Draw Media

وادەی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكان دیارینەكراوە

وادەی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكان دیارینەكراوە

2018-04-30 13:48:37


راپۆرتی: نامیق رەسوڵ 
ئەمڕۆ 30ی نیسانی 2014 ماوەی یاسایی ئەنجومەنی پارێزگاكانی هەرێمی كوردستان كۆتایی دێت و تا ئێستاش حكومەتی هەرێمی كوردستان و لایەنە پەیوەندیدارەكان وادەی ئەنجامدانی هەڵبژاردنی بۆ نوێكردنەوەی ئەنجومەنی پارێزگاكان دیارینەكردووە.
هەڵبژاردنی ئەندامانی ئێستای ئەنجومەنی پارێزگاكانی هەرێم نیسانی 2014 لە هەرسێ‌ پارێزگای هەولێر و سلێمانی و دهۆك هاوكات لەگەڵ هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراقدا بەڕێوەچوو، پارێزگای هەڵەبجەش لەوكاتەدا بڕیاری بە پارێزگابوونی لەلایەن حكومەتەوە نەكەوتبووە بواری جێبەجێكردن بەوهۆیەشەوە هەڵبژاردنی پارێزگاكانی لێئەنجامنەدرا و  تا ئێستاش ئەنجومەنی پارێزگای نییە.


ئەنجامەكانی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكانی 2014
یەكەم: پارێزگای هەولێر

پارتی دیموكراتی كوردستان: 12 كورسی
یەكێتی نیشتمانی كوردستان : 6 كورسی
بزوتنەوەی گۆڕان: 4 كورسی
كۆمەڵی ئیسلامی كوردستان: 2 كورسی
یەكگرتووی ئیسلامیی كوردستان: 1 كورسی
پێكهاتەكان: 5 كورسی

لە پارێزگای هەولێر پارتی دیموكراتی كوردستان دەنگی یەكەمی كورسییەكانی ئەنجومەنی پارێزگای بەدەستهێنا و توانی بە پشتیوانی كورسی پێكهاتەكان حكومەتی خۆجێی پارێزگاكە پێكبهێنێت و " نەوزاد هادی" بكاتە پارێزگار و سەرۆكی ئەنجومەنی پارێزگاش هەر لەدەست حزبەكەیدا بێت و دواتر بۆ بەشداریكردن لە حكومەتی خۆجێیەتی چەند پۆستێكی بەخشییە یەكێتی و گۆڕان و یەكگرتووی ئیسلامیی.

دووەم: پارێزگای سلێمانی:
بزوتنەوەی گۆڕان: 12 كورسی 
پارتی دیموكراتی كوردستان: 3 كورسی
یەكێتی نیشتمانی كوردستان: 11 كورسی
كۆمەڵی ئیسلامی كوردستان: 2 كورسی
یەكگرتووی ئیسلامیی كوردستان: 2 كورسی
 حزبی سۆسیالیست دیموكراتی كوردستان: 1 كورسی
مەسیحیی: 1 كورسی

لە پارێزگای سلێمانی هەرچەندە بزوتنەوەی گۆڕان دەنگی یەكەمی پارێزگاكەی  بەدەستهێنا، بەڵام نەیتوانی ( 50+1)ی كورسییەكانی ئەنجومەنی پارێزگا بەدەستبهێنێت تا بتوانێت حكومەتی خۆجێیەتی پارێزگاكە بە تەنها پێكبهێنێت، بۆیە دوای چەندین دانیشتن و گفتوگۆ لەگەڵ یەكێتی نیشتمانی كوردستاندا ساڵی 2014 رێككەوتنێكیان بۆ پێكهێنانی حكومەتی خۆجێی پارێزگای سلێمانی و هەولێر ئیمزاكرد.

قەیرانی پارێزگار لە سلێمانی
بە گوێرەی رێككەوتنەكە هەریەك لە یەكێتی و گۆڕان بۆ ماوەی دوو ساڵ پۆستی پارێزگای سلێمانی و هەڵەبجە بەڕێوەدەبەن، و سەرەتا یەكێتی بۆ ماوەی دوو ساڵ " ئاسۆ فەرەیدون"ی كردە پارێزگاری سلێمانی و دوای تەواوبوونی ماوەكەی كێشە بۆ كاندیدی گۆڕان " هەڤاڵ ئەبوبەكر" دروست بوو بەهۆی كێشەی یاسایی و نایاسایی بوونی سەرۆكی هەرێمەوە قەیران دروست بوو دوای چارەسەركردنی قەیرانەكە هەڤاڵ ئەبوبەكر وەك پارێزگاری سلێمانی دەستبەكاربوو و بەردەوامە لە پۆستەكەی.
ئەمڕۆ 30 نیسان وادەی وەرگرتنی پۆستی پارێزگاری سلێمانی لەلایەن بزوتنەوەی گۆڕانەوە كۆتایی دێت،  یەكێتی نیشتمانی كوردستان لە رێگەی چەند بەرپرسێكییەوە داوای پۆستەكە دەكات، بەڵام تا ئێستا گۆڕان و یەكێتی كە رێككەوتنی سیاسی نێوانیان هەڵپەسێدراوە، لەسەر ئەو پرسە كۆنەبوونەتەوە و پێدەچێت دوای بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق ئەو پرسە یەكلایی دەبێتەوە.
سێیەم: پارێزگای دهۆك
پارتی دیموكراتی كوردستان: 19 كورسی
یەكێتی نیشتمانی كوردستان: 2 كورسی
بزوتنەوەی گۆڕان: 1كورسی
یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان: 3 كورسی
پێكهاتەكان: 3 كورسی

لە پارێزگای دهۆك پارتی دیموكراتی كوردستان توانی زۆرینەی كورسییەكانی ئەنجومەنی پارێزگا بباتەوە و حكومەتی خۆجێیەتی پێكبهێنێنن بەبێ‌ ئەوەی پێویستی بە هاوپەیمانی بێت لەگەڵ لایەنەكانی تردا، بەڵام دواتر لەگەڵ یەكگرتووی ئیسلامی كوردستاندا رێككەوتنێكی كردو ئێستا یەكگرتوو لەو پارێزگایە لە حكومەتی خۆجێیەتی دهۆكدا بەشدارە.


پارێزگای هەڵەبجە:
هەڵەبجە بە بڕیارێكی حكومەتی هەرێم كرا بە پارێزگا، سەرەتا بڕیاردرا، ئەنجومەنێكی 25 ئەندامی بۆ ئەو پارێزگایە پێكبهێنرێت بەبێ‌ ئەنجامدانی هەڵبژاردن، حزبەكان لەسەر دابەشكردنی كورسییەكانی ئەو ئەنجومەنە رێككەوتن و كورسییەكی كۆتاش بۆ كاكەییەكانی ئەو پارێزگایە تەرخانكرا، هەرچەندە زۆربەی حزبەكان ناوی كاندیدەكانیان بۆ وەزارەتی ناوخۆ و حكومەتی هەرێم بەرزكردووەتەوە بۆئەوەی فەرمانی دەستبەكاربوونیان بۆ دەربكرێت، بەڵام تا ئێستاش ئەو ئەنجومەنە پێكنەهاتووە و بەشێك لە حزبەكان پێكنەهێنانی دەخنە ئەستۆی پارتی دیموكراتی كوردستان و بڕوایان وایە كە پارتی بە پشكی خۆی لەو ئەنجومەنە قایل نییە و ناخوازێت ئەنجومەنەكە پێكبهێنرێت.
ماوەی یاسایی ئەنجومەنی پارێزگاكانی هەرێمی كوردستان كۆتایی دێت، بەڵام تا ئێستا هاوشێوەی پەرلەمانی كوردستان و سەرۆكایەتی هەرێم وادەی ئەنجامدانەوەی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكان دیارینەكراوە و تا ئێستا هیچكام لە هەڵبژاردنەكانی هەرێمی كوردستان لە وادەی یاسایی خۆیدا بەڕێوەنەچوون و بەردەوام پەرلەمان و ئەنجومەنی پارێزگاكان وادەی یاساییان بۆ درێژكراوەتەوە و پاشان هەڵبژاردن كراوە.
 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand