ڕۆمانسییەتی سیاسیی لە شۆڕش و هەڵبژاردنەکاندا

2021-09-18 19:29:08



هەردی مەهدی میکە
گەڕان بە دوای "نموونەی باڵا" و "شاری نموونەیی" جۆرێکە لە بیرکردنەوە و کارکردن بۆ ڕزگاربوون لە دۆخێکی چەقبەستووی سیاسیی-کۆمەڵایەتی، بەڵام زۆرکات ئەم هەنگاوە خۆبەخۆ ڕووەو ڕۆمانسییەتی سیاسی هەنگاو دەنێت و بیرێکی ئایدیالیی ڕۆمانسیی دەستپێنەگەیشتوو یان پۆپۆلیزمێکی کۆنتڕۆڵنەکراو دەخوڵقێنێت. لە عێراق و کوردستاندا، شۆڕشەکان بە بانگەشەکاران و پارێزەرانییەوە، هەڵبژاردنەکان بە حزبەکان و کاندیدەکان و دەنگدەرانیشییەوە و بزووتنەوە چاکسازییخوازەکانیش، جۆرێک لە تای ڕۆمانسی گرتوونی و جێکەوتەی سەیری لە لێدوان و بەرگریینامە و درووشمەکانیاندا جێهێشتووە و دونیای ڕوونی واقیعییان لێکردوون بە شەوەزەنگ و خەیاڵی خۆیان لێبووەتە واقیع.
گەڕان بە دوای نموونەی باڵا ئەرکی هەر ڕەخنەگرێکی واقیعییە، بەڵام گرنگە ئەم نمونە باڵایە بۆ ڕاستکردنەوەی باری لار و چەکی بەرەنگاربوونەوەی خوارییەکان بێت، نەک ئەوەی ببێتە کۆتێک خاوەنی بیرۆکەکە لە واقیع دووربخاتەوە و توانای مەعنەوی (گوتارەکەی) ناواقیعی بکات، توانای مرۆیی (لایەنگرەکانی) نائومێد و سەرمایەی جوڵانەوە کۆمەڵایەتییەکانیش بەهۆی ڕۆمانسیەتێکەوە بەفەنادا بدات.
لە دنیای سیاسەتدا، چەمکی ڕۆمانسییەتی سیاسی، زۆر بەکارهێنراوە و بەکاردێت، لە سیاسەتدا ڕۆمانسییەکان هاوشێوەی عیشق و ئەدەب، پێویستیان بە "گوتارێکی ئەخلاقی" بەرزەفڕ، خەیاڵێکی بەپیت یان سۆزدارییەکی خاوێن و کاردانەوەیەکی دەروونی بەکوڵیش هەیە. ئاراستەی ڕۆمانسیەتی سیاسیی پەیوەست ناکرێت بە ئایدۆلۆژیا و تاقانە ئاراستەیەکی سیاسیی، بەڵکو لەمسەری ڕاستەوە بۆ ئەوسەری چەپ ئەگەری هەیە ڕۆمانسییەتی سیاسییان بوروژێت و ملی بنەما و باوەڕیانی پێ بەرز و نزم بکەنەوە. بۆ نموونە لەدنیای سیاسەتدا لە ئیتاڵیا بە لیبراڵەکان وتراوە ڕۆمانسی، لە ئەڵمانیا بە بە بناژۆخوازەکان (محافظیین)، بەڵام لە ئینگلستان زیاتر بەوانە دەوترێت کە داکۆکی لە میرات بکەن و ئەوانە ڕۆمانسیین کە سوورن لەسەر جەنگ لەپێناو بەرگریی لە وەدەستهاتووەکانی کۆمەڵگە. ئەی ڕۆمانسییەکانی وڵاتی ئێمە کێن؟


سەعدوون، قوربانی ڕۆمانسییەتی سیاسی لە عێراقدا
عێراق(بەکوردستانیشەوە) هاوتا لەگەڵ تازەدامەزراوییەکەیدا، نەوە لەدوای نەوە ڕۆمانسییە سیاسییەکانی لێنەبڕاوە و هەمیشە دیدی ڕۆمانسی لەم وڵاتەدا لایەنگر و پاوەپیارەی خۆی هەبووە.
ڕەنگە یەکەمین قوربانی گیانی و جەستەیی سیاسەتی ڕۆمانسی عەبدولموحسین سەعدون بێت،  لە عێراقی نوێدا، کە ناچارییان کرد خۆی بکوژێت، ئەو بە خۆکوشتنەکەی هەم ڕۆمانسییەتی سیاسیی لە عێراقدا ناساند و هەم خۆشی وەک سیاسییەکی ڕۆمانسی (بەڵام قوربانی) لەو دووفاقەیی سیاسەت نەگەیشت. ئاخر عێراق لەگەڵ تازەییەکەیدا، هێشتا ناوەکەشی جێگیر نەبووبوو، هەشت ساڵ نەبوو لەلایەن بەریتانیاوە دامەزرێنرابوو، سنوری باکووری (بەهۆی کێشەی ویلایەتی موسڵەوە) ئاوەڵا و یەکلانەبووبوویەوە(بەهۆی ململانێکانی تورکیا و ئینگلیزەوە نەک عەرەب!)، هێشتا دامودەزگای پێویست و توانای بەڕێوەبردنی پێویستی خۆی تێدا نەبوو، هەر لەبەر ئەوەش بوو خرابوویە ژێر ئینتیدابی بەریتانیاوە، برسێتی و هەژاریی و دواکەتووییش بابووەستێت، کەچی هەندێ ڕۆمانسیی عەرەب و عروبە و ئیسلامیستی شیعەگەرا، بەڕووی عەبدولموحسین سەعدوندا (کە سەرۆکی یەکەمین پەرلەمانی عێراق و پاشتر سەرۆکوەزیران بوو) هەڵشاخان و داوای ئەوەیان دەکرد هەم ئینگلیزی داگیرکەر لە عێراق دەربکرێت و سەربەخۆ بکرێت و هەم خەمێکیش لە عەرەبی فەلەستین و لیبیا و مەغریب بخۆن و فریایان بکەون و دژی بەلفۆر و سایکس بیکۆش بووەستن! ڕۆمانسییەکان ئەوەیان فەرامۆش دەکرد، کە کۆمەگای نێودەوڵەتی چی دەوێت و کێ ئیدارەی دەکات، ئەوەشییان بیرچووبوو کە دەرکردنی ئینگلیز واتە گەڕانەوە و ژێردەستەیی تورکیای کەمالی، هیچکات بیریان لەوەنەکردەوە بەبێ ئینگلیز شتێک نامێنێت ناوی عێراق بێت، چونکە خۆی دروستی کردووە! بیریشیان چوو بە کام سوپا و کام سەرباز و کامە چەک بچن بەگژی ئینگلیزدا! سەعدون بۆ سەربەخۆیی عێراق هەنگاوی مەزنی نا و ڕێککەوتنی لەگەڵ ئینگلیزدا مۆرکرد، کەچی ڕۆمانسییە مەزهەبی و قەومییەکان پێیان دەووت مادام لەگەڵیان ڕێککەتوویت بەکرێگیراویت! گەر ڕێکیش نەکەوتایە ئەوا دەبوو حاکمی سەربازیی ئینگلیز ڕاستەوخۆ حوکمی عێراقی بکردایە! هەر ئەم گیرخواردنە دووسەرەیەش بوو دەمانچەکەی هەڵگرت و بە فیشەکێک کۆتایی بە ژیانی خۆی هێنا. سەعدوون پاش خۆی نامەیەکی بۆ عەلی کوڕی جێهێشت و بۆی نووسی کە لەپێناو وڵاتەکەمدا باوکێکی باش بۆ تۆ و هاوسەرێکی باش بۆ دایکت نەبووم تۆ ئاگات لێی بێت، چیتر ناتوانم بەرگەی ئەوەبگرم لەلایەک پێم بڵێن بەکرێگیراو و لەلایەکیش بۆ وڵاتەکەم هیچم پێنەکرێت، لای ئینگلیز و لای سیاسییەکانی عێراقیش فشارم لەسەر بێت.


خاڵیکردنەوەی ڕۆمانسییەکان
ڕۆمانسییەکانی نێو سیاسەت پێویستە ئەو شەوق و حەماسەتەی هەیانە خاڵی بکرێتەوە، خاڵیکرنەوەکەش بە وەرگرتن یان پێدانی دەسەڵات نەبێت چارەی نییە و بە هیچی دیکە ناکرێت، چونکە گرێی دەروونییە.
هەر لەو عێراقەدا کە واقیعییەکانی وەک سەعدوون و فەیسەڵی یەکەم و نوری سەعید دروستییان کرد، دوانزە ساڵێکی نەبرد سەربازیی و سیاسییە ڕۆمانسیەکانی وەک ڕەشیدعالی گەیلانی و چوار ئەفسەرە قەومییەکە، جڵەوی دەسەڵاتییان درایە دەست(١٩٤٠)، ئەوکاتە، گەرمەی جەنگی دووەمی جیهانی بوو، ئەم حکومەتە ڕۆمانسییە تازەکارە، لە دەستبەکاربوونییەوە وازی لە کێشە و قەیرانە نێوخۆییەکانی عێراق هێنا و بەڕووی ئینگلیزدا هەڵشاخا (کە ئەوکات بەپیی ڕێککەوتنێک هەژموونی سیاسیی و سەربازیی فراوانی لە عێراقدا چەقاندبوو)، یەکەمین داواکاری ئەوە بوو کە پێویستە حکومەتی بەریتانیا دەست بە جووڵە بکات بۆ سەربەخۆیی و دابینکردنی سەروەریی مافی برا عەرەبەکانی سوریا و فەلەستین! هەر بۆیە ئینگلیزیش کەوتە بەرامبەرییەوە و داوای دەست لەکارکێشانەوە لێکرد و پێی وت عێراق یان دەبێت دۆستایەتی بەریتانیای مەزن هەڵبژێرێت یان گەیلانی و هاوڕێکانی. گەیلانی-ش ڕۆمانسیانە پێی وتبوو: هیچ گرنگی بە متمانەی وڵاتێکی بیانی نادات مادام متمانەی گەل و پەرلەمانی لەپشتە! هەر وای کرد، خۆی و یاوەرە بێئاگاکانی لە دنیای پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان، بە سوپای عێراقی تازەدامەزراوەوە، خۆیان خستە بەرامبەر لەشکری بەریتانیا و مانگێکی نەخایاند دارودەستەکەیان پێچرایەوە و خۆی و ئەو وەسییە نوێیەی داینابوو (شەریف شەرەف) بەرەو تاران هەڵهاتن. 


ئەمە لوتکەی دەسەڵاتوەرگرتنی ڕۆمانسییەکان بوو، کە خەیاڵی بەرزەفڕ و حەماسەتی ناواقیعی و وەهمی پشتیوانی بەرەی گەل سەری خواردن. بەڵام میراتگرانی هەر ماوون و لە بەرگی دیکەی ئیسلامگەرایی و نەتەوەپەرستی و ڕیفۆرمسازیی و جەپی نوێدا لێرە و لەوێ خۆیان دەردەخەنەوە، بەتایبەت لە گەرمەی هەڵبژاردنەکاندا.
لە کوردستانیشدا لە ئان و ساتی سەرگرتنی کودەتاکەی عەبدولکەریم قاسمدا، ئەوکات پارتی دیموکرات و شیوعیی عێراق هەبوون کە هەردووکیان مەشرەب چەپ بوون. قاسم خۆی بەحاڵ چەپ بوو، لەکوردستان ڕۆمانسییەکان، لەخۆی دڵسۆزتر بەرگرییان لێدەکرد و لە خۆپیشاندان و بەرگریینامەکانیاندا ئەم دروشمانەیان دەووتەوە: 
- یەڵلا یەڵڵا بۆ دەرەوە... شێخ بە خۆیی و مێزەرەوە. 
- بژی گەل و ڕۆڵەی گەل... عەبدولکەریم سەرلەشکر.
- بژی گەل و سوپامان... کەریمە پێشەوامان.
- چیتان دەوێ ئەی بەزاز... ئیعدامی سەعید قەزاز.
جا هەر لەم دروشمانەوە، ڕۆمانسییەتی سیاسیی کورد دەتوانرێت ڕیشەکانی دیاری بکرێت، تۆ بزانە، قاسم خۆی هێندە چەپ نەبوو، سەلام عارفی قەومیش شەریکی بوو، کە بەدەستی دەستنوێژەوە لەگەڵ قاسمدا کودەتای کرد، کورد وای دەزانی تەنها قاسم خاوەنی کودەتایە و دەیانوویست هەرچی مەلا و شێخ و تەکنۆکراتی وەک سەعید قەزازە بۆیان لە نێوبەرێت! قەزازێک کە هەموو تەمەنی بۆ دەزگاییکردنی بەڕێوەبردنی عێراق و حوکمی یاسا تەرخان کرد! 
گەر بەم دروشمانە بووایە دەبوو نە قاسم بکەوتایە و کورد و جوڵانەوەکەشی هەرگیز لەگەڵ قاسمدا نەکەوتنایەتە جەنگەوە، کەچی بە پێچەوانەوە هەم کورد شۆڕشی ئەیلوولی دژی قاسم هەڵگیرساند و هەم قاسمیش بەدەستی نزیکترین شەریکی کەوت و نە پشتیوانی جەماوەری وەهمی و نە چەپەکان و نە گیرفانبەتاڵییەکەشی فریای کەوت.
هەر لە کوردستاندا، نزیکەی نیو سەدە چەپ و نەتەوەچییەکان بەناوی داکۆکی لە مافی گەلان لە ئەمریکای لاتین و ئەفریقا و فەلەستین خوێنیان بە خەساردا و ڕۆمانسییە ئیسلامییەکانیش حزبیان دروست نەدەکرد بەو ئومێدەی کە خەلافەتی ئیسلامی بە ئیخوان بێت یان حەرەکاتی جیهادی بگەڕێتەوە و مەزڵوومیەتی کورد هەڵگرێت، وەک ئەوەی عەباسی و ئەمەوی دەوڵەتی فازیڵەی فارابی و ئەفلۆتین بووبن! کە خودی ئەوانیش هەر نەبوون و خەیاڵ بوون و خەیاڵیش دەبن.
لە گەرمەی خۆپیشاندانەکانی ١٧ی شوباتدا بوو، ڕۆمانسییەتی سیاسیی سەرووکەلللەی زۆری داگیرکردبوو، بەرپرسێکی حکومی دەیووت هەموو ئەو حزبانەی بەناوی "بەرەی گەل"ەوە دێن بۆلامان و لەگەڵ دەسەڵاتدا دانوستاندن دەکەن، ئەولەوییەتی داواکارییان خانەنشینکردنی کادیرەباڵاکانی خۆیانە و پشکی حزبەکانیان، بەڵام ئەو جەماوەر و بەرەی گەلە! دەیانووت درۆیە.
بەڵام هەر ئەو جەماوەرە لە یەکێک لە هەڵبژاردنەکاندا سەرکردەیەکی خانەنشینی بەرەی گەلەکەی لەبەردەم جەماوەرەکەیدا کە هوتافیان بۆ دەکێشا و خۆر ناوچاوی سواق دابوون، وتی ببوورن کە لە سێبەری ئەم خۆرەدا ڕامان گرتوون! بەڵام کەس پێی نەوت: بەڕێز خۆر کوا سێبەری هەیە و سێبەر چۆن لە بەر خۆردا درووست دەبێت! ئاخر ڕۆمانسییەت ئاوایە، هەم کوێرت دەکات هەم خاتری ڕێبەرەکانیشی دەگریت. بەڵام کە سەیری واقیع دەکەین و پاشتر کە ئاشەکە ساردبوویەوە و ئیتر ژیانی خۆیان کردە ڕۆمانسی و بیری ڕۆمانسییشان جێهێشت بۆ بەرەی گەل و تا ئێستاش هەر دەنگی پێ کۆدەکەنەوە. دەریشکەوت لیستی خانەنشینەکەی سەرانی ئۆپۆزسیۆنی ڕۆمانسی ڕاست دەرچوو و هەندێک لەو خانەنشینە ناشایستانە، ئێستاش دیسانەوە کاندیدن.
 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
ڕیکلام

جەندرمە لەناوخاكی هەرێمدا
لادانی کاتیی ئێران؛ لەهەمبەر ئەنجامەکانی هەڵبژاردنی عێراقدا
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand