگا دارایانەی کە سەر بە حکومەت نین.
4. بڕی خسنە رووی پارەی (M1) گەیشتۆتە (45 ملیار و 30 ملیۆن) دیناری عێراقی.
5. خستنە ڕووی فراوانی پارە M2، بریتیە لە خسستنەڕووی بەرتەسکی پارە لەگەڵ هاوشێوەی پارە واتە ئەو سپاردانەی کە (نەگۆڕن و جێگیرن) وەک سپاردەی (رسوم و دڵنیای).
6. خستنە ڕووی (M2) لە عێراقدا گە یشتۆتە(157 ملیار و 418 ملیۆن) دیناری عێراقی.
7. بڕی پارەی MO)) لە عیراقدا (129 ملیار و 339 ملیۆن) دیناری عێراقیە.
عێراق پێویستی بە چ جۆرە بانکێکە
عێراق پێویستی بە بانکی وەبەرهێنانی بیانی گەورەی پڕسەرمایە هەیە، کە تەنها کارەکەی وەبەرهێنان بێت بە پلەی یەکەم بۆ ئەوەی پشتیوانی لە وەبەرهێنان بکات لە عێراقدا و کارئاسانی بۆ وەبەرهێنەری بیانی بکات لە رێگای ئەو خزمەتگوزاریانە کە بانکەکە پێشکەشی دەکات، چونکە بانکەکانی عێراق سەرماییەی گەورەیان نیەو هەروەها ڕێژەی سوودی بانکی لە عێراقدا بەرزەو زۆر جار (12%)ەو بەرزییەکەی گەیشتۆتە (20%) ئەم ڕێژەیە زۆر زۆرە بۆ کەسێک بیەوێت وەبەرهێنان و بازرگانی بکات، ئەمەش وا دەکات کە خاوەنکارەکان نەتوانن قەرزی گەورە بکەن، بۆ (کورت، مامناوەند و درێژخایەن) ببێتە هۆی پاشەکشەی وەبەرهێنان.
لەبەرئەوەی بانکەکانی عێراق لە ڕووی سیستمەوە لە دواوەن بە بەراورد بە بانکە پێشکەوتوەکانی جیهان، بۆیە کارەکان جێبەجیناکرێن وەک بانکە پێشکەتوە پڕخزمەتگوزاریەکان خێرانین.
ئەمە لەکاتێکدایە بانکی بیانی بە رێژەی سوودی بانکی نزمتر قەرزدەدات بە بیزنسەکان، کە لە ئیستا ریژەی سوودی بانکی نزیکە لە سفرەوە لە ئەمریکاو ئەوروپادا هەتا پێش شەڕی ئۆکرانیاو ڕووسیا، ئەو بانکانە دۆلار قەرز دەکەن لە ئەمریکا زۆر دەگمەنە رێژەی سوودی بانکی لە ئەمریکاو ئەوروپادا بگاتە رێژەی سوودی بانکی لە عێراق، بۆیە زۆر پێویستە هاتنی بانکی بیانی بەسەرمایەی گەورەو خزمەتگوزاری پێشکەوتووە بۆ عێراق. حکومەتی عێراق پێویستە ئەو دۆخە بگونجێنیت بۆ هێنانی بانکە گەورە پڕ سەرمایەکان، تا بتوانێت بەشداری بکات لە گەشەی ئابوری ووڵات.
بانکەکانی عێراق چۆن کاردەکەن
زۆربەی بانکەکانی عێراق کارەکانیان سنوردارە، وەک پاشەکەوتکردنی پارەی پاشەکەوتکەران و فرۆشتنی پارەی بیانی، دەرکردنی نامەی گەرەنتی (Letter of Credit)، بۆیە ئەم بانکانەی عێراق لە بەر ئەوەی سەرمایەی گەورەیان نیە، نەیانتوانیوە خواستی وەبەرهێنەران پڕ بکەنەوە، لەبەر نەبوونی وەبەرهێنان وەک پێویست لە کەرتەکانی تری ئابوریدا بێجگە لە کەرتی ووزە زیانی گەورەی بە ئابوری عێراق گەیاندوە بۆ گەشەنەکردنی ئابوریەکەی. "موفەق حسن محمد" کە شارەزای بانکیە، کۆمەڵی هۆکاری داناوە بۆ شکستی سیستەمی بانکی لە عێراقدا دەڵیت؛ "لاوازی ڕێنمایەکان و سەرلێشواندن لە رێنمایەکاندا و زۆری ڕێنمای کە دەردەچن لە بانکی ناوەندی، بەڵام دوای چەند ڕۆژێک یان ئاسانتری دەکەن یان ڕێنمایەکە لادەبەن"، ئەمەش نیشانەی نا پڕۆفیشناڵی و دنیا نەبینیە و کاریگەری تەواوی هەبوە لەسەر چالاکیە بازرگانیەکان، هەروەها جدینین لە کارکردندا، سەرپەرشتیارانی بانکەکان لەگەڵ گەشەی بانکی ناوەندی و بانکەکانی جیهاندا نین زۆر لەدواوەن. و کۆنتڕۆڵ نەکردنی بانکەکان و نەبوونی یاساکانی بانکی بۆ کۆمپانیا هاوبەشەکان تا بتوانیت چاودێری ووردی بەرپرسەکانی بانکەکان بکات، یاساکان زۆرن و کۆنن، زۆربەی بەڕێوەبەرانی بانکەکان و ئەندامانی بۆردی بانکەکان خەڵکانێکن کە نەشارەزان لە بواری بانکیدا وەنەیان خوێندوە لەو بوارەدا، بەهۆی سامانەکەیانەوە کە لەماوەیەکی کەمدا دروستیانکردوە بۆ ئەوەی گومان لەسەر سەرچاوە دارایەکەیان نەکرێت، یان بانکیان دامەزراندوە یان بوون بە ئەندامی بۆردی بانکەکان.
ئابوریناسی عێراقی "ئەحمەد ئەلوبراها" دەڵێت؛ "حکومەت ناتوانێت یاساکان بسەپێنێت، بانکی ناوەندیش ناتوانێیت یاساکان بسەپێنێت بەسەر بانکەکاندا".
پڕۆسەی دروستکردنی پارە لەلایەن بانکەکانەوە
زۆربەی ئەو پارەیەی کە لە ئابوریدا دەسوڕیتەوە کە (97%) ئەو پارەیەی کە لە لایەن بانکی ناوەندیەوە خراوەتە ناو بازاڕەوە. (3%)ی ئەو پارەیە کە دەسوڕێتەوە لە ئەنجامی پاشەکەوتی پاشەکەوتکەرانەوەیە.
ئەو پارەیەی کە لە گیرفانی هاوڵاتیدایە ئەوە ئەو پارەیە کە بانکی ناوەندی ووڵات چاپیکردوە، واتە ئەوە ئەو پارەیە نیە کە بانک دروستیکردوە.
ئەو پارەیەی کە بانک دروستیدەکات ئەو پارەیە نیە کە لۆگۆی بانکی ناوەندی پێوەیە تەنها پاشەکەوتە، کە بە ژمارەی ئەلەکترۆنیە دەردەکەوێت لە کاتی بەکارهێنانی مەکینەی پارەدەرهێناندا، Cash Machine.
ئەم ژمارەیە کە لەسەر مەکینەکەدا دەبینرێت تەنها بەرپرسیاریەتیە (Liability) بەڵام لە هەمانکاتدا دەتوانرێت بە هۆی کارتەوە بەکاریبهێنیت یان بە (ئۆن لاین) ئەو پارەیە خەرج بکرێت یان ڕابکێشرێت، کاتێک کە فەرمانبەرێک لە بانکێکدا دانیشتووە چاوەڕێی ئەوەیە کەسێک یان بیزنسێک بێت پارەکەی پاشەکەوت بکات بۆ ئەوەی لە ڕێگای ئەو پاشەکەوتەوە پارە دروستبکەن، بانکەکان پارە دروست دەکەن لە ئەنجامی ئەم پڕۆسەیەوە کە پێدەوترێت Fraction banking Reserves لە ئەنجامی ئەم پڕۆسەیەدا Sheets Balance بانکەکان گەورەدەبن و Fund دەچێتە سەر حسابی ئەو هاوبەشەی بانکەکە، هەندێک جار کە بانکەکان گەشبین دەبن، دەزانن ئابوری بەرەو گەشەکردن دەڕوات، تەنانەت چاوەڕێی پاشەکەوت ناکەن خۆیان پارە دروست دەکەن وەک چۆن دەوترێت لە هەوادا واتە (On the thin air) ئەو کاتە بانک دەست دەکات بەقەرزدانی پارە.
مێرڤین کینگ (Mervin king) پارێزگاری بانکی ناوەندی بەرتیانیا لە ساڵی 2003-2013 لە کۆنفراسێکدا کە قسەی دەکرد بۆ پیاوانی خاوەنکارو بازرگانەکان ووتی؛ "لە کاتیکدا کە بانک قەرزەکانی درێژ دەکاتەوە بۆ بەشداربوەکانیان، ئەوەیە کە کریدیت دەخرێتە سەر حسابە بانکیەکانیان".
بەو شێوەیەی کە بانکەکان پارەیان دروستکردوە، بانکەکان ڕیژەی پارەیان بە (11.5%) لە ماوەی (40) ساڵی رابردوودا دروستکردوە، پارێزگاری بانکی ناوەندی بەرتیانیا ووتی؛ "بەڵام دیوەکەی تری ئەم پارە دروستکردنە ئەوەیە، بۆ هەموو (قەرزێک کە دەدرێت کەسێک قەرزار دەبێت)، ئەمەش بۆتە هۆی ئەوەی کە قەرزەکانی سەر خەڵک بەتەواوی کەڵەکەبن، چونکە ئەم پارەیە لە پاشەکەوتی پاشەکەوتکراوانەوە قەرزکراوە".
لە کۆتایدا باری قەرزەکان قورس دەبێت ئەمەش دەبێتە هۆی نەدانەوەی قەرزەکان و دواتر بانکەکان ناتوانن قەرزبدەن و دەبێتە هۆی دروستبوونی قەیرانی دارایی.
لەسیستەمی کریدتدا لە کاتێکدا کە هەموو پارە دانێک حەواڵە دەکرێت لە رێگای Bank Book وە، واتە بانک دەتوانێت هەرچەندە پارەی بوێت بۆ ئەوەی بەقەرز بدات و دروستی بکات لە هەر چرکەیەکدا کە بیەوێت بەڕێژەی ئەو سوودەی کە دەیەوێت، ژمارەی ئەو قەرزانەی کە فەرمانبەرانی بانک دەیدەن وەک لاستیک وایە، بانکەکان توانای کڕینی گەورەیان هەیە و توانای قەرزدانی گەورەشیان هەیە.
پارە بەم شیوەیە دروستدەکرێت
بانک پارە وەدەگرێت لە بەشداربوەکانی بە ناوی پاشەکەوتەوە، بانک ئەگەر هەموو پارەی پا شەکەوتکراو پاشەکەوتبکات ئەو کاتە ناتوانرێت، پڕۆسەی قەرزدان دروستبکرێت و بانکە کە ناتوانێت پارە پەیدا بکات، لە جیاتی ئەوە پارەی پاشەکەوتکراوان بەکاردەهێنیت و بە شی هەرە زۆری پارەکە بەکار دەهێنیت دەیدات بەخەڵک کە پێویستیان بە پارەیە، بۆ ڕایکردنی کارەکانی ڕۆژانەیان، بانک تەنها بەشێکی پارەکە پاشەکەوت دەکات چونکە ڕۆژانە خەڵک و بیزنسەکان دەچن بۆ بانک تا بەشێک پارەی پێویست دەربهێنن. ئەگەر بێت و بانک پارەی تیانەبێت ئەوا بانکەکە نەتوانێ لەکاتی خۆیدا پارەی خەڵک بداتەوە واتە بانکەکە (Default) کردوە، ئەوا خەڵک بە پەلە کۆدەبنەوە، داوای پارەکانیان دەکەن لە بانک دەیانەوێت پارەکەیان دەربهێنن. ئەمەش واتای خراپ بەڕێوەبردنی بانکەکەیە.
هەموو ووڵاتێک یاسایەکی هەیە کە لە بانکی ناوەەندیەوە دەردەچێت کە دەبێت بانکەکان ((Required Reserves) بە یەدەکی داواکراو پابەندبن. بۆ یەدەکی داواکراو زۆربەی کات بە ڕێژەی (10%) لە پارەی پاشەکەوتکراوان. کە ئەمە کەمترین بڕی پارە پاشەکەوتکراوەکەیە، کە بە یاسا سەپێنراوە، بانکی ناوەندی دەتوانێت بەرزی بکاتەوە بۆ (20%) بۆ نمونە ئەگەر هاوبەشێکی بانک بڕوات (100) دۆلار پاشەکەوت بکات لە بانکدا ئەوا بانک بە پێی یاسا بۆ نمونە ئەگەر بڕی یەدەکی داواکراو بڕی (10%) ئەوا رێژەی پاشەکەوتەکە (Reserve Ratio) دەبێت (10) دۆلار بێت، (90) دۆلار دەدرێت بە قەرز لەو پاشەکەوتە. ئەو (90) دۆلارە کە خەرجدەکرێت جارێکی تر دەچیتەوە بانک وەک پاشەکەوت دادانرێتەوە لێرەدا جارێکی تر بانک بڕی (9) دۆلار پاشەکەوت دەکات لەم پارەیە واتە (81) دۆلاری تر دەدرێتەوە بە قەرزیکی تر پیدەوتریت (Money Supply) ئەم پڕۆسەیە بەردەوام دەبێت لە قەرزدان، ئەو پڕۆسەیە پێدەوترێت پارە (چەند جارە) کردن.
بەڵام کاتێک کە هاووڵاتیان پارە لە گیرفانیاندایە، ئەوە ئەو پارەیەیە کە بە لۆگۆی بانکی ناوەندیەوەیە و پارەی چاپکراوی بانکی ناوەندیە، پارە چەند جارە دەکرێت بە پێی ئەم هاوکێشەیەی خوارەوە؛
رێژەی یەدەکی Money Multiplier = 1/ Reserves Ratio
Money Multiplier= 1/0.1=10 (پارە چەند جارکردن)
لەبەرئەوەی 90 دۆلار بە کارهاتوە بۆ قەرز،کەواتە؛
پارەی دروستکراو = 10X90= 900 دۆلار
کەواتە لەو (100) دۆلارەی پاشەکەوتکرا، بڕی (900) دۆلار دروستکراوە. بەم شێوەیە بانکەکان پارە دروستدەکەن لە ئابوریدا، خستنە ڕووی پارە زیاد دەکرێت.
کەواتە بۆ چی خستنە ڕووی پارە کەمە لە عێراقدا
1. لەبەر نەبوونی حسابی بانکی لەلایەن هاوڵاتیانەوەو نەبوونی بانکی زۆر لە عیراقدا، بۆیە هەمیشە خستنە ڕووی پارە کەمە، چونکە وەک دەرکەوت بانکەکان چۆن دەتوانن پارە دروستبکەن لە ئەنجامی پارەی پاشەکەوتکەرانەوە.
2. بوونی قەیرانی دارایی و کێشە ناوخۆیەکان وایانکردوە، کە خەڵک نەتوانێت پارە پاشەکەوت بکات ئەمەش یارمەتی دروستنەکردنی پارە دەدات.
3. تا ئێستا سیستمی کاش پەیڕەو دەکرێت لە عیراقدا، ئەمەش وایکردوە خەڵک لە بانک دوور بکەوێتەوە زیاتر پیویستیان بە بانک نەبێت.
4. حکومەتی عێراق زۆر بە پێویستی نەزانیوە سیستەمی بانکی پەرەپێبدات، بۆ ئەوەی ڕێگا لە گەندەڵی نەگیرێت، بە هۆی نەبوونی سیستمی بانکی پێشکەوتوە زیانی زۆری گەیاندوە، بەوەی کە نەتوانرێت باج کۆبکرێتەوە لە کۆمپانیاکان، چونکە چاودێری وورد نەبوە لەسەر حسابی کۆمپانیا بازرگانیەکان، هەروەها پارەیەکی زۆر لە ڕێگای حەواڵەوە نێردراوەتە دەرەوە ی ووڵات. لەبەر چاودێری نەکردنی بانکەکان وەک پێویست لە ڕێگەی بانکی ناوەندییەوە، پارەیەکی زۆر براوەتە دەرەوەی ووڵات کە مەزندە دەکرێت بە زیاتر لە (100) ملیار دۆلار کە پارەی سیاسیەکانی عێراق و کوردستانە، لەزۆر بۆنەدا، ئەمە دووبارە کراوەتەوە کە لەلایەن بەرپرسە گەورەکانی عێراقەوە ئاماژەی پێدراوە. ئەمەش گەندەڵیەکی لە ڕادە بەدەرە، بۆیە عێراق کەوتۆتە ئەم دۆخەوە، ئەگەر بێت و بەشێکی کەم لەم 100 ملیار دۆلارە پاشەکەوتبکرایە لە بانکەکانی عێراقدا، ئەوا نزیکەی 10 ئەوەندە خستنەڕووی پارە زیاتر دەبوو لە عێراقدا، دەبووە زیادکردنی بەکاربردن و وەبەرهێنان و یارمەتی سووڕی ئابوری دەدا، عێڕاق تووشی پاشەکشەی ئابوری نەدەبوو لەکاتی دابەزینی نرخی نەوتدا و دەتوانرا ئابوری فرە سەرچاوە بکرێت و رێژەی بەتاڵە زیادی نەدەکرد بۆ ڕێژەی (25%) بە پێی داتاکانی وەزارەتی پلاندانای عێراق، ئاسایشی عێراق زۆر باشتر دەبوو، خەڵک نەدەچوە پاڵ گروپە تێرۆرتیستەکان، ئەمەش دەبووە هۆی ئەوەی نەخستنەڕووی پارە کەم نەبێتەوە، گەشەی ئابوری عێراق پاشەکشەی گەورەی نەدەکرد لە لەکاتی دابەزینی نرخی نەوتدا.
هەڵەکانی بانک چین
کاتێک بانکەکان قەرزی خراپ دەدەن و کردیتی زۆر دەدەن بە هاوبەشەکانیان ئەمەش زۆر جار لە توانای هاوبەشەکانیان زیاترە بۆ دانەوەی قەرزەکە و بەمەش دەوترێت قەرزی خراپ (Bad Loan)، بۆیە بانکەکان زۆر جار ووردنین لە قەرز پێدان و چاوپۆشی دەکەن، لە هەندێ مەرجی قەرزدان. ئەمەش زۆر جار کێشە دروستدەکەن بۆ بانکەکان. دەبێتە هۆی زیانگەیاندن بە قازانجی بانکەکان، ئەمەش کاتێک ڕوودەدات کە بەتایبەتی قەرزدانیان زۆر زیاتر لە وەرگرتنی پاشەکەوتەکانیان (Deposits) کە بەقەرزی خراپ دادەنرێت و دەبێتە هۆی کەمدەکردنەوەی داهاتیان و زیانی گەورە بە بانکەکە دەگەیەنێت، هەندێ جار دەبێتە هۆی مایەپووچ بوونی بانکەکە، یان حكومەت بە ناچاری دێتە ناو پڕۆسەکەوە بۆ ئەوەی پارەی پاشەکەوتکراون زیانیان پێنەگات، بانکەکان زۆر جار زیانی گەورەیان پێدەگات لەکاتی قەیرانی دارایدا، بەتایبەتی لەکاتی دابەزینی نرخی خانووبەرەدا.
بانک بۆ چی تووشی قەیران دەبێت؟
زۆربەی جار بانکەکان تووشی قەیران دەبن بەهۆی نەبوونی بەردەوامی پۆڵیسی ماکڕۆ ئیکۆنۆمی واتە پۆڵیسی (ڕێژەی سوود و هەڵئاوسان و ڕێژەی بەتاڵە و تێكرای گەشەی بەرهەمی نیشتمانی) و کورتهێنانی گەورە لە حسابی بانکدا، قەرزدان و کریدتی زۆر بە خەڵک، نەبوونی باڵانسی بەهێزی بانک، یان سەرمایە گوزاریەکی زۆر لەشتێکدا کراوە (Large Capital Inflows) ئەمەش بە هۆی پۆڵیسی سیاسی و ئابورییەوە، وەک بانکی ((Subprime لە ئەمریکدا کەسەرمایە گوزاری زۆری کردبوو لە کەرتی خانووبەرەدا لە ئەمریکادا، بەمەش قەیرانی بانکی دروستبوو و بە دروستبوونی قەیرانی بانکی ئەو کاتە ووڵات بەتەواوی تووشی قەیرانی دارایی دەبێت و دەبێتە هۆی دروستکردنی قەیرانی ئابوری ئەوە بوو کە لە کۆتایی ساڵێ 2008 وە ڕووویدا لە ئەمریکاو دوای ئەوروپای گرتەوە.
دەرئەنجام
بەهۆی ئەو کێشانەی سەرەوە دەرکەوتوە خستنە ڕووی پارە کەمە لە عێراقدا و زۆر جار خەڵکی عێراق لە و کاتانەی کە پێویستیان بە پارەیە پەنا دەبات بۆ قەرزکردن لە یەکێک لە ئەندامەکانی خێزانەکەی، یان خزمێکی یان هاورێیەکی ئەمەش دەبێتە هۆی ئەوەی کە ئەو مرۆڤە هەست بەلاوازی دەرونی بکات، لە بەر چاوی قەرزدەرەکە، یان هەندی جار کێشەی کۆمەڵایەتی لێدەبێتەوە، لە ئەنجامی پابەندنەبوونی قەرزکەرەکە بە کاتی دیاریکراوە کە بڕیارە قەرزەکەی بداتەوە، بۆیە دەبێتە هۆی دروستبوونی ناخۆشی لە نێوانیاندا، بەڵام چارەسەری ئەم کێشانە ئەوەیە کە حکومەت دەستبکات بەم هەنگاوانەی خوارەوە.
1. ڕێگا ئاسانکردن بۆ کردنەوەی بانک، بەو ڕێژەیەی پێویستی هاوڵاتیان پڕدەکاتەوە، تا هاوڵاتیان بتوانن هەژماری بانکی بکەنەوە، بانکەکان رێکبخرێن لە بانکی ناوەندیەوە دەسەڵاتی تەوای هەبێت بۆ لێپێچینەوە لە گەڵیاندا لەکاتی سەرپێچیکردندا، داوا لە هاوڵاتیان بکرێت بۆ کردنەوەی هەژماری بانکی و پارەکانیان پاشەکەوت بکەن لە بانکەکاندا.
2. بانکی ناوەندی بڕیاردەری رێژەی سوودی بانکی بێت. دەسەڵاتی ئازادکردنی ڕیژەکە لاببرێت. بڕیاری ڕیژەی سوودی تەنها لە دەستی بانکی ناوەندیدا بێت. ئەو رێژەیەش لەگەڵ سوڕی ئابوریدا گۆڕانکاری پێوە دەکرێت، بانکە بازرگانیەکان پابەندبکرێن بەو بڕیارەوە. دیارە بانکە بازرگانیاکان خۆیان بڕێک سوودی زیاتر دەخەنەسەر ڕێژەکەی بانکی ناوەندی تا قازانج بکەن چونکە بانکەکان بۆ قەرزکردن پەنا دەبەنە بەر بانکی ناوەندی ووڵاتەکەیان.
3. بە ئەلیکترۆنی کردنی حکومەت و هاوڵاتی و وەزارەتەکان و کۆمپانیاکانی بازرگانی بۆ ئەوەی کار ئاسانی بکرێت بۆ پێدانی (باج، رسومات و گومرک) و خزمەتگوزاریەکانی تر، تا حکومەت زووتر داهاتەکەی کۆبکاتەوە، ئەمەش رێگە دەگرێت لە بردنە دەرەوەی پارە لە ووڵاتداو دەبێتە هۆی کەمبونەوەی گەندەڵی.
ئەگەر بێتوو ئەو هەنگاوانەی سەرەوە لە لایەن حکومەتەوە جێبەجیدەکرێت، دەبێتە هۆی ئەوەی خستنە ڕووی پارە زیاتر بێت و یارمەتی ڕێگەگرتن لە بردنە دەروەی پارە دەگرێت بۆ دەرەوەی ووڵات. چونکە هەر پارەیەک ببرێتە دەرەوە دەتوانرێت بە ئاسانی شوێن پێی ئەو پارەیە هەڵبگیرێت، کێ ناردەیەتیە دەرەوە و بۆ كی پارەکە نێردراوە. بۆیە ئەم دۆخەی کە لە ئیستادا ئەخولقێت لە عیراقدا لە ئەنجامی کەمتەرخەمی بانکی ناوەندی عێراقەوەیە ،
سەرچاوەکان
1. HOW BANKS CREATE MONEY;
https://positivemoney.org/how-money-%20works/how-banks-%20create-money/
2. The reality of the banking system in Iraq;
https://rawabetcenter.com/en/?p=1434
3. Banking crisis;
https://www.worldbank.org/en/publication/gfdr/gfdr-2016/background/banking-crisis#:~:text=Among%20the%20many%20causes%20of,variety%20of%20https://
4. Impact banking can this generation of leaders change banking for good;
www.euromoney.com/article/b19y3bjz4pvygj/impact-banking-can-this-generation-of-leaders-change-banking-for-good
5. Iraq Money Supply M0;
https://tradingeconomics.com/iraq/money-supply-m0
6. Iraq Interest Rate;
https://tradingeconomics.com/iraq/interest-rate