درەو:
ماڵپەڕی "ئاكسیۆس" لە راپۆرتێكدا دەڵێت، ترەمپ تاوتوێی وەشاندنی گورزێكی سنودار دەكات لە گەرووی هورمز بۆ رێگریکردن لە ئێران لە دووبارە بونیادنانەوەی تواناکانی.
بەپێی وتەی سێ بەرپرسی ئەمریکی، سەرۆک دۆناڵد ترەمپ و یاریدەدەرە باڵاکانی تاوتوێی هەنگاوێكی لەوشێوە دەكەن بە مەبەستی رێگریکردن لە ئێران لە دووبارە بونیادنانەوەی رادار و توانا موشەکییەکانی کە بۆ بەئامانجگرتنی کەشتییەکان بەکاریان دەهێنێت.
بەگوێرەی سەرچاوەكە، ئەم پلانە کە هەفتەی رابردوو لەلایەن فەرماندەیی ناوەندیی ئەمریکاوە (CENTCOM) ئامادەکراوە و لەلایەن پیت هیگسیس، وەزیری جەنگەوە پشتیوانی لێکراوە، رەزامەندی ترەمپی لەسەر نەبووە، پێش هێرشەكەی شەوی رابردوو بۆ سەر ئێران، بەڵام پێدەچێت دوای ئاڵۆزییە نوێیەکان، ترەمپ گڵۆپی سەوز هەڵبكات بۆ جێبەجێکردنی.
بەرپرسێکی ئەمریکی روونیکردووەتەوە، ئامانج لە پلانەکە کەمکردنەوەی مەترسی هێرشەکانی ئێرانە بۆ سەر کەشتییە نەوتییەکان و کەشتییە جەنگییەکان و فڕۆکەکانی هێزی ئاسمانیی ئەمریکاو لە قاڵبدانی تەواوی تواناكانی.
لە ماوەی دوو مانگی رابردوودا، سوپای ئەمریکا پلە بەپلە کۆنترۆڵی زۆربەی بەشەکانی گەرووەكەی کردووە، ئەوەش لە رێگەی هەڵمەتێکەوە بۆ لاوازکردنی توانا سەربازییەکانی ئێران، کە پرۆسەیەکی هێواشی پاککردنەوەی مین و رێنماییکردنی کەشتییەکانی لەخۆگرت، ئەمەش توانای ئێرانی بۆ بەئامانجگرتنی کەشتییە نەوتییەکان سنوردار کردو رێگەی دا بە زیادبوونی هاتووچۆی کەشتییەکان و هەناردەکردنی نەوت و بووە هۆی لاواز کردنی کارتی فشاری ئێرانی لەسەر ئەم ڕێڕەوە ئاوییە گرنگە.
بەرپرسانی ئەمریکی دەڵێن (CENTCOM) نیگەرانی هەیە بەرامبەر هەوڵەکانی ئێران بۆ دووبارە بونیادنانەوەی سیستەمەکانی رادار، بەرگریی ئاسمانی و مووشەکی دژەکەشتی بۆ دیاریکردنی ئامانجەکان بە وردییەکی زیاتر.
یەکێک لەو ڕووداوانەی کە لەم رۆژانەی دواییدا نیگەرانیی دروستکردووە، تەقاندنی مووشەکێکی دژە-فڕۆکەی ئێرانی بووە بەرەو فڕۆکەیەکی جەنگیی ئەمریکی لە جۆری F-35 کە پارێزگاریی لە کەشتییەکان دەکرد، لەگەڵ ئەوەی موشەكەكە مەترسی راستەوخۆی دروستنەکردووە، بەڵام وەک ئاماژەیەک بینراوە کە ئێران هەوڵی گەڕاندنەوەی ئامادەیی سەربازیی خۆی دەدات.
سێنتكۆم بە هیگسیس وەزیری جەنگ و جەنەراڵ دان کەین، سەرۆکی دەستەی ئەرکانی هاوبەش و کۆشکی سپی راگەیاندووە، رەنگە سوپا پێویستی بە وەشاندنی گورزێكی سنودار هەبێت دژ بە ئێران، تاوەکو بتوانرێت رۆژانە زامنی دەیان کەشتیی نەوت بكات بە سەلامەتی لە کەنداو بچنە دەرەوە.
ئاكسیۆس ئاماژە بەوەدەكات، هیگسیس پشتیوانی لە پلانەکە کردووە و چەند رۆژێک لەمەوبەر رەوانەی کۆشکی سپیی کردووە، ئەگەرچی هەفتەی رابردوو ئیدارەی ئەمریکا مەیلی بۆ پەسەندنەکردنی هێرشكردن نەبووە بۆ دوورکەوتنەوە لە ئاڵۆزی لەگەڵ ئێران، بەڵام هێرشە موشەکییەکانی رۆژی یەکشەممەی ئێران بۆ سەر بنکەکانی ئەمریکا لە ئوردن رەنگە رای ترەمپ بگۆڕێت، بەتایبەت کە ئەو هێرشانە دوای ئەوە هاتن ئەمریکا روبەڕوی هێزەکانی ئێران بووەوە کە ئامادەکارییان دەکرد بۆ ناردنی بەلەمی پڕ لە مین بۆ ناو گەرووەكە.
ترەمپ بەیانیی ئەمڕۆ بە تۆڕی "فۆکس نیوز"ی راگەیاندبوو، ویلایەتە یەکگرتووەکان وەڵامی هێرشەکانی ئێران دەداتەوە و گورزێكی قورسیان ئاڕاستە دەکات.