مووچەی پەرلەمانتارێكی پەرلەمانی عێراق چەندە؟
2018-04-25 14:15:12
بەردەوام لە عێراق مشتومڕ و گفتوگۆ هەیە دەربارەی مووچەی بەرپرسە باڵاكان و ئەو جیاوازییە زۆرەی كە لە نێوان موچەی ئەوان و فەرمانبەرانی تری دامەزراوە و فەرمانگەكانی عێراقدا هەیە.
یەكێك لە و دامەزراوانەی كە زۆرترین مشتومڕی لەسەر دەكرێت لە شەقامی عێراقدا مووچەی ئەندامێكی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقە.
لە ماوەی رابردوودا پەرلەمانتار مشعان جبوری لە چاوپێكەوتنێكی تەلەفزیۆنیدا رایگەیاند پەرلەمانتارێكی عێراق مانگانە 45 ملیۆن دینار وەردەگرێت كە یەكسانە بە 37 هەزار دۆلاری ئەمریكی، بە بەراورد بە فەرمانبەرێكی پلە نزم كە 200 دۆلار لە مانگێكدا وەردەگرێت.
لە كاردانەوەیدا بەرامبەر ئەم لێدوانەی جبوری، ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بەیاننامەیەكی دەركرد و بڕی ئەو پارەیەی ئاشكراكرد كە پەرلەمانتارێك لە مانگێكدا وەریدەگرێت كە بەمشێوەیەیە:
مووچەی بنەڕەتی پەرلەمانتار: چوار ملیۆن دینار
دەرماڵەی پۆستەكەی: دوو ملیۆن دینار
دەرماڵەی بڕوانامە: 100%ی مووچەی بنەڕەتی بۆ خاوەن بڕوانامەی دكتۆرا، 75%ی خاوەن بڕوانامەی ماستەر، 45% بۆ خاوەن بڕوانامەی بەكالۆریۆس، 35% بۆ دەرچوونی پەیمانگا، و 25% بۆ دەرچووی ئامادەیی.
ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق راشیگەیاند بەرزترین تێكڕای مووچەی پەرلەمانتارێك لە مانگێكدا لە 10 ملیۆن دینار تێپەڕناكات، كە لە رابردوودا 12 ملیۆن 900 هەزار دینار بووە.
جگە لەو مووچە و دەرماڵانە، هەر پەرلەمانتارێك 30 پاسەوانی هەبوو، بەڵام ئێستا ژمارەی پاسەوانەكان 16 پاسەوانە و هەر پاسەوانێكیش مانگی لە نێوان 880 هەزار بۆ 950 هەزار دینار مووچەكەیەتی و لەو ژمارەیەش شەش پاسەوانیان خانەنیشن دەكرێن.
بەكۆی گشتی ئەو پارەیەی كە دەكرێتە سەر ژمارە بانی پەرلەمانتارێكی عێراق، كە بەپێی بڕوانامە و باری هاوسەرگیری لە پەرلەمانتارێكە بۆ پەرلەمانتارێكی تر دەگۆڕێت لە نێوان 23 ملیۆن و بۆ 25 ملیۆن دینارە.
بەڵام بە وتەی زانا رۆستایی پەرلەمانتاری عێراق لە كۆمەڵی ئیسلامی كە بە رۆژنامەی ئاوێنەی راگەیاندووە، پێش چاكسازیەكەی عەبادی، پەرلەمانتارێكی عێراق موچەی ١٢ ملیۆن دینارو موچەی ٣٠ پاسەوان كە ٣٠ ملیۆن دینار بوو دەخرایە سەر حیساب بانكیەكەی كە دەیكردە ٤٢ ملیۆن دینار.. بەڵام دوای چاكسازیەكانی عەبادی موچەی پەرلەمانتار بۆ ٧ ملیۆن كەمكرایەوە و پاسەوانەكانیش لە ٣٠ پاسەوانەوە بۆ ١٦ پاسەوان كەمكرایەوە بۆیە ئێستا بە كۆی گشتی ٢٣ ملیۆن دینارە دەخرێتە سەر حیساب بانكی پەرلەمانتاری عێراق.