خوروی گومان
2022-01-19 13:18:34
دكتۆر شێركۆ عەبدوڵا (تایبەت بە درەو)
ئێمە گاڵتەچی قوماربازانین
ئەقڵی خۆکوژ و
چەقۆی هەرزانین
ڕەشبەڵەکێین تڕزل و مەغرور
نە ڤاڵس ئەناسین
نە سەمای بالێش بەخزم ئەزانین
**
مەڵێن هیچ ڕەبتی تیا نی یە
سیحری وجود بێ رەبتی یە
بۆ نموونە :
عیشقە مرۆڤ بێ ئەقڵ ئەکات
عیللەتەکەش تەنیا و تەنیا
بێ کەسی یە
کە پۆلیس لە چەمچەماڵەوە
بۆ بیارە نەقڵ ئەکات
***
هۆ نیشتیمان
من حەسەنەکەی سیساوا
وەرە ببە بە حەیرانم
وەرە ببە
بە ئارامیی دوای گریانم
ڕێگەم بدە سوئال بکەم
حیکمەت چی یە
گەوج ئەکەی بە مەسئول و
ئەشپرسی بۆچی وێرانم ؟!
هۆ نیشتیمان
گەڕانەوە بۆ سەر تەڵەی هەزار جارە
بەخوا کفرە
لەدوای وێرانبوونی ئەخلاق
ئەوی ئەمێنێ بەس سفرە
***
دنیا ساردە
وەکو ویژدانی دارۆغا
وەکو سیاسەتی بەغا
سارد سارد سارد سارد
ئەڵێی چلەی سیبریایە
هێندە ساردە
مەسئول دەستی وا لەگیرفانی خۆیدایە
****
خوروی گومانی پێ ناشکێ
نینۆکی ئەم یەقینەی من
سوڵتە پشتی
بەکەرێتی خەڵک بەستووە
پیاویش بە میهرەبانیی ژن