سندوقی نیشتمانی بۆ دیموکراسی پاڵپشتی دارایی درەو دەکات

هەواڵ

ڕاپۆرت

خارگ... ئەو دوورگەیەی چارەنووسی جەنگ دیاریدەکات

پەڵە بەردێک کە لە بیست کیلومەتری چوارگۆشە تێپەڕناکات، کۆنتڕۆڵی (95%)ی هەناردەی نەوتی ئێران دەکات. ئەوەی کۆنتڕۆڵی خارگ بکات، کلیلێک لە ئاڵۆزترین ململانێەکانی ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، و ڕەنگە چارەنووسی تەواوی ڕژێمی ئێرانیشی بەدەستەوە بێت. کەواتە چی سەبارەت بە دوورگەی خارگ دەزانین؟

بڵاوکراوەتەوە لە : 7 ئەیلوول 2026

خارگ... ئەو دوورگەیەی چارەنووسی جەنگ دیاریدەکات

قەبارەی دەقەکان

قەبارەی دەقەکان

شیكاری: درەو 

 

🔹 پەڵە بەردێک کە لە بیست کیلومەتری چوارگۆشە تێپەڕناکات، کۆنتڕۆڵی (95%)ی هەناردەی نەوتی ئێران دەکات. ئەوەی کۆنتڕۆڵی خارگ بکات، کلیلێک لە ئاڵۆزترین ململانێەکانی ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، و ڕەنگە چارەنووسی تەواوی ڕژێمی ئێرانیشی بەدەستەوە بێت. کەواتە چی سەبارەت بە دوورگەی خارگ دەزانین؟

🔹 لێکەوتەکانی کۆنتڕۆڵکردنی خارگ تەنها لە ناوخۆی ئێراندا نامێننەوە، بەڵکو درێژدەبنەوە بۆ گرتنەوەی ئاسایشی وزەی جیهانی.

🔹 بەشە هەرە گەورەکەی هەناردەی خارگ ڕوو لە چین دەکات، بۆیە هەر زەبرێک بۆ خارگ تەنها ئازار بە تاران ناگەیەنێت، بەڵکو سێبەر دەخاتە سەر پەیوەندییەکانی ئەمریکا و چین لە لووتکەی گرژییە بەردەوامەکانیاندا.

🔹 ڕاپۆرتە ئەمریکییەکان ئاماژ بەوە دەکەن کە عێراق هێرشی بەردەوامی کردووەتە سەر دامەزراوەکانی خارگ لە 1980 تا 1988، زیاتر لە (2 هەزار) جار کەوتۆتە بەر هێرشی ئاسمانی، بەڵام هیچ کاتێک بە تەواوی لەکار نەکەوتووە.

 

سەرەتا

پەڵە بەردێک کە لە بیست کیلومەتری چوارگۆشە تێپەڕناکات، کۆنتڕۆڵی (95%)ی هەناردەی نەوتی ئێران دەکات. ئەوەی کۆنتڕۆڵی خارگ بکات، کلیلێک لە ئاڵۆزترین ململانێەکانی ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، و ڕەنگە چارەنووسی تەواوی ڕژێمی ئێرانیشی بەدەستەوە بێت. کەواتە چی سەبارەت بە دوورگەی خارگ دەزانین؟

لە دڵی کەنداو، و لە دووری نزیکەی (25) کیلومەتر لە کەناراوەکانی ئێران، دوورگەیەک هەڵکەوتووە کە ڕووبەرەکەی لە (20) کیلومەتری چوارگۆشە تێپەڕناکات و (دێژییەکەی 8 کم، پاناییەکەی 4 کم)ە، بەڵام جڵەوی شادەماری ژیانی یەکێک لە ئاڵۆزترین سیستمە سیاسییەکانی جیهانی بەدەستەوەگرتووە.

شارەزایان و شیکارکاران دوورگەی خارگ وەک "سییەکانی" ئابووریی ئێران و گەنجینەی نهێنییەکانی هێزی دارایی تاران دەبینن. لەگەڵ سەرهەڵدانی ئۆپەرسیۆنەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل لە شوباتی 2026دا، ئەم دوورگە بچووکە کەوتە ناو سەنتەری بایەخی چەندین لایەنەوە. ئەوەی دوورگەکە دەکاتە تەوەری ململانێی ئێستا ژمارەیەکە: لە نێوان (90 – 95%)ی هەناردەی نەوتی ئێران ڕۆژانە بە ناو ئەودا تێپەڕدەبێت.

 

جوگرافیا ستراتیژ دروستدەکات

لە کاتێکدا زۆربەی کەناراوەکانی ئێران بە تەنکیی ئاوەکانیان دەناسرێنەوە کە ڕێگری لە لەنگەرگرتنی نەوت هەڵگرە زەبەلاحەکان دەکات، خارگ لەنگەرگەیەکی سروشتیی قووڵی ڕەخساندووە کە توانای پێشوازیکردنی لە گەورەترین نەوت هەڵگر (سوپەر تانکەر)ەکانی جیهان هەیە، تەنکیی ئاوی کەنداو ئەوەیە کە خارگ دەگوڕێت بۆ "ڕستەی زێڕین" لە سیستمی وزەی ئێراندا، چونکە هیچ بەندەرێکی تر لە بەردەستی تاراندا نییە کە ڕێگە بە بارکردنی نەوت هەڵگرە زەبەلاحەکان بدات بە هەمان شێواز، هەروەها شوێنەکەی دەیکاتە "یەکێک لە هەستیارترین خاڵە ستراتیژییەکان لە تۆڕی نەوتی جیهانیدا، دوو تێرمیناڵی هەیە، بە جۆرێک؛

1.    تێرمیناڵی ڕۆژهەڵات

·      درێژی: (1.8) کیلومەتر.

·      توانای لەنگەرگرتن: 10 بەلەمی نەوت هەڵگر بەسەر یەکەوە تا قەبارەی (250 هەزار) تۆن.

2.    تێرمیناڵی ڕۆژئاوا 

·      توانای لەنگەرگرتن: نەوت هەڵگرە زۆر گەورەکان تا قەبارەی (500 هەزار) تۆن.

·      قووڵی ئاو: زیاتر لە 30 مەتر (ڕێگە بە گەورەترین نەوت هەڵگرەکانی جیهان دەدات لەنگەر بگرن).

دوورگەکە (38) کیلومەتر لە بەندەری گۆناوە (لە پارێزگای بوشەهر) و (483) کیلومەتر لە باکووری ڕۆژئاوای گەرووی هورمزەوە دوورە، و بە کێڵگە نەوتییە گەورەکانی خوزستانەوە لە وشکانی دەبەسترێتەوە لە ڕێگەی تۆڕێکی بۆری کە لەژێر کەنداو پەڕیوەتەوە. توانای کۆگاکردنی دوورگەکە لە ئێستادا (28.3 ملیۆن) بەرمیلە، لەگەڵ توانای بارکردن کە دەگاتە (7 ملیۆن) بەرمیل لە ڕۆژێکدا. نەوت لە کێڵگە نەوتییەکانی خوزستان (وەک ئەهواز، گەچساران، مارون) لە ڕێگەی چەندین بۆری ژێر زەوی و ژێر ئاوەوە بەرەو دوورگەکە دەڕوات.

 

خارگ و ئابووریی ئێران

داتاکانی کۆمپانیای Kpler" " بۆ بەدواداچوونی باری وزە ئاماژە بەوە دەکەن کە تێکڕای ئاسایی ڕەوتی نەوت لە ڕێگەی خارگەوە لە نێوان (1.3 بۆ 1.7 ملیۆن) بەرمیلە لە ڕۆژێکدا لە کاتی ئاشتیدا، کە بڕبڕەی پشتی بودجەی ئێران پێکدەهێنێت. بەر لە هەڵگیرسانی جەنگ، ئێران هەناردەکردنی خۆی بەرزکردەوە بۆ ئاستێکی پێوانەیی کە لە (3 ملیۆن) بەرمیلی ڕۆژانە تێپەڕی لە نێوان 15-20 شوباتی 2026دا.

چاودێران پێیان وایە هەر پەککەوتنێکی بەردەوام لە خارگ دەستبەجێ لە داهاتی حکومەت دەدات، ئەم ڕاستییە بە ڕوونی لە کاتی جەنگی ئێران و عێراقدا دەرکەوت. بۆیە تاران لە زووەوە هەستی بەم مەترسییە کردووە؛ بەپێی چاودێریکردنی وێنە سەتەلایتییەکان، لە سەرەتای هەڵگیرسانی جەنگەکەوە دەستی کردووە بە بەتاڵکردنی کۆگا دەریاییەکانی دوورگەکە بۆ ئامادەکاری بەرامبەر خراپترین سناریۆکان.

 

خارگ و وانەی مێژووی خویناوی

ڕووداوە مێژووییەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە خارگ چارەنووسی جەنگی ئێران و عێراقی لە نێوان ساڵانی 1980 و 1988دا دیاریکرد. لەو کاتەدا عێراق بە زوویی لەوە تێگەیشت کە ڕێگەی سەرکەوتنی ئابووری لە ڕێگەی خارگەوە تێپەڕدەبێت نەک تەنها لە ڕێگەی مەیدانەکانی خوزستان و زۆنگاوەکانی باشوورەوە.

لە ساڵی 1984دا، سەرۆکی ئەوکاتی عێراق سەدام حسین ستراتیژیی جەنگی لە وشکانی تەنهاوە گواستەوە بۆ ستراتیژیی "جەنگی نەوت هەڵگرەکان"، کە تێیدا هێزی ئاسمانیی خۆی ئاڕاستەی خارگ و نەوت هەڵگرە بازرگانییەکان کرد. بەڵگەنامەیەکی سەنتەری "ستراوس"ی ئەمریکی بۆ لێکۆڵینەوە ئاسایشییەکان دەریدەخات کە ئامانجی عێراق تەنها تێکدانی خارگ نەبوو، بەڵکو هاندانی ئێران بوو بۆ داخستنی گەرووی هورمز، کە ئەوەش دەبووە هۆی دەستوەردانی ئەمریکا دژی.

ڕاپۆرتە ئەمریکییەکان وەسفی ئەوە دەکەن کە عێراق هێرشی بەردەوامی کردووەتە سەر دامەزراوەکانی خارگ لە 1980 تا 1988، زیاتر لە (2 هەزار) جار کەوتۆتە بەر هێرشی ئاسمانی، بەڵام هیچ کاتێک بە تەواوی لەکار نەکەوتووە.

بەڵام ئێران بە پێچەوانەی پێشبینیی چاودێرانەوە بە توانای خۆڕاگری و ڕاهاتنی دەرکەوت، چونکە سیستمی "نەوت هەڵگریی شوێنی" داهێنا، کە ئاسۆیەکی (20) نەوتکێشی بچووک بوو بە فڕۆکە جەنگییەکانی ئێران دەپارێزران، نەوتی لە خارگی بۆردومانکراوەوە دەگواستەوە بۆ دوورگەی لاراکی نزیک لە هورمز، لەوێشەوە نەوت هەڵگرە بێلایەنە گەورەکان دەیانگواستەوە بۆ بازاڕە نێودەوڵەتییەکان، ئەمەش بەشێکی گرنگی ئابووریی ئێرانی ڕزگار کرد سەرەڕای گەمارۆی ئاسمانی. بۆیە چاودێران پێیان وایە ئەم وانەیە ئەمریکا بەکراوەیی دەهێڵێتەوە: چونکە خارگ تووشی برینداربوون دەبێت، بەڵام ڕەنگە نەکرێت بە تەواوی بێدەنگ بکرێت.

ئەوەی لە کۆتاییدا جەنگەکەی کۆتایی پێهێنا ئەو گوشارە ئابوورییە کەڵەکەبووە بوو بەهۆی داخرانی خارگ و جەنگی نەوتهەڵگرەکان، هاوشان لەگەڵ ئۆپەرسیۆنی "پڕەینگ مانتیس"ی ئەمریکی کە یەکە دەریاییەکانی ئێرانی لە نیسانی 1988دا تێکدا، و خستنەخوارەوەی فڕۆکە مەدەنییە ئێرانییەکە لە تەمموزی 1988دا. هەموو ئەم شتانە بە یەکەوە "تاران"یان ڕازی کرد بڕیاری وەستاندنی جەنگ بدات، واتا شەکەتکردنی ئێران لە ڕووی ئابوورییەوە لە ڕێگەی پەکخستنی خارگەوە یەکێک بوو لە هۆکارە بڕیارپێدراوەکان بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگەکە.

 

ئێران لە ڕووی سیاسییەوە چی لەدەستدەدات؟

شارەزایان پێیان وایە کۆنتڕۆڵکردنی خارگ وەک بوومەلەرزەیەک دەبێت لە دڵی هاوکێشەی سیاسیی ناوخۆیی ئێراندا. چاودێران پێیان وایە لە ڕووی مێژووییەوە ئەوە سەلماوە، دەستدرێژیی بیانی بۆ سەر سامانی نیشتمانیی ئێران شەپۆلێکی نەتەوەیی دروستدەکات کە ئێرانییەکان لە پشت ڕژێمەکەیان کۆدەکاتەوە تەنانەت ئەگەر ڕقیشیان لێی بێت. ئەوەی لە جەنگی ئێران و عێراقدا ڕوویدا کاتێک گەلی ئێران لە دەوری ڕابەری باڵا خومەینی کۆبوونەوە بۆ بەرگریکردن لە نیشتمان نەک لە ڕژێم.

بەڵام دیوەکەی تری هاوکێشەکە هێندەی ئەوە مەترسیدارە، ئەگەر دەوڵەت کورت بهێنێت لە دانی مووچەی فەرمانبەرانی و دابینکردنی پاڵپشتیی سووتەمەنی و کەلوپەلە بنەڕەتییەکان بەهۆی بڕانی داهاتەکانی خارگەوە، ئەوا بێزاریی جەماوەری دەکرێت لە توڕەیی بەرامبەر دوژمنی دەرەکییەوە بگۆڕێت بۆ توڕەیی بەرامبەر ڕژێمێک کە نەتوانێت ئابوورییەکەی بپارێزێت.

هەروەها ڕەهەندێکی سێیەم هەیە پەیوەندیدار بە قۆڵە ناوچەیییەکانی ئێرانەوە، حزبوڵا لە لوبنان، حووسییەکان لە یەمەن و گروپە هاوپەیمانەکان لە عێراق ڕاستەوخۆ پشت بە پاڵپشتیی دارایی ئێران دەبەستن کە لە ڕێگەی نەوتەوە دابین دەکرێت. بڕینی ئەم پاڵپشتییە داراییە "تەوەری بەرگری" تووشی شڵەژان دەکات، کە ئەمەش هاوئاوازی هێزە ناوچەیییەکان بە شێوەیەکی بنەڕەتی دەگۆڕێت کە زۆر لە سنوورەکانی ململانێی دووقۆڵی تێپەڕدەکات. لەم بارەیەوە ئەمریکییەکان ئەم کاریگەرییە ناوچەیییە گشتگیرە باش دەزانن، کە ئەمەش ڕەهەندێکی زیاتر بە قەبارەی ڕەهەندەکان دەبەخشێت.

 

ئەگەری داڕووخانی ئابووریی؟

ڕاپۆرتێکی "جەی پی مۆرگان" لە مارسی 2026دا مەزەندە دەکات کە کۆنتڕۆڵکردنی ئەمریکا بۆ سەر خارگ دەبێتە هۆی وەستانی نزیکەی تەواوەتیی هەناردەکردن و دابەزینی بەرهەمهێنانی نیشتمانی بۆ نیوە. ئەمە لە ڕووی کردارییەوە واتای ئەوەیە ئێران زیاتر لە (70%)ی سەرچاوەکانی دراوی قورسی وڵاتەکە لەدەستدەدات، لە وڵاتێکدا کە خۆی بەدەست ڕووخانی بەهای دراوی نیشتمانی و هەڵئاوسانی درێژخایەنەوە دەناڵێنێت، و بێ "خارگ" ڕووخانی دارایی تەواوەتی بۆ ئێران ڕوودەدات، شارەزایان و شیکارکاران هۆشداری دەدەن کە تێکدانی خارگ یان دەستبەسەرداگرتنی دەکرێت ڕووخانی ڕژێم خێراتر بکات، بەڵام لە هەمان کاتدا تاکە ئامرازی ئابووری تێکدەدات کە هەر حکومەتێکی جێگرەوە دەتوانێت لە ڕێگەیەوە ئێران دووبارە بنیات بنێتەوە. کارگەی نەوتی تێکدراو لە چەند مانگێکدا دووبارە ناخرێتەوە کار؛ لە جەنگی ئێران و عێراقدا، کارەکانی چاککردنەوە بۆ چەندین ساڵی درێژ دوای کۆتاییهاتنی بۆردومانەکە بەردەوام بوو.

 

لێکەوتە جیهانییەکان: کاتێک بازاڕی وزە دەهەژێت

لێکەوتەکانی کۆنتڕۆڵکردنی خارگ تەنها لە ناوخۆی ئێراندا نامێننەوە، بەڵکو درێژدەبنەوە بۆ گرتنەوەی ئاسایشی وزەی جیهانی. سەنتەری لێکۆڵینەوە ستراتیژی و نێودەوڵەتییەکان CSIS) ) لە شیکارییەکیدا لە شوباتی 2026دا مەزەندە دەکات کە هەر هێرشێک بۆ سەر دامەزراوەکانی خارگ دەبێتە هۆی بەرزبوونەوەی بەهای نەوتی جیهانی بە نزیکەی (10) دۆلار بۆ هەر بەرمیلێک لە قۆناغی یەکەمدا، لە کاتێکدا بەهای خاوی برێنت دەکرێت لە ئاستی (100) دۆلار تێپەڕێنێت ئەگەر ململانێکە تاوبسێنێت، ئێستاش ئەو ڕاستییە سەلمێنراوە.

لەبەر ئەوەی بەشە هەرە گەورەکەی هەناردەی خارگ ڕوو لە چین دەکات، بۆیە هەر زەبرێک بۆ خارگ تەنها ئازار بە تاران ناگەیەنێت، بەڵکو سێبەر دەخاتە سەر پەیوەندییەکانی ئەمریکا و چین لە لووتکەی گرژییە بەردەوامەکانیاندا، و ئەگەر ئەمریکا دەست بەسەر دوورگەکەدا بگرێت، ئێران لە کڕیارە چینییەکەی دادەبڕێت، و هیچ کام لە دوو لایەنەکە نایانەوێت دانوستان بڕەخسێنن بۆ گەیشتن بە چارەسەر.

 

بۆچی واشنتۆن دوودڵە؟

لە ئازار و نیسانی 2026دا، هێزە ئاسمانییەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل زنجیرەیەک هێرشیان کردە سەر بنکە بەرگرییەکانی ئاسمانی، ڕادار و مووشەکی سوپای پاسداران لەسەر دوورگەی خارگ، نەک ڕاستەوخۆ بۆ سەر کۆگا و تێرمیناڵە نەوتییەکان. 

لە دوای ئەوەشەوە لەبری تەقاندنەوەی تاوەرەکانی بارکردنی نەوت لەسەر وشکانی دوورگەکە، ئەمریکا چەندین جار ڕاستەوخۆ هێرشی کردووەتە سەر ئەو کەشتییە نەوت هەڵگرانەی کە لە ئاوەکانی دەوروبەری دوورگەی خارگەوە نەوتیان بارکردبوو.

لە گەڵ ئەوانەشدا چەندین جار هەڕەشەی داگیرکردن یان بەتەواوی لەناوبردنی ژێرخانی دوورگەکە لەلایەن بەرپرسانی ئەمریکاوە کراوە تا گوشاری ئابووری بخەنە سەر تاران.

سەرەڕای گەورەیی ئەو کارتەی خارگ نوێنەرایەتی دەکات، واشنتۆن دوودڵییەکی بەرچاو لەبەرامبەر کۆنتڕۆڵکردنیدا دەردەبڕێت. ئەندریاس کریگ، مامۆستای لێکۆڵینەوە ئاسایشییەکان لە کینگس کۆلێژ لە لۆندۆن هۆشداری دەدات کە "خارگ بە باشی قەڵاڕێز و مینڕێژ کراوە، و پاراستنی ئامادەیی سەربازیی درێژخایەن تێیدا هێزەکانی ئەمریکا ڕووبەڕووی مەترسیی زۆر گەورە دەکاتەوە". ئەمریکییەکان لە ڕووی تیۆرییەوە توانای ئەوەیان هەیە هەستن بە پەکخستنی هەناردەکردن بە لێدانی ئاسمانی یان ئۆپەرسیۆنی دەریایی بێ ئەوەی بە کردەیی دوورگەکە داگیر بکەن.

بەپێی ڕاپۆرتێکی "جەی پی مۆرگان" کە لە ڕۆیتەرز لە مارسی 2026دا بڵاوکراوەتەوە ئاماژە بەوە دەکات کە سەرەڕای ئەوەی هێزەکانی عێراق لە ماوەی (8) ساڵدا بەردەوام بوون لە لێدان لە هەندێک دامەزراوە و نەوتهەڵگرەکان، کەچی خارگ لە زۆربەی کاتەکاندا بە کارایی مایەوە، بۆیە بێدەنگکردنی بە تەواوەتی پێویستی بە هێرشی بەردەوام و بەربڵاو هەیە. ئەم زانیارییانە نەخشەی هەژمارکردنەکان دووبارە دەکێشنەوە: تێکدانی تەواوەتی لە ڕووی ستراتیژییەوە تێچووی بەرزە، و داگیرکاری ئاڵۆزتر و مەترسیدارترە، و لێدانی بەشەکیی ڕەنگە ئامانجە مەبەستدارەکە نەپێکێت.

لەگەڵ ئەوانەشدا لە ئەگەری ئەوەی ترەمپ هێرش بکاتە سەر دوورگەکە، ئەو ئۆپەرسیۆنە—چ لە ڕێگەی ئاسمانییەوە بێت یان دەریایی—دەتوانێت مەترسی لەسەر ئاسایشی ئەمریکا دروست بکات. نزیکیی دوورگەی خارگ لە وشکانیی ئێرانەوە واتای ئەوەیە کە دەکرێت بە فڕۆکەی بێفڕۆکەوان (درۆن) و مووشەکی مەوداکورت بکرێتە ئامانج؛ ئەگەر هێزەکانی ئەمریکا لە دوورگەکەدا جێگیر ببن، ئەوا دەکەونە بەر مەترسیی هێرشەکانی ئێران. لە ڕاستیدا، سەرۆکی پەرلەمانی ئێران وشیاریی دا کە وڵاتەکەی "ئاگر بەسەر هێزەکانی ئەمریکادا دەبارێنێت" کە هەوڵی داگیرکردنی دوورگەکە بدەن. شارەزایان دەڵێن کەناراوە شاخاوییەکانی ئێران وا دەکەن ڕاداری ئەمریکا نەتوانێت بە خێرایی پێویست هێرشەکان دەستنیشان بکات تا بێکاریگەرییان بکات.

هەروەها دابینکردنی کۆمەک و کەلوپەل بۆ ئەو هێزانەی لە دوورگەی خارگ جێگیر دەبن بۆ ویلایەتە یەکگرتووەکان دژوار دەبێت، بەتایبەت لەبەر ئەوەی ڕێڕەوە ئاوییەکانی نزیک ئێران، بەتایبەتی گەرووی هورمز، بەتوندی بەسەربازی کراون. نزیکترین بنکە سەربازییە گەورەکانی ئەمریکا لە بەحرێن، کوێت و قەتەردان، کە هەموویان زیاتر لە 100 میل لە خارگەوە دوورن، ئەمەش وا دەکات هەر کەشتییەک کە ئەو مەودایە ببڕێت تووشی مەترسیی هێرش ببێتەوە. ئێران و بریکارەکانیشی دەتوانن مین لە زەوی/ئاو چێنن یان بە بەکارهێنانی ئەوەی پێی دەوترێت "پۆلە مێش" کە پێکهاتووە لە بەلەمی بچووکی هێرشبەر و چەکدار بە درۆن، مووشەک و ڕۆکێت—هێرش بکەنە سەر کەشتییەکان لە کەنداوی فارسدا.

ئێران هەروەها دەتوانێت تۆڵە لە دامەزراوە نەوتی و گازییەکانی ناوچەکە بباتەوە، کە ئەمەش بەهاکان زیاتر بەرز دەکاتەوە. چەندین شوێنی نزیک پێشتریش تووشی زیان بوونەتەوە.

لە ڕووی یاساییبوونی داگیرکردن یان دەستبەسەرداگرتنی ڕەنگکراوی دوورگەی خارگ لەلایەن ئەمریکاوە، یاسای نێودەوڵەتی ڕێگە بە هێرشکردنە سەر ژێرخانی مەدەنی دەدات تەنها ئەگەر باڵادەستی سەربازیی بەدەستهاتوو قەرەبووی ئەو زیانە مەدەنییە بکاتەوە کە دەگەیەنرێت. لانی کەم (8 هەزار) کەسی مەدەنی لەسەر دوورگەکە دەژین، کە ئەمه مەترسییە یاساییەکانی داگیرکاری یان دەستبەسەرداگرتنی ئەگەری زیاتر دەکات.

 

دوورگەیەک چارەنووسی جەنگەکان دیاریدەکات

لە کۆتاییدا، دوورگەی خارگ وەک زیاتر لە تەنها دامەزراوەیەکی نەوتی یان ئامانجێکی سەربازیی ئەگەری دەمێنێتەوە، هاوکات ئاوێنەیەکە مودێلی ئابووریی ئێران کە لەسەر داهاتی نەوت وەستاوە دەدروشێنێتەوە.

ئەمڕۆ و لە کاتێکدا مێژوو بە ئامرازی پێشکەوتووتر دووبارە دەبێتەوە، خارگ لە نێوان دوو سناریۆدا هەڵواستراو دەمێنێتەوە: یاخود وەک دوایین کارت دەمێنێتەوە کە ئێران دانوستانی پێوە دەکات و ئابووریی خۆی پێ دەپارێزێت، یاخود دەبێتە خاڵی وەرچەرخان کە هاوئاوازانی ململانێی ناوچەیی بۆ شتێک دەگۆڕێت کە گەڕانەوەی بۆ نەبێت. لە نێوان ئەم دوو ئەگەرەدا، جیهان هەناسەی ڕاگرتووە و دەڕوانێتە ئەو پەڵە بەردە مەڕجانییە بچووکە.

 

سەرچاوەکان

-        Will Merrow, Mariel Ferragamo and Diana Roy; Kharg Island: Iran’s Oil Hub That Trump Keeps Threatening to Take, Cfr, June 11, 2026, at;

https://www.cfr.org/articles/kharg-island-irans-oil-lifeline-and-a-tempting-u-s-target

-        Julia Gomez and Karissa Waddick: Kharg Island, explained: Why it matters in the Iran war, USA TODAY, Aug. 31, 2026, at;

 https://www.usatoday.com/story/news/world/2026/08/31/kharg-island-iran-oil-hub-explainer/91547181007/

-        Grace Eliza Goodwinand Max Matza: US and Iran trade retaliatory attacks on ships as conflict flares, BBC, Sep. 5, 2026, at;  

https://www.bbc.com/news/articles/cj64rrne643o

-        BOR REPORT, A look at Iran’s Kharg Island and energy sector, August 31, 2026, at;

https://tinyurl.com/2mb2mrd6

-        عماد حسن، ماذا ستفقد إيران إذا ما سيطر ترامب على جزيرة خرج؟، DW، 2026/3/13؛

https://tinyurl.com/2k4zv7k3

 

 

 

 

Untitled Media

 

Untitled Media

 

Untitled Media

 

دواین هەواڵەکان

زیاتر ببینە
null
٦ ئەیلوول ٢٠٢٦

ته‌سلیمبوون به‌ خراپه‌كاران

null
٥ ئەیلوول ٢٠٢٦

ئۆجەلان: تێکۆشانێکی سەختترمان لە پێشە

null
٥ ئەیلوول ٢٠٢٦

پرۆژەی گۆڕینی دینارو لابرنی سێ سفر.. چاکسازییەکی پێویست یان رووکەش؟