درەو:
ئاژانسی هەواڵی "بلۆمبێرگ" لە راپۆرتێكدا ئاشكرایكردووە، رەشنووسی یاداشتی لێكگەیشتنی تاران و واشنتۆن كە بڕیارە رۆژی هەینی لە سویسرا واژۆ بكرێت، لە 14 خاڵ پێكهاتووە كە ئەمانەن:
1-ئێران و ئەمریکا لەگەڵ هاوپەیمانەکانیان لە جەنگی ئێستادا، بە راگەیاندنی واژۆکردنی ئەم یاداشتی لێکتێگەیشتنە، کۆتایی دەستبەجێ و هەمیشەیی بە شەڕ لە هەموو بەرەکاندا بە لوبنانیشەوە رادەگەیەنن، بەڵێن دەدەن هیچ کارێکی دوژمنکارانە دژی یەکتر ئەنجامندەن و خۆیان لە هەڕەشەکردن یان بەکارهێنانی هێز لە دژی یەكتر بەدوور بگرن.
2-ئێران و ئەمریکا بەڵێن دەدەن رێز لە سەروەری و یەکپارچەیی خاکی یەکتر بگرن و خۆیان لە دەستوەردان لە کاروباری ناوخۆی یەکتر بەدوور بگرن.
3-ئێران و ئەمریکا بەڵێن دەدەن لە ماوەی 60 رۆژدا دانوستان بكەن و بگەنە رێککەوتنی کۆتایی، کە بە رەزامەندی هاوبەش درێژ دەکرێتەوە.
4-لەگەڵ واژۆکردنی ئەم یاداشتنامەی لێکتێگەیشتنە، ئەمریکا گەمارۆی دەریایی هەڵدەگرێت و رێگری لە هەر دەستوەردان و ڕێگرییەک لە دژی ئێران دەکات، هەروەها هاتوچۆی دەریایی دەگەڕێنێتەوە بۆ توانای تەواوی لەماوەی 30 رۆژدا، لەگەڵ هاتوچۆی کەشتیوانی ئاستی بۆ پێش جەنگ لە لایەنی ئێرانەوە، ئەمریکا بەڵێن دەدات لە ماوەی 30 رۆژ لە دوای رێککەوتنی کۆتایی هێزەکانی لە ناوچەکانی دەوروبەری بکشێنێتەوە.
5-ئێران لەگەڵ واژۆکردنی ئەم یاداشتنامەی لێکتێگەیشتنە دەستبەجێ هەنگاوی پێویست دەنێت بۆ زامنكردنی لە دەستپێکردنەوەی هاتوچۆی کەشتیوانی بازرگانی لە نێوان کەنداوی عەرەبی و کەنداوی عومان لە ماوەی 30 رۆژدا بۆ ئاستی خۆی پێش جەنگ، بە مەرجی لابردنی ئاستەنگە تەکنیکیەكان و لابردنی مینەکان لەلایەن ئێرانەوە.
6-ئەمریکا بە هاوکاری لەگەڵ هاوبەشە ناوچەییەکانی، بەڵێن دەدات پلانێکی گشتگیر و رێککەوتنی هاوبەش بۆ چاکسازی و گەشەپێدانی ئابووری ئێران دابڕێژێت، بە گەرەنتی دارایی لانیکەم 300 ملیار دۆلار، میکانیزمی جێبەجێکردنی ئەم پلانە وەک بەشێک لە رێککەوتنی کۆتایی لە ماوەی 60 رۆژدا دادەمەزرێت.
7-ئەمریکا پابەند دەبێت بە کۆتایی هێنان بە هەموو جۆرە سزایەک کە لە ئێستادا بەسەر ئێراندا سەپێنراون، بەپێی خشتەی کاتی کە لە چوارچێوەی رێککەوتنی کۆتاییدا رێککەوتنی لەسەر دەکرێت، ئەمەش بڕیارەکانی ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان و دەستەی بەڕێوەبەرانی ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ناوەکی دەگرێتەوە، هەروەها هەموو سزا تاکلایەنەکانی ئەمریکا، بە هەردوو جۆری سەرەتایی و لاوەکی.
8-ئێران دووپاتی دەکاتەوە کە هەرگیز چەکی ئەتۆمی بەرهەم ناهێنێت، ئێران و ئەمریکا رێککەوتوون لەسەر ئەوەی کە چارەنووسی ماددە پیتێنراوەکان و هەموو پرسە ئەتۆمییەکانی دیکەی رێککەوتن لەسەرکراو، لەوانەش پێداویستییە ئەتۆمییەکانی ئێران، لە رێککەوتنێکی کۆتاییدا بە تەواوی چارەسەر بکرێن.
9-ئێران و ئەمریکا رێکدەکەون لەسەر پاراستنی دۆخی ئێستا لە چاوەڕوانی ئەنجامدانی رێککەوتنی کۆتاییدا، ئێران دۆخی ئێستا لەبارەی بەرنامە ئەتۆمییەکەیەوە دەپارێزێت، ئەمریکاش سزای نوێ بەسەر ئێراندا ناسەپێنێت و هێزەکانی لە ناوچەکە زیاد ناکات.
10-ئەمریکا بەڵێن دەدات کە دەستبەجێ لەگەڵ واژۆکردنی ئەم یاداشتنامەی لێکتێگەیشتنە و تا بەرواری هەڵگرتنی سزاکان، وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا لێخۆشبوون بۆ هەناردەکردنی نەوتی خاوی ئێران دەربكات، لەگەڵ بەرهەمە پترۆکیمیاییەکان و پێكهاتەكانی و تەواوی خزمەتگوزارییە پەیوەندیدارەکان، بە خزمەتگوزارییەكانی بانک، بیمە، گواستنەوە و خزمەتگوزارییە هاوشێوەکانیشەوە.
11-ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لە ژێر رۆشنایی پێشکەوتنی دانوستانەکان بەرەو رێککەوتنی کۆتایی، بەڵێن دەدات تەواوی پارە و سەروەت و سامانە بلۆككراوەكان یان كۆتوبەندكراوەكان ئازاد بکات و بە تەواوی بیخاتە بەردەستی ئێران، ئەم پارانە، چ لە هەژماری سەرەكی بن یان حەواڵەكراو، بۆ هەر پارەدانێکی کۆتایی بۆ سوودمەند بانکی ناوەندی ئێران دیاری دەكات و بە تەواوی بەردەست دەبن بۆ بەکارهێنانی، ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکاش بەڵێن دەدات هەموو مۆڵەت و رێگەپێدانێكی پێویست لەسەر ئەو بنەمایە دەربكات.
12-ئێران و ئەمریکا لەسەر دانانی میکانیزمێکی جێبەجێکردن بۆ سەرپەرشتیکردنی جێبەجێکردنی سەرکەوتووانەی رێککەوتنی کۆتایی و پابەندبوونی داهاتوو رێکدەکەون.
13-دوابەدوای واژۆکردنی ئەم یاداشتنامەی لێکتێگەیشتنەو دوای وەرگرتنی دڵنیایی سەبارەت بە دەستپێکردن و بەردەوامیی جێبەجێکردنی بڕگەكانی 4، 5، 10 و 11، ئێران و ئەمریکا دەچنە دانوستانەوە بۆ گەیشتن بە رێککەوتنێکی کۆتایی کە سنووردار بێت بەو بڕگانەی ماونەتەوە.
14-رێککەوتنی کۆتایی بە بڕیارێكی پابەندکەری ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان پاڵپشت دەبێت.