Draw Media

تورکیش و عەجەمیش

2022-02-14 07:19:03


دكتۆر شێركۆ عەبدوڵا (تایبەت بە درەو) 

+قەت قەت باوەڕ ناکەم … یەعنی چی تەواو؟
-یەعنی ڕێک خستیانە دەستییەوە.. وتیان نەمەلازم .. گەرەکمان نی یە
+ عەجایەب … ئەی خۆیان وەعدیان پێ نەدابوو
-بەرێ وەڵا ، قورعانیشیان بۆ خواردبوو.. بەس ئیتر ئەمە سنعاتەو سەبەتە
+جا خۆ ئەویش سنعاتکارێکی باش بوو 
-ئەزانم . بەڵام فەقیرە لە فەحسدا دەرنەچوو
+بۆ دەرنەچوو؟ صینی بوو؟ کۆن بوو؟ وەرەقەی شەریکەی لەگەڵا نەبوو؟
-کەس تێ نەگەیشت بەگم .. هەر ئەوەنەمان خۆش بوو خستیانە جیهازەکەوە… یەکسەر جیهازە بۆر کردی بە شیڕەشیڕێ  حەوت گەڕەکی هێنایە سەرمان
+سەر ئێوە.. جا بە ناشکوری نەبێ کوا ئێوە سەرتان هەیە؟
-ئەو سەر ناڵێم بێ قەزابی یاخوا.. مەبەستم سەری هینە
+سەری مانگ ؟
-لاحەولە وەلا… سەری مانگی چی ئەی هاوار … بەخۆڕایی ئەتەوێ شێتم کەی؟
+ ئێ ئێ ئێ .. دە کەواتە مەخسەدت سەری دێڕە. بەڵام بەڕاستی زۆر حەیفە دوای ئەو هەموو ڕەنج و ئاکۆیە … عەفوو.. دوای ئەو هەموو ڕەنج و بگرە و بەردەیە بگەڕێنەوە بۆ سەری دێر 
-ئەی چی بکەین ، حەلی تر نی یە
+حەل عەرەبی یە کوڕە شیرینەکەم … بیکە بە کوردی . بڵێ چارە نی یە
-ئاخر موشکیلەی کوردییەکە ئەوەیە کەس چارەی ئەوی تری ناوێ.. لەبەر ئەوە حەلە عەرەبییەکە باشترە
+ دەک خوا هەڵی نەگری .. دوای ئەو هەموو پاشەکەوت و سێڵفی و بەردەفڕکێ ئیعلامی یە تازە بە تازە ئەڵێی حەلباشترە لە چارە سەر؟
-خەتای من نی یە .. تەماشای قاموسم کردووە.. قاموس  ئەفەرموێ حەلی عەرەبی باشترە لە چارەسەری کوردی
+لەبەر  چی باشترە؟
-لەبەر ئەوەی حەلە عەربییەکە هەم تورکیش تێ ئەگات و هەم عەجەمیش.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand