مەریوان وریا قانع تایبەت بە (درەو) دەینوسێت
لە دۆخی ئێستاکەی هەرێمدا کۆمەڵێک گوتار هەن و کاردەکەن، لە هەموویان درۆزنتر و خڵەتێنەتر و ساختەتر، ئەو گوتارەیە کە باس لە پاراستنی یەکبوونی هەرێم و رێگرتن لە لەتبوون و پاراستنی هەرێم لە دابەشبوون، دەکات. گوتارێک باس لە پاراستنی «یەکپارچەی قەوارەی هەرێم» و «رێگرتن لە دابەشکردنی کوردستان» دەکات. ساختەیی و درۆزنی ئەم گوتارە لەبەر ئەو ناوەرۆکە نییە کە هەڵیگرتوە و بەرگری لێدەکات، لەبەر ئەوە نییە کە دەبێت هەرێم نەمێنێت و دابەشببێت، نا، ساختەبوونی ئەم گوتارە لەبەر ئەوەیە کە تەواو ناکۆکە بەسەرجەمی هەلسکەوت و سیاسەت و بڕیاری ئەو بکەرە سیاسییە دەسەڵاتدارانەی لە سێ دەیەی رابردوودا خاوەنی دەسەڵات و بڕیاردەری سەرەکیی هەرێمەکە بوون.
هەر کەسێک بۆ گەشت و گوزار یان بە رێبواریش رێی بکەوێتەوە هەرێمەکەوە، بە ئاسانی بۆی دەردەکەوێت کە هەرێمێکی دابەش و پارچەپارچە و دابەشکراوە. لە دوای راپەرینەوە تا ئەمرۆ هیچ کاتێک، هەرێمێکی یەکگرتوو لە ئارادانەبووە. ئەم دابەشبوون و لەتلەتبوونە بەرهەمی ئەو دابەشبوونە سیاسییە شاقوڵییەیە کە سیاسەتی کوردیی دەیەها ساڵە بەدەستییەوە دەناڵێت. راستە میلەتی ئێمە لە ئاستی کولتورییدا میلەتێکی هاوبەشە، نەتەوەیەکی هاوکولتورە: ئەحمەدی خانیی و مەلای جەزیریی و مەولەوی و نالی و حاجی قادری کۆیی و جگەر خوێن و هێمن و پیرەمێرد و قانع و گۆران و ئەوانیتر برای ئەدەبیی و فەرهەنگیی یەکترن. بەڵام هێزە سیاسییەکانی کوردستان، هەرگیز هاوزمان و هاوفەرهەنگ و هاوخەمی یەکتر، نەبوون. هەرگیز چوارچێوەیەکی سیاسیی هاوبەشیان نەبووە و نەیانهێشتوە دروستببێت. شەڕی ئەم هێزانە لەگەل یەکتردا، زمان و سیاسەت و عەقڵەیتی بەخائین و ناپاککردنیان بۆ یەکتری، پیلانی بەردەوامیان بەرامبەر بەیەک، زۆر زۆر گەورەتر و رێکخراوتربووە لەو ساتە کەمانەی ناچاربوون، یان ناچارکراون. لانی کەمی کاری پێکەوەییان لەگەڵیەکدا، هەبێت.
لە دوای راپەرینەوە هەرێم لە هەموو ئاستەکاندا، تا سەر ئێسقان دابەش و پارچەپارچەیە، لانی هەرەکەمی کۆگیرییەکی سیاسیی خاوەن متمانە و بەدەزگایی و بە یاساییکراو بوونی نەبووە و بوونی نییە. هەموو دانیشتوانی هەرێمەکە ئەو راستییە دەزانن کە سەرجەمی شتەکان دابەشن: دوو هێزی پێشمەرگە، دوو ئاسایش، دوو سیستمی داوەریی، دوو گومرک، دوو پەیوەندیی ئیقلیمی جیاواز، دوو ماشێنی بیرۆکراسیی کۆنترۆڵکراو، دوو تەماحی ناعەقلانیی، کە دوو خێزانی سوڵتانیی بەپێی ویست و قازانج و تەماحی دەسەڵاتدارێتی خۆیان، بەڕێوەیدەبەن. لەم دابەشکاریەشدا بەشی شێر بەر پارتیی و خێزانە سوڵتانییە حوکمڕانەکەی ناو پارتی دەکەوێت، چونکە لە چەند دەیەی دواییدا ئەوان حاکمی ژمارە یەکی هەرێمەکە بوون و پێگە سەرەکییەکانی دەسەڵات لەژێر دەستی ئەواندا بووە.
لە راستیدا ئەم هەرێمە تەنها دابەش و پارچەپارچە نییە، بەڵکو هەرێمێکی تەواو ناسەقامگیریشە
ئەم دۆخە لەدایکبوونی ئەمرۆ نییە. هەر من، بێگومان لەگەڵ منیشدا چەندان نووسەری تر، ساڵانێکی درێژ لەمەوپێش چەندان جار، لەم کابوسی دابەشبوونە سیاسییە نابەرپرسیار و نائەخلاقییە دواوم. بۆ نموونە، لە وتارێکدا کە ١٢ ساڵ لەمەوبەر بەناوی «ئایا شتێک ماوە ناوی ”مەسەلەی کورد“ بێت؟» بڵاوکراوەتەوە، نەک تەنها باس لە نایەکگرتوویی و پارچەپاڕجەبوونی هەمەلایەنە و دوژمنکارانەی هەرێمەکە کراوە، بەڵکو چەغت لەو راستییەش کراوەتەوە کە شتێک بەناوی «مەسەلەی کورد» خۆیشییەوە، لای حوکمڕاننی هەرێمەکە، نەماوەتەوە.
لەو نووسینەدا هەرێم وەک «مەقەبایەکی پارجەپارچە و دڕاو» ناسێنراوە، کە «پارچە و سوچ و بەشە جیاوازەکانی بە زەمقێکی سیاسیی زۆر لاواز بەیەکترییەوە گرێدراون» و هەر یەکێکیشیان لە باوەشی یەکێک لە هێزە ئیقلیمییە ناکۆکەکاندان. هاوکات لەوە دواوم کە «ھەرێم بە کردەوە کۆمەڵێک دورگەی تایبەتی خێزانیی و بنەماڵەیی ژێر دەسەڵاتی کۆمەڵێک فیوداڵی سیاسییە» کە بیرکردنەوە لە پێگە و توانا و قازانجی خۆیان و نەوەکانیان، شوێنێکی بۆ شتێک بەناوی «مەسەلەی کورد»ەوە نەهێشتۆتەوە. ھەلارھەلاربوونی سیاسیی و کۆمەڵایەتیی و فەرھەنگیی هەرێمەکە، کە لە ئێستادا دوژمنایەتی شارەکانیشیان وەک شار خستۆتەسەر، شوناسی هەرێمەکە و شوناسی بنەماڵە سوڵتانییە حوکمڕانەکانی ناویان دەستنیشان دەکات.
هەم من و هەم دەیان نووسەری تر چەندەها ئەو راستییەمان بەو بنەماڵە حوکمڕانانە نیشانداوە، کە لەم سەری هەرێمەکەوە بۆ ئەوسەریی و لە باکورییەوە بۆ باشوری تاقە یەک دەزگا بوونی نییە سنووری تەماح و ویست و زەوق و تێگیشتنی تایبەتی ئەم یان ئەو حیزب و ئەم یان کەسایەتی ناو بنەماڵە حوکمڕانە سوڵتانییەکانی تێپەڕاندبێت. لەبێنرخ و پوچکردنی پەرلەمان و داخستن و بێئیشکردنییەوە بیگرە، بۆ ئیفلیجکردنی سەرجەمی ئەو دەزگایانەی تر کە ناهێڵن حوکمڕانییەک ببێتە گەمەی ناو سایکۆلۆژیا و عەقڵیەتی چەند کەسێکی کەم.
عەقڵیەتی دابەشکردنی کایە سیاسییەکەی ناو هەرێم خۆیشی بەسەر «مەرجەع» و کەسی”سیاسی یەکەم" و کەسی ”سیاسی دووھەم" و کەسی ”سیاسی دەهەم» و «بیستەمدا»دا کایە سیاسییەکەی لەناوەوە وێرانکردوە. کۆنترۆڵکردنی خێڵەکیی و بنەماڵەییانەی تەواوی پەیوەندییەکانی هەرێمەکەش بە دونیای دەرەوەوە، سەرجەمی ئەو دابەشبوونە ترسناکەی بۆ ناو دەرەوەی کوردستان خۆی گواستۆتەوە. ئەم دۆخە بە ئاستێک گەیشتوە تەنانەت بازرگانێکی وەک تۆم باراک ئەم خێلەکیی و بنەماڵەیبوونە وەک ئاکاری سەرەکیی سیزتمە سیاسییەکە ببینێت و بە ئاشکرا باسبکات.
لە راستیدا ئەم هەرێمە تەنها دابەش و پارچەپارچە نییە، بەڵکو هەرێمێکی تەواو ناسەقامگیریشە. ئەوەی لە هەرێمدا ناوی «سەقامگیریی» لێنراوە، هەرچییەک بێت سەقامگیریی نییە. ئەوەی لە هەرێمدا هەیە هاوکێشەیەکی سیاسیی دەسەڵاتە، کە تیایدا بنەماڵەی بارزانی هێزی ژمارە یەکی کوردستان و ئەوانیتر، هەر هەموویان، هێزی دوای ئەوانن و پێویستە بۆ هەتاهەتاشە لە لەدوای ئەوانەوە بمێننەوە. هەر تێکچون و گۆڕانکارییەک لەم هاوکێشەیەدا، یان هەر ئەگەرێکی گۆڕانی ئەم هاوکێشەیە، دەرگا لەسەر هەموو ئەگەرە خراپەکان دەکاتەوە، بە ئەگەری شەڕ و پەلاماردانی ناوخۆوە. گرێدانی سەقامگیریی هەرێم و میلەتێک بە چەند کەسێکی ناو بنەماڵەیەکەوە، هەر ناوێکی لێبنرێت، ناکرێت ناوی «سەقامگیریی» لێبنرێت.
کێشەکە لەوەدایە ئێمە لە ئێستادا بە دۆخێک گەیشتووین، زۆنی زەرد، تەماحی ئەوەی بۆدروستبووە زۆنەکەی تریش قۆرخ بکات
ئەوەیش کە لە ئاستی ئابوریی وگوزەرانی خەڵک لەهەرێمەکەدا روودەدات، بە هیچ مانایەک ناچێتە چوارچێوەی «گەشەسەندنی ئابووریی»ەوە. گەشەسەندی ئابووریی، لە ئاستی یەکەمیدا، مانای «گەشەی سەرمایەی نیشتیمانیی»ە لە هەرێمدا، لە ئاستی دووهەمیشیدا مانای «دابەشکردنی ئەو سەرمایە نیشتیمانییە بە شێوەیەکی دادپەروەرانە» بەسەر دانیشتوانی هەرێمەکەدا. ئەوەی لە هەرێمدا پێچەوانەی ئەم راستییە سادەیە، ئەوەی هەیە ئابورییەکی قۆرخکراوی پڕ لە گەندەڵییە، کە ئەندامان و کەسە نزیکەکانی بنەماڵە حوکمڕانەکان بە ملیۆنێر و بەشێکی گەورەی کۆمەڵگاکەش بە بێکار و بێدەرامەت و بێئایندە، دەکات. ئەوەی لەم ئاستەدا روودەدات گرێدانی ئابوریی هەرێمەکەیە بەم یان بەو کۆمپانیای ئەمریکیی یان ئەوروپیی یان خەلیجییەوە، لەکاتێکدا کاری راستەقینە بریتییە لە گرێدانی ئەم ئابورییە بە پێداویستییە زۆرەکانی دانیشتوانی هەرێمەکە و بە گەشەدان بە سەروەت و سامانی نیشتیمانیی، نەک سەروەت و سامانی خێزانیی و بنەماڵەیی و حیزبیی.
هەمووان دەزانین ئەوەی لە هەرێمدا بە درێژایی ساڵان بەهێز و بەهێزتر کراوە و دەکرێت، دامەزراوەکان و دەزگاکانی حوکمرانی و میکانیزمەکانی چاودێریکردنی دەسەڵات نییە، بەڵکو گەورەکردنی نایاسایی کاریگەرییەکانی خواست و ویست و زەوق و تێگەیشتنی تاکەکەسییانەی ئەم یان ئەو ئەندامی سەر بە بنەماڵە سیاسییە حوکمڕانەکانە.
هەرێم دوو زۆنی سیاسییە، هەریەکێکیان بە لۆژیکی قۆرخکردنی دەسەلات، هەموو دەسەلاتەکان، کاردەکات. کێشەکە لەوەدایە ئێمە لە ئێستادا بە دۆخێک گەیشتووین زۆنێکیان، مەبەستم زۆنی زەردە، تەماحی ئەوەی بۆدروستبووە زۆنەکەی تریش قۆرخ بکات و هەموو هێزە سیاسییەکانی ناو ئەو زرنە، وەک هێزەکانی ناو زۆنە زەردەکەدا، بکاتە هێزی پلە دوو و پلە سێ و پلەچوار و پەراوێزی. ئەمەش یەکسانە بە خواستی بەپارتیکردنی هەموو هەرێمەکە و بە بارزانیکردنی تەواوی جومگەکانی دەسەڵات لەناویدا. ئەو گوتارەی باس لە پاراستنی یەکبوونی هەرێم و رێگرتن لە لەتبوون و دابەشبوون، دەکات. یان باس «رێگرتن لە دابەشکردنی کوردستان» دەکات. ئەم تەماحە بنەماڵەییە ژێرخانە سیاسیی و سایکۆلۆژییەکەیەتی. هیچ پەیوەندییەکی بە کۆتاییهێنان بە چەند زۆنیی و بەو دابەشبوونانەوە نییە کە لە دوای ڕاپەرینەوە بەشێوەیەکی رۆژانە بەسەر هەرێمەکەدا سەپێنراوە.
ئەم پرۆژەی بەپارتیکردنەی هەرێم هاوکات بەخشینی چارەنووسی سەرجەمی دانشتوانی هەرێمەکەیە، بەچەند کەسێکی کەم، کە هیچ یاسا و دەزگا و میکانیزمێک بۆ چاودێریکردن و بەرپرسیارکردن و کۆنتررۆڵکردنی دەسەلاتەکانیان، لە ئارادا نییە. ئەگەر شتێک هەبێت چارەنووسی هەرێمەکە وەک هەرێم بخاتە ژێر مەترسییەوە ئەم سیاسەتەیە.