درەو:
راپۆرتی رێكخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو
لە 28ی شوباتەوە تا ئێستا (6900) كەس لە ئێران كوژراون، (720) كەسی مەدەنین بەڕێژەی (10%) و (90%) سەربازی و مەدەنین، لەو ساتەوە (1700) كەس لەناو ئێران دەستگیركراون، (300) كەسی هاوڵاتی كوردن دەستگیركراون بە رێژەی (18%).
ڕاپۆرتی هەشتەمی هەنگاو لەسەر شەڕ؛ کوژرانی 6900 کەس لەوانە 720 کەسی مەدەنی لە یەکەمین مانگی شەڕدا
هاوکات لەگەڵ بیست و نۆیەمین ڕۆژی شەڕی نێوان ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، ئیسرائیل و کۆماری ئیسلامیی ئێران، ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو وێڕای دەربڕینی نیگەرانیی توند لە زیادبوونی ژمارەی قوربانییانی سڤیل، هەشتەمین ڕاپۆرتی خۆی بڵاو دەکاتەوە. بەپێی ئامارە پشتڕاستکراوەکان لەلایەن ناوەندی بەڵگەنامەکانی هەنگاو، تا کۆتاییی ڕۆژی بیست و نۆیەمینی شەڕ لانی کەم 6900 کەس گیانیان لەدەستداوە کە 10.5٪ی ئەوانە پێکهاتوون لە 720 هاووڵاتیی سڤیل و شەش هەزار و 180 کەسیش لە هێزە سەربازییەکانی ئێرانن.
جیاکاریی زیانەکان و پانتاییی جوگرافیی هێرشەکان بۆ سەر ناوەندە سەربازی و حکومەتییەکان
بە پشتبەستن بە بەڵگەنامە مەیدانییەکانی هەنگاو، لە ڕۆژی شەممە ٩ی ڕەشەممەی ٢٧٢٤ تا ڕۆژی شەممە ٨ی خاکەلێوەی ٢٧٢٦، لانی کەم لە ١٩٠ شاری ٢٧ پارێزگای ئێران، ناوەندە سەربازی و حکومەتییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران کراونەتە ئامانجی هێرشە ئاسمانی و موشەکییەکانی ئیسرائیل و ئەمریکا.
ئەم ئامانجانە پێکهاتوون لە بنکەکانی سوپای پاسداران، ناوەندەکانی بەسیج، فڕۆکەخانە سەربازییەکان، سایتە موشەکییەکان، بنکەکانی پۆلیس، دامەزراوە دادوەرییەکان، ناوەندەکانی هەواڵگریی ئیدارەی ئیتلاعات، سەربازگەکانی سوپا و بارەگاکانی یەکەی تایبەت.
بەپێی ئەو زانیارییانەی لە هەنگاو کۆکراونەتەوە، تا ئێستا شەش هەزار و ١٨٠ سەربازی حکومەتی کوژراون کە زۆربەی ئەم قوربانییانە لە هێزی ئاسمانی، سوپای پاسداران و هەروەها ئەرتەش بوون.
بەپێی ئەم ڕاپۆرتە، زۆرترین زیانی هێزە سەربازییەکان لە پارێزگاکانی تاران، کرماشان، هورمزگان، لوڕستان، ئەلبورز، خوزستان، کوردستان و سیستان و بەلووچستان تۆمار کراوە.
هەنگاو جەخت دەکاتەوە کە دامەزراوە ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامی بە پەیڕەوکردنی ڕێکاری «شاردنەوەی سیستماتیک»، لە بڵاوکردنەوەی ئاماری ڕاستەقینەی کوژراوەکان خۆیان دەپارێزن و ئامارێکی زۆر کەمتر لە ڕاستییە مەیدانییەکان دەخەنە ڕوو.
کوژرانی لانی کەم ٧٢٠ کەسی سڤیل لە مانگی یەکەمی شەڕدا
هەنگاو پشتڕاستی دەکاتەوە کە زۆرترین ئاماری گیانلەدەستدانی مەدەنی و سڤیل لە پارێزگاکانی تاران، هورمزگان، لوڕستان، کرماشان، فارس، ئەلبورز، ئیلام و مەرکەزی تۆمار کراوە. بەپێی ئەم ڕاپۆرتە تا ئێستا ٧٢٠ هاووڵاتیی سڤیل لە کاتی ئەم هێرشانەدا کوژراون کە دەکاتە ١٠.٥٪ی کۆی قوربانییەکان.
لە کۆی ئەو هاووڵاتییە مەدەنیانەی کوژراون، هەنگاو کوژرانی ١٥٠ منداڵی خوار ١٨ ساڵ و هەروەها ١٩٠ ژن پشتڕاست دەکاتەوە. شایانی باسە کە میدیا حکومەتییەکان و هەروەها بەرپرسانی فەرمیی ئێران پێشتر ڕایانگەیاندبوو کە لە قوتابخانەی میناب ١٦٧ منداڵ کوژراون. بەڵام تا ئێستا و دوای تێپەڕبوونی مانگێک، تەنیا ناسنامەی ٥٨ کەس لە قوربانییانی ئەم قوتابخانەیە ڕوون بووەتەوە کە ٤٨ کەسیان منداڵ و ١٠ کەسیشیان گەورەساڵن. لە دوایین ڕاپۆرتی حکومەتیدا ژمارەی منداڵە کوژراوەکانی ئەو قوتابخانەیە بە ١٢٠ کەس ڕاگەیەندراوە و هاتووە کە ٤٧ کەس لە ستافی قوتابخانەکە و دایک و باوکی قوتابییەکان بوون، بەڵام هێشتا ناسنامەی تەنیا ئەو ٤٨ منداڵە بڵاوکراوەتەوە.
هەنگاو چەندین ڕاپۆرتی پێگەیشتووە کە نیشانی دەدەن هێزە سەربازییەکانی کۆماری ئیسلامی، بە جێهێشتنی بنکە فەرمییەکان، لە شوێنە گشتی و نەسەربازییەکان لەوانە قوتابخانەکان، بەشەناوخۆیییەکانی خوێندکاران و مزگەوتەکان کە لە ناوچە نیشتەجێبوونەکاندان جێگیر بوون. ئەم هەنگاوە، بەپێی کۆنڤانسیۆنی ژنێڤ، وەک بەکارهێنانی «قەڵغانی مرۆیی» هەژمار دەکرێت و گیانی کەسانی سڤیلی بە توندی خستووەتە مەترسی.
زیانی زۆری هێزە حکومەتییەکان لە کوردستان و شاردنەوەی ئامارەکان
لە مانگی یەکەمی شەڕدا هێرشی فڕۆکە جەنگییەکانی سوپای ئیسرائیل و ئەمریکا بۆ سەر شوێنە سەربازی و حکومەتییەکان بە توندی ئەنجام دراوە و لە ٣٥ شاری پارێزگاکانی ئیلام، کرماشان، کوردستان و ئورمیە، لانی کەم ٢٥٠ بنکەی سەربازی و ناوەندی ئەمنیی کۆماری ئیسلامیی ئێران کراونەتە ئامانج.
بەدواداچوونەکانی هەنگاو نیشانی دەدەن کە لە ماوەی مانگی یەکەمی شەڕدا لانی کەم ١٥٤٠ کەس لە هێزە سەربازی و حکومەتییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران لەم چوار پارێزگایەدا کوژراون.
هەروەها لانی کەم ١٠٧ هاووڵاتیی سڤیل لەوانە ١١ منداڵی خوار ١٨ ساڵ و ٩ ژن لە کاتی ئەم هێرشانەدا کوژراون کە زۆربەیان لە شارەکانی ورمێ، سنە، دیواندەرە، ئەیوان غەرب، ئیلام، نەغەدە، بۆکان و کرماشان تۆمار کراون.
هەنگاو لە ڕاپۆرتی پێشووی خۆیدا ڕایگەیاندبوو کە دامەزراوە ئەمنییەکان لە ڕاگەیاندنی ئاماری وردی کوژراوە سەربازییەکان، بەتایبەت لە شارەکانی کوردستان، خۆ دەپارێزن ئامارێکی زۆر کەمترە لە ڕاستی بڵاو دەکەنەوە.
هەنگاو جەخت لەسەر پێویستیی شەفافیەت لە ڕاگەیاندنی ناسنامەی قوربانییەکان و پاراستنی گیانی کەسانی سڤیل لە ململانێ چەکدارییەکاندا بەپێی کۆنڤانسیۆنە نێودەوڵەتییەکان دەکاتەوە.
ڕاپۆرتی تایبەتی هەنگاو لەسەر شەپۆلی دەستبەسەرکردنەکان لە دەستپێکی شەڕەوە؛ لانی کەم ١٧٠٠ هاووڵاتی لەلایەن هێزە حکوومەتییەکانەوە دەستبەسەر کراون
لەگەڵ دەسپێکی خولێکی نوێی شەڕ لە نێوان ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، ئیسرائیل و ئێران لە ڕێکەوتی ٩ی ڕەشەممەی ٢٧٢٥، ناوەندە ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران دەستیان کردووە بە دەستبەسەرکردنی نایاسایی و بەرفراوانی هاووڵاتییان، چالاکانی مەدەنی و بنەماڵە دادخوازەکان لە سەرانسەری ئێران. زانیارییەکان باس لەوە دەکەن کە لە سەرەتای شەڕەوە لانی کەم ١٧٠٠ کەس لەلایەن ناوەندە حکومەتییەکانەوە دەستبەسەرکراون.
بەپێی ئاماری تۆمارکراو لە ناوەندی ئامار و بەڵگەنامەکانی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، لە ماوەی نێوان ڕۆژانی ٩ی ڕەشەممەی ٢٧٢٥ هەتا ٦ی خاکەلێوەی ٢٧٢٦، دەزگا ئەمنییەکان لەوانە ئیتلاعاتی سوپا، وەزارەتی ئیتلاعات و فراجا، بە قۆستنەوەی دۆخی شەڕ، کەشێکی ئەمنیی توندیان بەسەر شارەکاندا سەپاندووە و بەبێ نواندنی هیچ جۆرە بەڵگەیەکی یاسایی، دەستیان داوەتە دەستبەسەرکردنی بەکۆمەڵی هاووڵاتییان. بەپێی ئەم ڕاپۆرتە، لانی کەم ١٧٠٠ هاووڵاتی لەلایەن ئەم ناوەندانەوە ڕفێندراون یان دەستبەسەر کراون کە تا ئێستا ناسنامەی ٧٠ کەسیان بۆ هەنگاو ڕوون بووەتەوە.
تۆمەتە داتاشراوەکان و گوشار بۆ سەر دەستبەسەرکراوان
دەزگای دادوەری و ناوەندە حکوومەتییەکانی کۆماری ئیسلامی، ئەو تۆمەتانەیان کە خستوویانەتە پاڵ دەستبەسەرکراوان، بەم شێوەیە پۆلین کردووە؛
١. سیخوڕی: وێنەگرتن لە ناوەندە هەستیارەکان، ناردنی هەڵکەوتەی شوێنە سەربازی و هاوکاری لەگەڵ دەزگا هەواڵگرییە بیانییەکان لەوانە مۆسادی ئیسرائیل.
٢. هەوڵدان دژی ئاسایشی نەتەوەیی: ڕاگرتنی چەک، کەرەستەی ئینتەرنێتی مانگی دەستکرد (ستارلینک)، هەوڵدان بۆ ڕێکخستنی کۆبوونەوە و تێکهەڵچوونی چەکداری.
٣. چالاکی میدیایی: پەیوەندی لەگەڵ میدیاکانی دەرەوەی وڵات و شێواندنی ئاسایشی دەروونیی کۆمەڵگە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا.
دەستبەسەرکردنی زیاتر لە ٣٠٠ هاووڵاتیی کورد لە ڕەوتی شەڕی ئەمدواییەدا
بە پشتبەستن بە ئامارە تۆمارکراوەکان لە ناوەندی ئامار و بەڵگەنامەکانی هەنگاو، لە سەرەتای دەسپێکی شەڕەکەوە تا ڕۆژی پێنجشەممە ٦ی خاکەلێوە (٢٧ ڕۆژ)، لانی کەم ٣٠٠ هاووڵاتیی کورد لە پارێزگاکانی ئیلام، کرماشان، سنە، ئورمیە و هەروەها تاران لەلایەن هێزە حکوومەتییەکانەوە دەستبەسەر کراون. هەنگاو تا ئێستا توانیویەتی ناسنامەی تەواوی ٢٥ کەس لەو هاووڵاتییە کوردانە پشتڕاست بکاتەوە.