پۆست پاشاگەردانی
2022-01-17 07:55:56
دكتۆر شێركۆ عەبدوڵا (تایبەت بە درەو)
مەسەلەکە شەقی تەئریخ بێ یاخود زوڵم و زۆری جوگرافیا ،نەتیجەکە هەر یەک شتە؛ عالەمە قەپاتەکە بە ڕاستە ڕێگەیەکی تەخت و قیرتاوکراوی وادا کەوتۆتە دوای چارەنووسی خۆی کە فەرق و تەوافیری زۆر زۆرە لە گەڵ بزنە ڕێیەکەی کوردی کڵۆڵدا . تۆ هەر بۆتاقیکردنەوە تەنیا بیست وپێنج دەقە دیقەت بفەرموو لە کتێب و سیمینار و موناقەشەکانیان بزانە چەند جار گوێت لە زاراوە و کەلیمە قورسەکانی وەک میتافیزیک و پۆست مۆدێرنیزم و ئەتمۆسفیر وپلوراڵیتی و قۆناغی گواستنەوە و ئەڵقە بزرەکەی داروین و چی و چی دەبێت ، کە خۆشبەختانە تەنیا چەند قلێکی کەمیان بەگوێچکەمان ئاشنان .ئاشنایەتییەکەش لە سەرێکەوەیە ، عەیب نەبێ زۆرجیاوازە لە سەرە ئەوروپییەکەی . مەسەلەن ئەوان تازە بە تازە گەیشتونەتە مەرحەلەی پۆست مۆدێرنیتە کەچی ئێمە سێ چوار کابینە زیاترە سەردەمی پۆست گەندەڵییمان تێ پەڕاندووە. لای ئەوان وەزعەکە وەزعی پاش پیشەسازی یە بەڵام هەڵۆکانی نیشتیمانی کورد ژ مێژە کوردستانیان گەیاندۆتە سەردەمی پاش پاشاگەردانی …. ئەوان کە باسی گواستنەوە ئەکەن تەنیا مەبەستیان گواستنەوەی کۆمەڵگایە لەعەسری زانستەوە بۆ بەرەبەیانی تەکنەلۆجیا ، کەچی چۆغ تەنگەکانی ئەم وڵاتی گوڵعومەرە کە باسی گواستنەوە ئەکەن مەقسەدیان زۆر شتە ، هەرلە سەنگەرگواستنەوەوە بیگرە تا گوێزانەوەی ستراتیج لە حەوشەی ماڵی کوردایەتییەوە بۆ سەربانە لێژەکەی عێراقی عروبە . فرەیی و پلوراڵیزم لای ئەو داماوانە مەعنایەکی کۆن و سواوی هەیە کەگوایە ئاساییە هزر و مەسڵەحەت و جیهانبینی جۆراوجۆر لە شارێکدا جێیان ببێتەوە ، بەڵام لە کن خۆمان فرەیی هەر یەک مەعنای هەیە ، ئەویش دێی فرە کوێخایە . سەبارەت بەم جۆرە ئاواییە قسە و باس زۆرن . مەشهورترینیان لەتە شیعرەکەی پیرەمێردە کە گوایە دێی فرە کوێخا ناحەسێتەوە. تەبعەن ئێمە بەتایەفە ئیحتیراممان هەیە بۆ زۆرێک لە پەندەکانی جەنابی حاجی تۆفیق ،بەڵام لە مەدا باشی نەپێکاوە، چونکێکم دنیا شایەتە کە موڕتاحترین گوند لە هەر شەش حەوت پارچەکەی کوردستاندا دێی فرە کوێخاو فرەشێخ و فرە ئامر مەفرەزە و فرە مەنسولە . بۆیە هیوادارین ئەم پەندە لە مەنهەج دەربهێنرێ. مەڵێ ناکرێ . خۆ خوا هەر ئەم پەندەی دروست نەکردووە . بچن قسەکەی بەڕێوەبەری بەنداوەکەی وانێک لە جێگەی دابنێن . ئەوەی کە لە پێشبینییەکی ئاڵتوونیدا دەڵێت: ئەگەر بارانی باش و بەخوڕ ببارێت لەوانەیە ئاستی ئاوی بەنداوەکەمان بەرزببێتەوە .