کوشتن لە ئاسمانەوە

Draw Media

2022-06-23 07:19:16



ئاراس فەتاح ( هەموو چوارشەممە تایبەت بە درەو دەینوسێت)

 

جەنگی داهاتوو بە شێوەیەکی زۆر خێرا لە جەنگی مرۆڤەکانەوە بۆ جەنگی نێوان ماشینەکان هەنگاودەنێت. جەنگی ماشێنەکان، جەنگێکی بێبەزەییە، نە لێبوردنی تێدایە نە خۆبەدەستەدان، بەڵکو یەک ئامانج ئاراستەیدەکات، ئەویش لەناوبردنی دوژمنە.

بەکارهێنانی چەکی دوورمەودا لە سەدەی دوازدەوە کێشەی ئێتیکی بۆ سیاسەت و جەنگگێڕان دروستکردووە. بۆ نموونە ڕمکەوان Crossbow کە دەزگایەکی کوژەرترە لە تیروکەوان، لەسەدەکانی ناوەڕاستدا لە چین و ئەوروپا و پاشان لە لەشکری عوسمانییەکانیشدا بەکاردەهێنرا. ڕمکەوان گۆڕانکارییەکی خێرای لە ڕێڕەوی جەنگدا دروستکرد، چونکە هیچ سوارچاکێک نەیدەتوانی بەو بەرگە قەڵغانییەی لەبەریدایە، خۆی لە مەترسییەکانی ڕمکەوان بپارێزێت. ڕمکەوان چەکێکی کوژەری نوێ بوو بەپێچەوانەی چەکەکانی ترەوە پێویستی نەدەکرد جەنگاوەربیت بۆئەوەی بەکاریبهێنیت، بەڵکو هەم پیر و هەم ژن و هەم هەرزەکاریش دەیانتوانی لەکاتی جەنگدا ئەم چەکە بەکاربهێنن و بەو شێوەیە وەک جەنگاوەرێک ڕۆڵی کاریگەر لە هێرشکردن یان بەرگرییکردندا بگێڕن. لەسەدەی دوازدەیەم داهێنانی ڕمکەوان وای لە پاپا ئینۆزێنزی دووەم کرد نەفرەت لەم چەکە بکات، چونکە هەموو بەهاکانی جەنگی سوارچاکیی هەڵگێڕایەوە. داوادەکرا لانی کەم ئەم چەکە لە جەنگی نێوان دەوڵەتە مەسیحییەکان بەکارنەهێنرێت و لە جەنگی دژ بە دوژمنانی مەسیحییەتدا بەکاربهێنرێت. 

لە قۆناغێکی تردا کەم تا زۆر هەمان وتووێژ سەبارەت بە چەکی قەناس دروستبوو، بەڵام لەم دوو چەکە پڕگرفتتر و پڕگفتوگۆتر چەکی دڕۆنە کە تادێت گەشەی زیاتری پێدەدرێت و خەریکە لەهەندێ حاڵەتدا سەربەخۆیی خۆشی لە کۆماندۆی ئینسان وەربگرێت و خۆی بیربکاتەوە و بڕیاربدات. ئەم چەکە مۆدێرنە لای رێکخراوی چاودێری مافی مرۆڤ وەک هەڕەشەیەک بۆ کۆتایی مرۆڤایەتیی ناودێڕدەکرێت. 

چەکی فوڵئۆتۆماتیکی رۆبۆتئاسا و درۆن کە سەربەخۆ کاردەکەن، ئەو تەکنەلۆژیایەیە کە وڵاتانێکی زۆر کاری گەشەپێدانی دەکەن. هەر ئێستا ئەمریکا فرۆکەی درۆنی هەیە کە بەشێوەیەکی ئۆتۆماتیکی لەفڕین بەردەوامدەبێت کاتێک دەکەوێتە ناو نشێو و دۆڵەوە و هیچ پەیوەندییەکی لەگەڵ نێوەندی بڕیاردا نامێنێت. پرسیارەکە لەڕووی ئەخلاقیی و یاساییەوە بۆیە پڕکێشە و پڕگرفتە، چونکە ئەم ماشێنە کوژەرە تاوەکو ئێستا، ناتوانێت لەنێوان سەربازێک کە خۆی بەدەستەوە دەدات و سەربازێک کە دەجەنگێت و ئامادەی دیلێتیی نییە جیاکاریی بکات.

کێشەیەکی تری رۆبۆت و درۆن ئەوەیە کە دەتوانرێن لەلایەن دوژمنەوە هاکبکرێن و پاشان ڕاستەوخۆ دژ بە دروستکەرەکەی خۆی بەکاربهێنرێنەوە. بە پێچەوانەی دیلەوە کە شەڕ بۆ دوژمنەکەی ناکات، رۆبۆت، درۆن یان چەکی ئاراستەکراوی کۆمپیوتەریی بێ هیچ کێشەیەکی ئەخلاقیی و ویژدانیی و سڵەمینەوەیەک دەتوانێت ببێت بە جاشی هێزەکەی تر و دژ بەو لایەنە بجەنگێت کە دروستیشی کردووە. بەم چەشنە شەرەف و وەلائەت و مێرخاسیی کە سێ خەسڵەتی بەناوبانگی سوارچاکەکانی جەنگی کۆن و تەقلیدین، لە جەنگی مۆدێرنی ئەلەکترۆنییدا بوونی نامێنێت. 

گەر لەئاستی ئێتیکییدا بەکارهێنانی درۆن مەترسییەکی گەورە بێت بۆ یاسای نێودەوڵەتیی ئەوا لە ئاستی ستراتیژی جەنگدا دڕۆن گەورەترین بازدانی نەوعییە بۆ یەکلاکردنەوەی جەنگ و کەمکردنەوە یان نەهێشتنی قوربانیی سەربازیی لەکاتی جەنگدا. جەنگی درۆن جەنگێکی تاکلایەنەیە. تاکلایەنەیە، چونکە هێزی خاوەن درۆن وەک ڕاوچییەکی بێترس و هیچ ڕیسکێکی گیانیی، دەتوانێت شەو و ڕۆژ دوژمنەکانی ڕاوبکات و ڕاوکراویش لە دڵەڕاوکێیەکی بەردەوامدا بژی و کونە مشکی لێببێتە قەیسەری. دڕۆن ئەو تەکنەلۆژیایەیە کە تەنها چاودێری و دیسپلینی دوژمن ناکات، وەک فوکۆ لە شیکاری بەندیخانەی مۆدێڕندا بۆمان ڕووندەکاتەوە، بەڵکو رەهەندێکی تری دەبێت کە لەناوبردنە. واتە کاتێک باس لە چەکی درۆن دەکەین هەردوو رەهەندی چاودێرییکردن و لەناوبردن لە دۆخی باڵای خۆیاندان. درۆن واتە پرۆسەی دەستکاریکردنی قووڵی ڕووبەری ژیانی ئەوانەی ڕاویاندەنێت و گۆڕینێتی بە زیندانێک کە کەسەکان خۆبەخشانە و ئازادانە خۆیان دیلدەکەن، بۆئەوەی نەچنە دەرەوە و نەکەونە بەر چاوی هەڵۆئاسای دڕۆنەکان.

دڕۆن پرۆسەی بەگەمەکردنی Gamification کردەی کوشتنە لەناو دونیای واقیعییدا. واتە کوژەر کەسێکە لەژوورێکی فێنکدا، لەپشت کۆمپیوتەرەکەی دانیشتووە و لە یەکێک لە شارە دوورەکانی ئەمریکاوە کۆنترۆڵی درۆنەکەی لە ئەفغانستان یان یەمەن، پاکستان یان عێراق و سوریا دەکات و بەدوای ئامانجەکانیدا دەگەڕێت. کەسی ڕاونراویش لەناو شاخی سارد، یان بیابانی گەرمدا وەک نێچیرێکی دەستەمۆ و بێدەسەڵات ڕاودەکرێت.

وەزیفەی سەرباز لە سەردەمی درۆندا دەگۆڕێت بۆ جەلادێک کە دواچرکەی ژیانی قوربانییەکەی دیاریدەکات. جەلاد بەو مانایەی هەستسڕ دەبن. ژمارەیەکی زۆری ئەو سەربازە ئەمریکییانەی کە بە چەندین رۆژ و هەفتە چاودێری قوربانییەکانیان دەکەن و پاشان لە چرکەساتێکدا دەکرێنە ئامانج و دەیانکوژن، تووشی نەخۆشی زەبری دەروونی (تراوما) دەبن.
 
گەر وەزیفەی درۆن وەک درێژکراوەی وەزیفەی پۆلیس تەماشابکرێت بۆ جێبەجێکردنی یاسا، ئەوا دووبارە کێشەی ئێتیکی گەورە لە بەکارهێنانی درۆندا هەیە. پۆلیس بۆئەوەی یەکێک دەستگیربکات، دەبێت فەرمانی دادگای پێبێت یان وەک بەرگریی لەخۆکردن چەک دەردەهێنێت، بەڵام دەبێت کەسەکە ئاگاداربکاتەوە لەوەی کە خۆی بەدەستەوە بدات، ئەگینا تەقەی لێدەکرێت. لەهەردوو حاڵەتەکەدا درۆن کێشەی یاسایی هەیە، کەسی بەئامانجگیراو نە فەرمانی دەستگیرکردنی بۆ دەرکراوە و نە داواشی لێدەکرێت خۆی بەدەستەوەبدات. تەنها وەزیفەیەک درۆن لە ڕاوکردنی دوژمندا دەیگێڕێت بریتییە لە کوشتنی ڕووت.

زۆرێک لە جەنگناسان و بیریاران پرسی مۆڕاڵ لە ڕووە فەلسەفییەکەی بەکارهێنانی درۆن دەگێڕنەوە بۆ ئەو خاڵەی کە کوشتن لە جەنگدا بۆیە لەڕووی یاساییەوە ڕێگەپێدراوە، چونکە کەسی بکوژ دەشێت خۆشی لەکاتی ڕووبەرووبوونەی لەگەڵ دوژمنەکەی لە گۆڕەپانی جەنگدا، بکوژرێت. واتە سەرباز لەکاتی جەنگدا سەرباز دەکوژێت، چونکە هەردوولایان یەکتر دەبینن و ڕووبەڕووی یەکتر دەبنەوە. هەرچی جەنگی درۆنە تەنها بکوژ کوژراو دەبینێت و کوژراو نە لە سەنگەردایە و نە دەتوانێت بەرگریی لە خۆی بکات و نەدەتوانێت هەڵبێت. بۆیە ئەم پرسە لەڕووی ئەخلاقیی جەنگەوە پڕکێشەیە. 


ماویەتی
 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand