Draw Media

23 كەس خۆیان بۆ سەرۆكی زانكۆی سلێمانی كاندید كردووە

23 كەس خۆیان بۆ سەرۆكی زانكۆی سلێمانی كاندید كردووە

2021-12-19 08:18:02


درەو:
23 كەس خۆیان بۆ پۆستی سەرۆكی زانكۆی سلێمانی كاندیدكردووەو لەدوای دانانی سەرۆكی نوێی زانكۆی سلێمانی، دەستدەكرێت بە گۆڕینی راگری كۆلێجی زانكۆكانی دەڤەری سلێمانی كە ماوەی یاساییان تەواو بووە یاخود وەكالەتن، كە زۆربەی زانكۆكانی هەرێمی كوردستان بە وەكالەت بەڕێوە دەچن .

وەزارەتی خوێندنی باڵا بڕیاریدا سەرۆكی پێنج زانكۆ لە دەڤەری سلێمانی بگۆڕێت و شوێنەكانیان بە سیڤی پڕكاتەوە، بڕیارەكەی وەزارەتی خوێندنی باڵا  (د. ئالان فەرەیدون،  سەرۆكی زانكۆی پۆلیتەكنیكی سلێمانی، د. مۆفەق خالید  سەرۆكی زانكۆی راپەڕین، د. رەزا حەسەن   سەرۆكی زانكۆی سلێمانی، د. پۆڵا خانەقا  سەرۆكی دەستەی كوردستانی، د. سەڵاح رەزا  سەرۆكی زانكۆی چەرمۆ) گرتەوە كە ماوەی یاساییان بەسەرچوبوو.
وەزارەتی خوێندنی باڵا لیژنەیەكی پێكهێنا بۆ چاوپێكەوتن لەگەڵ كاندی سەرۆكی زانكۆكاندا كە لیژنەكە پێكهاتوون لە:
د. ئارام محەمەد قادر، وەزیری خوێندنی باڵا
د. عەبدولفەتاح بریكاری وەزیر
د. توانا نەجەف سەرۆكی دیوان
د. ئامانج سەعید 
د. محەمەد حسێن.
لیژنەكە رۆژی چوارشەممە چاوپێكەوتنی لەگەڵ ئەوكاندیدانەكرد كە خۆیان بۆ سەرۆكی زانكۆكانی ( سلێمانی و پۆلیتەكنیك) پاڵاوتبوو مەرجەكانی سەرۆكی زانكۆ:
- هەڵگری بڕوانامەی دكتۆرا بێت.
- ناونیشانی زانستی لە پرۆفیسۆری یاریدەدەر كەمتر نەبێت.
- خزمەتی زانكۆیی لە (10) ساڵ كەمتر نەبێت.
بۆ سەرۆكی زانكۆی سلێمانی (23) كەس كە هەرسێ یاریدەدەرەكەی سەرۆكی زانكۆی سلێمانی و زۆربەی راگرەكان، كە ماوەی یاساییان بەسەرچووە خۆیان كاندید كردووەو رۆژی چوارشەممە چاوپێكەوتنیان كردووە بەشێكیان:
-    د. كاوە جەمال رەشید
-    د. عەلی تاڵەبانی 
-    د. پێشڕەو حەمەجان 
-    د. كۆسار  كۆلێجی پزیشكی
-    د. بروسك لە تۆماری گشتی 
-    د. دیار كۆلێجی وەرزش
-    د. سۆران كۆلێجی زانست
لەدوای چاوپێكەوتنی لیژنەكەی وەزارەتی خوێندنی باڵا شۆرت لیستی كاندیدەكان دەكەن و (3) كەس دیاری دەكەن، ناوەكانیان رەوانەی ئەنجومەنی وەزیران دەكەن لەوێ بڕیار لەسەر یەكێكیان دەدرێت بۆ سەرۆكی زانكۆی سلێمانی.
ئەگەرچی لە وەزارەتی خوێندنی باڵا لیژنەی باڵا پێكهاتووە بۆ وەرگرتنی سیڤی بەڵام دواجار زانكۆكانی دەڤەری سلێمانی یەكێتی ئۆكەی كۆتایی لەسەر دیاریكردنی سەرۆكی زانكۆ و راگرەكان دەدات و لە زانكۆكانی هەولێر و دهۆكیش پارتی دیموكراتی كوردستان ئۆكەی كۆتایی دەدات، بە پێی بەدواداچوونەكانی (درەو) لە هەموو زانكۆ و پەیمانگاكانی كوردستاندا كۆمیتەی یەكێتی تایبەت بە زانكۆو پەیمانگاكان و ناوچەی پارتی تایبەت بە زانكۆ و پەیمانگاكان هەیەو ئەوان حكومەتی سێبەرن بەسەر زانكۆكانەوەو تا ئێستاش دەستی حزب كاریگەرترینە لەناو زانكۆكان و دیاریكردنی كاندیدی راگرو سەرۆك بەشەكان. 

گۆڕینی راگری كۆلێجەكان
( درەو) زانیویەتی لەدوای گۆڕینی سەرۆكی ئەو زانكۆیانەی كە ماوەی یاساییان بەسەرچووە، وەزارەتی خوێندنی باڵا بڕیار لەسەر گۆڕینی تەواوی ئەو راگرانە دەدات كە ماوەی یاساییان بەسەرچووە، رۆژی 12/8/2021 وەزارەتی خوێندنی باڵا بڕیاریدا (22) راگرو یاریدەدەری سەرۆكی زانكۆ لە زانكۆی دهۆك بگۆڕێت.
لە زانكۆی سلێمانی لە كۆی (25) راگرو یاریدەدەری سەرۆكی زانكۆ هەموویان یان ماوەی یاساییان بەسەرچووە یاخود وەكالەتن، بۆیە بڕیارە لەدوای دیاریكردنی سەرۆكی نوێی زانكۆی سلێمانی تەواوی ئەو راگرانە بگۆڕێت كە ماوەی یاساییان بەسەرچووە.
بە پێی راپۆرتێك كە (ئینستتیوتی پەی بۆ پەروەردەو گەشەپێدان) ئامادەی كردووەو ئاراستەی بەرپرسان و لایەنە پەیوەندیدارەكانی كردووە تەواوی راگرەكانی زانكۆی سلێمانی ماوەی یاساییان بەسەرچووە یان وەكالەتن دەبێت بگۆڕدرێن:
-    ئیبتیسام ئیسماعیل راگری كۆلێجی زانستە مرۆڤایەتیەكان
-    د. سۆران راگری كۆلێجی پزیشكی 
-    د. نەرمین مەعروف راگری كۆلێجی بازرگانی
-    د. كارزان راگری كۆلێجی كشتوكاڵ
-    د. عەلی قادر راگری كۆلێجی پەروەردەی بنەڕەتی
-    د. رێبوار سەعید راگری كۆلێجی هونەر 
-    د. سەلام عەبدولكەریم  راگری كۆلێجی پەروەردەی سەید سادق
لەگەڵ تەواوی راگرەكانی تر كە بە وەكالەت ماوەی یاساییان تەواو بووە. 

خشتەی سەرۆك و یاریدەدەر و راگرەكانی زانكۆی سلێمانی كە هەموویان یان وەكالەت یان ماوەی یاساییان بەسەرچووە:


راپۆرتی (ئینستتیوتی پەی بۆ پەروەردەو گەشەپێدان)
 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand