سندوقی نیشتمانی بۆ دیموکراسی پاڵپشتی دارایی درەو دەکات

هەواڵ

تەقینەوەكەی تاجی بەرزی پلەی گەرما نەبوو؛ درؤنی میلیشیاكان بو

الشرق الاوسط: تەقینەوەكەی تاجی بەرزی پلەی گەرما نەبوو؛ دۆرنی میلیشیاكان بوو هەستیارترین كۆگاكانی تەقەمەنی تانك و زریپۆشی كردە ئامانج

بڵاوکراوەتەوە لە : 11 ئاب 2026

تەقینەوەكەی تاجی بەرزی پلەی گەرما نەبوو؛ درؤنی میلیشیاكان بو

قەبارەی دەقەکان

قەبارەی دەقەکان

درەو:
رۆژنامەی" الشرق الاوسط" لە راپۆرتێكدا سەرچاوە ئەمنی و هەواڵگرییەکانەوە بڵاویكردووەتەوە، دەسەڵاتدارانی عێراق گومان دەکەن تەقینەوەکەی سەرەتای مانگی ئابی رابردوو کە کۆگایەکی ستراتیژی لە سەربازگەی تاجی لە باکوری بەغدا کردە ئامانج، بەهۆی هێرشی فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوانەوە بووبێت، روونیشیان کردووەتەوە، تەقینەوەکە زیانێکی زۆر گەورەی بە کۆگای تەقەمەنی تانک و زرێپۆشەکانی سوپای عێراق گەیاندووە.
ئەم رووداوە دەگەڕێتەوە بۆ ئاگرکەوتنەوەیەک کە پێشتر دەسەڵاتدارانی فەرمی رایانگەیاندبوو، بەهۆی بەرزبوونەوەی پلەکانی گەرماو بووە.
بەپێی وتەی سەرچاوەکان، لێکۆڵەران لەو بڕوایەدان فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوان، کە هێشتا جۆرەکەی دیاری نەکراوە، پێش تەقینەوەی کۆگای تەقەمەنی فیرقەی 9ی زرێپۆش بەسەر سەربازگەکەدا سوڕاوەتەوە، كە دواتر بووەتە هۆی تەقاندنەوەی ژمارەیەکی زۆر لە گولەی زرێپۆش و تانکەکانی ئەبرامزی ئەمریکی.
دوو ئەفسەر بە روژنامەكەیان وتووە، لێکۆڵەران ناوەڕۆکی کامێراکانی سەربازگەکەیان بەتاڵ کردووەتەوەو دیمەنەکان دەرکەوتنی تەنێکی فڕیو لە شوێنەکە پێشان دەدەن کە لە باشوری سەربازگەکەوە هاتووە، پێش تەقینەوەی کۆگای تەقەمەنی و گولەی تانکەکان.
یەکێک لە ئەفسەرەکان وتویەتی، زۆربەی کەرەستە و تەقەمەنی تایبەت بە تانکەکانمان لەدەستدا، ئێستا فیرقەی 9ی زرێپۆش هیچ کۆگایەکی گولەی نییە (تەنانەت یەک گولەشی نییە)، جگە لەو چەکانەی کە لە ئێستادا لەناو تانکەکان خۆیاندان.
بە وتەی ئەفسەرێکی دیکەی دەزگایەکی هەواڵگری، کۆگای تەقەمەنییەکە بە ئەگەری زۆرەوە بە فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوان کراوەتە ئامانج.
پێشتر ئاژانسی فەرمی عێراق لە 2ی ئابدا لە زاری بەرپرسانی وەزارەتی بەرگری و ناوخۆوە بڵاویكردەوە، ئاگرێک بەهۆی بەرزبوونەوەی پلەکانی گەرماوە لە کۆگایەکی تەقەمەنی لەناو سەربازگەی تاجی باکوری بەغداد کەوتووەتەوە.
بەپێی سەرچاوەکان، کۆگای تەقەمەنییە کراوەکە ئامانج نزیکەی ۵۰ هەزار گولەی تێدابووە، کە تەقەمەنی بنەڕەتی یەکێک لە گرنگترین فیرقە جەنگییەکانی سوپای عێراقی تیادا بووە، بەڵام تا ئێستا قەبارەی زیانە راستەقینەکانی ئەنجامی هێرشەکە روون نەبووەتەوە.
فیرقەی 9ی زرێپۆش یەکێکە لە دیارترین پێکهاتەکانی سوپای عێراق،  ئەم فیرقەیەیە کە بارەگاکەی لە تاجی لە باکوری بەغدایە، ئەرکی ستراتیژی لەئەستۆیە وەک یەکێک لە یەکە سەرەکییەکانی دەستوەردان لە سوپادا.
ناسنامەی ئەمریکی بە روونی لە بەشێکی گرنگی پڕچەککردنی فیرقەی 9ی زرێپۆشدا دەردەکەوێت، بەتایبەتی لە ڕێگەی تانکەکانی «ئەبرامز» و گوێزەرەوەی سەربازی «M113»، کە بڕبڕەی پشتی پڕچەککردنی زرێپۆش لە عێراق پێکدەهێنن.
هاوكات سەرچاوەیەکی ئەمنی راگەیاندووە، بە ئامانجگرتنی تەقەمەنی تانک و زرێپۆشەکان لە سەربازگەی تاجی لە کاتێکدا روویدا کە بەشێک لە هێزەکانی فیرقەی 9ی زرێپۆش سەرقاڵی دووبارە بڵاوبوونەوە بوون لە ناوچە جیاوازەکاندا بۆ دابینکردنی ئاسایشی زیارەتی چلە.
سەرچاوەکە ئاماژەی بەوەش کردووە، بەرپرسانی سەربازی دەستبەجێ دوای ئاگادارکردنەوەیان لە ئامانجگرتنەکە، لە بارەگای فیرقەکە لە سەربازگەی تاجی ئامادە بوون، لە کاتێکدا بەرپرسانی سەربازی بڕیاریان دا ئەو ئەفسەر و سەربازانە دەستبەسەر بکەن کە راسپێردرابوون بە پاراستنی شوێنەکە، هاوکات تیمێکی لێکۆڵینەوە لە هەواڵگری سەربازییەوە گەیشتە شوێنەکە بۆ پشکنین.
رۆژنامەكە زانیویەتی، عێراق بەم دواییانە داوای گردبەستی دابینکردنی بەپەلەی کردووە بۆ پڕکردنەوەی کەمیی تەقەمەنی، لە نێویاندا گولەی تانک و زرێپۆشی دروستکراوی ئەمریکا، پێدەچێت ئەم داواکارییە پەیوەندی بە قەرەبووکردنەوەی زیانەکانی رووداوەکەی سەربازگەی تاجییەوە هەبێت. 
بەرپرسێکی هەواڵگری وتویەتی، لێکۆڵینەوە سەرەتاییەکان گەیشتوونەتە ئەوەی کە گرووپێکی چەکدار شوێنێکیان لە باشوری بەغداد بەکارهێناوە بۆ هەڵدانی فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکە بەرەو ئامانجەکەی لە سەربازگەی تاجی.
بەپێی وتەی بەرپرسانی ئەمنی و سیاسی، ئەم هێرشە ئاماژەیە بۆ هەوڵی بێوچانی ئەو گرووپانەی داماڵینی چەک رەتدەکەنەوە بۆ لاوازكردنی هێزە رێکخراوەکان لەو چەكانەی هەیانەو سەرچاوەی باڵادەستی مەیدانین بەرامبەر بە گرووپە نارێکخراوەکان.
سەرچاوەکان رایانگەیاندووە، گرووپە چەکدارەکان پلان پێشوەختەکان جێبەجێ دەکەن بۆ هەر بەریەككەوتنێك لەگەڵ دەزگا ئەمنییەکانی عێراق، بە ئامانجی بێبەشکردنی هێزە رێکخراوەکان لەو سەرمایە سەربازییانەی کە لە روبەڕوبوونەوە مەیدانییەکاندا سەنگیان قورس دەکەن، وەک تەقەمەنی تانکەکان.
بەرپرسێکی سیاسی لە چوارچێوەی هەماهەنگی رایگەیاندووە، حکومەتی عێراق شەڕێكی بێدەنگ و هەستیار لەگەڵ گرووپە توندڕەوەکاندا دەکات و نایەوێت بەهۆی مەترسییە ناوخۆیی و هەرێمییەکانەوە بیگوێزێتەوە بۆ روبەڕوبونەوەیەكی ئاشکرا.

دواین هەواڵەکان

زیاتر ببینە
null
٩ ئاب ٢٠٢٦

حوکمڕانیی چییە؟

null
٩ ئاب ٢٠٢٦

حکومەت لە کۆنتڕۆڵکردنی نرخی سوتەمەنیدا سەرکەوتوو نەبوو

null
٨ ئاب ٢٠٢٦

رێککەوتنامەی مەککە بۆ بەرگری هاوبەش