سیستمی كۆماری سەرۆكایەتی لە كوردستان پەیڕەودەكرێت
2019-05-09 14:57:56
د. شێركۆ كرمانج
( ١-٤ )
سەرەتایەك
لە رۆژی ٢٢-٨-٢٠٠٦ یەكەمین رەشنوسی دەستوری هەرێمی كوردستان خرایەبەردەستی هاوڵاتیان بۆ سەرنجو تێبینی نوسین بەمەبەستی دەوڵەمەنتركردنی. دیارە بێجگە لە سەرنجو تێبینی، رەشنوسەكە رەخنەیەكی زۆریشی لەلایەن سیاسەتوانانو پارێزەرانو پسپۆرانو ئەكادیمانو رۆژنامەوانان لێگیرا. رەخنە زۆرەكان مانای ئەوە نەبوون كە دەستورەكە هیچ خاڵی باشی تێدا نییە بەڵام رەشنوكە هەندێك ماددەو بڕگەو چەمكو پەیامی لەخۆگرتبوو كە جێگای هەڵوەستەكردن بوونو نەدەكرا بەسەریاندا تێپەڕین. سەرەڕای ئەمە، دەستورە رەشنوسەكە بە دەستكارییەكی زۆر كەمەوە لە هاوینی ٢٠٠٩ لە پەرلەمانی كوردستان دەنگی لەسەردراو تێپەڕێندراو بوو بە پڕۆژە دەستور.
بەپێی بڕیارو پێكهاتنەكانی پەرلەمان دەبوایە پڕۆژە دەستوركە لەلایەن خەڵكی هەرێمەوە دەنگی لەسەر بدرایە بۆئەوەی ببێت بە دەستورێكی هەمیشەیی.
ئەوە بۆ سێزدە ساڵ دەچێت كەچی پرۆژە دەستورەكە هەروا لە چاوەڕوانی ئەوەدایە بخرێتە دەنگدانەوە. دیارە بێجگە لە رەخنەكانی خەڵكی كوردستان پرۆژەكە رەخنەی لایەنە عێراقییەكانیشی لێكەوتەوەو ئەمریكاش وەدەنگ هات، واپێدەچێت ئەمانە هەموو هۆكار بووبن بۆ راگرتنی دەستورەكەو نەناردنی بۆ دەنگدان.
لە دوای خۆپیشاندانەكانی ٢٠١١ رەخنەكان لەسەر پرۆژەكە چڕتربوونەوەو پەرلەمانی كوردستان بڕیارێكی دەركرد بە كۆی دەنگ بۆ گێڕانەوەی پرۆژەكە بۆ پەرلەمان. ئەم بڕیارە دیزە بە دەرخۆنەی پێكرا. بەڵام دوای ئەوەی جەلال تاڵەبانی، سەرۆك كۆماری عێراقو سكرتێری گشتی یەكێتی نیشتیمانی كوردستان لەگەڵ نەوشیروان مستەفا ئەمین، رێكخەری بزوتنەوەی گۆڕان كۆبوونەوەیەكیان لە ٢٤ ئەیلولی ٢٠١٢ كرد، هەردوولا لە بەیاننامەیەكدا هاوڕایخۆیان دەربڕی لەسەر گەڕاندنەوەو هەمواركردنی پرۆژە دەستورەكە "بەشێوەیەك كە تەوافوقی هەمولایەنەكانی لەسەر بێتو سیستمی سیاسی كوردستان لەگەڵ بنەمای سیستمی سیاسی عیراق، كە لە دەستوری عێراقدا پەسەندكراوە بگونجێنرێتو بكرێت بە سیستمی پەرلەمانی" (ماڵپەڕی سبەی ٢٤ ئەیلولی ٢٠١٢).
یەكێك لەو ماددە سەرەكییانەی كە پێش كۆبوونەوەكەی گۆڕانو یەكێتیو دواتریش مشتومڕێكی زۆری لەسەر كرا سیستمی سیاسی/حوكمڕانی هەرێم بوو وەك ئەوەی لە دەستورەكە پێناسەی بۆ كراوە كە مەبەست لێی ئەوەیە بكرێت بە سیستمی پەیڕەوكراو لە كوردستان لە دواڕۆژ، ئەمە ئەگەر نەڵێین كە هەر ئێستاكانی پێش دەنگ لەسەردانیش پەیڕەو لە سیستمی سەرۆكایەتی دەكرێت. بەپێی پرۆژە دەستورییەكە كوردستان هەرێمێكە لەناو دەوڵەتی فیدرالی عێراق كە "سیستمە سیاسییەكەی پەرلەمانی، كۆماری، دیموكراتییە". دیارە ئەوەی لە واقعدا ئێستا پراكتیز دەكریت یەكناگرێتەوە لەگەڵ پێناسەكە چونكە سیستمی كۆماری/سەرۆكایەتی نەك پەرلەمانی لە كوردستان پەیڕەودەكرێت. هاوكات ئەوەی كە پێناسەش كراوە هەر هەڵەیە چونكە ئەو سیستمەی كە مەبەستە لە پێناسەكە سیستمی پەرلەمانی كۆماری نییە بەڵكو سیستمی نیمچە-سەرۆكایەتییە/كۆماریییە، وەك لە ماددەكانی دیكەی دەستورەكە دەردەكەوێت.
لە چەند ڕۆژی ڕابردو جارێكی دیكە پرسی جۆری سیستەمی سیاسی لە هەرێم لە پەرلەمانی كوردستان گفتوگۆ كرا. ئەمجارە نەك لە چوارچێوەی دەستوری هەرێم بەڵكو لە میانی یاسای كاراكردنەوەی دامەزراوەی سەرۆكایەتیی هەرێمی كوردستان. یاسای كاراكردنەوەی دامەزراوەی سەرۆكایەتیی هەرێمی كوردستان بەناڕاستەخۆ سیستەمی سەرۆكایەتی لە هەرێمی كوردستان، لانیكەم تا پەسەندكردنی دەستوری هەمیشەیی، دەسەپێنێت. بۆ بەچاكی دەزانین جارێكی دیكە ئاوڕ لەو بابەتە بدەینەوە.
وتارو باسی دیكە زۆر نوسراوە لەسەر ئەم بابەتەو زۆربەیان كۆكن لەسەر ئەوەی كە سیستمی سەرۆكایەتی بەكەڵكی كۆمەڵگای كوردستانیی نایەتو پێشنیازی سیستمی پەرلەمانی دەستوری دەكەن. ئەم بابەتە كە بە چوار بەش بڵاودەكرێتەوە هەوڵدەدات بە گەڕانەوە بۆ ئەو لێكۆڵینەوە زانستییانەی لەسەر ئەزموونی گەلانو وڵاتانی دیكە ئەنجامدراون پەنجە لەسەر چەند بابەتێك دانێت. لەوانە، یەكەم، ناساندنو پێناسەی هەردوو مۆدێلە سیاسییەكە، پەرلەمانی و سەرۆكایەتی، ئاوڕێكیش لە نیمچە سەرۆكایەتی دەداتەوە. دووەم، خاڵە بەهێزو لاوازەكانی هەردوو مۆدێلەكە. سێیەم، هەر بە پشتبەستن بە لێكۆڵینەوەكان هەوڵدەدات كە پێشنیازی ئەو مۆدێلە بكات كە بە گونجاوتر دەزانرێت بۆ ئەو وڵاتانەی وەك كوردستان لەسەرەتاكانی گەشەی دیموكراسیدان.
ناساندنو پێناسەی سیستمی پەرلەمانیو سەرۆكایەتی
چەندین سیستمی سیاسی بۆ حوكمڕانی لە جیهاندا هەیە، بەڵام مەبەستی ئەم بابەتە قسەكردنە تەنها لەسەر دوو مۆدێل: پەرلەمانی (وەك بەریتانیا، ئوسترالیا، ئەڵمانیا) لەگەڵ سەرۆكایەتی (وەك ئەمریكا). كە باس لە سەرۆكایەتی دەكەین مەبەستمان سیستمە نیمچە-سەرۆكایەتییەكانیشە (وەك فەرەنسا)، كە تێیاندا هەم سەرۆكێكی راستەخۆ هەڵبژێردراو هەیەو هەم سەرۆك وەزیرانێكی كاندیدكراو لەلایەن سەرۆكو دەنگپێدراو لەلایەن پەرلەمان. باس لە سیستمی دیموكراسی تەوافیقی ناكەین (وەك سویسرا). سیستمە نادیموكراسییەكانیش لە باسەكە وەلانراون چونكە خەمی ئێمە ڕزگاربوون یان ڕێگریكردنە لەم ئەزمونانە نەك كۆپیكردنو لاسایكردنەویان.
سیستمی پەرلەمانتاری مۆدێلێكی دیموكراسی حوكمكردنە كە تێیدا حكومەت (دەسەڵاتی جێبەجێكەر/كابینە) شەرعیەت لە پەرلەمان (دەسەڵاتی یاسادانان/تەشریعی) وەردەگرێتو بەرپرسیشە لە بەرابەری، واتە پەرلەمان وەك دەزگایەك كە نوێنەرایەتی گەل دەكات چاودێریو لێپێچینەوە لە حكومەت دەكات. لەم حاڵەتە حكومەتو پەرلەمان تێكئاڵاونو تەواوكەری یەكدین. لە سیستمی پەرلەمانی دیموكراسی سەرۆكی دەوڵەت (head of state) كەسێكی جیایە لە سەرۆكی حكومەت (prime minister). لەم جۆرە سیستمەدا دەكرێت پاشا/ئیمپراتۆر یان حاكمێك ببێت بە سەرۆكی دەوڵەت/هەرێمو رۆڵێكی تەشریفاتی وەربگرێت (وەك بەریتانیا، سوید، یابان)، یان كەسێكی هەڵبژێردراو لەلایەن پەرلەمانەوە ببێت بە سەرۆكو ڕۆڵە تەشریفاتییەكە بگێڕێت (وەك ئێرلەندا، ئەڵمانیا، ئیتاڵیا)، سەرۆك وەزیرانیش دەبێت بە سەرۆكی حكومەت. هەرچۆنێك بێت، لە سیستمی پەرلەمانیدا حكومەتو پەرلەمان پشتبەیەكدی دەبەستن چونكە حكومەت دەبێت لەلایەن زۆرینەی پەرلەمانییەوە پشتیوانیلێبكرێتو دەشڕوخێت ئەگەر متمانەی لێوەربگرێتەوە، هاوكات حكومەت، زۆرجار بە هاوكاری لەگەڵ سەرۆكی دەوڵەت دەسەڵاتی هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمانی هەیەو دەتوانێت داوای هەڵبژاردنی پێشوەختە بكات.
بەپێچەوانەی سیستمی پەرلەمانی، سیستمی سەرۆكایەتی مۆدێلێكە لە حوكمڕانی كە تێیدا حكومەت (دەسەڵاتی جێبەجێكەر) لەلایەن كەسێكەوە بەڕێوەدەچێت كە پێیدەگوترێت سەرۆك، ئەو كەسە هاوكات هەم سەرۆكی دەوڵەتە (head of state) هەم سەرۆكی حكومەت (president). سەرۆك بەگشتی راستەوخۆ لەلایەن گەلەوە هەڵدەبژێردرێت. لە سیستمی سەرۆكایەتیدا دەسەڵاتی جێبەجێكەر دەسەڵاتێكی جیایە لە پەرلەمان (دەسەڵاتی یاسادانان). لەم سیستمەدا پەرلەمان توانای چاودێری هەیە بەسەر سەرۆك بەڵام دەسەڵاتی لێپێچینەوەی نییە لە سەرۆك لە حالەتی زۆر دەگمەن نەبێت، وەك ئەوەی لە ئەمریكا پێیدەگوترێت تانەلێدان (impeachment)، وەك لێپێچینەوەكەی كۆنگرێسی ئەمریكی لە بیل كلینتن لەسەر بوونی پەیوەندی سێكسی سەرۆك لەگەڵ مۆنیكا لویسكی. لە سیستمی سەرۆكایەتیدا سەرۆكو پەرلەمان هەر دەزگایەی لە ئاستی خۆی سەربەخۆیی خۆی هەیە. ئەمەش بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە كە هەم پەرلەمانتاران هەم سەرۆك راستەوخۆو بە جیا هەڵدەبژێردرێن، بۆیە هەردوولا شەرعیەتی خۆیان لە گەل وەرگرتووەو ئەمەش سەرچاوەی دەسەڵاتی هەردوولایەو هەرلایەنەش بەرنامەو مانداتی (mandate) خۆی هەیە.
مەبەستی ئەم بابەتە ئەوەندەی قسەكردنە لەسەر گونجاویو نەگونجاوی ئەم دوو مۆدێلەی حكومڕانی ئەوەندە قسەكردن نییە لەسەر بەراوردكردنی ئەم دوو سیستمە بۆیە زیاتر قسە لەسەر جیاوازییەكان ناكەینو گرنگی بە ئەزمونی گەلانی دنیا دەدەین لە پەیوەند بە هەڵبژاردنی سیستمەكەو كاریگەرییەكانی لەسەر گەشەی دیموكراسی هەم لەو وڵاتانەی ساڵانێكە پەیڕەو لە یەكێك لەو دوو مۆدێلە دەكەن هەم ئەو وڵاتانەش كە تازە چەند ساڵێكە یەكێك لەو سیستمانەیان هەڵبژاردوە.
یەكێك لە سەرچاوەكانی ئەم بابەتە توێژینەوەیەكە كە لەلایەن پرۆفیسۆر ئەلفرێد ستێپان (Alfred Stepan) كە پسپۆری بواری دیموكراتیزەكردنە لە زانكۆی كۆلۆمبیاو پرۆفیسۆر سیندی سكاچ (Cindy Skach) كە پسپۆرە لە بواری بەرواردكاریی دەستوریی لە زانكۆی هارڤەرد، ئەنجامدراوەو لە جۆرناڵی (World Politics) بڵاوكراوەتەوە.
دوابەدوای روخانی بلۆكی رۆژهەڵاتو رزگاربوونی كۆمەڵێك گەلانی ئەوروپای رۆژهەڵات لەژێر دەسەڵاتی سیستمە تۆتالیتارییەكانو دروستبوونی كۆمەڵێك دەوڵەتی نوێ، ئەم دوو پسپۆرە بەبنەما لەسەر ئەزمونی وڵاتانی دنیا بەراوردێكیان لەنێوان سیستمی پەرلەمانتارییو سەرۆكایەتیی ئەنجامدا. مەبەست لە توێژینەوەكەیان ڕێنمایكردنی ئەو وڵاتە تازەڕزگاربوو و تازەبەدیموكراسیبووانە بوو تاوەكو ئامۆژگاری نوخبەی سیاسی ئەو وڵاتانە بكەن داخۆ پەیڕەوكردنی كامە مۆدێل لەم دوو مۆدێلە زیاتر خزمەت بە گەلانی ئەو وڵاتانە دەكاتو دەكرێت ببێت بە نمونەو مۆدێل بۆ گەلانی دیكە لە ناوچە جیاجیاكانی جیهان. بۆیە نرخی ئەم لێكۆڵینەوەیە بۆ خەڵكی كوردستان بەگشتیو نوخبەی سیاسی كوردستان بەتایبەتی، كە ئێستا لەسەروبەندی نوسینی دەستورنو لە خەمی هەڵبژرادنو دیاریكردنی سیستمی حكومڕانین، بایەخێكی بێپایانی هەیە.
لە سێ بەشی داهاتووی ئەم زنجیرە وتارە ئەو داتایانە دەخەینەڕوو كە چەندین توێژەرو ئەكادیمی پێیگەیشتوون، لەژێر رۆشنایی ئەنجامەكانی توێژینەوەكانو ئەزمونی گەلانی دنیا هەوڵدەدەین پەیوەستیان بكەین بە بارودۆخی كوردستان ئەنجامگیریان لێبكەین.