Draw Media

سەفین دزەیی ناوەڕۆكی نوسراوێكی مەسرور بارزانی گۆڕیوە

سەفین دزەیی ناوەڕۆكی نوسراوێكی مەسرور بارزانی گۆڕیوە

2020-12-27 13:31:51


 (درەو):
سەفین دزەیی بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەكانی دەرەوە دەستكاری ناوەڕۆكی نوسراوێكی مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەتی كردووە‌و نوێنەرایەتی وڵاتان لە هەرێم ئاگادار دەكاتەوە، لەرێگەی فەرمانگەی پەیوەندییەكانی دەرەوە مامەڵە لەگەڵ پارتە سیاسییەكان بكەن. 
بەگوێرەی نوسراوێكی مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێم، كە رۆژی 7ی ئابی ساڵی رابردوو بە ژمارە (15) دەرچووە، گشت وەزارەت‌و دامەزراوەكان حكومەت پابەندكراون بەوەی تەنیا لەڕێگەی فەرمانگەی پەیوەندییەكانی دەرەوە، پەیوەندی لەگەڵ نێردەو نوسینگەی وڵاتان‌و كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بكەن لە هەرێمی كوردستان.
نوسراوەكە بەرپرسانی حكومەت پابەند دەكات بەوەی خۆیان بپارێزن لە لێدوان‌و شیكردنەوە‌و سەرەنجدان لەسەر سیاسەتی وڵاتان‌و ئەو پێشهاتانەی لە جیهان‌و ناوچەكە رودەدەن، سەرباری ئەمە هەموو داواكارییەكی بۆ وەرگرتنی ڤیزەی فەرمی وڵاتان، داوەتە دەست فەرمانگەی پەیوەندییەكانی دەرەوە.
نوسراوی ژمارەی (15)ی سەرۆكی حكومەت، بەهیچ شێوەیەك ئاماژەی بە پەیوەندی حزبە سیاسییەكان لەگەڵ كونسوڵگەری وڵاتان لە هەرێم نەكردووە، بەڵام ئەوەی جێگەی سەرەنجە، مانگێك لەمەوبەرو بە دیاریكراوی لە رۆژی 24ی مانگی رابردوودا، بەپشتبەستن بە نوسراوی ژمارە (15)، سەفین دزەیی بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەكانی دەرەوە، بەزمانی ئینگلیزی نوسراوێكی ئاڕاستەی كونسوڵگەری‌و نوێنەرایەتی وڵاتان لە هەرێمی كوردستان كردووە‌و تێیدا داوایان لێدەكات بۆ هەر جۆرە پەیوەندییەك لەگەڵ فەرمانگەكانی حكومەتی هەرێم‌و "پارتە سیاسییەكان" هەماهەنگی لەگەڵ فەرمانگەی پەیوەندییەكانی دەرەوەدا بكەن.
واتا سەفین دزەیی دەستكاری ناوەڕۆكی فەرمانێكی سەرۆكی حكومەتی كردووە‌و بڕگەی "پارتە سیاسییەكان"ی بۆ زیادكردووە.

پەیوەندییەكانی هەرێمی كوردستان
دۆسیەی پەیوەندییەكانی دەرەوە لە هەرێمی كوردستان، یەكێكە لەو دۆسیەیانەی كە بەتەواوەتی لەلایەن پارتی دیموكراتی كوردستانەوە كۆنترڵكراوە، لەپاڵ دۆسیەی نەوت‌و دەسەڵاتە سیاسی‌و ئەمنییەكان، كۆنترۆڵكردنی دۆسیەی پەیوەندییەكانی دەرەوە لەلایەن پارتییەوە، یەكێكە لەو بابەتانەی كە بووەتە جێگەی ناڕەزایەتی حزبە سیاسییەكانی هەرێم.
لە كابینەی مەسرور بارزانیدا بۆ كۆنترۆڵكردنی تەواوەتی پەیوەندییەكان، لەپاڵ فەرمانگەی پەیوەندییەكانی دەرەوەدا، فەرمانگەیەكی نوێ بەناوی فەرمانگەی نوێنەرایەتی حكومەتی هەرێم لە بەغداد دروستكرا.
فەرمانگەی نوێنەرایەتی حكومەتی هەرێم لە بەغداد لەلایەن (فارس عیسا)وە بەڕێوەدەبرێت كە سەربە پارتییە، لەم فەرمانگەیەدا پارتە سیاسییەكانی تری هەرێم هیچ نوێنەرایەتییەك‌و تەنانەت فەرمانبەرێكیشكیان نییە.
فارس عیسا بەمدواییە بە نوسراو دامودەزگاكانی حكومەتی عێراقی ئاگاداركردووەتەوە لەوەی لەرێگەی نوێنەرایەتی هەرێمەوە نەبێت لە بەغداد بۆیان نییە هیچ جۆرە مامەڵەیەك لەگەڵ فەرمانگەكانی حكومەتی هەرێم‌و پارێزگاكاندا بكەن، واتا سەرباری ئەوەی هێشتا هەرێمی كوردستان بەفەرمی بەشێكە لە عێراق، بەڵام پارتی لەرێگەی فارس عیساوە دەرگاوانی بۆ پەیوەندی لایەنە سیاسییەكان‌و فەرمانگەكانی حكومەت لە بەغداد داناوە‌و دەیەوێت ئاگاداری ناوەڕۆكی هەر نوسراوێك بێت كە لە پارێزگاكانی هەرێمەوە دەچێت بۆ وەزارەت‌و فەرمانگەكانی حكومەت عێراق. 
 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand