شاسوار عەبدولواحید: گۆڕان ئەگەر راستدەكات با نەچێتە حكومەتەوە
2018-11-19 13:54:00
گفتوگۆی رۆژنامەوانی: فازل حەمەڕەفعەت - محەمەد رەئوف
تەنیا ماوەی نۆ مانگ بوو جوڵانەوەیەكی سیاسی دروستكرد، خەونی هەبوو بگات بە كورسی سەرۆكایەتی حكومەتی هەرێم، نەیتوانی خەونی گەیشتن بە دەسەڵات بەدی بهێنێت، بەڵام بوو بە سەرۆكی گەورەترین هێزی سیاسی ئۆپۆزسیۆن لە هەرێمی كوردستان، ئەو شاسوار عەبدولواحید سەرۆكی جوڵانەوەی نەوەی نوێیە، كە جوڵانەوەكەی لە یەكەم بەشداریكردندا، توانی (8) كورسی لە پەرلەمانی كوردستان بباتەوە.
لەم گفتوگۆ رۆژنامەوانیدا لەگەڵ (درەو میدیا)، شاسوار عەبدولواحید وەڵامی چەندین پرسیار دەداتەوە لەبارەی خۆیو چارەنوسی جوڵانەوە سیاسییەكەیو پەیوەندییەكانی لەگەڵ لایەنە ناوخۆییو دەرەكییەكان.
دەقی گفتوگۆ رۆژنامەوانییەكە:
درەو میدیا: ئێوە وەك جوڵانەوەی نەوەی نوێ لەماوەی رابردوودا بەر لە بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنەكان رەخنەی زۆرتان لە ئەدای كاری پەرلەمان دەگرت، هەندێكجار لەجێی نەبووان ناوتان دەهێنا، چۆن بوو بڕیارتاندا بەشداری هەڵبژاردن بكەن؟ ئایا بڕواتان بە خەباتی پەرلەمانی هەیە؟
شاسوار عەبدولواحید: ئەگەر دەقیقتربین لەسەرەتادا زیاتر رەخنەكانمان لە هێزە سیاسییەكان بووە، پێشئەوەی بێمە ناو سیاسەت لەڕێگەی ئەو دامەزراوە ئیعلامییەی كە پشتیوانمان كردووە، ماوەی حەوت ساڵ لە 2011 تائێستا كە 2018یە توانیومانە رۆڵی هێزێكی زۆر زۆر كاریگەرمان هەبێت، كە حزبی سیاسی نەبووە، بەڵام وەكو هێزێكی رەخنەگر دەركەوتووە وەكو دامەزراوەیەكی بەهێزی چاودێریكەر بەسەر حكومەتەوە دەركەوتووە، بەردەوام لەڕێگەی ئەو دامەزراوە میدیاییەوە توانیومانە چاودێری حكومەت بكەین، رەخنەی لێبگرین، بەتایبەتتر رەخنە لە هێزەكانی دەسەڵات بگرین، بەوپێیەی ئەوان بەرپرسی یەكەمن لە دەسەڵاتی جێبەجێكردن لە هەرێمی كوردستان، بەرپرسن لە زۆر سێكتەری تری ئەم هەرێمە، لەپاڵ ئەمانەشدا كە هاتوینەتە ناو پرۆسە سیاسییەكەوە بەڕاستی بۆیە هاتووین لەبەرئەوەی تێبینیمان لەسەر هێزەكانی تر هەیە، ئەگەرنا بەتەنها پێمانوابوایە هێزەكانی تر لەسەدا سەد كامڵنو هیچ عەیبێكیان نیە، ئێمە ئەم هێزەمان دروستنەئەكردو پشتیوانی ئەوانمان دەكرد وەكو چۆن پێشتر گۆڕان لەسەردەمی كاك نەوشیرواندا بەجۆرێك لە جۆرەكان پشتیوانیمانكردووە، پێمان وابووە هێزێكی كامڵ بووە، كێشەی نەبووەو پێویست بووە پشتیوانی بكەین، بۆیە رەخنەی ئێمە پێشتر لەئەدای حزبەكان بووە، یەكێتیو پارتی بەدەرەجەی یەك، كە بەرپرسن لەو هەموو نەگبەتیو نەهامەتییەی بەسەر كورددا هاتووە، هێزەكانی تر بەدەرەجەیەكی تر كە نەیانتوانیوە وەك بەدیل خۆیان تەرح بكەن بۆ یەكێتیو پارتی، هێزێكی ئازاو خاوەن بڕیار نەبوون كە بتوانن شوێنی یەكێتیو پارتی لەق بكەن، رەخنەمان لەوە بووە، ئێستا كە هاتوینەتە پێشەوە دەمانەوێت وەك هێزێكی بەدیل بۆ یەكێتیو پارتی رۆڵ ببینین، ئەم قسەیەی من رەنگە ئێستا هەندێك كەس بە گاڵتە تێیبگات هەروەك كاتی ریفراندۆمەكە، بەس من دڵنیاتان دەكەمەوە كە 10 ساڵی تر یان 5 ساڵی تر یان 4 ساڵی تر ئەنجامی ئەم بۆچونەی من دەبیننەوە، دەبینیت هێزی بەدیلی راستەقینە بۆ یەكێتیو پارتی دروست دەبێت، بۆیە ئێمە رەخنە دەگرین.
شاسوار عەبدولواحید: بڕوام وانیە لە پەرلەمانەوە گۆڕانكاری بكرێت
پەرلەمانیش بەشێكە لەو گۆڕانكاریانە كە ئێمە پشتی پێ دەبەستین، بەڵام تاكە رێگا نیە كە ئێمە پەنای بۆ دەبەین، پێمانوایە لە پاڵ پەرلەماندا زۆر زۆر شتی دیكە هەیە كە دەتوانین بیكەین، بەڵام كێشەی سەرەكیمان ئەوەیە كە ئایا پشتیوانی خەڵك چەند هەیە بۆ ئیمە، ئەبێ لەسەرەتادا پشتیوانی خەڵك بەدەستبهێنین، قەناعەت بە خەڵك بكەین كە ئێمە هێزێكی راستین وەكو هێزەكانی تریان لێناكەین، لە نیوەی رێگا بەجێیان ناهێڵین، راستگۆ دەبین لەگەڵیاندا، ئەمەش كاتی دەوێت، كە هەموو خەڵك یان زۆرینەی خەڵك باوەڕی پێدەهێنێت، بەس ئەوكاتەی كە خەڵك باوەڕمان پێدەهێنێت بیر لە هەموو رێگەیەك دەكەینەوە بۆ گۆڕانكاری راستەقینە لەم وڵاتەدا.
درەو میدیا: لەسەرەتای راگەیاندنی ئەنجامی هەڵبژاردنی 30ی ئەیلولدا راتانگەیاند بایكۆتی حكومەتو پەرلەمان دەكەن، بەڵام دواتر پاشگەزبونەوەو بڕیارتاندا بچنە پەرلەمان، ئەمە هۆكارەكەی ئەوەبوو ئێوە بەوردی دیراسەی ئەوەتان نەكردبوو كە بەپێی یاسای كورسییەكانتان پڕدەكرێتەوە ؟
شاسوار عەبدولواحید: نەخێر ئەگەر بە وردی دیقەتی پەیرەوی ناوخۆی پەرلەمانو پەیڕەوە هەمواركراوەكەو هەموو ئەو یاسایانە بدەیت كە پێشتر دەرچووە، بەهیچ شێوەیەك هیچ یاسایەكی وانیە كە بڵێت هێزێكی سیاسی نەچێتە پەرلەمان كورسییەكەی دەدرێتە هێزێكی دیكە، باسی هێزێك نەكراوە كە بایكۆت بكات، بۆ نموونە لە خولی رابردوودا 2014 بزوتنەوەی گۆڕان بۆ ماوەیەكی زۆر نەچووە پەرلەمان، جێگەكەشی پڕنەكرایەوە، لەبەرئەوەی بەهیچ شێوەیەك بە یاسا باسنەكراوە كە ئەو كورسیانە دەدرێن بە هێزێكی تر.
درەو میدیا: كەواتە بۆچی پاشگەزبونەوە، پەلەتان كرد لەو بڕیارەدا؟
شاسوار عەبدولواحید: نەخێر پەلەپەل نەبووە، ئێستاش بڕیار ئەگەر بەدەست من بێت بەتەنها شتێكی شەخسی خۆم بێت، نەئەچوینە پەرلەمان، پێموایە ئەبێ هەڵوێستی توندت هەبێت، هەڵوێستی روونت هەبێت بۆ ئەوەی سەرنجی هەموو دونیا بەلای خۆتا رابكێشیت، هەمیشە ئەبێت كارێكی جیاواز بكەیت، نەك هەمان ئەو كارانە بكەیت كە ئەوانی تر كردویانەتەوە.
شاسوار عەبدولواحید: تائێستا هیچ كۆبونەوەیەكی ئاشكراو نهێنیمان لەگەڵ توركیاو ئێراندا نەبووە
ئەگەر وەڵامت بدەمەوە بۆچی ئێمە پاشگەزبوینەوە لەو بڕیارە، لەبەر دوو هۆكار بوو، یەكەم: دەنگدەرانو بنكە جەماوەرییەكەمان بووە، كە خۆت ئەزانی سەرو 100 هەزار كەس دەنگی داوە بە ئێمە، ئەو خەڵكە بەشی هەرەزۆری پێی باش بووە بچینە پەرلەمانو لە پەرلەمان بەرگری لێبكەین، خۆ تەنازولكردن بۆ خەڵكی خۆت فەزیلەیە، عەیبە نیە، بەتایبەتیش ئێمە دەنگەكانمان نەفرۆشتووە بچینە وەزارەتو پۆستی پێوەربگرێن، دووەم: جۆرێك لە داواو سەردانی كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی، كە هەموویان پێیان باش بوو ئێمە بچین بەشداربین لە پەرلەمان، ئەمەش بەهەمان شێوە گوێگرتن لە خەڵكی ترو بەدەمەوەچونی ئەوانەی خۆیان بە دڵسۆز دەزانن، بچیت باشترە، ئەوە عەیبە نیە، ئەم چوار ساڵە وەك دوا چانس دەیدەینەوە بەم سیستمە سیاسییە.
درەو میدیا: وەك خۆت بڕوات بەوە هەیە لە پەرلەمانەوە گۆڕانكاری بكرێت؟
شاسوار عەبدولواحید: من راستگۆبم لەگەڵتاندا نەخێر، بەڵام ئەو رۆژەی ئەو بڕیارەماندا، كە چوینە سەهۆڵەكەی سلێمانی گەنجێك هاتە لام وتی خۆزگە ئەو بڕیارەتان نەدایە، وتم بۆ، وتی وەڵاهی ئیوە ئەگەر بچنە پەرلەمان ئەگەر هیچیشتان پێنەكرێت خۆ من ئێستا دینارم لە گیرفاندا نیە، ئەم دەسەڵاتە ئەو هەموو زوڵمە لە ئێمە دەكات، وتی بەس بچنە پەرلەمان دوو دیفاعمان لێبكەن ئیمە دڵمان پێی خۆشە، زۆرجار رەنگە خەڵك هەر حەزبكات تۆ دەنگی ئەو بیت، پشتگیری ئەو بكەیتو هەڵوێستت هەبێت، بەڵام لەپاڵ پەرلەماندا ئەتوانین بەردەوام كار لەسەر هێڵەكانی تر بكەین، لەوانە شەقام، خۆپیشاندان، خەباتی مەدەنی، دەرەوە، كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی، مانای ئەوە نیە كە دەچینە پەرلەمان خەتەكانی تر فەرامۆش دەكەین.
درەو میدیا: لەدوای راگەیاندنی ئەنجامی هەڵبژاردنەوە ژمارەیەك لە كونسوڵی وڵاتان سەردانی ئیوەیان كرد، قسەی ئەوان بوو وایكرد ئێوە لە بڕیاری بایكۆتی پەرلەمان پاشگەز ببنەوە ؟
شاسوار عەبدولواحید: ئەوان زۆر بەڕوونی شتێكیان بە ئێمە وتووە، ئەڵێن مەبەستمانە ئەم چوار ساڵە وەكو دوا دەرفەت، لەگەڵ ئەو بەڵێنانەی كە پێماندراوە لەلایەن حكومەتی هەرێمی كوردستانەوە، كە چاكسازی بكەن، چاكسازی ریشەیی بكەن بەتایبەت لە دوو بواردا، یەكەم: مەلەفی پێشمەرگە كە بەڵێنیانداوە وردەوردە لانی كەم هەندێك لە لیواكان بكەن بە هێزی سەربەخۆ.
درەو میدیا: ئەوان بەڵێنیان داوە پێشمەرگە بێلایەن بكەن؟
شاسوار عەبدولواحید: ئەوان بەڵێنیانداوە ئەگەر لەسەدا سەدیش نەبێت، بەشێكی زۆری بێلایەن بكەن، بەحساب بەڵێنی یەكێتیو پارتییە بۆ كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی، بەتایبەتی بەریتانییەكانو ئەمریكییەكان، بەشێك لە ئەڵمانییەكانیش لەسەر خەتنو ئاگادارن.
درەو میدیا: ئەی بەڵێنی دووەمی یەكێتیو پارتی بۆ كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی چییە ؟
شاسوار عەبدولواحید: دووەم: مەلەفی دارایی، نەوتو پارە، بەڵێنیانداوە چارەسەری بكەنو لەگەڵ بەغداد رێكبكەونو لانی كەم بەشێكیان موچەكانیان بخرێتە سەر بەغداد، حەزئەكەم راستگۆبم لەگەڵتاندا ئێمە هێزێكی سیاسی تازەین، نامانەوێت ئینتباعێكی وا نیشان بدەین كە ئێمە هێزێكی یاخینو لە سیاسەت نازانین، ئێمە مامەڵە لەگەڵ ئەمری واقیعدا دەكەین، ئەمانە 27 ساڵە حوكم دەكەن، پێمانوایە چوار ساڵی تریش بۆ ئەوەی درۆكانیان لای كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی كەشف بێت، ئاساییە ئێمە كەمێك قوربانی دەدەین، من پێموایە ئەمانە هیچ ناكەن، راست ناكەن، دەمەوێت پێتبڵێم لەبەر چەند هۆكارێك یەكێتیو پارتی بە هیچ شێوەیەك ریفۆرمو چاكسازی ناكەن، یەكەم: ئەگەر یەكێتیو پارتی چاكسازی لە هێزەكانی پێشمەرگەدا بكەن، ئەوا ئەبێتە هێزێكی نیشتیمانیو هەموو دەقەیەك ئەگەری ئەوەی هەیە كودەتا بەسەر یەكێتیو پارتیدا بكەنو رێك پشتملی ماڵی بارزانیو تاڵەبانی بگرنو بیانخەنە زیندانەوە.
شاسوار عەبدولواحید: پێموایە ئێرانو توركیا مامەڵە لەگەڵ ئەمری واقیعدا دەكەن
درەو میدیا: بۆچی ناوی دەنێی كودەتا؟
شاسوار عەبدولواحید: لەبەرئەوەی هێزی نیشتمانی زانی سەركردەی وڵاتەكە خیانەتی لە خەڵكەكەی كردووە قبوڵی ناكاتو دەیانگرێتو دەیانخاتە زیندانەوە، دووەم: ئەگەر ئەمانە ریفۆرم لە مەلەفی ئابوریدا بكەن، هەرچی كۆمپانیاكانیانە توشی ئیفلاس ئەبێت، سێیەم: ئەگەر ئەمانە ریفۆرم لە دادگاكاندا بكەن بەپەلە هەموو داوەرەكانو ئەو خەڵكە ئازایانە بەرپرسی ئەنجومەنی دادوەری بن، فەرمانی دەستگیركردن بۆ بنەماڵەی بارزانیو تاڵەبانیو بەشێكی زۆری سەركردەكانی یەكێتیو پارتی دەردەكەن، لەبەرئەوە ریفۆرم لە سیستمی دادوەریدا ناكەن، چوارەم: ئەگەر ئەمانە ریفۆرم لە سیستمی تەندروستیدا بكەن هەموو كۆمپانیای دەرمانەكانیان ئیفلاس دەكات، پێنجەم: ئەگەر ئەمانە ریفۆرم لە خوێندنی باڵاو پەروەردەدا بكەن، هەرچی عەمیدو بەڕێوەبەری بەشو ئەو مامۆستایانە هەیە ئەو بەشەیان كە بەهۆی وەلائی حیزبی پێگەیان هەیە لەناو زانكۆكاندا هەموویان لادەبرێنو مامۆستای بەتوانا دەچنە شوێنیان كە وەلایان بۆ یەكێتیو پارتی نیەو وردەوردە زانكۆكان ئەبوژێنەوە، خوێندكارانو گەنجەكانمان فێری شت ئەبن، كە ئەمەش لە زیانی یەكێتیو پارتییە، چونكە هەمیشە حەز ئەكەن گەنج هیچ نەزانێ، بۆیە من پێموایە یەكێتیو پارتی ریفۆرم ناكەن، بەڵام ئێمە وەك وەڵامدانەوەیەك بۆ كۆمەڵگەی نێودەوڵەتیو دەنگدەرەكانی خۆمان با بزانین ئەم چوار ساڵەش چی دەكەن، كردیانو خزمەتی میلەتەكەمانیان كرد، خێر عەلا خێر، نەشیان كرد ئەوە ئێمە چوار ساڵی تر موبەریرمان بەدەستەوەیە هەم لەناوخۆ، هەم لە دەرەوەی وڵات، كە قەناعەت بەوانە بكەین یەكێتیو پارتی خێریان تیانەماوەو پێویستە ئەم دوو بنەماڵەیە بگۆڕدرێنو لە دەسەڵات دوربخرێنەوە.
درەو میدیا: پەنابردن بۆ ئەمریكاو كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی لە چارەسەركردنی كێشەكانی ناوخۆی كوردستان بە واتای نائومێدبوونە لە هەنگاوە ناوخۆییەكان بۆ چاكسازی؟
شاسوار عەبدولواحید: نا، ئەوە مانای بێهیوابوون نییە لە ناوخۆ، لە یەكەم كۆنگرەی نەوەی نوێدا بە ئاشكرا وتمان، ئێمە پێویستە لەپاڵ ناوخۆدا بە هێڵێكی هاوتەریب لە دەرەوە كاربكەین، بەهەردوو خەتەكە هەوڵبدەین گۆڕانكاری لە هەرێمی كوردستاندا بكرێت، نە بەتەنها لە ناوخۆدا دەكرێت، نە بەتەنها لەدەرەوەدا دەكرێت، بەتەنها لە ناوخۆدا نمونەی گۆڕانمان هەیە، كاك نەوشیروان ئەو كارە گرنگەی كرد لە رابردوودا لە 2009 بۆ 2013 ، بەڵام گۆڕان لەبەرئەوەی بەجۆرێك لەجۆرەكان دەرەوەی فەرامۆش كردبوو، نەیتوانی ئەو هێزە جەماوەرییە زۆرە وابكات كە گۆڕانكاری لە هەرێمی كوردستاندا بەدەستبهێنێت، بەپێچەوانەشەوە نمونەی ئەحمەد چەلەبیمان هەیە لە 2003 ئەمریكا هێنایەوە پشتگیرییەكی زۆر زۆری كرد بە فڕۆكە لە ناسریە دایانگرت، خەڵكێكی زۆریشیان بۆ كۆكردەوە، بەڵام دوایی لە هەڵبژاردنەكاندا دوو كورسی هێنا، واتا دەبێت لەناوەوەو دەرەوە پاڵانسێك دروست بكەیت.
شاسوار عەبدولواحید: ئەگەر یەكێتیو پارتی چاكسازی لە هێزەكانی پێشمەرگەدا بكەن، ئەوا هەموو دەقەیەك ئەگەری ئەوەی هەیە كودەتا بكەنو رێك پشتملی ماڵی بارزانیو تاڵەبانی بگرنو بیانخەنە زیندانەوە
درەو میدیا: واتا تۆ ناتەوێ وەكو ئەحمەد چەلەبی بە سواری تانكی ئەمریكی بچیتە سەر كورسی سەرۆكایەتی؟
شاسوار عەبدولواحید: من پێموایە هەتا خەڵكت لەپشت نەبێت هەر پۆستێك وەربگرێت پۆستەكەت شكڵییەو خۆشت كەسێكی لاواز دەبێت، سەركردەی سیاسی ئەو سەركردەیە كە خۆی بتوانێت دڵی جەماوەر بەدەستبهێنێت، كە خەڵكت لەپشت بوو، بەهێز دەبیتو ئەتوانیت بڕیاری بەهێزیش بدەیت، ئەگەر خەڵكت لەپشت نەبێت، پۆستت بدەنێ هەمیشە لاواز دەبێت.
درەو میدیا: ئێوە زۆر بایەخ بە پەیوەندییەكانتان دەدەن لەگەڵ ئەمریكاو وڵاتانی ئەوروپا، ئایا هیچ پەیوەندییەكی هاوشێوەتان لەگەڵ ئێرانو توركیا هەیە ؟
شاسوار عەبدولواحید: تائێستا یەك دووجار لە كونسوڵیەتی توركیو ئێرانییەوە ویستراوە پەیوەندیمان پێوە بكەن، ئێمە پێمانوتون دەرگامان كراوەیە هەر لایەكێك بیەوێت سەردانمان بكات سروشتییە، بەڵام تائێستا هیچ كۆبونەوەیەكی ئاشكراو نهێنیمان لەنێواندا نەبووە، لەبەرئەوەی ئێمە حەز ئەكەین شتەكانمان بئاشكرا بێت، پێموایە چەنێك وڵاتانی ئەمریكاو ئەوروپاو كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی گرنگن بۆ هەرێمی كوردستان، ئەوەندەش توركیاو ئێران گرنگن، دەبێت كورد پەیوەندییەكی عاقڵانەی لەگەڵ توركیاو ئێراندا هەبێت، هەرێمی كوردستان نابێت ببێتە داردەستی توركیا دژی ئێرانو ناشبێت ببێتە داردەستی ئێران دژی توركیا، هەرێمی كوردستان گرنگە برەو بە پەیوەندییە ئابورییەكانی بدات لەڕێگەی پەیوەندییە ئابورییەكانییەوە دەتوانین پەیوەندیەكی زۆر باشمان هەبێت لەگەڵ توركیاو ئێران، لەڕێی ئابورییەوە ئەتوانین وا بكەین خەڵكی ناوچەكەمان ژیانێكی خۆشتریان هەبێت، ئەمە وادەكات پەیوەندییەكی باشمان لەگەڵ توركیاو ئێرانو تەنانەت لەگەڵ بەغداش هەبێت، سەبارەت بە پەیوەندییەكانیشمان رەنگە لەئێستادا حەساسییەتێك هەبێت، رەنگە ئەوان پێیانوابێت ئەوەی یەكێتیو پارتی بۆیان دەكات كەسی تر بۆیان ناكات.
درەو میدیا: ئێستا ئێوە بەدیلی پارتیو یەكێتی نین لای ئێرانییەكان ؟
شاسوار عەبدولواحید: پێموایە ئێرانو توركیا مامەڵە لەگەڵ ئەمری واقیعدا دەكەن، ئەگەر هێزێك دروست ببێت خەڵكی لەگەڵ بێت مامەڵەی لەگەڵ دەكەن.
درەو میدیا: بەڵام بزوتنەوەی گۆڕان هێزێكی نوێ بوو خەڵكیشی لەپشت بوو، بەڵام ئێران مامەڵەی لەگەڵ نەكرد ؟
شاسوار عەبدولواحید: بزوتنەوەی گۆڕان هەندێك حاڵەت هەبوو ئیتر بە هەڵەی ناودەنێی چی ناودەنێی، پەیوەندییە دیپلۆماسییەكانی فەرامۆشكردبوو، ئێمە ئەوە ناكەین، ئێمە باوەڕمان پێیەتی، بەڵام جارێ با پشتیوانی خەڵكی بەدەستبهێنین ئەوكات ئەو پشتیوانی خەڵكە بەكاردەهێنین بۆ خێر بۆ میللەتەكەمان، بۆ ئیستقراری ئەم ناوچەیە.
درەو میدیا: ئێوە بەهیچ شێوەیەك ناسڵەمنەوە لە دروستكردنی پەیوەندی لەگەڵ ئێرانییەكان ؟
شاسوار عەبدولواحید: بەهیچ شێوەیەك، ئەوەی كە وابڵێت دیارە لە سیاسەت نازانێت، من ئێستا درۆی بەر ئیعلام ناكەم، هەر هێزێك لە كوردستان دەسەڵاتی بەدەست بێت، ئەبێ پەیوەندییەكی باشی هەبێت لەگەڵ وڵاتانی دراوسێدا، لەگەڵ بەغدادا، چونكە تۆ ناتوانی، خەڵكی شاسوار عەبدولواحید هەڵنابژێرێت بۆ ئەوەی هەموو رۆژێك كوڕی خەڵك بدات بە كوشت، بۆ ئەوەی شەڕبكەین بۆ ئەوەی لە برسا بمرین، خەڵك خواخوایەتی وڵاتێكمان هەبێت ببوژێتەوە، ئابورییەكی باشی هەبێت، هێڵی شەمەندەفەرمان هەبێت لەنێوان هەولێرو سلێمانیو دهۆكو بەغداو ئەنقەرەو تاراندا، خەڵك دەیەوێت ژیانێكی خۆشی هەبێت، ئێمە ئەگەر ئیش بكەین بە عەقڵیەتی ئابوریو پێشخستنی ئەم وڵاتەوە مامەڵە لەگەڵ هەموولایەكدا دەكەین، نەك بە عەقڵی ئەوەی كە شەڕبكەین، لەهەمان كاتدا نابین بەداردەستی هیچ وڵاتێك بۆ ئەوەی برا كوردەكانمان لە وڵاتەكانی ئەواندا بكوژرێن، لەهەمانكاتدا رێز لەسنوری خۆمانو ئەوانیش دەگرینو وا دەكەین كە ئەم ناوچەیە جۆرێك لە هێمنی پێوە دیار بێت، ئەمە سیاسەتێكی عاقلانەیە دوور لە عاتیفە دوور لە دروشم، هەرێمی كوردستان شەڕی ئێرانو توركیای پێناكرێت، بەڵام دەتوانین ئابورییەكی بەهێزمان هەبێت وا بكەین ئەو وڵاتانە حورمەتمان بگرن، وردەوردە ئەم پەیوەندییە ئابورییە ببێتە هۆی پتەوكردنی پەیوەندی سیاسیو ئیداریو واش بكەین كە رێزمان لێبگیرێت.
درەو میدیا: لەسەر ئاستی ناوخۆ پەیوەندیتان لەگەڵ لایەنە سیاسییەكان چۆنە، وەك دەردەكەوێت تائێستا (پارتی دیموكراتی كوردستانو یەكێتی نیشتمانی كوردستانو بزوتنەوەی گۆڕان) نایانەوێت بە فەرمی دان بە ئێوەدا بنێن وەك هێزێكی سیاسی ؟
شاسوار عەبدولواحید: ئەگەر وابێت ئێمە پێمان خۆشە، هەمولایەك باش دەزانێت یەكێتیو پارتیو گۆڕان تەعامول لەگەڵ حزبدا دەكەن یەك كورسی هەیە " لەگەڵ رێزمدا بۆیان" بزوتنەوەی گۆڕان لەدوای هەڵبژاردنی 12ی ئایار مامەڵەی لەگەڵ هەندێك حزبدا دەكرد كە یەك كورسی یان كورسیشی نەبوو، كە مامەڵە لەگەڵ ئێمەدا ناكەن ئەمە خاڵێكی بەهێزی نەوەی نوێیە، مانای وایە هەموو ئەو هێزانە ترسیان لە ئێمەیە، ئەگەر بیرتان بێت بزوتنەوەی گۆڕان سەرەتا كەس هەر باسی نەدەكرد، دوای دوو- سێ ساڵ دوای ئەوەی 25 كورسییەكەی بەدەستهێنا، ئینجا گۆڕان یەك كۆبونەوەی كرد لەگەڵ سەرۆكی پارتی، ئەمە خاڵی بەهێزە بۆ نەوەی نوێ، یەعنی ئەگەر هێزێك هیچ نەبێت خەڵك بۆ حەساسیەتی هەیە بەرامبەری، ئێمە یەكەم خۆمان بڕیارئەدەینو ئەزانین چی دەكەینو چۆن مامەڵە دەكەین، كاردانەوەی هێزەكانی ترمان بەلاوە گرنگ نییە هێندەی جێبەجێكردنی بەرنامەو ئەجێنداكەی خۆمانمان بەلاوە گرنگە، پێمانوایە ئەمری واقیع دەسەپێنرێت، غاندی قسەیەكی زۆر جوانی هەیە دەڵێت: "سەرەتا فەرامۆشت دەكەن، دوایی دژایەتیت دەكەن، دوایی دانت پیادەنێن"، ئێمە فەرامۆشكردنەكەمان بینی، دژایەتیەكەشمان بینی، ئێستاش بەشێكی باش لە دانپێداننانەكە دەبینین.
درەو میدیا: هەست ناكەن بەشێك لە نیگەرانی بزوتنەوەی گۆڕان بەهۆی دەستبردنی ئێوەیە بۆ گوتارو بەرنامە سیاسییەكەی نەوشیروان مستەفا، تۆ خۆت بە میراتگری فیكری نەوشیروان مستەفا دەزانی ؟
شاسوار عەبدولواحید: من هیچ پەیوەندییەكی خراپم لەگەڵ بزوتنەوەی گۆڕانو هیچ سەركردەیەكی بزوتنەوەی گۆڕان نیە هەتا كوڕەكانی كاك نەوشیروانیشدا نیە، تەحەدای هەر هەموویان دەكەم بێنو بڵێن شاسوار شتێكی شەخسی لەگەڵ ئێمەدا هەیە، من تەنها هەندێك تێبینیم هەبووە لەسەر هەندێك سەركردەی بزوتنەوەی گۆڕان، باسیشم كردووەو نەمشاردوەتەوە، بۆ نمونە وتومە بزوتنەوەی گۆڕان دەبوو لە پرسی ریفراندۆم هەڵوێستێكی تری هەبوایە، لە 16ی ئۆكتۆبەر هەڵوێستی تری هەبوایە، لەیاسای سەرۆكایەتیدا هەڵوێستی تری هەبوایە، ئەمانە دوژمنایەتی نیە.
درەو میدیا: بەڵام هەندێك كەس لە بزوتنەوەی گۆڕان ئێوە تۆمەتبار دەكەن بەوەی دروستكراوی یەكێتیو پارتین بۆ لێدانی بزوتنەوەكەی ئەوان؟
شاسوار عەبدولواحید: ئەوەشی دەڵێن نەوەی نوێ دروستكراوی یەكێتیو پارتییە، ئەوە هەمان ئەو قسانەیە كە لەسەرەتای دروستبوونی بزوتنەوەی گۆڕاندا یەكێتیو پارتی بە گۆڕانیان دەوت، بیرتانە لە ساڵی 2009 پارتی بەئاشكرا دەیوت ئەمە ریككەوتنی نهێنی نێوان نەوشیروان مستەفاو جەلال تاڵەبانییە بۆئەوەی هەندێك دەنگ بەرن دواتر كۆی بكەنەوەو بۆ موئامەرە لە پارتی، بیرتانە یەكێتی دەیوت ئەوە نەوشیروان مستەفاو مەسعود بارزانی رێككەوتوون دەنگی یەكێتی پەرت پەرت بكەن، بۆ ئەوەی یەكێتی لاواز بكەن، بۆ ئەو قسانە هەمان ئەو قسانەیە كە پێشتر یەكێتیو پارتی ئاڕاستەی بزوتنەوەی گۆڕانیان دەكرد، هەموو ئەمانەی بە ئێمە دەوترێت هیچ بەهایەكی نییە، رۆژگار دەیسەلمێنێت كە ئێمە كێینو كێ نین، لە رابردوودا ئێمە پرۆژەیەكی میدیاییمان هەبووە حەوت ساڵە، هەموو خەڵك دەزانێت لە هەڵبژاردنەكاندا لە ریفراندۆمو خۆپیشاندەكاندا پشتی كێمان گرتووە، ئێمە پشتی دەسەڵاتمان گرتووە، یان پشتی خەڵكو هێزە ئۆپۆزسیۆنەكانمان گرتووە، ئایا ئێمە داردەستی دەسەڵات بووین لە رابردوودا یان ئێمە هێزێكی ئازابووینو بەرەو رووی دەسەڵات وەستاوینەتەوە، تەقەمان لێكراوە، بینامان سوتێنراوە، گەنجەكانمانو رۆژنامەنووسەكانمان دەركراون، لە هەولێر لە سلێمانی خراونەتە زیندانەوە، ئایا گومانێك ماوە لەسەر ئێمە كە خەڵكی پرسیاری لێبكات؟ خەڵكی بە ویژدانی واقیعی؟ پێموایە نەخێر.
شاسوار عەبدولواحید: من هیچ پەیوەندییەكی خراپم لەگەڵ بزوتنەوەی گۆڕانو هیچ سەركردەیەكی بزوتنەوەی گۆڕان نیە هەتا كوڕەكانی كاك نەوشیروانیشدا نیە
سەبارەت بەو خاڵەشی كە باستكرد، كە ئێمە خۆمان بە میراتگری نەوشیروان مستەفا دەزانین بەحساب ئەوان وادەڵێنو رەنگە ئەمە حەساسیەتی دروستكردبێت، پێموایە وانییە كاكە گیان، یەكەم من خۆم بە شەخسی كوڕی وەستا واحیدی كەبابچیم، گەنجێك بووم لەناو بازاڕو خوێندنم تەواوكردووەو هاتومەتە بزنسو میدیاو ئێستاش هاتومەتە سیاسەتەوەو حەزدەكەم شوێنپەنجەم دیار بێت لەم وڵاتەدا وەكو خۆم، وەكو شاسوار عەبدولواحید خۆم بە میراتگری هیچ كەسێك نازانم، بەڵام رێز لە هەموو ئەو خەڵكە باشانە ئەگرم كە لەم وڵاتەدا شوێنپەنجەیان دیاربووە، یەعنی من پێم سەیرە ئەو برادەرانەی گۆڕان بۆ پێیانناخۆشە ئەگەر یەكێك بەڕێزەوە باسی كاك نەوشیروان بكات، بۆ پێیانناخۆشە ئەگەر یەكێك بڵێت وەڵا كاك نەوشیروان فڵانە كاری باشی كردووە، من هەبووە نمونەی مام جەلالم هێناوەتەوە، رەنگە لەشوێنێكی تردا نمونەی كەسێكی تری بنەماڵەی بارزانیم هێنابێتەوە ئەگەر پێویست بكات، بۆچی ئەبێت ئەمانە پێیانوابێت ئێمە بەردەوام خوانەخواستە جنێو بەیەكتری بدەین، بۆچی ئێستا ئەو برادەرانەی گۆڕان حەزدەكەن من جنێو بە كاك نەوشیروان بدەم وەك لەوەی وەسفی بكەم، ئایا ئەمە ئەگەر نەخۆشی نەبێت چییە. پێموایە ئەبێت ئەوان شانازی بە كاك نەوشیروانەوە بكەن، ئیشێكی باشی كردووە، خەڵك هەیە كاریگەرە پێی، خەڵك هەیە سودی لە قسەو رەفتارەكانی بینیوە، ئەگەر رۆژێك لەرۆژان شوێنی ئەو بكەون یان قسەی ئەو جێبەجێ بكەن، مانع چییە، خۆ من پێموایە ئەگەر بزوتنەوەی گۆڕان، ئەمانەی لەدوای كاك نەوشیروانەوە ماونەتەوە بیانتوانیایە ئەوان خۆیان میراتگری نەوشیروان مستەفا بونایەو بەرنامەو پەیڕەو و پرۆگرامی نەوشیروان مستەفایان جێبەجێ بكردایە، ئێستا من دوای ئەوان ئەكەوتمو هیچ پێویستیشی بەوە نەدەكرد جوڵانەوەی نەوەی نوێ دروستبكەین.
درەو میدیا: پێتوانییە بەشێك لە هۆكاری ئەو هەستیارییەی كە لەنێوان ئێوەو بزوتنەوەی گۆڕاندا هەیە، ئەوەبێت كە تێكەڵاوییەك هەیە لە گوتاری هەردولاتاندا، واتە ئێوە نەتانتوانیوە هێڵێك بكێشن لەنێوان گوتاری سیاسی خۆتان لەگەڵ گوتارەكەی ئەوان ؟
شاسوار عەبدولواحید: نەخێر، بابەتەكە زۆر روونە، هەندێك سەركردە هەن ئیحراج بوون لەبەردەم قاعیدەی گۆڕاندا، بۆیە پێیان ناخۆشە ئێمە ئەم كارە سیاسییە ئەكەینو بەشێوەیەكی ئازایانەوە هەندێك پەیاممان هەڵگرتووە كە رەنگە پێشتر خودی كاك نەوشیروان باوەڕی پێی هەبوبێت، بەڵام ئەوان حەزدەكەن ئێمە هەرنەبین، رەنگمان نەبێت، دەنگمان نەبێت، دیارنەبین بۆ ئەوەی بێمەوقیفی ئەوان دیارنەبێت، ئەمە ئەسڵی موشكیلەكەیە، من پێموایە موشكیلەمان لەگەڵ بزوتنەوەی گۆڕاندا نییە، لەگەڵ دەنگدەری گۆڕانیشدا نییە، بڕۆ سەیری پەیجەكەی من بكە رۆژانە بە دەیانو سەدان كەس كە پرۆفایلەكەیان رەسمی نەوشیروان مستەفایەو پشتیوانیمان دەكەن، هیچ كێشەمان لەگەڵ دەنگدەری گۆڕاندا نییە، كێشەمان لەگەڵ بەشێك لەو قیادەیەدا هەیە، بەداخەوە كە دەیڵێم رەنگە كوڕەكانی كاك نەوشیروانیش دەیانەوێت ناو و پاشخانی نەوشیروان مستەفا بۆ بەهێزكردنی پێگەی خۆیان بەكاربهێننو هەڵوێستی سیاسییان وەكو پێویست نییەو پێیانناخۆشە ئێمە ئەو هەڵوێستە سیاسییانەمان هەیەو تۆمەتمان بۆ دروستئەكەنو دژایەتیمان ئەكەن، ئەگەرنا من پێموایە دەبوایە ئێمە لەگەڵ بزوتنەوەی گۆڕاندا پێكەوە هەمان ئامانجمان هەبوایەو پێكەوە دانیشتینایە لەگەڵ هێزەكانی تردا خەریكی یەكێتیو پارتی بوینایە، نەك تۆمەت بۆ یەكتر دروستبكەین، بەڵام بەداخەوە ئێستا بزوتنەوەی گۆڕان نەك ئەو رۆڵە ناگێڕێت كە هەموو هێزەكانی دەرەوەی یەكێتیو پارتی كۆكاتەوە، ئەم سەركردایەتییەی بزوتنەوەی گۆڕان وایكردووە ناكۆكی لەناو هەموو هێزەكانی دەرەوەی یەكێتیو پارتیدا دروستببێتو هەموومانی مەشغولكردووە بە هەندێك شتی لاوەكییەوەو تۆمەت بۆ هێزەكانی تر دروستدەكات بەس بۆ ئەوەی بڵێ من هەم كە راستم، دەی ئەگەر تۆ راستیت فەرموو ئێستا دژی یەكێتیو پارتی بە، و مەچۆرە حكومەتەكەیەوە، ئێمە هەمومان دواتدەكەوین، ئێ خۆ من لەمەزیاتر چی بڵێم.
شاسوار عەبولواحید: ئەوانەی دەڵێن نەوەی نوێ دروستكراوی یەكێتیو پارتییە، ئەوە هەمان ئەو قسانەیە كە لەسەرەتای دروستبوونی بزوتنەوەی گۆڕاندا یەكێتیو پارتی بە گۆڕانیان دەوت
درەو میدیا: كەواتە ئێوە بۆ چوار ساڵی ئایندە كە ئۆپۆزسیۆن دەبن خاوەنی چ گوتارێكی نوێ دەبن، ئایا هەمان گوتارەكەی سەردەمی ئۆپۆزسیۆنبوونی گۆڕان دووبارە دەكەنەوە؟
شاسوار عەبدولواحید: من باسمكرد، ئەگەر گریمان هەمان گوتاریش بوو، تەبعەن وانییە ئێستا رونی دەكەمەوە بۆچی وانییە، ئێ خۆ خەڵەتی چییە، ساڵی 2009 كە بزوتنەوەی گۆڕان دروستبوو گوتارێكی ئۆپۆزسیۆنبوونی هەبوو، حكومەت لە ترسی ئەو ئۆپۆزسیۆنە هەموو رۆژێك خزمەتی خەڵكی ئەكرد، هەموو رۆژێك پارەی ئەبەخشییەوە، سلفەی عەقار، سلفەی زەواج، تواناسازی، سلفەی كشتوكاڵ، ئێ ئەمە زەرەری چییە، ئەمە زەرەری چییە ئەگەر ئێمە گوتارێكی ئۆپۆزسیۆنمان هەبێتو فشار لە یەكێتیو پارتی بكەین بۆ ئەوەی خزمەتی خەڵكەكەمان بكەن، بۆ گۆڕانو كۆمەڵو یەكگرتوو هەمان شت ناكەن، لەدنیادا وڵات هەیە پێی بوترێت دیموكراتیو هەموو حزبەكان راكەن بۆ حكومەت بۆ ئەوەی هەموویان پێكەوە بەشداربنو كێكەكە بەشبكەنو وەزارەت وەربگرن، ئەگەر ئۆپۆزسیۆن نەبوو حكومەت بۆ خزمەتی خەڵك بكات، نمونەی ساڵی 2014 بهێننەوە، ئێوە جەنابتان رۆژنامەنوسن، 2014 بۆ وەزعی خەڵك خراپ بوو، موچەیان بڕی، بەنزینیان گرانكرد، لەبەرئەوەی هەموو حزبەكان چونە حكومەتەوە، یەكێتیو پارتی منەتیان بە خەڵك نەما، پێیانوابوو كە حزبەكانیان گرتووە تەواو خەڵكیش هیچ ناڕەزایەتی دەرنابڕێت، من پێموایە ئەگەر هەمان گوتاری 2009 مان هەبێت ئەوە شانازییەو هیچ عەیبە نییە، ئینجا من پێتان دەڵێم نەخێر ئێمە هەندێك شتمان جیاوازەو هەندێك شت هەیە بەپێی ئێستا گۆڕاوە.
درەو میدیا: یەعنی پێتانوایە ئەگەر هەموو حزبەكان نەچنە حكومەتەوە، حكومەت ناچاردەبێت مل بۆ شەقام بدات؟
شاسوار عەبدولواحید: بەڵێ، ئەگەر هەموو هێزەكانی دەرەوەی یەكێتیو پارتی نەچنە حكومەتەوە ئەتوانن لەگەڵ ئەو 65%ەی خەڵكی كە دەنگیان نەداوە فشارێكی زۆر زۆر گەورە لەسەر یەكێتیو پارتی دروستبكەنو وابكەن ئەگەر یەكێتیو پارتیش لانەبەن لە حكومەت، وابكەن هەموو رۆژێك خزمەتی خەڵك بكەن، كە ئەمەیە ئامانجی حزبو ئەبوایە ئامانجمان ئەوە بوایە.
درەو میدیا: تۆ بەردەوام دەڵێی هێزەكانی دەرەوەی یەكێتیو پارتی، یەعنی یەكێتیو پارتی ئەوەندە خراپن، ئەگەر وایە بۆچی ئەو هەموو دەنگەیان هێناوە لە هەڵبژاردندا؟
شاسوار عەبدولواحید: ئەو هەموو كورسیو دەنگەیان نەهێناوە، ئەوەتا 65%ی خەڵك نەچوون بۆ دەنگدان، ئەو 35%ەی كە چووە بۆ دەنگدان زەربی دەنگەكانی یەكێتیو پارتی بكەیت، ئێستا بەو هەموو ساختەكارییەوە لەكۆی پێنج ملیۆن هاوڵاتیو لەكۆی سێ ملیۆنو 100 هەزار دەنگدەر، یەك ملیۆن دەنگیان هێناوە، تۆ تەسەور بكە ئەگەر تەزویر نەبێ، یەكێتیو پارتی 15%یان هێناوە، ئەو 15%ە هەر دەهێنن، خۆ هەر خەڵكانێكیان هەیە كە ساڵانێكی زۆر عەتفیان هەیە بۆیان، كەواتە یەكەم: دەنگی زۆریان نەهێناوە، دووەم: ئێمە بۆ ئەڵێین دەرەوەی یەكێتی پارتی، من بۆم باسكردن، ئەگەر یەكێتیو پارتی ئیسلاح بكەن، ژیانی ئەم خەڵكە خۆش بكەن، ئەڕوخێن، نامێنن، بۆیە نایكەن، تۆ تەسەور ئەكەیت چاكسازی لە سێكتەری ئابوریدا بكەن، وابكەن هەموو كەسێك پارەی هەبێتو ژیانی خۆش بێتو بزنس بكات، ئەی كۆمپانیاكانی ئەوان چی بكەن، تۆ تەسەور ئەكەی چاكسازی لە پێشمەگەدا بكەن، پێشمەرگە جلی باش، بودجەی باش، پارەی باشی هەبێتو منەتی بە یەكێتیو پارتی نەبێت، ئێ ئەوكاتە سەیر ئەكەی قبوڵی ناكەن یەكێتیو پارتی خەڵك بچەوسێنێتەوە، كودەتایان بەسەردا ئەكەن، رەنگە دوو بنەماڵەكە دەستگیربكەنو بیانخەنە زیندانەوە، هەموو سێكتەرەكانی تریش كە باسم كرد، بۆیە بەڵێ خۆمان هەڵئەخەڵەتێنین ئەگەر بڵێین یەكێتیو پارتی چاكسازی ئەكەن، مەگەر بەناچاری بێت، بتەوێت حزبەكەت بمێنێتەوە لەبەرخاتری ئەوە بچیت مامەڵە لەگەڵ یەكێتیو پارتیدا بكەی، ئەگەرنا من پێموایە هەر سیاسییەك لە هەرێمی كوردستان بیەوێت گۆرانكاری فیعلی بكات، دەبێت خۆی وەكو هێزێكی بەدیل تەرح بكات، ئەبێت بەرچاوی روون بێت كە یەكێتیو پارتی بمێنن، ئەم یان شاگرد دەبێت، یان دەستەمۆی ئەوان ئەبێ، یان هیچی پێناكرێتو ناتوانێت خزمەتی خەڵك بكات.
شاسوار عەبدولواحید: ئەمانەی لە دوای كاك نەوشیروانەوە ماونەتەوە بیانتوانیایە بەرنامەی نەوشیروان مستەفا جێبەجێكەن، ئێستا من دوای ئەوان ئەكەوتمو هیچ پێویستیشی بەوە نەدەكرد جوڵانەوەی نەوەی نوێ دروستبكەین
درەو میدیا: ئێوە یەكێك بوون لەو كەسانەی دوای هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق زوو چونە بەغداد، بەڵام بەزویی گەڕانەوەو بەشداری حكومەتتان نەكرد، ئەمە لەكاتێكدایە دەزانرێت پەیوەندییەكی بەهێز هەیە لەنێوان ئێوەو موقتەدا سەدر سەرۆكی لیستی براوەی یەكەمی هەڵبژاردن ؟
شاسوار عەبدولواحید: ئەگەر لەبیرتان بێت ئێمە ئەوكات كە چوینە بەغداد یەكسەر دوای دیدارەكە لەگەڵ موقتەدا سەدر رامانگەیاند كە ئێمە بۆ وەزارەت نەهاتوینو بەشداری حكومەتیش ناكەین.
درەو میدیا: كەواتە ئامانجی سەردانەكەتان چی بوو ؟
شاسوار عەبدولواحید: من باسمكرد ئێمە بەتەنیا ناتوانین لەناو هەرێمی كوردستان گۆڕانكاری دروستبكەین، بتەوێت یان نا عێراق قورسایی خۆی هەیەو بۆ ئێمە گرنگە، پێموایە كلیلی چارەسەر بۆ داهاتوو هەر بەغدادە، پارەو بودجەمان لە بەغدادەوە بۆ دێتو زۆرشتی تری ئەمنیو سیادی هەیە كە رەبتی بە بەغدادەوە هەیە، بۆیە دروستكردنی پەیوەندییەكی باش لەگەڵ هێزە عێراقییەكان وادەكات ئەوانە بزانن جگە لە یەكێتیو پارتی هێزی تر هەیە، كاتێك من ئەچم بۆ واشنتۆن قسەئەكەمو سیمینار ئەكەمو وەزارەتی دەرەوەو كۆشكی سپی دەبینم، دەمەوێت بزانن جگە لە بنەماڵەی تاڵەبانی خەڵكی تریش هەیە، هێزی تریش هەیە، ئەم تێڕوانینەش هەیە، ئەمە گرنگە، ئەمە بەشێكە لە كارە سیاسییەكەی نەوەی نوێ كە بەداخەوە هێزەكانی تری دەرەوەی یەكێتیو پارتی ئیهمالیان كردووە.
درەو میدیا: نەوەی نوێ هێزێكی عێراقییە یان هێزێكی كوردستانی؟
شاسوار عەبدولواحید: ئێمە پێمانوایە هێزێكین كە دەتوانین هەم لە كوردستانو هەم لە دەرەوەی كوردستان كاربكەینو لیستیشمان هەبووە، من پێموایە زۆر زۆر گرنگە نەوەی نوێ بتوانێت لە بەغداد كورسییەك یان دوو كورسی بەدەستبهێنێت، گرنگە لە عەممارەو ناسرییە كورسییەك بهێنێت، لە عەممارە نەوەی نوێ هێزی شەشەم بووە لەناو ئەو هەموو هێزە شیعیو عێراقییانەدا، لە بەغداد نزیكەی (5 هەزار) دەنگمان هێناوە، لەناو كەربەلا (3هەزارو 700) دەنگمان هێناوە، ئەمە تەنیا بە دوو مانگ، من پێموایە كورد بۆئەوەی پێگەیەكی بەهێزی هەبێت، دەبێت بە عاقڵانە مامەڵە بكات، باشورو ناوەڕاستی عێراق شوێنێكی كراوەن دەتوانیت وابكەی لەبری ئەوەی هەمووجارێك سەرەنجت لەسەر ئەو (40 بۆ 50) كورسییەی هەرێمی كوردستانو كەركوك بێت، بڕۆ لەوێش (10 بۆ 15 بۆ 20) كورسی تر بەدەستبهێنە، بڕۆ هەوڵبدە لەوێ هەندێكی هێزی سیاسی هەن بیكە بە دۆستی خۆت، بۆئەوەی پێگەیەكی بەهێزترت هەبێت.
درەو میدیا: پێتوایە پەرلەمانتارێكی بەسرە ئەگەر لەسەر لیستێكی كوردیش خۆی كاندیدكردبێت دواجار لە پەرلەمان بەرگری لە دۆزی كورد دەكات، یان ئەوەیە ئێوە مەسەلەی نەتەوایەتیتان تێپەڕاندووە؟
شاسوار عەبدولواحید: بەڵێ ئێمە تێمانپەڕاندووە، لای ئێمە مرۆڤ یان هاوڵاتی چەقە واتە سەنتەرەو هەموو شتێكی تر دەبێت بەدەوری هاوڵاتیدا بسوڕێتەوە، ئەم مەسەلەیە زیاتر لە 100 ساڵ لەمەوپێش گفتوگۆی لەسەر كراوە، ئێمە ئەگەر رۆژێك لەرۆژان بڕیاربەدەست بینو دەسەڵاتمان هەبێت، رێزی عەرەبو توركمانو مەسحیو هەموو كەمە نەتەوایەتییەكانی تر دەگرین، بەهەمان شێوەی ئەوەی كە رێزی كورد دەگرین، ئێمە نمونەیەكی ئەوەندە جوان پێشكەش دەكەین كە عەرەبو توركمانەكانی كەركوك خۆیان داوامان لێبكەنو بڵێن ئێمە دەمانەوێت بێینەسەر هەرێمی كوردستان، نمونەیەكی ئەوەندە جوان پێشكەش دەكەین كە ئەگەر رۆژێك لە رۆژان وەزارەتێكمان هەبێت لە بەغداد یان دەسەڵاتمان بەدەستەوەبێت، كارێك دەكەین كە شیعەو سوننەكان خۆیان داوا بكەن كە ئەو كەسانەمان دەوێت، بەمە ئەتوانرێت كورد لەم ژێردەستەییە دەرباز بكرێت، ئەگەرنا بەم گوتارە قەومییەی كە 100 ساڵە كوڕی خەڵك بەكوشت دەدەینو وڵاتەكەمان وێرانكردووە، ئەمە یارمەتی كەس نادات، من حەزئەكەم شتێكتان پێبڵێم، بۆمن زۆر ئاسانە لەدژی عەرەب قسەبكەم، دژی فارس قسەبكەم، دژی تورك قسەبكەمو ئێوەش بدەم بە كوشت، خۆشمو سەرۆكی حزبەكان كەسیان كوڕەكانیان بەكوشت نادرێت، بۆمن زۆر ئاسانە ئێوە بخەمە دۆخێكی ئابوری سەختەوە كە نان نەبێت بیخۆن، بەڵام سەركردە ئەو سەركردەیەیە، حزبی سیاسی ئەو حزبەیە كە وادەكات خەڵكەكەی خۆش بژی، ئێمە ئیشاڵا ئیش لەسەر ئەو گوتارەو ئەو بیركردنەوەیە دەكەین لەداهاتوودا.
درەو میدیا: پێشبینییەكان بۆ ئەوەدەچێت چوار ساڵی داهاتوو لەڕووی ئابورییەوە تاڕادەیەك باش بێت، ئەمە كاریگەری نابێت لەسەر لاوازكردنی گوتاری ئۆپۆزسیۆن ؟
شاسوار عەبدولواحید: نەخێر، پێموایە تا دۆخی ئابوری باش بێت كە باشتریش دەبێت، خەڵك هەست بە ستەمی زیاتر دەكات، چونكە بەرپرسو حزبەكان زیاتر پارە دەدزنو هاوڵاتی هەست بەجیاوازی زیاتر ئەكات، لە 2011دا كە 17ی شوبات رویدا خەڵك كێشەی ئابوری نەبوو، بەڵام دەیزانی جیاوازی هەیە، دەیزانی زوڵم هەیە، دەیزانی یەكێتیو پارتی پارەیەكی زۆر دەدزنو بەشێكی كەمی بە هاوڵاتی دەدەن، بۆیە خۆپیشاندان دەستیپێكرد، من پێموایە تا پارە زۆربێت، هەتا زوڵم زۆربێت، یەكێتیو پارتی ئیسڵاح ناكەن، كە ئیسڵاح نەكەن حەقی خەڵك دەخۆن، كە حەقی خەڵكیشیان خوارد، خەڵك توڕە دەبێت، گوتاری ئێمە چییە، گوتاری ئێمە ئەوەیە لە هەرشوێنێكدا دزیو گەندەڵی هەبوو قسەدەكەین لەسەری، وە هەتا پارە زۆرتربێت گەندەڵی زۆرتر دەببێت بۆ ئەوەی قسەی لەسەر بكەین، كەواتە ئۆپۆزسیۆن هەر رۆڵیو كاریگەری دەبێت.
درەو میدیا: جوڵانەوەی نەوەی نوێ هاوشێوەی حزبەكانی تر لەبەردەم مەترسییەكی گەورەدایە، بەهۆی ئەوەی وابەستەیە بە ئابوریو خاوەندارێتی كەسێكەوە كە شاسوار عەبدولواحیدە، بە رۆشتن یان نەمانی شاسوار عەبدولواحید لە شانۆكە، نەوەی نوێ چی بەسەردێت؟
شاسوار عەبدولواحید: من پێموایە ئەم مەترسییە لەجێگەی خۆیدایەو واقیعە، لە هەرێمی كوردستان هەرچی حزبە كە دروستبووە ئیعتیمادی كردووەتەسەر یەك تاكە كەسو بە رۆشتنی ئەو تاكەكەسە حزبەكە توشی قەیرانو زروفێكی ناخۆش بووە، لەنێویاندا پارتی دیموكراتی كوردستان بە رۆشتنی مەلا مستەفا هەموان بیریانە لە هەشتاكاندا پارتی زۆر لاواز بووبوو، بەڵام دەبێت ئێوە سەبرتان هەبێت لە ئێمە، ئێمە نۆ مانگە دروستبووین، من پێموایە ئێمە كاتێك وەكو نەوەی نوێ سەركەوتوو دەبین كە ئەو نمونە خراپانەی حزبەكانی تر دووبارە نەكەینەوە، وە ئەگەر شتێكی باشیشیان هەبێت لە رابردوودا باسی بكەین، پێموانوایە لە داهاتوودا نەوەی نوێ دەبێت ببێت بە دامەزراوەو خەڵكانی تر هەبن بێنەپێشەوەو قیادەیەكی هەبێت، ئێمە لەم چەندساڵەی داهاتوودا وردەوردە لێی بكشێینە دواوە، ئەگەر ئەمە بكەین زۆر زۆر سەركەوتوو دەبین، ئێمە لەبەر دوو هۆكار ئەم كارە دەكەین، یەكەم: من نە پیاوم كوشتووە كە سبەینێ بڵێم ئەگەر لە حزبەكە بێمەدەرەوە دەمكوژنەوە یان منداڵەكانم دەكوژنەوە، دووەم: نە پارەم لەم حزبە دەستدەكەوێت تاوەكو بڵێم ئەگەر چومەدەرەوە ئیتر موخەسەساتو نەسریەو بەنزینو حیمایەكانم نامێنێ.
درەو میدیا: بەڵام خەڵكانێك هەن دەڵێن شاسوار عەبدولواحید ئەم پرۆژە سیاسییەی بۆ پارێزگاریكردنە لە پرۆژە ئابورییەكانی، ئێستا لەدوای دروستكردنی جوڵانەوەی نەوەی نوێ بە راشكاوی بەخەڵك بڵێ تۆ بزنسمانیت یان سیاسەتمەدار ؟
شاسوار عەبدولواحید: من حەز ئەكەم خەڵك بە ویژدانەوە وەڵامی ئەم پرسیارەی من بدەنەوە، ئەگەر وانییە با بڵێن وانییە، چ كۆمپانیایەك هەیە پێویستی بەوە هەبێت حزبی سیاسی بۆ دروست بكەی، با من هەمویت بۆ بژمێرم، هەموو دەوڵەمەندەكانی كوردستان ئێوەی بەشی هەرە زۆرییان دەناسن با من لێرەوە ناویانن نەهێنم، لە سلێمانی چەند دەوڵەمەند هەیە، هەموتان دەیانناسن، ئایا ئەم دەوڵەمەندانە حزبی سیاسییان دروستكردووە، نەخێر، لەمنیش دەوڵەمەنترن، بۆچی لەمن دەوڵەمەنترن، لەبەرئەوەی لەگەڵ یەكێتیو پارتیدا رێكدەكەون، چ پێویستان بەوەیە حزبی سیاسی دروستبكەن، لە كوردستان سەرو 10 كەسمان هەیە كە نزیكەی سەرو ملیار دۆلاریان هەیە، كە زۆر زۆر لەمن دەوڵەمەنترن، ئەمانە چۆن سەروەتەكەیان دەپارێزن، پاراستن زۆر زۆر ئاسانە، قسەمەكە، مەیەرە سەر تەلەفزیۆن، كەناڵ دامەنێ، شەراكەت بكەو شتێك پارەیان بدەرێ ئەیپارێزی، چ پێویستت بەوەیە جنێوت پێبدەن، لەگەڵ رێزمدا ئەمە بێویژدانییە، جگە لەوەش ئێمە هەرچی نمونەی باشمان هەیە لەم وڵاتە بەدەستی خۆمان سوكی ئەكەین، یەعنی مەعقولە بزنسمانێك تەلەفزیۆن بۆ خەڵك دابنێ بۆ ئەوەی دیفاعیان لێ بكات، حزبێكی سیاسی دابنێت بۆ ئەوەی ژیانی خەڵك بگۆڕێت، پارەی خۆی سەرف بكات، بڵێن وەڵا ئەمە بۆ پاراستنی سەروەتەكەیەتی، بۆ من بێعەقڵم نازانم سەروەتەكەم چۆن بپارێزم، بۆ من نازانم ئەگەر كۆمپانیات هەبێ و لەگەڵ یەكێتیو پارتی شەراكەت بكەیتو تۆزێك پارەیان بدەیتێو موجامەلەیان بكەی ئیتر كەس كێشەی نییە لەگەڵت، بۆ من نازانم باسی سیاسەت مەكە ئیتر یەكێتیو پارتی كێشەی نییە لەگەڵتدا، ئەمە چ ویژدانێكە.
درەو میدیا: ئێستا تۆ خوت بە بزنسمان دەزانیت یان سیاسەتمەدار؟
شاسوار عەبدولواحید: من پێموایە سیاسەت ئەوەندە ناشیرین كراوە پیاو رووی نایەت بڵێ سیاسەتمەدارم، حزبیش ئەوەندە ناشیرین كراوە رووم نایە بڵێم نەوەی نوێ حزبە، من پێموایە خزمەتكاری خەڵكم، پێموایە دەبێت شتێكی جیاواز دروستبكەین، هەر موستەڵەحەكەی تائێستا لەرووم نەهاتووە بڵێم سیاسی یان حزب، ئەو رۆژەش نمونەیەكم هێنایەوە پەرژینێكی قایم بێت لەڕووی جەنابتانو خوێنەران، جارێكی تر دەیڵێمەوە: حزب دەبێت وەكو جوتەپێڵاو سەیری بكەی، خزمەتی كردیت بەكاریبهێنە، خزمەتی نەكردی رێك فڕێی بدەو جوتێكی تازە بكڕە، من پێموایە ئێستا خەڵك دەتوانن من وەكو ئەداتێك بەكاربهێننن بۆ خزمەتكردنی خۆیان بۆ دروستكردنی فشار لەسەر یەكێتیو پارتی، بۆئەوەی ئەگەر شتێك لە عەقڵی ئابوریو عەقڵی ئیداریمان هەبێت لەم وڵاتەی خۆماندا سەرفی بكەینو حەیاتی خەڵك خۆش بكەین، من هاتووم ئەمەوێت ئەو شتە پارەیەی كە دەستمكەوتووە لەگەڵ ئەم ئیمكانیەتەی كە هەمە لە وڵاتەكەی خۆمدا سەرفی بكەم، جا ئێستا ئێوە پێی دەزانن، خەڵكی تر 10 ساڵی تر پێی دەزانێ، 50 ساڵی تر پێی دەزانێ، من بۆ ویژدانی خۆمی دەكەم، گرنگ نییە، من پێموایە، ئەوەی راست بێت، راستی لە كۆتایدا دەردەكەوێ، ئەوەی ساختەچیو درۆزنیش بێت، لە كۆتایدا ساڵێكی تر دوو ساڵی تر هەر دەردەكەوێت، من شتێك بۆ مێژوو دەكەم كە بمێنێتەوە، ئەم تۆمارە دەنگییەی ئێمەش بۆ داهاتوو دەمێنێتەوە، بەس هیوادارم كە مردم یان لەژیاندا نەمان ئەوكاتە نەڵێن وەڵا شاسوار راست دەكات، هیوادارم ئێستا خەڵك تەقیمێك بۆ ئەم قسانەی من بكات، بزانن من راست دەكەم یان نا.
درەو میدیا: لەدوای پرۆسەی ریفراندۆمەوە جوڵانەوەی نەوەی نوێو میدیاكانی نزیك لە ئێوە بەردەوام وای نیشان دەدەن كە پێشبینییەكانی شاسوار عەبدولواحید راست دەردەچن، ئێوە پێشبینیتان بۆ چوار ساڵی داهاتووی حوكمڕانی لە هەرێمی كوردستان چۆنە ؟
شاسوار عەبدولواحید: من پێموایە لە چوار ساڵی داهاتوودا شتێكی ئەوتۆ ناگۆڕێت، لەبەرئەوەی تۆ لە كۆتایدا لەبیرت نەچێ یەكێتیو پارتی لەسەر حوكمن، مەگەر ئەوەی ئێمە بتوانین متمانەیەكی خەڵك بەدەستبهێنینو فشارێكی گەورە دروستبكەین، یان هەندێك وەزعی ئیقلیمیو نێودەوڵەتی بێتەپێشەوە، بەڵام ئەوەی كە گرنگەو دەگۆڕێت، ئەوەیە كە ئێمە لە چوار ساڵی داهاتوودا دەتوانین هێزێكی سیاسی نوێی جیاواز بهێنینە مەیدانەكەوە بەپشتوانی خەڵك بە پشتیوانییەكی زیاتر خەڵك كە دوو شت بكات، یەكەم: ببێتە بەدیل بۆ دەسەڵاتی یەكێتیو پارتی بۆ دوای چوار ساڵ، هیوادارم خەڵك لەم قسەیەی من ساردنەبێتەوە، من بەلامەوە گرنگ نییە، چوار ساڵی تر هەشت ساڵی تریش ئەم وڵاتەمان بگۆڕێت زۆر زۆر باشە، بیر لە منداڵەكانتان بكەنەوە، ئێمە ئەگەر 10 ساڵ پێش ئێستا یەكێك هەوڵیبدایە وڵاتەكەمان بگۆڕێت، ئێستا ژیانمان زۆر خۆشتر دەبوو، ئەوروپاو زۆرێك لەو وڵاتە پێشكەوتووانە بە 100 ساڵ بە 200 ساڵ گۆڕاون، هەموو جارێك بەریتانییەكان پێم دەڵێن ئێمە بە 800 ساڵ ئەم دیموكراسییەی ئێستامان هەیە، بۆیە ئەم هێزە سیاسییەی كە ئێمە باسی دەكەین كە من هیوام پێیەتی لەماوەی چوار ساڵی داهاتوودا، دووشت دەگۆڕێت، یەكەم: دەمانەوێت وەكو هێزێكی بەدیل بۆ یەكێتیو پارتی كە لەداهاتوودا پشتی پێ ببەسرێت، دووەم: فشارێكی وا لەسەر یەكێتیو پارتیو دەسەڵات دروستبكەین كە لانی كەم بتوانێت وەكو رابردوو هێندە بێمنەت نەبێ كە بەهەموو شێوەیەك غەدر لە خەڵك بكەن، وابكەین تۆزێك وەزعی خەڵك باشتر بكەینو فشارێك دروستبكەین وەزعی خەڵكك باشتر ببێت.
درەو میدیا: پێتوانییە لە چوار ساڵی داهاتوودا لەڕووی ئابورییەوە دۆخی خەڵك باشتر دەبێت؟
شاسوار عەبدولواحید: بەڵێ، ئێستەش تۆزێك باشتر بووە، ئەم شەش مانگەی كۆتایی باشتربووە لەچاو ساڵێك دوو ساڵ لەمەوپێشدا، من پێموایە هاوڵاتیان بە تەنیا كێشەی موچەیان نییە، چونكە كێشەی موچە دروستكراوە، خەڵك كێشە كۆنەكانیان هەرماوە، بەڵام ئێستا دۆخی خەڵكیان واخراپكردووە كە ئێمە ئاوات بخوازین بەس كێشەی موچە چارەسەر بكرێت، ئیتر كێشەمان نییە، من پێموایە بەچاكبونەوەی مووچەش خەڵك هەر كێشەی هەیە، ئەزانی هیچ شتێك بەقەد ئەوە ناخۆش نییە ئینسان كەرامەتی پارێزراو نەبێت، تۆ لەناو هەولێردا ئێستا دیقەتی بدە ئەكرێت لە هەر ساتێكدا هەموو هاوڵاتییەكی هەولێر خوانەخواستە ئیهانە بكرێت لەلایەن بنەماڵەیەكەوە، لەلایەن دەزگای ئەمنییەوە، هەولێریان كردووە بە سجن، لەناو سلێمانیدا پەنجا ئاغاو كوێخامان بۆ قوتبوەتەوە، لێرە بنەماڵە پەنجا سەری هەیەو كەس نازانێ لەگەڵ كێدا تەعامول بكاتو كەس نازانێ كێ گەورەیە، خەڵك دەچەوسێننەوەو خەڵك هەست بە زوڵم دەكات، خەڵك سەیر دەكات مامۆستایەكی باشی زانكۆیەو ئەوەی لە تەنیشتیەوەیە هیچ نازانێ بەڵام لەبەرئەوەی كە حزبییە ئەو دەچێتە پێشەوە، خەڵك سەیر دەكات رۆژنامەنوسێكی باشە قەدری ناگیرێت، بەڵام رۆژنامەنوسێكی زۆر زۆر خراپ، پەرژینێكی قایم بێت لەڕووی جەنابتانو خوێنەران، چڵكاوخۆرێك مانگ هەیە دەفتەرێكی دەدەنێ لەبەرئەوەی ماستاو بۆ فڵانە حزب دەكات، خەڵك سەیر دەكات مامۆستایەكی ئاینی بەڕێز لەبەرئەوەی پێگەیەكی هەیەو كەسایەتی خۆی نەفرۆشتووە ئەیچەوسێننەوە، بەڵام پیاوێكی ئاینی تر كە بووە بە كادرێكی حزبی معاشی زیاترە، ئەم زوڵمو چەوسانەوەو جیاوازییە لە هەموو سێكتەرەكاندا، لەناو دكتۆرەكان، لەناو گەنجەكانماندا كە ئێستا خوێندنو هەلی كاریان نییە، من پێموایە ئەم كێشانە لەماوەی ئەم چوار ساڵەدا بە یەكێتیو پارتی چارەسەر نابێت، لەبەرئەوەی بنەماڵەی تاڵەبانیو بارزانی لەسەر یەك بنەما دەتوانن بمێننەوە كە هەندێك خەڵك وەلائی بۆ ئەوان هەبێت، كە ئەم وەلائە هەبوو جیاوازی ئەبێت، كە جیاوازی هەبوو زۆرینەی خەڵك ناڕازی دەبێت، تۆ تەسەور بكە ئێستا یەكێتی موبایلێك بۆ كەسێك بكڕێتو بە هەدیە بیداتێ، سەد كەسی تر عاجز دەبنو دەڵێن من چیم لەو كەمترە، بۆچی وا بۆ ئەو دەكەی، ئەرزەیەك بدات بەهەمان شێوە، كەسێك تەعین بكات، سەدانو هەزاران كەسی تر هەن كە لەو شایستەترن كە تەعین ناكرێن، پارتی بەهەمان شێوە، بۆیە كێشەكە بەو شتە شەخسییانە چارەسەر نابێت، من پێموایە نەهێشتنی زوڵمو جیاوازییەكە بە دورخستنەوەی ئەم دوو حزبە دەبێت لە دەسەڵات.