تۆمەتبارە بە سەركوتكردنی خەڵكی رۆژهەڵاتی كوردستان
2020-01-03 17:15:38
(درەو):
ئەو كەسەی كە لە شوێنی قاسمی سلێمانی دەستبەكاردەبێت، ساڵی 1981 بەشداری كردووە لە سەركوتكردنی ناڕەزایەتی خەڵكی رۆژهەڵاتی كوردستان.
ئایەتوڵا خامنەیی رابەری باڵای كۆماری ئیسلامی ئێران چەند كاتژمێرێك دوای كوژرانی قاسم سلێمانی لە بەغداد، فەرمانێكی دەركردو (ئیسماعیل قائانی) لە شوێنی ئەو وەكو فەرماندەی نوێی فەیلەقی قودسی سەربە سوپای پاسداران دیاریكرد.
خامنەیی لە فەرمانەكەیدا، قائانی وەكو وەكو "بەرجەستەترین فەرماندەكانی سوپا" ناوبردووەو داوای لێكردووە لە پۆستە نوێیەكەیدا درێژە بە بەرنامەكانی قاسم سلێمانی بدات.
ئیسماعیل قائانی كێیە ؟
• چەندین ساڵ یاریدەدەری قاسم سلێمانی بووە لە فەیلەقی قودس.
• لە شاری مەشهەد لەدایكبووە.
• ساڵی 1980 كە تەمەنی تەنیا 20 ساڵ بووە بووە بە ئەندامی ئەو فەیلەقە سەربازییە.
• كۆتاییەكانی ساڵی 1981 هاتووتە تارانی پایتەختو چووەتە سەربازگەی سەعدئاباد كە ئێستا ناوی سەربازگەی ئیمام عەلییەو لەوێ راهێنانی سەربازی بینیوە.
• قائانی دوای تەواوكردنی پەروەردەی سەربازی، گەڕاوەتەوە بۆ شاری مەشهەدو لە یەكێك لە بنكەكانی پەروەردەیی سوپای پاسداراندا وەكو كادرێكی سەربازیی دەستبەكاربووە.
• پاش ماوەیەكو لەناوەڕاستی 1981 بەهۆی سەرهەڵدانی ناڕەزایەتی لە ناوچەكانی رۆژهەڵاتی كوردستان، قائانی رەوانەی ناوچەكانی رۆژهەڵاتی كوردستان كراوە بۆ روبەڕووبونەوەو سەركوتكردنی خەڵك.
• راپۆرتەكان باسلەوە دەكەن لە ساڵی 1980 تاوەكو كۆتایی جەنگی ئێران- عێراق بەشداری جەنگەكەی كردووەو هەندێك وێنەی ئەوكاتەی هەیە كە لەناو سەنگەرەكاندایە.
• لەماوەی هەشت ساڵی جەنگی ئێران- عێراقدا فەرماندەی لەشكری (5)ی نەسرو تیپی ئیمام رەزا بووەو هاوكات بەرپرسی هەندێك لە هێزە سەربازییەكانی پارێزگای خۆراسان بووە.
• قائانی لە ساڵی 1981 ئاشنایەتی لەگەڵ قاسم سلێمانی پەیداكردووەو پێكەوە دەستیان كردووە بە كاركردن لەناو فەیلەقی قودس.
• بەر لەوەی ببێت بە یاریدەدەری قاسم سولەیمان لەناو فەیلەقی قودسدا، ماوەیەك یاریدەدەری ئیتلاعاتی سوپای پاسداران بووە.
• بەپێی راپۆرتی دامەزراوەی "ئەمریكن ئینترپرایز"، موحسین رەزایی فەرماندەی پێشتری سوپای پاسداران لە ساڵی 1984دا قائانی كردووە بە بەرپرسیاری ئۆپراسیۆنەكانی هێزی زەمینی سوپای پاسداران لە مەشهەد.
• دامەزراوە ئەمریكییەكە ئیسماعیل قائانی وەكو یەكێك لەو فەرماندانەی سوپای پاسداران ناوبردووە كە دەستی هەبووە لە سەركوتكردنی ناڕەزایەتییەكانی 1992ی مەشهەد.
• یەكێك لەو فەرماندانەی سوپای پاسداران بووە كە ساڵی 1992 بەشداریكردووە لە بەرگری سوپای پاسداران لە "بەرەی یەكگرتووی ئیسلامی میللی بۆ رزگاریی ئەفغانستان" لەدژی هێزەكانی بزوتنەوەی تالیبان.
• بەپێچەوانەی قاسم سلێمانییەوە، قائانی لە پرسی دەستوەردانی سیاسیو راگەیاندنی بۆچونە سیاسییەكانیدا شەرمی نییەو چەندین لێدوانی توندی لەبارەی بارودۆخی سیاسییەوە هەیە، یەكێك لەو فەرماندانەی سوپا بووە كە ساڵی 2000 ئیمزای لەسەر نامەیەكی توند كردووە كە بۆ محەمەد خاتەمی سەرۆكی ئەوكاتی وڵات نێردراوە سەبارەت بە رووداوەكانی زانكۆی تارانو رووداوەكانی تری ئەو سەردەمە، ئەوكات هەندێك ئەو نامەیەیان وەكو كودەتای سوپا بەسەر دەوڵەتدا لێكدایەوە.
• قائانی ساڵی 2010 یەكێك لەو فەرماندە سەربازییانە بوو كە ئیمزای لەسەر نامەیەكی توندكرد كە ئاڕاستەی سەردار حسێن علایی یەكەمین فەرماندەی هێزی دەریایی سوپای پاسداران كرا سەبارەت بە قسەكانی ئەو لە یاداشتەكانیدا سەبارەت بە سەركوتكردنی شۆپۆلی ناڕەزایەتییەكان دژ بە هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی كۆماری ساڵی 2010و قائانیو هەندێك لە فەرماندەكان نیگەران بوون لەوەی لەو یاداشتەدا ناوی ئایەتوڵا خامنەیی رابەری باڵا هێنراوە لە پشت سەركوتكارییەكانەوە.
بۆ خوێندنەوەی راپۆرتێكی وردی بی بی سی فارسی لەبارەی قاسم سلێمانی كلیك لەسەر ئەم ناونیشانەی خوارەوە بكە:
قاسم سلێمانی؛ فەرماندەیەك نوێنەرایەتی ئایەتوڵا خامنەیی دەكرد