Draw Media

یەكەم سەرۆك پشكنین بۆ ماڵەكەی دەكرێت

یەكەم سەرۆك پشكنین بۆ ماڵەكەی دەكرێت

2022-08-13 10:40:54


(درەو): 
نوسینگەی لێكۆڵینەوەی فیدراڵی ئەمریكا دەستی گرتووە بەسەر (11) بەند بەڵگەنامەی زۆر نهێنی لە ماڵەكەی ترەمپدا، لە ناوچەی (Mar-a-Lago) لە فلۆریدا. 
یەكێك لەو كۆمەڵە بەڵگەنامانەی كە دەستی بەسەردا گیراوە، لەسەری نوسراوە "زانیاری نهێنی/ زۆر هەستیار"، ئەمە ئاماژەیەكە لەسەر ئەو نوسراوانە دادەنرێت كە دەكرێت زیانی زۆر گەورە بە ئاسایشی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا بگەیەنن. 
ترەمپ رەتیدەكاتەوە هیچ سەرپێچییەكی كردبێت، دەڵێ ئەو بەڵگەنامانە لەوانەن كە نهێنیبوونیان لەسەرهەڵگیراوە. 
ئەو بەڵگەنامانەی لە ماڵەكەی ترەمپدا دەستیان بەسەرداگیراوە پێكدێن لە زیاتر لە (20) سندوق‌و فۆڵدەری وێنە‌و نامەیەكی نوسراو بەناوی رۆجەر ستون ستراتیژناسی سیاسی كە ماوەیەكی دورودرێژە هاوپەیمانی ترەمپە. 
هەروەك زانیاریش لەبارەی (سەرۆكی فەڕەنسا) لەماڵەكەی ترەمپدا دۆزراوەتەوە، بەڵام روون نییە زانیارییەكە باسلە چ شتێك دەكات، دوای نیوەڕۆی رۆژی هەینی یاداشتێكی دەستگیركردن ئاشكرا كرا كە لە حەوت لاپەڕە پێكهاتبوو. 
پێشتر وەزارەتی داد داوای لە دادگا كردبوو كرۆكی یاداشتی پشكنینی ماڵەكەی سەرۆكی پێشووی وڵات بۆ رایگشتی بڵاوبكاتەوە، ئەمەش هەنگاوێكە كە زۆر كەم روودەدات كاتێك پرۆسەی لێكۆڵینەوە بەردەوامە، سەرباری بەڵگەنامە زۆر نهێنییەكان، لیستەكە سێ كۆمەڵە "بەڵگەنامەی نهێنی"‌و سێ كۆمەڵە "بەڵگەنامەی تایبەت" لەخۆدەگرێت. 
یاداشتەكە باسلەوە دەكات، كارمەندانی نوسینگەی لێكۆڵینەوەی فیدراڵی تەماشای ئەگەری پێشێلكردنی یاسای سیخوڕیكردنیان كردووە، چونكە بەگوێرەی ئەم یاسایە، هەڵگرتنی زانیاری ئاسایشی نەتەوەیی لەلایەن هەر كەسێكەوە كارێكی نایاساییە. 
یاساكە سڕینەوەی بەڵگەنامەو بابەتی نهێنی قەدەغە دەكات، ترەمپی خۆشی كاتێك لە پۆستی سەرۆكی ئەمریكادا بووە، سزاكانی لەسەر ئەم جۆرە تاوانە توندكردوەتەوە، سزای ئەم جۆرە تاوانانە لە ئەمریكا دەگاتە زیندانیكردن بۆ ماوەی پێنج ساڵ. 
بەپێی یاداشتەكە، ئەو شوێنانەی كە لە ناوچەی (Mar-a-Lago) پشكنینیان بۆ كراوە ناوچەیەك دەگرێتەوە بەناوی "ئۆفێسی 45"‌و ژورێكی مەخزەن، بەڵام تەماشای جەناحی میواندایكردنی تایبەت نەكراوە كە ترەمپ‌و كارمەندەكانی بەكاریدەهێنن. 
رۆژی 5ی ئەم  مانگە وەزارەتی داد رەزامەندی دادوەری وەرگرت بۆ پشكنینی ماڵەكەی ترەمپ، واتە بەر لە سێ رۆژ لە ئەنجامدانی پشكنینەكە كە رۆژی دوو شەممە 8ی ئەم مانگەدا بوو.
لە بەیاننامەیەكدا كە لەسەر تۆڕی "تروس سوشال" بڵاویكردەوە، ترەمپ رایگەیاند" ئەو شتانەی كە دەستیان بەسەردا گیراوە، سەرجەمیان نهێنیبوونیان لەسەر هەڵگیراوە‌و بەشێوەیەكی سەلامەت خەزن كراون". 
وتی: تەنانەت بەر لە جێبەجێكردنی یاداشتی پشكنینەكەش ئامادەبووم ئەو دۆسێیانە رادەست بكەم.. هەر كاتێك بیانویستایە دەستیان پێی دەگەیشت، تەنیا ئەوە بەس بوو پرسیار بكەن". 
تایلور  بودۆڤیچ وتەبێژی ترەمپ بە تۆڕی (CBS NEWS)ی راگەیاند" دوای ئەم هەڵمەتە شكستخواردووە، ئیدارەی جۆ بایدن زیانەكانی لەئەستۆدەگرێت.. پشكنینەكە نەك بێ پێشینەیە تەنانەت پێویستیش نییە.. ئیدارەی بایدن درۆ دزەپێدەكات بۆ ئەوەی بەهانە بۆ چەكداركردنی حكومەت دژی نەیارە سیاسییەكانی بدۆزێتەوە". 
پشكنیەكەی رۆژی دوو شەممەی ماڵەكەی ترەمپ، یەكەم حاڵەتی پشكنینە كە بۆ ماڵی سەرۆكێكی ئەمریكا دەكرێت وەكو بەشێك لە لێكۆڵینەوەی تاوان، ئەمە وایكرد زۆرێك لە دۆستە كۆمارییەكانی ترەمپ ئیدانەی ئەم هەنگاوە بكەن‌و وا لێكیبدەنەوە پاڵنەری سیاسی لە پشتەوەیە. 
سەرچاوە: BBC
 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand