عامری داوای سازدانی كۆنگرەی دیالۆگی نیشتمانی دەكات
2022-08-15 12:01:34
(درەو):
"سیستمی سیاسی ئێستای عێراق بڕوخێت تەنیا شیعە زەرەرمەند نابێت، بۆیە داوا دەكەم كۆنگرەیەكی دیالۆگی نیشتمانی سازبدەین بەمەبەستی دۆزینەوەی چارەسەر" هادی عامری وای بە سەرۆكی حزبە سیاسییەكانی هەرێم وتووە.
دوێنێ هادی عامری سەرۆكی هاوپەیمانی (فەتح) سەردانی هەرێمی كوردستانی كردو لەماوەی رۆژێكدا (بارزانی، عەلی باپیر، بافڵ تاڵەبانی، شاسوار عەبدولواحیدو سەلاحەدین محەمەد بەهادین)ی بینی.
بەپێی زانیارییەك كە لەسەرچاوەیەكی ئاگادارەوە لەناو یەكگرتووی ئیسلامی دەست (درەو) كەوتووە، لەم سەردانەیدا بۆ هەرێمی كوردستان، هادی عامری دەستپێشخەرییەكی بە سەرۆكی حزبە سیاسییەكانی هەرێمی كوردستان راگەیاندووە سەبارەت بەو قەیرانە سیاسییەی كە عێراقی تێكەوتووە.
سەرچاوەكە بە (درەو)ی راگەیاند، عامری پێشنیازی كردووە كۆنگرەیەكی دیالۆگی نیشتمانی بە بەشداری هەموو لایەنە سیاسییەكان (بە ئۆپۆزسیۆنو دەسەڵاتەوە) بەڕێوەبچێتو لەو كۆنگرەیەدا بڕیار لەسەر چۆنیەتی هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمانی عێراقو سازدانی هەڵبژاردنی پێشوەختە بدرێت.
بەر لە هاتنی بۆ هەرێمی كوردستان، عامری لە بەغداد چاوی بە محەمەد حەلبوسی سەرۆكی پەرلەمان كەوت وەكو دیارترین سەركردەی پێكهاتەی سوننە، دوای گەڕانەوەشی لە هەرێمی كوردستان بڕیارە سەردانی موقتەدا سەدر بكات بەمەبەستی ئاگاداركردنی لە دەستپێشخەرییەكەو هەڵوێستی لایەنەكان.
موقتەدا سەدر وەكو براوەی یەكەمی هەڵبژاردنی ئۆكتۆبەری 2021 دوای كشانەوەی لە پەرلەمان، ئێستا تاوەكو كۆتایی ئەم هەفتەیە مۆڵەتی بە ئەنجومەنی دادوەریی داوە بۆ ئەوەی بڕیار لەسەر هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمان بدات، دادگا وەڵامی داوەتەوەو دەڵێ" لە دەسەڵاتی مندا نییە پەرلەمان هەڵوەشێنمەوە".
سەدر رۆژی شەممەی هەفتەی داهاتووی وەكو وادەی سازدانی خۆپیشاندانێكی ملیۆنی لە گۆڕەپانی (تەحریر)ی بەغداد دیاریكردووە، هەمان ئەو گۆڕەپانەی كە ساڵی 2019 خۆپیشاندانەكانی ئۆكتۆبەری تێدا كراو حكومەتی عادل عەبدولمەهدی ناچار بە دەستلەكاركێشانەوە كرا.
بەپێی زانیارییەكانی (درەو)، لە گفتوگۆی لەگەڵ سەرۆكی حزبە سیاسییەكانی هەرێم، هادی عامری باسی لەوە كردووە، بەپێی بڕیاری دادگای فیدراڵیی، بەر لە سازدانی هەر هەڵبژاردنێكی نوێ لە عێراق دەبێت یاسای هەڵبژاردنەكان هەموار بكرێت، داواكارییەكەی سەدر بۆ هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمان بەبێ هەمواری یاسای هەڵبژاردن لە پەرلەمانەوە گونجاو نییەو دەبێت چارەسەری ئەم داواكارییەو داواكاری لایەنەكانی تر لەچوارچێوەی كۆنگرەی دیالۆگی نیشتمانیدا بخرێتەڕوو.
عامری سەرباری ئەوەی بەشێكە لە لایەنەكانی چوارچێوەی هەماهەنگیی، بەڵام پەیوەندی لەگەڵ موقتەدا سەدریش باشەو دەیەوێت پێگەی خۆی بۆ چارەسەری ناكۆكی ناوماڵی شیعە بەكاربهێنێت، لە گفتوگۆی لەگەڵ سەرۆكی لایەنەكانی هەرێمی كوردستان وتویەتی" ئەو كێشەیەی ئێستا هەیە لە كێشەی ناو ماڵی شیعە تێپەڕیوەو بووە بە كێشەی هەموو عێراقو وڵات لەبەردەم مەترسیدایە، ئەگەر سیستمی سیاسی ئێستا هەڵوەشێتەوە، هەموان زەرەرمەند دەبن نەك بە تەنیا شیعە، بۆیە دەبێت هەموان پێكەوە چارەسەری ئەم دۆخە بكەن".
لە رۆژی 30ی تەموزەوە لایەنگرانی سەدر تەلاری پەرلەمانی عێراقیان كۆنترۆڵكردووە، ئەمە لەكاتێكدا رویدا لایەنەكانی چوارچێوەی هەماهەنگیی (مالیكی+ عامری+ خەزعەلی+ فالح فەیاز+ عەبادی+ عەممار حەكیم) كاندیدی خۆیان بۆ پۆستی سەرۆك وەزیران (محەمەد شیاع سودانی) یەكلاكردەوەو ئامادەكارییان دەكرد بۆ سازدانی دانیشتنی پەرلەمانو هەڵبژاردنی سەرۆك كۆمارو پاشان راسپاردنی سودانیی بە پێكهێنانی كابینەیەكی نوێی حكومەت بەبێ بەشداری سەدرییەكان.
موقتەدا سەدر كە (73) پەرلەمانتاری خۆی لە پەرلەمان كشاندەوە بەبەهانەی ئەوەی لایەنەكانی چوارچێوە رێگریی دەكەن لەوەی لەگەڵ (حەلبوسیو بارزانی)دا كابینەی نوێی حكومەت پێكبهێنێت، ئەمجارە لە بری پەرلەمانتارەكانی هەزاران لایەنگری خۆی ناردە سەر پەرلەمانو دانیشتنەكانی پەرلەمانی پەكخست.
داواكاری سەرەكی ئێستای سەدر ئەوەیە پەرلەمان هەڵبوەشێتەوەو هەڵبژاردنێكی نوێ بكرێت، سەدر دەیەوێت هەڵبژاردنە نوێیەكە لەلایەن حكومەتی ماوە تەواوبووی مستەفا كازمییەوە سەرپەرەشتی بكرێت، بەڵام لایەنەكانی چوارچێوە دژی بەردەوامبوونی حكومەتی كازمینو پێیانوایە كازمی پاڵپشتی لە سەدر دەكاتو هۆكار بووە بۆ ئەوەی دەنگی ئەوان لە دواین هەڵبژاردندا كەمبكات.
سەرباری ئەمە، سەدرییەكان دەیانەوێت بە هەمان یاسای هەڵبژاردن (فرە بازنەیی)و هەمان كۆمسیۆنەوە هەڵبژاردنێكی پێشوەختەی نوێ بكرێت، بەڵام لایەنەكانی چوارچێوە داوای گۆڕینی یاسای هەڵبژاردنو كۆمسیۆن دەكەنو بۆ ئەمەش پەنایان بۆ بڕیاردێكی دادگای فیدراڵی بردووە كە تێیدا داوای گۆڕینی شێوازی جیاكردنەوەو ئەژماركردنی دەنگەكان دەكات لە شێوازەی (ئەلیكترۆنی)یەوە بۆ شێوازی (دەستیی)و هاوكات داوای دەستكاریكردنی پەیكەری كۆمسیۆنی هەڵبژاردنەكان دەكات.
لایەنە كوردییەكان بەدیاریكراویش پارتیو یەكێتیی هەر لە سەرەتاوە بوو بە بەشێك لە ناكۆكی ناو ماڵی شیعە، پارتی بەر لە هەڵبژاردن لێكتێگەیشتنی لەگەڵ سەدر كردو دوای هەڵبژاردنیش هاوپەیمانێتی (هاوپەیمانی رزگاری نیشتمان)، یەكێتیش دوای هەڵبژاردن چووە پاڵ لایەنەكانی چوارچێوەی هەماهەنگیی، بەڵام بەبێ ئەوەی هیچ رێككەوتنێكی نوسراو لەگەڵ چوارچێوەدا ئیمزا بكات، شەڕی گەورەی هەردوولا ئەوە بوو كامیان پۆستی سەرۆك كۆماری عێراق ببەن.