Draw Media

بافڵ تاڵەبانی لە چاوپێكەوتنێكدا لەگەڵ (IRAQ OIL REPORT)

بافڵ تاڵەبانی لە چاوپێكەوتنێكدا لەگەڵ (IRAQ OIL REPORT)

2022-12-01 16:12:22


(درەو): 
بافڵ تاڵەبانی سەرۆكی یەكێتی نیشتمانی كوردستان لە چاوپێكەوتنێكدا لەگەڵ (IRAQ OIL REPORT):
🔹   كەسێك هەیە ناوی عەبدوڵای كوێخا موبارەكە خەڵكی چەمچەماڵە، كەسێكی نزیكی ئەم پیاوە تێوەگلاوە لە كوشتنی ئەفسەرێكی ئاسایش، ئەمە بە بەڵگەی ڤیدیۆیی لای ئاسایش هەیە، بەڵام یاداشتی دەستگیكردنی عەبدوڵای كوێخا موبارەك چی بەسەر هات؟ بۆچی دەستگیرنەكرا؟ دۆسیەكە رەوانەی دادگای هەولێر كراو لەوێ بەشێوەی عەشایەری چارەسەر كرا، كارەكە هەر لێرەدا رانەوەستا، لەنێوان شەو و رۆژێكدا ئەم پیاوە رێگرە كرا بە ژەنەراڵ‌و میلیشیاكەشی بوو بەبەشێك لە دامەزراوەی ئەمنیی هەرێمی كوردستان، ئەمە شێتییە.
🔹  ئایا ئەمە چاكسازییە لەناو هێزی پێشمەرگەدا كە لە شەو و رۆژێكدا رێگرێك ببێت بە ژەنەراڵ؟!.
🔹  پارتی پێویستی بەوە نییە لەو ناوچانەی كە لەژێر كۆنترۆڵی یەكێتیدایە لایەنگریی ئەمنی بۆ خۆی دروستبكات، چونكە لە خراپترین كاتی نێوان من‌و كاك مەسعوددا كە لەسەر پۆستی سەرۆك كۆمار لە بەغداد لە شەڕدا بووین، كێشەیەكی ئەمنیی لەناوچەی ئەواندا هەبوو، پەیوەندیم بە كاك مەسعودەوە كرد‌و پێم وت: دەمەوێت من‌و هێزی دژەتیرۆر بچین بۆ چارەسەری ئەو كێشەیە، چونكە نامەوێت خەڵك بڵێن كورد یەكگرتوو نین. 
🔹  ئێمە ئاسانكاری بۆ هێرشی هیچ كەسێك ناكەین بۆسەر كوردێك، ئەمەش تەنیا لە توركیادا كورت نابێتەوە، بۆ هەر كەسێكی تر لەسەر ئەم زەوییە، ئەمە كاری ئێمە نییە. 
🔹 لە وەڵامی پرسیارێكدا سەبارەت بەوەی "ئەگەر تۆ ببیت بە ئەردۆغان چی بە پارتی كرێكاران دەڵێی؟"، بافڵ تاڵەبانی وەڵامیداوەتەوە‌و دەڵێ" نامەوێت ببم بە ئەردۆغان، حەز ئەكەم بافڵ بم، بۆیە وەڵامی ئەو پرسیارە نادەمەوە. 
🔹  چەككردنی هێزە ئۆپۆزسیۆنەكانی ئێران بڕیاری من نییە، ئەوە بڕیارێكی حكومییە. 
🔹  ئێرانییەكان كاتێك هێرش ئەنجام دەدەن لەناو خاكی هەرێم پێشوەختە ئاگاداركردنەوە دەدەن‌و دەڵێن سبەینێ لەو كاتەدا، تەنانەت قایمقامە خۆجێییەكانیش ئاگاداردەكەنەوە.
🔹  ئێستا لاهور لای پارتی كوڕی باشە‌و دۆستی ئەوانە‌و خۆشیان ئەوێ، من خۆشحاڵم بەوەی ئەم پەیوەندییە خۆشەویستییەیان دروستكردووە، پێموایە رەنگە ئەمە بۆ سەقامگیری لە دورمەودادا باش بێت.
🔹 حكومەتی ئێستا هەرێمی كوردستان زۆر بە سیاسی كراوە، ئەم حكومەتە بەتەواوی جیاوازە لە حكومەتەكانی تر، ئەمە كاریگەری باشی نابێت. 
🔹 دوێنێ بە رێكەوت لەگەڵ یەكێك لە وەزیرەكانم لە هەولێر دانیشتبووم، وتی: (ئەوكاتەی بەڕێوەبەری گشتی بووم چاوم لەوە بوو ببم بە وەزیرە، لەم كابینەیەدا بووم بە وەزیر، بەڵام خۆزگە خۆم توش نەدەكرد)، هەموو ئەمانە بەهۆی بە سیاسیكردنی پرۆسەكەو بە مەركەزیكردنی هەموو شتەكانەوەیە.
🔹 ئەگەر بگەڕێیتەوە بۆ سەردەمی گەشەكردنی كوردستان دەبینێت، رێك بە پێچەوانەوە ئەوكاتە سیستەمی لامەركەزیی هەبووەو هەر پارێزگایەك لە پرۆژەكاندا ركابەرێتی لەگەڵ پارێزگاكەی تردا كردووە.
🔹 پۆستمان لەم كابینەیەدا هەیە هێشتا پڕمان نەكردوەتەوە، ئەمە لەكاتێكدایە دەبوو لەسەرەتای كابینەكەدا پڕبكرێنەوە، پێموایە ئەمە بۆ بزوتنەوەی گۆڕانیش هەروایە. 
🔹 پێدەچێت دیوارێك لەنێوان ئێمەو مەسرور بارزانی سەرۆك  وەزیراندا هەبێت، چونكە كاتێك دەتەوێت بەڕێوەبەرێكی گشتی بگۆڕیت، ناتوانیت.. دەتەوێت بریكاری وەزیر بگۆڕیت، ناتوانیت.. وەزیرێك دەیەوێت دەستلەكاربكێشێتەوە، دەڵێن نەخێر.
🔹 جیاوازییەكی گەورە هەیە لەنێوان ئەوەی لە هەولێر روودەدات‌و ئەوەی لە سلێمانی روودەدات، ژمارەی پرۆژەكان لە هەولێرو هەموو ئەو پرۆژانەی كە لە سلێمانی راوەستاون، ئەو بودجەی بۆ ناوچەكە دەنێردرێت، دەرمانی نەخۆشخانەكان، دەرماڵەی خوێندكاران‌و ماف‌و موچەی پێشمەرگە، خزمەتگوزاری. 
🔹 بریكاری وەزیر هەیە كە كەیسی گەندەڵی لەسەرە‌و ئەم كەیسەش من نەمجوڵاندووە بەڵكو حكومەتەكەی مەسرور كردویەتی، ئێستا كە دەركەوتووە تاوانبارە، ئێمە دەمانەوێت لایبەرین، بەڵام ئەوان نایگۆڕن، ئەمەش جۆرێكە لە فشار. 
🔹 قوباد تاڵەبانی ناچێتەوە بۆ كۆبونەوەكانی حكومەت‌و ئەوە بڕیاری خۆیەتی‌و منیش پشتیوانی لێ دەكەم، بەڵام خەڵكمان ناردوە بۆ ناو كۆبونەوەكانی حكومەت، ئەمە بۆ چاودێریكردن‌و دڵنیابوون لەوەی كە هیچ بڕیارێكی شێتانە دەرناچێت. 
🔹 كاك قوباد بڕیار دەدات كێن ئەو كەسانەی كە هەفتانە بەشداری لە كۆبونەوەكانی حكومەت دەكەن (لەناو تیمی یەكێتیدا)، كاك قوباد ناچێتەوە بۆ كۆبونەوەكانی حكومەت تا ئەو كێشانە چارەسەر دەكرێن. 
🔹 یەكێتی لە رەوشی ئەمنی هەولێر نیگەرانە، هێز تا نزیكەی 200 مەتر لە ماڵی براكەم (قوباد تاڵەبانی) نزیككراوەتەوە.

 

Q&A_ Bafel Talabani, President of the Patriotic Union of Kurdistan - Iraq Oil Report.pdf

 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand