سندوقی نیشتمانی ئەمریکا بۆ دیموکراسی پاڵپشتی دارایی درەو دەکات

هەواڵ

رەنگە دەرگای خۆپاڵاوتن بۆ سەرۆك كۆمار بكرێتەوە 

بڵاوکراوەتەوە لە : 18 کانوونی دووەم 2022

رەنگە دەرگای خۆپاڵاوتن بۆ سەرۆك كۆمار بكرێتەوە 

قەبارەی دەقەکان

قەبارەی دەقەکان

(درەو):
هێشتا یەكێتی بەفەرمی كاندیدی خۆی بۆ پۆستی سەرۆك كۆماری عێراق رانەگەیاندووە، ئەگەر هەیە دادگای فیدراڵی، پەرلەمانی عێراق ناچار بكات سەرلەنوێ دەرگای خۆپاڵاوتن بۆ پۆستی سەرۆك كۆمار بكاتەوە، ئەمە دەرفەت لەبەردەم پارتی‌و یەكێتی خۆش دەكات لەسەر كاندیدێكی تر بۆ پۆستی سەرۆك كۆمار رێبكەون. 

هێشتا یەكێتی كاندیدی نییە !
هەریەك لە (بەرهەم ساڵح) و (لەتیف رەشید) وەك دوو كارەكتەری دیاری ناو یەكێتی، خۆیان بۆ پۆستی سەرۆك كۆمار كاندید كردووە، بەڵام یەكێتی هێشتا هیچ یەكێك لەم دوو كاندیدەی بە فەرمی وەكو كاندیدی خۆی نەناساندووە. 
پارتی "ڤیتۆ"ی لەسەر كاندیدكردنەوەی بەرهەم ساڵح هەیە لەلایەن یەكێتییەوە، وەكو كارتی فشار بۆسەر یەكێتی، (هۆشیار زێباری) بۆ پۆستی سەرۆك كۆمار كاندید كردووە، ئەگەر یەكێتی بەرهەم ساڵح نەگۆڕێت، پارتی بە (هۆشیار زێباری) دەچێتە ناو كێبڕكێی پۆستی سەرۆك كۆمارەوە، ئەمە لەكاتێكدایە، دەرگای خۆپاڵاوتن بۆ پۆستی سەرۆك كۆمار داخراوە‌و ئەگەر دۆخەكە بەمشێوەیە بەردەوام بێت، پارتی‌و یەكێتی ناتوانن لەسەر هیچ كاندیدێكی تر رێكبەكەون. 

دوو هەوڵ بە ئاڕاستەی رێككەوتن
بەگوێرەی زانیارییەكانی (درەو)، چەند هەوڵێك هەیە بەو ئاڕاستەی، ئەگەر یەكێتی كەسێكی تر كاندید بكات بۆ پۆستی سەرۆك كۆمار، ئەوا پێویستە جارێكی تر دەرگای خۆپاڵاوتن بۆ پۆستی سەرۆك كۆمار بكرێتەوە. 
ئەگەری گۆڕینی كاندیدی سەرۆك كۆمار، تەنیا دوو رێگای لەبەردەمدایە، بەشێوەیە: 

رێگای یەكەم: 
دادگای فیدراڵی لەسەر بنەمای ئەو دوو سكاڵایەتی كە سەبارەت بە نادەستوریبوونی دانیشتنی یەكەمی پەرلەمان تۆماركراون، پرۆسەی هەڵبژاردنی دەستەی سەرۆكایەتی پەرلەمان هەڵوەشێنێتەوە، لەم حاڵەتەدا دەرگا لەسەر هەڵبژاردنەوەی دەستەی سەرۆكایەتی دەكرێتەوە‌و رێوشوێنەكانی خۆپاڵاوتن بۆ پۆستی سەرۆك كۆماریش هەڵدەوەشێتەوە‌و دەبێت دەستەی نوێی سەرۆكایەتی پەرلەمان جارێكی تر دەرگای خۆپاڵاوتن بۆ پۆستی سەرۆك كۆمار بكاتەوە، لەم حاڵەتەدا پارتی‌و یەكێتی دەتوانن لەسەر كاندیدێكی هاوبەش بۆ پۆستی سەرۆك كۆمار بگەنە رێككەوتن، بەتایبەتی لەكاتێكدا قسەوباس هەیە لەبارەی ئەوەی، ئەگەر دەستەی سەرۆكایەتی پەرلەمان هەڵوەشایەوە، جارێكی تر رێگا نەدرێت (محەمەد حەلبوسی) خۆی بۆ پۆستی سەرۆكی پەرلەمان كاندید بكاتەوە، ئەمە دەرفەت خۆش دەكات بۆ ئەوەی مستەفا كازمی‌و بەرهەم ساڵحیش لە پۆستەكانیان نەمێننەوە‌و سێ سەرۆكایەتییەكەی عێراق بەتەواوەتی بگۆڕدرێن. 

رێگەی دووەم: 
دادگای فیدراڵی كۆبونەوەی یەكەمی پەرلەمان هەڵنەوەشێنێتەوە، بەڵام بۆ ماوەی سێ‌ رۆژی تر دەرگای خۆپاڵاوتن بۆ پۆستی سەرۆك كۆمار بكاتەوە‌و لەو ماوە نوێیەدا پارتی‌و یەكێتی بتوانن لەسەر كاندیدێكی هاوبەش بۆ پۆستی سەرۆك كۆمار بگەنە رێككەوتن‌و كاندیدێكی نوێ پێشكەش بكەن. 
بەگوێرەی دەستوری هەمیشەیی عێراق، پەرلەمان لەدوای یەكەمین دانیشتنی خۆیەوە دەبێت لەماوەی 30 رۆژدا سەرۆك كۆمار هەڵبژێرێت‌، یەكەمین كۆبونەوەی خولی پێنجەمی پەرلەمانی عێراق رۆژی 9ی ئەم مانگە بەڕێوەچوو، واتا رۆژی 8ی مانگی داهاتوو دواین وادەیە بۆ هەڵبژاردنی سەرۆك كۆمار، ئەگەر دادگای فیدراڵی دانیشتنی یەكەمی پەرلەمان بۆ پوچەڵ ئەژمار نەكات. 
(مەحمود مەشهەدانی) سەرۆكی تەمەنی دانیشتنی یەكەمی پەرلەمان‌و (باسم خەشان) پەرلەمانتاری سەربەخۆ، لە دادگای فیدراڵی سكاڵایان لەسەر دانیشتنی یەكەمی ئەنجومەنی نوێنەران تۆماركردووەو دەڵێن دانیشتنی یەكەم بەشێوەیەكی نادەستوری بەڕێوەچووە‌و یاسای تێدا پێشێل كراوە، لەسەر بنەمای ئەم سكاڵایانە، دادگای فیدراڵی عێراق كە بەرزترین دەسەڵاتی یاساییە لە عێراق، بە شێوەیەكی "كاتی"و تا یەكلاكردنەوەی سكاڵاكان، كارەكانی دەستەی نوێی سەرۆكایەتی پەرلەمانی راگرتووە.
سبەینێ دادگای فیدراڵی لە كەیسی سكاڵاكانی مەشهەدانی‌و خەشان دەڕوانێت، بەڵام نازانرێت ئاخۆ سبەینێ كەیسەكە یەكلادەكاتەوە یاخود بڕیاردان لێی، دوادەخات بۆ دانیشتنی تری دادگاكە.
 

دواین هەواڵەکان

زیاتر ببینە
null
پێش 23 کاتژمێر

ئێران: لە هێرشەكاندا 4900كەس كوژراون 480یان مەدەنین

null
١٠ ئازار ٢٠٢٦

هەرێم رێگەنادات نەوتی كەركوك بە بۆری بچێت بۆ توركیا

null
٩ ئازار ٢٠٢٦

ئێران، خاوەنی چوارەم گەورەترین یەدەگی نەوتی جیهان