سندوقی نیشتمانی ئەمریکا بۆ دیموکراسی پاڵپشتی دارایی درەو دەکات

هەواڵ

ڕاپۆرت

ستراتیژیی نوێی ئەمریکا؛ نەخشەسازیی ئابووریی واشنتۆن لە نێوان بەغدا و دیمەشقدا

واشنتۆن هەوڵدەدات نەزمێکی هەرێمیی کەمتر پشتبەستوو بە ئێران لە سەرانسەری عێراق و سووریادا پێکبهێنێت، کە زۆربەی بە مەرەکەبی ئەمریکی و لەسەر بودجەی خەڵکی تر نووسراوە

بڵاوکراوەتەوە لە : 18 حوزەیران 2026

ستراتیژیی نوێی ئەمریکا؛ نەخشەسازیی ئابووریی واشنتۆن لە نێوان بەغدا و دیمەشقدا

قەبارەی دەقەکان

قەبارەی دەقەکان

درەو:

ڕاپۆرتی؛ زە ناشناڵ کۆنتێکست (The National Context)

🔹 واشنتۆن هەوڵدەدات نەزمێکی هەرێمیی کەمتر پشتبەستوو بە ئێران لە سەرانسەری عێراق و سووریادا پێکبهێنێت، کە زۆربەی بە مەرەکەبی ئەمریکی و لەسەر بودجەی خەڵکی تر نووسراوە.

🔹 بۆ ئەکتەرە کوردەکان، لێکەوتەکان زۆر تیژ و هەستیارن، و ئەوان ڕێک لە درزی تەواوی ئەم نەخشەیەدا دانیشتوون.

🔹 رێککەوتنەکانی عێراق و سووریا ئەگەر پێکەوە سەیر بکرێن، ئاماژە بەوە دەکەن کە واشنتۆن مامەڵە لەگەڵ ئەم دوو وڵاتەدا دەکات وەک بەشێک لە فەزایەکی بازرگانی و وزە کە ڕۆژ بە ڕۆژ زیاتر پێکەوە گرێ دەدرێن.

🔹 پێویست ناکات عێراق و سووریا ببنە هاوپەیمانی فەرمیی ویلایەتە یەکگرتووەکان؛ تەنها پێویستە بە شێوەیەکی قووڵ بخرێنە ناو سیستمێکی وەبەرهێنانی ئەمریکی و کەنداوەوە کە بەردەوامبوونی کارەکانی پێویستی بە هاوکاری ئەوان بێت.

🔹 وزە، پەیوەندییەکان و هێڵەکانی بۆری قورساییەکە هەڵدەگرن، نەک بازرگانیی ئاسایی، چونکە ئەمانە سیستمی بنەڕەتین نەک تەنها کاڵا. 

🔹 سیاسەتی پشت بەستوو بە ژێرخان ڕێگە بە واشنتۆن دەدات کەرستە سەرەتاییە هەرزانەکان، هەماهەنگی، گەرەنتی سیاسی، لادانی سزاکان و دەستڕاگەیشتن بە تەکنەلۆژیای ئەمریکی دابین بکات، لە کاتێکدا کۆمپانیا ئەمریکییەکان سەرمایە، کارپێکردن و پێوەرەکان دابین دەکەن، تورکیا ترانزێت، بیناسازی و هێزی ڕەقی هەرێمی دابین دەکات، کەنداو پارە دابین دەکات، و بەغدا و دیمەشقیش سەرچاوە، خاک، گرێبەستەکان و ئەرکی پاراستنی ئاسایشی ڕێڕەوەکە دەگرنە ئەستۆ.

 

له‌ ١٦ی حوزه‌یراندا، باڵیۆزخانه‌ی ئه‌مریكا له‌ به‌غدا ڕاگه‌یه‌ندراوێكی هاوبه‌شی عه‌لی زه‌یدی، سه‌رۆك وه‌زیران و تۆم باراك، نێردراوی تایبه‌تی سه‌رۆكایه‌تی ئەمریکای بڵاوكرده‌وه‌، ئه‌ویش دوای كۆبوونه‌وه‌یان له‌ پایتەخت له‌ ڕۆژی پێشتردا. 

دوو تایبەتمەندی لەم دۆکیومێنتەدا بەدیار دەکەون؛ یەکەم، ئەم بەڵگەنامەیە لە یەک کاتدا پرسی ئەمنی و بازرگانی پێکەوە گرێ دەدات. 

یەکەم؛ پابەندبوونی عێراق بە "داماڵینی تەواوی چەک و هەڵوەشاندنەوەی گروپە چەکدارەکانی دەرەوەی کۆنترۆڵی دەوڵەت"، هاوتەریب دەکات لەگەڵ کۆمەڵێک پڕۆژەی ئەمریکی: مۆڵەتی کارکردنی ستارلینک (Star link)، چوونەناوەوەی کۆمپانیای شیڤرۆن (Chevron) بۆ کێڵگەکانی ڕۆژئاوای قوڕنە-٢ و ناسریە، گەرەنتی ئەمنی بۆ کۆمانیای HKN و وێسترن زاگرۆس (Western Zagros) و هانت (Hunt) بۆ دەستپێکردنەوەی کارەکانیان، وێستگەیەکی گازی سروشتی شلکراوەی (LNG) کۆمپانیای ئێکسێلەرەیت ئینێرجی (Excelerate Energy) لە خۆر زوبێر، و یاداشتنامەیەکی لێکتێگەیشتن لەگەڵ کۆمپانیای (TI Capital) بۆ نۆژەنکردنەوەی بۆری نەوتی کەرکوک-بانیاس. 

دووەم؛ ترەمپ لە ناوەڕاستی مانگی تەمموزدا لە کۆشکی سپی پێشوازی لە زەیدی دەکات.

هاوکای، لایەنە سوورییەکان لە هەمان ئەو ڕۆژانەدا؛ لە ٩ تا ١٣ی حوزەیران، محەمەد ئەلبەشیر، وەزیری وزەی سووریا، لە واشنتۆن بوو بۆ کۆبوونەوە لەگەڵ کۆمپانیاکانی وزەی ئەمریکا. لە ١٦ی حوزەیراندا، کۆمپانیای نەوتی سووریا ڕێککەوتننامەیەکی پەرەپێدانی لەگەڵ هەردوو کۆمپانیای کۆنۆکۆفیلیپس (ConocoPhillips) و نۆڤاتێرا (Novaterra) ئیمزا کرد، کە ئەمە یەکەمین ڕێککەوتنی لەم شێوەیەیە لە نێوان کۆمپانیایەکی گەورەی نەوتی ئەمریکی و حکومەتی نوێی سووریادا. دواتر سەرۆک ئەحمەد شەرع پێشوازی لە بەڕێوەبەرانی جێبەجێکاری ئەو کۆمپانیایانە کرد لە کۆشکی سەرۆکایەتی لە دیمەشق. ڕۆژێک پێشتر، جێگری پارێزگاری حەسەکە پشتڕاستی کردەوە کە کۆمپانیای (HKN Energy) دەستی کردووە بە کارکردن لەو کێڵگە نەوتیانەی کە هێزە کوردییەکانی سووریا لەم دواییانەدا، لانی کەم بە شێوەیەکی فەرمی، ڕادەستی دیمەشقیان کردبووەوە.

ئەم ڕێککەوتنانەی عێراق و سووریا ئەگەر پێکەوە سەیر بکرێن، ئاماژە بەوە دەکەن کە واشنتۆن مامەڵە لەگەڵ ئەم دوو وڵاتەدا دەکات وەک بەشێک لە فەزایەکی بازرگانی و وزە کە ڕۆژ بە ڕۆژ زیاتر پێکەوە گرێ دەدرێن.

تۆم باراک کە پێشتر باڵیۆزی ئەمریکا بوو لە تورکیا، ئێستاش نێردراوی تایبەتی سەرۆکایەتی ئەمریکا بۆ سووریا، وە لەم سەردانەشەوە، نێردراوی تایبەتی سەرۆکایەتی ئەمریکا دەبێت بۆ عێراق. ئەمەش وا دەکات ئەنقەرە، بەغدا و دیمەشق بخرێنە ژێر یەک کەناڵی باڵای پەیوەندییەوە، لەبری ئەوەی لە ڕێگەی سێ مێزی جیاوازەوە بەڕێوەببرێن. ئەو یەکەم گەشتی خۆی کە هەم سووریا و هەم عێراقی دەگرتەوە لە بەغدا دەستپێکرد، پاشان گەشتی کرد بۆ هەولێر بۆ ئەنجامدانی گفتوگۆ لەگەڵ سەرکردە کوردەکاندا.

نەخشەی کۆمپانیاکانیش هەمان چیرۆک دەگێڕنەوە. چەندین کۆمپانیا کە ناویان لە ڕاگەیەندراوەکەی عێراقدا هاتووە، هاوتەریب بەرەو سووریاش هەنگاو دەنێن. کۆمپانیای (HKN Energy) ڕوونترین پردە لەوانە: ئەم کۆمپانیایە کە پێشتر لە هەرێمی کوردستان و عێراقی فیدراڵیشدا کاری دەکرد، ئێستا ئەو کێڵگانەی پێشووی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) لە ناوەوەی سووریا بەڕێوەدەبات؛ واتە یەک کۆمپانیا کە بەسەر سنوورەکاندا باز دەدات. کۆمپانیای شیڤرۆن، لە کاتێکدا لە عێراق خەریکی دانوستانە بۆ کێڵگەی ڕۆژئاوای قوڕنە-٢، لە هەمان کاتدا ڕێککەوتنێکی پشکنینی دەریایی لە سووریا لەگەڵ هاوبەشێکی قەتەریدا هەیە. کۆنۆکۆفیلیپس لە دیمەشق واژۆ دەکات و هەروەها بەشێکە لە کۆنسۆرتیۆمێکی (TotalEnergies) و (QatarEnergy) کە خەریکی لێکۆڵینەوەن لە بلۆکی ٣ی دەریایی سووریا. کۆمپانیاکانی بەیکەر هیوز (Baker Hughes)، هانت، و ئارجێنت ئێڵ ئێن جی (Argent LNG) ماستەرپلانێکی وزەیان بۆ سووریا داڕشتووە و تاوتوێی کۆنسۆرتیۆمێکی فراوانتری ئەمریکی-سعوودییان لە سەرانسەری باکووری ڕۆژهەڵاتدا کردووە. کۆمپانیای هانت، خۆی یەکێکە لەو کۆمپانیا کارپێکەرانەی کە ڕاگەیەندراوەکەی عێراق بە ڕوونی گەرەنتی پاراستنی ئاسایشەکەی دەکات.

بڕبڕەی پشتیی فیزیکی بریتییە لە بۆری نەوتی کەرکوک-بانیاس. ئەم بۆرییە لە ساڵی ١٩٥٢دا دروستکراوە و لە ساڵی ٢٠٠٣وە پەکیکەوتووە، پێشتر نەوتی خاوی باکووری عێراقی دەگواستەوە بۆ کەناراوەکانی سووریا لە دەریای ناوەڕاست. زیندووکردنەوەی ئەم بۆرییە، بە توانایەک کە باس لە گەیشتنی دەکرێت بۆ یەک ملیۆن بەرمیل لە ڕۆژێکدا، دەروازەیەکی ئەوروپی دەداتە عێراق کە بەربەستی گەرووی هورمز تێدەپەڕێنێت، و داهاتی ترانزێت و پێگەی ڕێڕەوێکی وزەش دەبەخشێتە سووریا نەک تەنها وەک بەرهەمهێنەرێکی سادە بمێنێتەوە. بەرپرسانی عێراق و سووریا ئەم حەز و خولیا فراوانترە لە ڕێگەی "دەستپێشخەریی چوار دەریاکە"وە دەخەنە ڕوو، کە کەنداو، دەریای قەزوێن، دەریای ناوەڕاست و دەریای ڕەش پێکەوە دەبەستێتەوە، بەجۆرێک سووریا و تورکیا چەق و تەوەری بن. یاداشتنامەکەی (TI Capital) ئەکتەرێکی دارایی ئەمریکی دەخاتە ناو جەرگەی ئەو شادەمارە سەرەکییەوە.

ئێستا ئاسانترە بزانین ناوی چی لەم دیمەنە دەنێین، چونکە واشنتۆن زۆربەی لایەنەکانی نووسیوەتەوە. باشترە لەم ڕێڕەوە وەک تەلارسازییەکی ئابووری-ئەمنی عێراقی-سووری، یان (میزۆپۆتامی-شامی) بە ڕابەرایەتی ئەمریکا تێبگەین، کە وەک جێبەجێکردنێکی هەرێمیی بۆ "ستراتیژیی ئاسایشی نیشتمانی" دەخوێندرێتەوە کە ئیدارەکە لە مانگی کانوونی یەکەمدا بڵاوی کردەوە. ئەو دۆکیومێنتە باڵادەستیی وزە و دیپلۆماسیی ئابووری دەکاتە ئامرازەکانی هێزی نیشتمانی، مامەڵە لەگەڵ کێبڕکێی تەکنەلۆژیدا دەکات وەک پرسێکی پەیوەست بە هێز نەک تەنها بازرگانی، و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست وەک شانۆیەک پێناسە دەکاتەوە کە دەبێت بارگرانییە سەربازییەکەی کەمبێتەوە و لە بەرامبەردا وەک شوێنێکی مەبەست بۆ وەبەرهێنان فراوانتر بێت، نەک تەنها لە نەوت و گازدا، بەڵکو لە وزەی ئەتۆمی، ژیریی دەستکرد (AI) و تەکنەلۆژیای بەرگریشدا. ڕاگەیەندراوەکەی بەغدا و واژۆکردنەکانی دیمەشق، هاتنی ئەو دۆکتۆرینەن بۆ سەر نەخشەکە.

Untitled Media

 

لێرەدا وزە، پەیوەندییەکان و هێڵەکانی بۆری قورساییەکە هەڵدەگرن، نەک بازرگانیی ئاسایی، چونکە ئەمانە سیستمی بنەڕەتین نەک تەنها کاڵا. بارێکی نەوت کۆتایی دێت؛ بەڵام بۆرییەک، وێستگەیەکی غازی شل، وێستگەیەکی کارەبا یان تۆڕێکی مانگی دەستکرد پەیوەندییەک دروست دەکات کە بۆ چەندین دەیە بەردەوام دەبێت، و لە ڕێگەی پارچەی یەدەگ، نەرمەکاڵا، دارایی، کارمەندی ڕاهێنراو، پێوەرە گونجاوەکان و بەردەوامیی ئامادەیی دابینکەرەکەوە پاڵپشتی دەکرێت. کاتێک ئەم پڕۆژانە یەک بەدوای یەکدا دادەنێیت، ئەو پڕۆژانەی ناویان هاتووە زیاتر لە سیستمی کارپێکردنی ئابوورییەکی پێکەوەبەستراو دەچن نەک تەنها لیستێک لە ڕێککەوتن: بەرهەمهێنان لە ڕێگەی شیڤرۆن، HKN، هانت و کۆنۆکۆفیلیپس؛ خزمەتگوزارییەکانی کێڵگە نەوتییەکان لە ڕێگەی بەیکەر هیوز؛ وزە لە ڕێگەی (GE Vernova) و بەرهەمهێنانی پاڵپشتیکراو لەلایەن کەنداوەوە؛ هاوردەکردن لە ڕێگەی وێستگەی پێشنیارکراوی خۆر زوبێری کۆمپانیای ئێکسێلەرەیت؛ ترانزێت لە ڕێگەی جەیهان و هێڵی کەرکوک-بانیاس؛ چینی دیجیتاڵی لە ڕێگەی ستارلینک؛ سەرمایە لە ڕێگەی وەبەرهێنەرانی ئەمریکی و کەنداوەوە؛ و هەماهەنگی لە ڕێگەی تۆم باراكەوە لە سەرانسەری هەر سێ دەوڵەتەکەدا. مۆڵەتی ستارلینک، بە دیاریکراوی، کۆمپانیایەکی ئەمریکی و پێوەرە ئەمریکییەکان لە ناو داهاتووی پەیوەندییەکانی عێراقدا جێگیر دەکات. بەپێی بەڵگە بەردەستەکان، ئەمە تۆڕەکە یان داتای بەکارهێنەرانی ناداتە دەست واشنتۆن، و شایەنی ئەوەیە ئەم جیاکارییە لەبەرچاو بگیرێت.

ڕاستەوخۆترین بەستەر بەم ستراتیژییەوە بریتییە لە تێچوو. سیاسەتی پشت بەستوو بە ژێرخان ڕێگە بە واشنتۆن دەدات کەرستە سەرەتاییە هەرزانەکان، هەماهەنگی، گەرەنتی سیاسی، لادانی سزاکان و دەستڕاگەیشتن بە تەکنەلۆژیای ئەمریکی دابین بکات، لە کاتێکدا کۆمپانیا ئەمریکییەکان سەرمایە، کارپێکردن و پێوەرەکان دابین دەکەن، تورکیا ترانزێت، بیناسازی و هێزی ڕەقی هەرێمی دابین دەکات، کەنداو پارە دابین دەکات، و بەغدا و دیمەشقیش سەرچاوە، خاک، گرێبەستەکان و ئەرکی پاراستنی ئاسایشی ڕێڕەوەکە دەگرنە ئەستۆ. ڕوونترین ناو بۆ ئەمە بریتییە لە "گواستنەوەی بارگرانی لەسەر بنەمای ژێرخان" واتە ئەو هەژموونەی کە پێشتر هێزێکی سەربازیی جێگیر دەیکڕی، ئێستا لە ڕێگەی هاوسەنگییە داراییەکانی ترەوە بەدەست دێت. پێویست ناکات واشنتۆن هێز لە ڕمێلان جێگیر بکات بۆ پاراستنی بەرژەوەندییەکانی لەوێ، ئەگەر کۆمپانیایەکی ئەمریکی گرێبەستی درێژخایەنی لابێت، کێڵگەکە تێراوی بۆرییە هەرێمییەکان بکات، و لایەنی دارایی ڕۆژئاوایی یان کەنداویش گەرەنتی بکات. لێهاتوویی و کارایی لە گرتنی خاکەوە دەگۆڕێت بۆ خاوەندارێتی ئەو سیستمانەی کە خاکەکە لە ڕووی ئابوورییەوە کارا دەکەن، کە ئەمەش ڕێک ئەو دابەشکردنی بارگرانییەیە کە ستراتیژەکە بە ڕوونی پێشنیاری دەکات، کە لەبری ژمارەی سەربازەکان، لە قالبێ پۆڵا و ڕیشاڵی فایبەردا کێشراوە.

ئەم تەلارسازییە بە جۆرێک دروستکراوە کە بەرگەی پاشەکشە بگرێت. کاتێک ملیارەها دۆلار بۆ بۆرییەک، وێستگەیەکی پاڵاوتن یان تۆڕێکی نیشتمانی تەرخان دەکرێت، هاوپەیمانییەک لە دەوری بەردەوامبوونی کارەکانی دروست دەبێت: حکومەتەکان داهاتیان دەوێت، کۆمپانیاکان قازانجیان دەوێت، بانکەکان گەڕانەوەی قەرزەکانیان دەوێت، کرێکاران کارەکەیان دەوێت، و دراوسێکانیش بەردەوامیی ڕۆیشتنەکەیان دەوێت. ژێرخان خۆی لایەنگری خۆی بەرهەم دەهێنێت، و ئەمەش دەتوانێت زیاتر لە پەیماننامەیەک تەمەن بکات. پێویست ناکات عێراق و سووریا ببنە هاوپەیمانی فەرمیی ویلایەتە یەکگرتووەکان؛ تەنها پێویستە بە شێوەیەکی قووڵ بخرێنە ناو سیستمێکی وەبەرهێنانی ئەمریکی و کەنداوەوە کە بەردەوامبوونی کارەکانی پێویستی بە هاوکاری ئەوان بێت. هەر بژاردەیەکی لەم شێوەیەش، بە بێدەنگی مەودای کارکردن بۆ تۆڕە ڕکابەرەکانی وەک ئێرانی، ڕووسی، چینی، یان ئەکتەرە چەکدار و سیاسییە ئۆتۆنۆمەکان بەرتەسک دەکاتەوە، بێ ئەوەی هیچ دەرکردنێکی فەرمی ڕووبدات، چونکە چینی داهاتوو بە سادەیی لە ڕێگەی دەستی ترەوە بنیاد دەنرێت.

بۆ ئەکتەرە کوردەکان، لێکەوتەکان زۆر تیژ و هەستیارن، و ئەوان ڕێک لە درزی تەواوی ئەم نەخشەیەدا دانیشتوون. ئەم مۆدێلە پاداشتی ناوەندگەرایی دەکات، و ئەو دارایی و موڵکانەی کە یەکەمجار دەجوڵێنرێن پەیوەستن بە کوردەوە: کێڵگەکانی حەسەکە کە لەژێر کۆنترۆڵی هەسەدە دەرهێنران و ڕادەستی کارپێکەرێکی ئەمریکی کران، نەوتی خاوی کەرکوک کە دەبێتە خۆراکی بانیاس، و ئەو سەرکردایەتییەی هەولێر کە تۆم باراك لە هەمان ئەو گەشتەدا دڵنەواییان دەکات کە تێیدا پەستان دەخاتە سەر بەغدا بۆ چەکداماڵین. زمانی خودی باراك، کە باس لە چنینی جیاوازییە خێڵەکی، ئاینی و مەزهەبییەکانی ناوچەکە دەکات بۆ ناو یەک ڕێسا و نەزمێکی ڕێکخراو، گوزارشت لە هەمان غەریزە دەکات، و لە هەولێر یان سوەیداوە ئەم دەزگای چنینە ڕەنگە کەمتر لە یەکێتی بچێت و زیاتر وەک ژێردەستەیی ببێنرێت.

هیچ کام لەمانە وەک دۆکتۆرینێکی هەرێمی ڕانەگەیەندراون، و زۆربەی شتەکان بە هەڵواسراوی ماونەتەوە. مەلەفی میلیشیاکان هێشتا یەکلایی نەکراوەتەوە، بۆرییەکە پێویستی بە ساڵان و ملیارەها دۆلار هەیە، و چەندین ڕێککەوتنی سووریا هێشتا لە چوارچێوەی یاداشتنامەدا ماونەتەوە نەک ببنە موڵکی بەرهەمهێنەر. ئەوەی ستراتیژەکە بە ڕوونی دەیخاتە ڕوو ڕێگاکەیەتی: وزە، تەکنەلۆژیا و سەرمایە وەک پەرژینی سەرەکی بۆ شوێنپێیەکی سووکتری ئەمریکا.

سەرەڕای ئەوەش، شێوازەکە هێندە ڕێکخراوە کە ناتوانرێت وەک کۆمەڵێک گرێبەستی بێپەیوەندی بە تەنیشتیدا تێپەڕین. واشنتۆن هەوڵدەدات نەزمێکی هەرێمیی کەمتر پشتبەستوو بە ئێران لە سەرانسەری عێراق و سووریادا پێکبهێنێت، کە زۆربەی بە مەرەکەبی ئەمریکی و لەسەر بودجەی خەڵکی تر نووسراوە.

بەڵام ناونانی ئەمە وەک نەزمێکی "پاش-ئێرانی" هێشتا پێشوەختەیە. ئێران لە شەڕەکە ڕزگاری بوو، و ئەو ڕێککەوتنەی کۆتایی پێهێنا لەوانەیە لە کۆتاییدا تاران زیاتر بە متمانەبەخۆبوونەوە جێبهێڵێت نەک لاوازکراو. بۆیە ئەو تەلارسازییەی ئێستا شێوە دەگرێت، باشترە وەک هەوڵێک بۆ گەمارۆدان و تێپەڕاندنی هەژموونی ئێران تێبگەین، نەک وەک بەڵگەیەک لەسەر ئەوەی کە ئێستا ئێران لادراوە.

 

 

سەرچاوە؛

The National Context, The Fulcrum Doctrine: Washington’s Economic Architecture Across Iraq and Syria, June 17, 2026;

https://shorturl.at/S3QK1

 

دواین هەواڵەکان

زیاتر ببینە
null
پێش 21 کاتژمێر

تۆم باراك داوای چی لە مەزڵوم عەبدی كردووە؟

null
پێش 21 کاتژمێر

وردەكاری رێككەوتنە 14 خاڵییەكەی تاران و واشنتۆن

null
١٧ حوزەیران ٢٠٢٦

ئامارە سەرەکییەکانی بیابانبوون لە عێراق و جیهان.