ئەمریكا دەستوەردان لەكێشەی بەغدادو هەولێر دەكات ؟

Draw Media

2022-09-02 11:31:26



(درەو)- رۆیتەرز
راپۆرت: روینا ئیدواردز
ئەو كۆمپانیا نەوتییانەی كە لە هەرێمی كوردستانی عێراق كاردەكەن داوایان لە ولایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا كردووە یارمەتیدەر بێت لە كەمكردنەوەی گرژییەكانی نێوان حكومەتی ناوەندی عێراق‌و ناوچەی خۆبەڕێوەبەری، ئەمە بەگوێرەی قسەی سێ سەرچاوە‌و نامەیەك كە (رۆیتەرز) بینیویەتی. 
سەرچاوەكان رایانگەیاند، ئەو بابەتە پێویستی بە دەستوەردان هەیە بەمەبەستی گەرەنتیكردنی بەردەوامبوونی رۆیشتنی نەوتی باكوری عێراق بۆ توركیا، ئەمەش بۆ ئەوەی ئەنكەرە ناچار نەبێت هاوردەی نەوتی خۆی لە ئێران‌و روسیاوە زیاتر بكات. وتیان"ئابوری هەرێمی كوردستان روبەڕووی داڕمان دەبێتەوە، ئەگەر داهاتی نەوت لەدەستبدات".
مانگی شوبات بارودۆخەكە ئاڵۆز بوو، ئەمەش كاتێك كە دادگای فیدراڵی عێراق بڕیاریدا بەوەی ئەو یاسایەی كە كەرتی نەوت لە هەرێمی كوردستان رێكدەخات، یاسایەكی نادەستورییە. 
حكومەتی فیدراڵی كە دەمێك بوو دژی ئەوە بوو هەرێمی كوردستان بەشێوەیەكی سەربەخۆ نەوت هەناردە بكات، لەدوای ئەو بڕیارەوە  هەوڵەكانی چڕكردەوە بۆ كۆنترۆڵكردنی داهاتی هەناردەی نەوت لە هەولێری پایتەختی هەرێمی كوردستانەوە. 
بەر لە دەرچوونی بڕیارەكەش، بەگوێرەی نوسراوێك كە (رۆیتەرز) بینیویەتی، كۆمپانیای (HKN)ی بواری وزە كە بارەگاكەی لە داڵاسە، لەمانگی كانونی دووەمدا نامەیەكی بۆ باڵیۆزەكانی ئەمریكا لە بەغدادو ئەنكەرە نوسیوە‌و داوای نێوەندگیرییان لێدەكات لەبارەی دۆسیەیەكی ترەوە كە مێژووەكەی بۆ ساڵی 2014 دەگەڕێتەوە‌و پەیوەندیدارە بە هێڵی بۆری نێوان عێراق‌و توركیا. 
بەغداد؛ توركیا تۆمەتبار دەكات بەوەی رێككەوتنی تایبەت هێڵەكەی پێشێلكردووە كاتێك رێگەی داوە بەوەی نەوتی هەرێمی كوردستان بە بۆرییەكەدا بۆ بەندەری جەیهانی توركیا بڕوات، ئەمە بەكارێكی نایاسایی ئەژماردەكات. 
وەزارەتی وزەی توركیا ئامادە نەبوو لەمبارەیەوە قسە بكات. 
دواین دانیشتنی تایبەت بەم دۆسیەیە لە پاریس لەمانگی تەموزدا بەڕێوەچوو، ژوری بازرگانی نێودەوڵەتی لەچەند مانگی داهاتوودا بڕیاری كۆتایی خۆی لەبارەی ئەم دۆسیەیە دەردەكات، ئەمە بەپێی قسەی وەزارەتی نەوت عێراق. 
هێشتا روون نییە ئەو هەنگاوانە چین كە توركیا دەیگرێتەبەر ئەگەر حوكمەكە لەبەرژەوەندی عێراق دەربچێت، كە ئەمەش بەگوێرەی قسەی سێ سەرچاوە كە بەشێوەیەكی راستەوخۆ ئاگاداری بابەتەكەن، شتێكی پێشبینیكراوە.
بەپێی وتەی نوێنەری كۆمپانیایەك كە قسەی بۆ (رۆیتەرز) كردووە‌و داوایكردووە ناوەكەی بڵاونەكرێتەوە، لانی كەم كۆمپانیایەكی تری بواری نەوت لەسەر ئاستی باڵا پەیوەندی كردووە بەچوار حكومەتی پەیوەندیدارەوە بەشێوەی راستەوخۆ‌و ناڕاستەوخۆ، بەمەستی هاندانیان بۆ دەستوەردان. 
كۆمپانیاكانی تر كە لە كوردستانی عێراق كاردەكەن لەنمونەی (جینێڵ ئینێرژی- شیفرۆن) ئامادە نەبوون قسە لەبارەی دۆسیەی ناوبژیوانییەكە بكەن، هەردوو كۆمپانیای (DNO)‌و (گڵف كیستۆن)یش تائێستا وەڵامی داواكارییەكانیان بۆ ئەم بەدواداچونە نەداوەتەوە. 

سەرچاوەكان لە مەترسیدان
بەپێی نامەكەی (HKN) بۆ نوێنەرەكانی ئەمریكا، هەرجۆرە راوەستانێكی هەناردەی نەوت بە بۆری نێوان عێراق‌و توركیا دەكرێت سەربكێشێت بۆ داڕمانی ئابوری كوردستان‌و هاندانی توركیا بۆ ئەوەی نەوتی خاوی زیاتر لە ئێران‌و روسیا بەدەستبهێنێت.
وەزارەتی سامانە سروشتییەكانی كوردستان‌و وەزارەتی نەوت لە بەغداد هیچ یەكێكیان وەڵامی داواكارییان بۆ قسەكردن لەسەر ئەم بابەتە نەدایەوە.
عێراق بەتەواوەتی سودی لە بەرزبونەوەی نرخی نەوت نەبینیوە كە دوای هێرشی روسیاوە بۆسەر ئۆكرانیا لەمانگی شوباندا، بەرزترین ئاستی لەماوەی 14 ساڵدا بەخۆوە بینی‌و هێشتا نزیكەی (100) دۆلارە بۆ هەر بەرمیلێك. 
هێڵی بۆری نێوان عێراق‌و توركیا توانای هەناردەكردنی (900 هەزار) بەرمیل نەوتی هەیە لە رۆژێكدا لەلایەن كۆمپانیای بەبازاڕخستنی نەوتی عێراق‌و حكومەتی كوردستانی عێراقەوە، ئەم بڕە رێژەی نزیكەی (1%)ی تێكڕای خواستی رۆژانەی جیهانی بۆ نەوت پێكدەهێنێت.
بەڵام ئێستا بۆرییەكە (500 هەزار) بەرمیل نەوتی كێڵگەكانی باكوری عێراق دەگوازێتەوە، بۆیە ئەگەر وەبەرهێنانی نوێ نەبێت توشی كێشە دەبێت لە زیادكردنی ئاستی هەناردەكردندا. 
شیكەرەوەكان پێشبینی دەكەن ئەگەر بارودۆخەكە باش نەبێت كۆمپانیاكان لە كوردستان بكشێنەوە، بەشێوەیەكی كردەیی زۆرێك لە كۆمپانیا بیانییەكان بایەخیان بۆ ناوچەكە نەماوە.  
ئەم كۆمپانیایانە لەسەردەمی سەددام حسێنی سەرۆكی پێشوودا بە كوردستان ناسێندران، ئەوەش كاتێك بوو كە وەكو سەقامگیرترین‌و ئارامترین شوێن بە بەراورد هەموو شوێنەكانی تری عێراق تەماشای ناوچەكە دەكرا.
لەگەڵ تێكچوونی دۆخی ئەمنی، ئەو ژمارە كەمەی كۆمپانیاكان كە مابونەوە‌و زۆربەیان كۆمپانیای بچوك‌و مامناوەند بوون، بەدوای رۆڵی ئەمریكادا دەگەڕان بۆ یارمەتیدانیان‌و رێگریكردن لەو هێرشانەی دەكرانەسەر ژێرخانی وزە‌و باشكردنی دۆخی ئەمنیی بەشێوەیەكی گشتیی. 
بەپێی قسەی ئەو سەرچاوانەی كە بەشێوەیەكی راستەوخۆ ئاگادارن، كۆمپانیاكان پشتیوانی ئەو نامەیان كردووە كە لە مانگی ئابدا ژمارەیەك لە ئەندامانی كۆنگرێس بۆ ئەنتۆنی بلینكنی وەزیری دەرەوەی ئەمریكایان ناردووە، لەبەر هەستیاری بابەتەكە سەرچاوەكان داوایانكرد ناویان ئاشكرا نەكرێت. 
لەنامەكاندا داوا كراوە لەسەر ئاستێكی باڵا لەنێوان هەولێرو بەغداد راوێژبكرێت بەمەبەستی پاراستنی سەقامگیری كوردستان‌و رێگریكردن لە دەستوەردانی ئێران لە عێراقدا. 

كەمبونەوەی بایەخی ئەمریكا
نید پرایس وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا رۆژی 16ی ئاب رایگەیاند، ناكۆكییەكانی نێوان بەغدادو هەولێر پەیوەندی بەخۆیانەوە هەیە، بەڵام دەكرێت ئەمریكا هانی دیالۆگ بدات. 
مانگی تەموز، وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا كۆمپانیای راوێژكاری یاسایی ئەمریكیی (فنسۆن ئەند ئیلكنز) كە لە بەغداد نوێنەرایەتی وەزارەتی نەوتی عێراق دەكات بانگهێشت كرد بۆ ئەوەی لە واشنتۆن رونكردنەوە بدات لەبارەی ناكۆكی نێوان عێراق‌و توركیا سەبارەت بە هێڵی بۆری نەوتەكە. 
بەگوێرەی قسەی سەرچاوە ئاگادارەكان، پێدەچێت كۆمپانیاكە دوو رونكردنەوەی تر بدات لە بەغدادو واشنتۆن. 
جیمیس لوفیتس بەشدار لە (فنسۆن ئەند ئیلكنز) وتی:" بەدڵنیایی بەغداد پێشوازی دەكات لەهەر  قسەیەكی ئەمریكا بۆ سەركردایەتی كوردستانی عێراق لەبارەی ئەوەی پابەند بن بە رێوشوێنە دەستورییەكانی عێراقەوە كە پەیوەندیداربێت بە كەرتی نەوتەوە لە عێراق". 
وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا خۆی پاراست لە هەرجۆرە لێدوانێك، بەڵام پسپۆڕانی كەرتەكە پێشبینی ناكەن ئەمریكا هیچ دەستوەردانێك بكات‌و ئەگەر دەستوەردانیش بكات بەدوری دەزانن هیچ سودێكی هەبێت. 
رەعد قادری ئەندامی گروپی ئۆراسیا بۆ وزەو كەشوهەوا وتی:" لەماوەی یەك دەیەی رابردوودا ئەمریكا دەستی لە عێراق كێشاوەتەوە. هەر جۆرە فشارێك لە واشنتۆنەوە یان هەر وڵاتێكی ترەوە ناكۆكییەكانی نێوان بەغدادو كورد چارەسەر ناكات".
مانگی ئاب بەرپرسێكی كورد بە (رۆیتەرز)ی راگەیاند، حكومەتی كوردستان داوای لە ئەمریكا كردووە پشتیوانی تواناكانی بكات لەبواری بەرگریدا، بەڵام ئەوان وتویانە كاری لە پێشینەیان ئێستا بریتییە لە زیندوكردنەوەی رێككەوتنی ئەتۆمی لەگەڵ ئێراندا. 
 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand