Draw Media

وەزارەتی نەوت فشارەكانی دژی هەرێم رانەگرتووە

وەزارەتی نەوت فشارەكانی دژی هەرێم رانەگرتووە

2022-08-10 09:13:19


(درەو): 
كۆمپانیای گازپرۆم‌و دانەغاز نوێنەری خۆیان نەنارد بۆ بەردەم دادگای كەرخ لە بەغداد، وەزارەتی نەوتی عێراق بەهۆی كاركردنیان لە هەرێمی كوردستان سكاڵای لەسەر تۆماركردوون. 
وەزارەتی نەوتی عێراق بەردەوامە لەسەر رێوشوێنەكانی دژی ئەو كۆمپانیایانەی كە لەكەرتی نەوت‌و غازدا لە هەرێمی كوردستان كاردەكەن، ئەمەش لەبەر رۆشنایی ئەو بڕیارەی كە مانگی شوباتی ئەمساڵ دادگای باڵای فیدراڵی عێراق دژی هەرێمی كوردستان دەریكرد. 
كۆمپانیای (گازپرۆم)ی روسی‌و (دانەغاز)ی ئیماراتی دوان لەو كۆمپانیایانەن كە لە هەرێمی كوردستان كاردەكەن‌و كەوتونەتە ژێر فشاری وەزارەتی نەوتی عێراقەوە، وەزارەتی نەوت لە دادگای بازرگانی (كەرخ) لە بەغداد سكاڵای لەسەر ئەم دوو كۆمپانیا تۆماركردووە‌و تۆمەتباریكردون بەوەی ملكەچی بڕیاری دادگای فیدراڵی نەبوون. 
بەگوێرەی بڕیاری دادگای فیدراڵی كە ئێستا وەزارەتی نەوت سەرقاڵی جێبەجێكردنی بڕیارەكەیە، دەبێت ئەو كۆمپانیایانەی لە كەرتی نەوت‌و غازی هەرێمی كوردستان كاردەكەن، گرێبەستی كاركردنیان لەگەڵ وەزارەتی نەوتی عێراق نوێ بكەنەوە‌و بیگونجێنن لەگەڵ گرێبەستەكانی عێراقدا، هەروەها هەرێمی كوردستان نەوت‌و غازەكەی رادەستی بەغداد بكات. 
بەمدواییە وەزارەتی نەوتی عێراق ئیمێڵی بۆ كۆمپانیا بیانییەكانی هەرێمی كوردستان ناردو داوای لێكردن گرێبەستەكانیان نوێ بكەنەوە، بەڵام زۆرینەی كۆمپانیاكان هیچ وەڵامێكی وەزارەتی نەوتیان نەداوەتەوە‌و دەڵێن ئەوان گرێبەستیان لەگەڵ حكومەتی هەرێم كردووە‌و دەبێت هەرێم ئەم كێشەیە چارەسەر بكات.   
رۆژی دوو  شەممەی ئەم هەفتەیە دادگای كەرخ دانیشتنی خۆی سازكرد بۆ گوێگرتن لەو سكاڵایەی كە  وەزارەتی نەوت لەسەر هەردوو كۆمپانیای (گازپرۆم)‌و (دانەغاز) تۆماریكردووە، ئەم دوو كۆمپانیایە نوێنەری خۆیان نەنارد بۆ بەردەم دادگا.
بەردەوامیی فشارەكانی وەزارەتی نەوت لەسەر كۆمپانیاكانی هەرێمی كوردستان لەكاتێكدایە كۆتاییەكانی مانگی تەموزی رابردوو، دوای ناردنی نامەیەك بۆ جۆ بایدنی سەرۆكی ئەمریكا، مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێم بۆ پرسی بڕیارەكەی دادگای فیدراڵی سەردانی بەغدادی كرد‌و لەگەڵ مستەفا كازمیی سەرۆك وەزیرانی عێراق كۆبووەوە، بەگوێرەی زانیارییە نافەرمییەكان مەسرور بارزانی‌و كازمیی رێككەوتنێكیان كردووە بەشێوەیەكی كاتیی‌و تاوەكو چارەسەركردنی پرسەكە، فشارەكانی وەزارەتی نەوت لەسەر كۆمپانیاكانی هەرێمی كوردستان رابگیرێت. 
چەند رۆژی رابردوو ئیحسان عەبدولجەبار وەزیری نەوتی عێراق ئاماژەی بەوەكرد، پەیوەندییان لەگەڵ هەرێمی كوردستان هەیە بۆ كۆتایهێنان بە ناكۆكییەكان بەگوێرەی بڕیارەكەی دادگای فیدراڵی.
كۆمپانیای (گازپرۆم) كە یەكێكە لە گەورە كۆمپانیاكانی روسیایە لە بواری وزەدا لە ناوچەكانی گەرمیان‌و هەڵەبجە كاردەكات، كۆمپانیای (دانەغاز)ی ئیماراتیش لە كێڵگەی (كۆرمۆر)ی ناوچەی قادركەرەم كاردەكات‌و غازی هەرێمی كوردستان بەرهەم دەهێنێت. 
 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand