Draw Media

گۆڕان چاوی لە پارتییە.. یەكێتی ئۆپۆزسیۆن كۆدەكاتەوە

گۆڕان چاوی لە پارتییە.. یەكێتی ئۆپۆزسیۆن كۆدەكاتەوە

2021-01-10 18:11:58


راپۆرت: محەمەد رەئوف- فازل حەمەڕەفعەت
پارتی بەرەو بەغداد بەرێكەوت‌و دەیەوێت هاوپەیمانێتی گەورە لەگەڵ لایەنە عێراقییەكان بكات، یەكێتیش لە سلێمانییەوە دەیەوێت لایەنە ئۆپۆزسیۆنەكان لەژێر چەتری خۆیدا بۆ هەڵبژاردنی پێشوەختەی عێراق كۆبكاتەوە، گۆڕان لەنێوان پارتی‌و یەكێتیدا دابەشبووە بەسەر چەند ئاڕاستەیەكدا، لایەنە ئۆپۆزسیۆنەكان بڕیاریان نەداوە‌و چاوەڕێی جموجوڵی پارتی‌و یەكێتین.. لەم راپۆرتەدا زانیاری زیاتر.

دەرگا بۆ هەفتەیەك كرایەوە 

كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عێراق دوێنێ دەرگای تۆماركردنی ناوی حزب‌و هاوپەیمانێتییە سیاسییەكانی بۆ ئەو لایەنانە كردەوە كە دەیانەوێت بەشداری هەڵبژاردنی پێشوەختەی عێراق بكەن، هەڵبژاردنێك كە تائێستا دیارنییە ئایا لەوادەی خۆیدا لە 6ی حوزەیرانی ئەمساڵ بەڕێوەدەچێت یاخود دوادەخرێت بۆ كاتێكی دورتر.
ئەو لایەنانەی دەیانەوێت بچنە ناو پرۆسەی هەڵبژاردنەوە، تەنیا ماوەی هەفتەیەكیان لەبەردەمدایە بۆ ئەوەی ناوی خۆیان تۆمار بكەن، رۆژی شەممەی وادەكە كۆتایی دێت.
هاوكات لەگەڵ كردنەوەی دەرگای تۆماركردنی ناوی حزب‌و هاوپەیمانێتییە سیاسییەكان لە كۆمسیۆنی هەڵبژاردن، سەرەتای جموجوڵێكی سیاسی لە هەرێمی كوردستان دەستی پێكرد. 

یەكێتی لە سلێمانی‌و پارتی بەرەو بەغداد !
ئەمڕۆ وەفدێكی یەكێتی بەسەرۆكایەتی بافڵ تاڵەبانی‌و لاهور شێخ جەنگی، دور لە چاوی كامێراكان خۆیان كرد بە "گردی زەرگەتە" مەكۆی سەرەكی بزوتنەوەی گۆڕاندا لە شاری سلێمانی.
میدیای هیچ یەكێك لەو دوو حزبە هەواڵی ئەم كۆبونەوە سیاسییەیان بڵاونەكردەوە، بەڵام بەگوێرەی بەدواداچونەكانی (درەو)، یەكێك لە تەوەرەكانی سەردانەكە پەیوەندی بە پرسی دروستكردنی هاوپەیمانێتییەوە هەیە بۆ هەڵبژاردنی پێشوەختەی عێراق.
هاوكات لەگەڵ جموجوڵی یەكێتی لە سلێمانی، بەپێی ئەو زانیارییانەی لە چەند سەرچاوەیەكی ئاگادارەوە لەناو پارتی دەست (درەو) كەوتوون، وەفدێكی باڵای پارتی گەیشوەتە بەغداد، وەكو باسدەكرێت، وەفدەكەی پارتی پێكهاتوون لە هەریەكە لە (هۆشیار زێباری، جەعفەر ئیمنیكی‌و رۆژ نوری شاوەیس) ئەندامانی مەكتەبی سیاسی.
ئامانجی سەردانی وەفدی پارتی بۆ بەغداد، گەڕانە بەدوای هاوپەیمانێتی نوێدا، چەند رۆژێك لەمەوبەر هۆشیار زێباری لە چاوپێكەوتنێكدا لەگەڵ كەناڵی (الشرقیە) وتی:" پێشنیازێك هەیە بۆ ئەوەی بۆ هەڵبژاردنی داهاتووی عێراق هاوپەیمانێتی لە دەرەوەی نەتەوە‌و مەزهەب بكەین بەتایبەتی لەگەڵ ئەو لایەنانەی ناو سوننە‌و شیعە كە نزیكین لە یەكترو دەتوانین بگەینە رێككەوتن".
بەگشتی ئێستا پارتی‌و یەكێتی جڵەوی دەستپێشخەرییان بۆ دروستكردنی هاوپەیمانێتی لەناو چوارچێوەی هەرێم‌و دەرەوەی هەرێم لەدەستدایە‌و لایەنەكانی تر تەماشاكەرن‌و مامەڵە لەگەڵ جموجوڵەكانی ئەو دوو حزبەدا دەكەن.

پارتی چی دەوێت ؟
پارتی كە لە دواین هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراقدا بوو بە گەورەترین حزب لەسەر ئاستی عێراق، دەیەوێت لە هەڵبژاردنی پێشوەختەی عێراقدا پارێزگاری لە پێگەی بەهێزی خۆی بكات، بۆ ئەمەش ئەمجارە چاوی لە دروستكردنی هاوپەیمانێتی گەورەیە لەسەر ئاستی عێراق.
هەر جۆرە رێككەوتن‌و هاوپەیمانێتییەكی پارتی لەگەڵ لایەنە سوننە‌و شیعەكان، بۆ قۆناغی دوای هەڵبژاردن‌و دروستبوونی پەرلەمانی نوێی عێراق دەبێت.
لەناو شیعەكاندا، پارتی چاوی لە رەوتی سەدرە، كە هەموو پێشبینییەكان بۆ ئەوە دەچن زۆرینەی كورسییەكانی هەڵبژاردنی پێشوەختە بباتەوە، لەپاڵ ئەمەدا چەند لایەنێكی تری شیعە هەن كە دۆستایەتییان لەگەڵ پارتی باشە‌و دەكرێت هاوپەیمانێتییان لەگەڵدا دروست بكات، لەوانە بەدرییەكان بە سەرۆكایەتی هادی عامری‌و رەوتی حیكمەی عەممار حەكیم.
لەناو سوننەكانیشدا، پارتی پەیوەندی بەهێزی لەگەڵ ژمارەیەكی زۆر لە لایەنەكاندا هەیە، بەتایبەتیش بەرەی عێراقی كە ئوسامە نوجێفی سەرۆكایەتی دەكات‌و (35) پەرلەمانتاری لەگەڵدایە‌و بەمدواییە بۆ لێدان لە پێگەی محەمەد حەلبوسی سەرۆكی پەرلەمانی عێراق دروستكراوە. 
لەناوخۆی هەرێمی كوردستانیش پارتی دروستكردنەوەی هاوپەیمانێتی كوردستانیی لە پەرلەمانی عێراق بەباش دەزانێت، هاوپەیمانێتییەك كە خۆی سەركردایەتی بكات.
پارتی بۆ عێراقی دوای هەڵبژاردن پێشوەختە چەند خەونێكی هەیە، كە لەرێگەی هاوپەیمانێتی سیاسییەوە دەتوانێت بەدییان بهێنێت، خەونی گەورە دروستكردنی پاڵپشتیی بەهێزی دارایی‌و سیاسییە بۆ حكومەتی هەرێمی كوردستان كە مەسرور بارزانی سەرۆكایەتی دەكات، ئەمە لەپاڵ هەوڵی پارتی بۆ وەرگرتنەوەی پۆستی سەرۆك كۆماری عێراق لە یەكێتی. 

یەكێتی لە هەڵبژاردنێكی نوێدا
سەركردایەتی نوێی یەكێتی كە لەكۆتاییەكانی ساڵی 2019دا متمانەی كۆنگرەی چوارەمی وەرگرتووە، هەڵبژاردنی پێشوەختەی عێراق یەكەمین تاقیكردنەوەیە لەبەردەمیدا، سەركەوتنی لەم هەڵبژاردنەدا، كاریگەری لەسەر پێگەی سەركردایەتییە نوێیەكە دەبێت لە كۆنگرەی پێنجەمدا. 
لەناو یەكێتیدا چەند بۆچونێك هەیە، بەڵام زاڵترینیان ئەوەیە، یەكێتی بۆ هەڵبژاردنی پێشوەختەی عێراق، سەركردایەتی هاوپەیمانێتییەك بكات‌و بزوتنەوەی گۆڕان‌و لایەنە ئۆپۆزسیۆنەكان لەژێر چەتری خۆیدا كۆبكاتەوە.
بۆچونێكی تر هەیە، یەكێتی بۆ هەڵبژاردنەكە لەگەڵ پارتی‌و گۆڕاندا بە هاوپەیمانێتییەك بەشداری بكات.
رۆژی شەممەی داهاتوو دواین مۆڵەتی كۆمسیۆنی هەڵبژاردنەكانی عێراقە بۆ تۆماركردنی ناوی هاوپەیمانێتییە سیاسییەكان، یەكێتی دەیەوێت بۆ رۆژانی بانگەشەی هەڵبژاردنی قسەی گۆڕان ببڕێت‌و پێی بڵێ ئێمە بانگهێشتمان كردوون بۆ هاوپەیمانێتی، بەڵام ئێوە شوێن پارتی كەوتوون، ئەمە ئەگەر هاوپەیمانێتی سێقۆڵی لەنێوان پارتی‌و یەكێتی‌و گۆڕاندا نەكرێت‌و یەكێتی‌و پارتی بەجیا لەیەكتر بچنە ناو هەڵبژاردنەكەوە.

گۆڕان لەنێوان چەند بۆچونێكدا !
لەناو بزوتنەوەی گۆڕانیشدا چەند بۆچونێك هەیە سەبارەت بە چۆنیەتی بەشداریكردن لە هەڵبژاردنی پێشوەختەی عێراقدا.
بۆچونێك كە عومەر سەید عەلی رێكخەری گشتی بزوتنەوەكە‌و مستەفا سەید قادر جێگری سەرۆكی هەرێم بانگەشەی بۆ دەكەن، داوا دەكات بزوتنەوەی گۆڕان بچێتە هاوپەیمانێتییەكە سێقۆڵییەوە لەگەڵ پارتی‌و یەكێتی، ئەمانە پێیانوایە تەنیا بەم رێگەیە گۆڕان دەتوانێت گرەنتی كورسییەكانی بكاتەوە لە پەرلەمانی داهاتووی عێراقدا، ئەم ئاڕاستەیە باوەڕی وایە، تەنانەت ئەگەر یەكێتیش نەهاتە ناو هاوپەیمانێتییەكەوە، بزوتنەوەی گۆڕان لەگەڵ پارتی هاوپەیمانێتی بكات.
لەبەرامبەردا ئاڕاستەیەكی تر هەیە كە داوا دەكات، گۆڕان بەتەنیا بچێتە ناو هەڵبژاردنەكە‌و بۆ هەڵمەتی هەڵبژاردن بتوانێت ناڕازییەكانی گۆڕان‌و دەنگی ناڕازیی بەگشتی لە سنوری سلێمانی بۆخۆی كۆبكاتەوە، بەڵام پرسیارەكە ئەوەیە ئایا گۆڕان دوای هاوپەیمانێتی لەگەڵ پارتی‌و یەكێتی لە كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمدا، دەتوانێت بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق وەكو لایەنێكی نەیاری سیاسەتی پارتی‌و یەكێتی دەنگی ناڕازیی بۆخۆی كۆبكاتەوە؟
لەنێوان ئەم دوو بۆچونەدا، قسەی تریش هەیە‌و هەندێك دەڵێن، ئەگەر گۆڕان نەیتوانی بەشێوەی سەربەخۆ بچێتە ناو هەڵبژاردنەكە، لانی كەم با لەگەڵ پارتیدا هاوپەیمانێتی نەكات‌و لەبری پارتی هاوپەیمانێتی لەگەڵ یەكێتی گرێ بدات، چونكە بنكەی جەماوەری گۆڕان لەسنوری دەسەڵاتی یەكێتیدا‌و گۆڕان لەم رێگەیەوە دەتوانێت گرەنتی چەند كورسییەك بكات لە سنوری یەكێتیدا، بەڵام ئەمەش جارێكی تر هاوپەیمانێتی گۆڕان لەگەڵ پارتی دەخاتەوە ژێر پرسیار، مەگەر ئەوەی دوای هەڵبژاردنی پێشوەختەی عێراق، جارێكی ترو لەسەر ئاستی عێراق، گۆڕان بچێتەوە ناو هاوپەیمانێتییەكی نوێوە لەگەڵ پارتی.

لایەنە ئۆپۆزسیۆنەكان
لایەنە ئۆپۆزسیۆنەكانی هەرێمی كوردستان كە بریتین لە هەریەكە لە (كۆمەڵی ئیسلامی، یەكگرتووی ئیسلامی، حزبی شیوعی، جوڵانەوەی نەوەی نوێ) تائێستا بڕیاری كۆتاییان لەبارەی چۆنیەتی بەشداربونیان لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق نەداوە.
هەوڵی دروستكردنی لیستێكی ئیسلامی لەنێوان (كۆمەڵ‌و یەكگرتوو و بزوتنەوەی ئیسلامی) پێشتر شكستیهێنا‌و پێناچێت لیستێكی لەوجۆرە بۆ هەڵبژاردنی داهاتووش لە دایك ببێت. 
جوڵانەوەی نەوەی نوێ رەنگە هەوڵێك بدات بۆ دروستكردنی هاوپەیمانێتییەك لەنێوان هێزە ئۆپۆزسیۆنەكان، حزبی شیوعی‌و سۆسیالیست‌و لایەنە چەپەكانیش دەرگایان لەبەردەمدا كراوەیە بۆ ئەوەی هاوپەیمانێتی دروست بكەن.

روخساری كۆن بە ناوی نوێوە !
دۆخی عێراق گۆڕانكاری بەسەردا هاتووە، لەدوای ئەو خۆپیشاندانە بەرفراوانەی ئۆكتۆبەری ساڵی رابردووی عێراق كە عادل عەبدولمەهدی ناچاركرد دەست لە پۆستی سەرۆك وەزیران بكێشێتەوە، ئێستا ئیتر هەموان‌و بەدیاریكراویش لایەنە شیعەكان لەوە گەیشتوون، نەوەیەكی نوێ لە گۆڕەپانەكەدا قسە دەكات كە چیتر خەونی لەسەر هێزە نەریتییەكان هەڵنەچنیوە‌و چاوی لە ئایندەیەكی جیاوازترە، بۆیە لایەنە نەریتییەكان بۆ بەشداری لە هەڵبژاردنی پێشوەختە ناوی خۆیان گۆڕیوە‌و بەو ناوە نوێیانەوە دەچنە ناو پرۆسەكە. 
بەگوێرەی زانیارییەكان، زۆرینەی هێزە سیاسییەكان ناوی خۆیان لە تۆماری كۆمسیۆنی هەڵبژاردنەكاندا گۆڕیوە، بۆ نمونە هاوپەیمانێتی عێراقییەكان كە عەممار حەكیم سەرۆكایەتی دەكات، ناوی خۆی كردووە بە هاوپەیمانی (تصحیح) واتە "راستكردنەوە"، فالح فایازی سەرۆكی دەستەی حەشدی شەعبی ناوی كوتلەكەی گۆڕیوە بۆ (حقوقیون)، بەیان جەبر سۆلاغس كە یەكێكە لە سەركردەكانی ئەنجومەنی باڵای ئیسلامی كوتلەیەكی دروستكردووە بەناوی (إنجاز)، محەمەد شیاع سودانی كە وەزیرێكی پێشووە‌و سەركردەی حزبی دەعوەیە كوتلەیەكی بەناوی (الفراتین) پێكهێناوە، عەبدولحسێن عەبتان كە پەرلەمانتارو وەزیری پێشووە كوتلەی (وعی) دروستكردووە، ژمارەیەك ئەندامی رەوتی حیكمەی عەممار حەكیمیش كوتلەیەكیان بەناوی (المستقبل) دروستكردووە. 
هاوپەیمانێتییەكانی نوری مالیكی‌و هادی عامری‌و موقتەدا سەدریش بەنیازی ئەوەن ناو و روخساری نوێ بۆ هەڵبژاردنی داهاتوو كاندید بكەن‌و زۆرینەی لایەنەكان نایانەوێت بە روخساری كۆن بچنە ناو ململانێی هەڵبژاردنەوە. 
 

بۆ زانیاری زیاتر لەسەر پێگەی حزبە كوردیەكان لە هەڵبژاردنی داهاتووی عێراقدا دەتوانیت سەیری ئەم راپۆرتە بكەیت 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand