Draw Media

چوار كەس بەبێ هەڵبژاردن دەبن بە سەركردایەتی یەكێتی

چوار كەس بەبێ هەڵبژاردن دەبن بە سەركردایەتی یەكێتی

2019-12-18 20:47:05


راپۆرت: فازل حەمەرەفعەت - محەمەد رەئوف
فوئاد مەعسوم.. نوێترین كارتی ناو گەمە سیاسییەكانی یەكێتی بەر لە بەڕێوەچوونی كۆنگرە، چوار بەرپرسی یەكێتی بەبێ هەڵبژاردن‌و بە تەزكیە دەبن بە ئەندامی ئەنجومەنی سەركردایەتی گشتی، هەندێك لە ئەندامانی مەكتەبی سیاسی لەترسی دەرنەچوون، خۆیان كاندید ناكەنەوە‌و پەیڕەوی ناوخۆ لە دەرگایەكی ترەوە دەیانكاتەوە بەناو حزبدا، ئەمانە دواین پەرەسەندنەكانی ناوخۆی یەكێتی نیشتمانی كوردستان بەر لە (60) كاتژمێر لەوادەی بەڕێوەچوونی كۆنگرەی چوارەمی حزب.

پۆست‌و پەیڕەو  
كاتژمێر (9)ی سەرلەبەیانی رۆژی شەممە چوارەمین كۆنگرەی یەكێتی نیشتمانی كوردستان بەڕێوەدەچێت، كۆنگرەیەك كە سەرەنجی هەموو پارتە سیاسییەكانی ناوخۆی هەرێم‌و لایەنە عێراقی‌و هەرێمییەكانیشی بەلای خۆیدا راكێشاوە.
لەدوای كۆچی دوایی جەلال تاڵەبانی یەكەم‌و كۆتا سكرتێری حزبەوە، یەكێتی بۆیەكەمجار لەماوەی (44) ساڵی تەمەنی خۆیدا، بەبێ تاڵەبانی كۆنگرە دەكات‌و دەیەوێت دەستەیەكی سەرۆكایەتی نوێ هەڵبژێرێت.
ئەم كۆنگرەیە لەلایەن یەكێتییەكانەوە وەكو دواین چانسی هەستانەوەی دوای زنجیرەیەك شكستی سیاسی یەكلەدوای یەك تەماشادەكرێت، ركابەرە سیاسییەكانی یەكێتیش بەگومان‌و دوودڵییەوە چاودێری بارودۆخەكە دەكەن‌و دەیانەوێت بزانن قۆناغی ئایندە مامەڵەیان لەگەڵ كێ‌و چۆن سیاسەتێك دەبێت.
بەپێی رەشنوسی ئەو پەیڕەوەی كە بۆ بەڕێوەبردنی یەكێتی لە قۆناغی داهاتوودا نوسراوە‌و بڕیارە لە كۆنگرەدا پەسەند بكرێت (درەو میدیا وەكو یەكەمین میدیا پێشتر دەقی پرۆژەكەی بڵاوكردەوە)، دەسەڵات لەناو یەكێتیدا دابەشكراوە بەسەر ئۆرگانەكاندا، رەنگە ئەمە وابكات بۆ ئەم قۆناغەش تاڕادەیەك بڕیار لەناو یەكێتیدا بە یەكگرتوویی نەمێنێتەوە‌و لە دۆخە هەستیارەكاندا دوچاری پەرتبوون ببێتەوە، دۆخێك كە لەدوای نەخۆشكەوتن‌و دواتر كۆچی دوایی تاڵەبانییەوە یەكێتی بەدەستییەوە دەناڵێنێت.
سەرباری ئەمە رەشنوسی پەیڕەوەكە دەسەڵاتی بەجۆرێك دابەشكردووە، كە رەنگە پڕكردنەوەی پۆستە نوێیەكانی حزب تاوەكو كۆنگرەی داهاتووش یەكلانەبنەوە، ئەمەش تەحەدییەكی ترە لەبەردەم بەڕێوەبردنی یەكێتیدا (پەیڕەوەكە تەمەنی نێوان دوو كۆنگرەی بە سێ ساڵ دیاریكردووە، واتە دەبێت پاش سێ ساڵی تر یەكێتی كۆنگرەی پێنجەمی بكات). 
كۆنگرەی چوارەم بۆ یەكێتی زیاتر تەحەددی (ئاڵنگاری) تێپەڕاندنی گرێی سازدانی كۆنگرەیە وەك لەوەی قۆناغی هەستانەوەی تەواوەتی‌و گەڕانەوەی حزبەكە بێت بۆسەردەمی زێڕین، سەرەتای دەركەوتنی كاریزمای سیاسی نوێیە لەناو لایەنگرانی حزبدا، ئەو كاریزما نوێیانە رەنگە بۆ قۆناغی ئایندە جێپەنجە لەسەر سیاسەتی یەكێتی بەجێبهێڵن، سیاسەتێك لەنێوان لۆكاڵیبوون یاخود گەڕاندنەوەی حزب بۆناو گەمە گەورەكانی عێراق‌و ناوچەكە.

كاتی یەكلاكەرەوە 
نزیكەی (60) كاتژمێری تر یەكێتییەكان دەچنە ناو هۆڵی كۆنگرەوە، لەگەڵ چوونەژوورەوەی ئەندامانی كۆنگرە بۆناو هۆڵەكە، بەپێی دەستوری كارپێكراوی حزب، ئیدی كەس دەسەڵاتی نامێنێت‌و هەموان بەرهەمی چەند ساڵی رابردووی سیاسەتی خۆیان دەچننەوە.
لە (60) كاتژمێری داهاتوودا پێشبینی گۆڕانكاری نوێ دەكرێت، بەتایبەت لەكاتێكدا هێشتا رێككەوتنی پشتی پەردەی نێوان باڵ‌و جەمسەرەكان لەسەر چۆنیەتی دابەشكردنی پۆستەكان دەڵەمەیە‌و بەتەواوەتی نەمەیوە.

كۆسرەت رەسوڵ‌و قەوارەكەی !
بەپێی بەدواداچوونەكانی (درەو میدیا)، تائێستا تەنیا پۆستی سەرۆكی دەستەی (پاراستنی قەوارەی یەكێتی) تاڕادەیەك یەكلابووەتەوە كە ئەویش بۆ (كۆسرەت رەسوڵ عەلی) جێگری ئێستای سكرتێری حزبەكەیە.
سەرۆكی دەستەی پاراستنی قەوارە بەپێی رێككەوتنی زارەكی نێوان جەمسەرەكانی حزب، راستەوخۆ لەناو كۆنگرە هەڵدەبژێردرێت‌و مافی ڤیتۆی بڕیارەكانی سەرۆك‌و ئەنجومەنی سەركردایەتی گشتی دەبێت، بەڵام ئەمە لە رەشنوسی پەیڕەوەكەدا نەهاتووە‌و دەبێت لە كۆنگرەدا بە دەنگدان یەكلابكرێتەوە، تاڕادەیەك گرەنتی بە كۆسرەت رەسوڵ دراوە ئەم دەسەڵاتانەی بۆ جێگیربكرێت.
بەگوێرەی زانیارییەكانی (درەو میدیا)، بەشێك لە ئەندامانی ئێستای مەكتەبی سیاسی یەكێتی ئەوانەی كە خۆیان بۆ ئەنجومەنی سەركردایەتی گشتی حزب هەڵنابژێرنەوە لەگەڵ ئەوانەشدا كە لە ترسی شكستهێنان لەبەردەم دەنگدانی كۆنگرەدا خۆیان كاندیدناكەنەوە، راستەوخۆ‌و بەبێ هەڵبژاردن دەكرێن بە ئەندامی ئەنجومەنی دانایان، ئەنجومەنێك كە بەپێی رەسنوشی پەیڕەوی ناوخۆ، پێكدێت لە:
* ئەندامانی دەستەی دامەزرێنەران
* ئەندامانی خولی پێشووی سەركردایەتی‌و ئەنجومەنی ناوەند لەو ئەندامانەی لە كۆنگرەدا خۆیان كاندید ناكەنەوە بۆ ئەنجومەنی سەركردایەتی گشتی

سەرۆكایەتییەكەی بەرهەم ساڵح 
بەرهەم ساڵح لە بەرزترین پۆستی سیاسی عێراقدایە، بەڵام هێشتا پۆستێكی حزبیی بۆ یەكلانەبووەتەوە.
بەرهەم ساڵح چاوی لە وەرگرتنی پۆستی سەرۆكی یەكێتییە، پۆستێك كە بۆ ئەم كۆنگرەیە لەبری دەستەواژەی "سكرتێر" داتاشراوە.
بەپێی زانیارییەكانی (درەو میدیا)، ئەوەی لەبارەی پۆستی سەرۆكی یەكێتییەوە تایبەتە بەخودی بەرهەم ساڵحەوە لە سێ خاڵدا خۆی دەبینێتەوە:
یەكەم: بەرهەم ساڵح هێشتا دڵنیا نییە لەوەی كەسی تر خۆی بۆ ئەو پۆستە كاندید ناكات، بە دیاریكراویش (كۆسرەت رەسوڵ عەلی) كە ئێستا زیاتر وەكو كاندیدی سەرۆكی قەوارە باسی لێوەدەكرێت، بەرهەم ساڵح رایگەیاندووە ئەگەر كۆسرەت رەسوڵ خۆی بۆ پۆستی سەرۆكی حزب كاندید بكات، ئەو ناچێتە ركابەرێتییەوە لەسەر ئەو پۆستە.
دووەم: بەرهەم ساڵح ئەگەر پۆستی سەرۆكی حزب وەرنەگرێت، ئامادە نییە پۆستی جێگری سەرۆكی حزب وەرگرێت، بەتایبەتی لەكاتێكدا باسلەوە دەكرێت چوار جێگر بۆ سەرۆكی حزب دادەنرێت.
سێیەم: بەرهەم ساڵح وتویەتی ئەو پۆستی سەرۆكی حزب وەرناگرێت ئەگەر پۆستەكە هیچ دەسەڵاتێكی نەبێت.
پۆستی سەرۆكی حزب لە رەشنوسی پەیڕەوی ئامادەكراودا لەماددەی (41)دا لەبارەی مەرجی ئەو كەسەی كە دەبێت بە سەرۆكی حزب دەڵێ ئەو كەسە دەبێت:" لانی كەم 10 ساڵ خەباتی سیاسی‌و رێكخراوەیی دانەبڕاوی لەریزەكانی یەكێتیدا هەبێت" لەناو كادیرانی یەكێتیدا ئەمە وا لێكدرایەوە بەتایبەت بۆ لێدان لە بەرهەم ساڵح دانرابێت، كە بەمدواییە لە یەكێتی جیابووەوە‌و حزبێكی نوێی دروستكرد‌و پاشان گەڕایەوە بۆ ناو یەكێتی، بەڵام بەپێی بەدواداچوونەكانی (درەو میدیا)، بەرهەم ساڵح ئەگەر لەلایەن جەمسەرەكانەوە بۆ پۆستی سەرۆكی حزب یەكلاببێتەوە، بەئاسانی بەسەر بەربەستی مەرجە یاساییەكەدا تێدەپەڕێت، چونكە ئەو سەرباری ئەوەی لە یەكێتی جیابووەوە‌و حزبێكی نوێی دروستكرد، بەڵام هیچ كاتێك لە ئەنجومەنی سەركردایەتی یەكێتی دەستلەكاركێشانەوەكەی لە ئەندامێتی یەكێتی پەسەندنەكرا، بەپێچەوانەی ئەوەی بەرامبەر بە نەجمەدین كەریم كرا. 
واتە بەشێوەیەكی گشتی تائێستا بەرهەم ساڵح بەتەواوەتی ئامادەی قبوڵكردنی مەرجی جەمسەرەكانی یەكێتی (ماڵباتی تاڵەبانی‌و كۆسرەت رەسوڵ) نییە بۆ وەرگرتنی پۆستی سەرۆكی حزب، رەنگە ئەمە وەكو گوشارێك بەكاربهێنێت بەتایبەتی لەكاتێكدا بینیویەتی جەمسەرەكان جگە لە ئەو، هیچ كاندیدێكی تر بۆ ئەو پۆستە شك نابەن.
ئێوارەی ئەمڕۆ كۆسرەت رەسوڵ عەلی كارەكتەرێكی سیاسی نوێی هێنایە ناو گۆڕەپانی گەمەكانی ناوخۆی یەكێتییەوە، كە ئەویش فوئاد مەعسوم ئەندامی دەستەی دامەزرێنەری یەكێتییە‌و لەدوای لاچوونی لە پۆستی سەرۆك كۆماری عێراق لە هەولێر دادەنیشێت‌و ماوەیەكی زۆرە لە میدیاكانەوە نەبینراوە.
بەپێی بەدواداچوونەكانی (درەو میدیا)، هێنانەپێشەوەی فوئاد مەعسوم لەلایەن كۆسرەت رەسوڵەوە لەم كاتەدا سێ خوێندنەوەی بۆ دەكرێت:
خوێندنەوەی یەكەم: كۆسرەت رەسوڵ عەلی دەیەوێت فوئاد مەعسوم وەكو بەدیلێك بۆ پۆستی سەرۆكی حزب پیشانی بەرهەم ساڵح بدات‌و پێی بڵێ ئەگەر ئەو پۆستەكە وەرنەگرێت، بەدیل ئامادەیە.
خوێندنەوەی دووەم: پۆستی (سكرتێری ئەنجومەنی سەركردایەتی گشتی) كە لە رەشنوسی پەیڕەوەكەدا باسی لێوەكراوە، تائێستا كاندیدی بۆ یەكلانەكراوەتەوە، رەنگە فوئاد مەعسوم كەسێكی گونجاو بێت بۆ ئەو پۆستە.
خوێندنەوەی سێیەم: فوئاد مەعسوم بانگهێشتكراوە تاوەكو سەرۆكایەتی كۆنگرەی چوارەمی یەكێتی بكات، هاوشێوەی كۆنگرەكانی پێشتری حزب كە هەر ئەو سەرۆكایەتی كردوون، بەتایبەتیش كە تەمەن‌و شارەزاییە قوڵەكە لە بواری یاسا‌و ناونیشانەكەی وەكو ئەندامی دەستەی دامەزرێنەری حزب، بۆ ئەو كارە یارمەتیدەری فوئاد مەعسوم دەبن.

تەزكیە چواركەسییەكە !
دواین زانیارییەكان لەناو یەكێتی نیشتمانی كوردستان كە دەست (درەو میدیا) كەوتوون، باسلەوەدەكەن، ئەو بەرپرسانەی یەكێتی كە لە پۆستی باڵای حكومیدان، بەبێ هەڵبژاردن‌و دەنگدانی كۆنگرە، بە تەزكیە دەكرێن بە ئەندامی ئەنجومەنی سەركردایەتی گشتی.
ئەنجومەنی سەركردایەتی گشتی لە (121) كەس پێكدێت، چواركەس لەوانە بە تەزكیە دەبن بە ئەندامی ئەنجومەنەكە‌و (117) كەسی تریان بە دەنگدانی كۆنگرە، ئەوانە بە تەزكیە دەبن بە ئەندامی ئەنجومەنەكە ئەوانە كە لە پۆستە باڵاكانی حكومەتدان‌و بریتین لە هەریەكە لە:
•    بەرهەم ساڵح- سەرۆك كۆماری عێراق
•    رێواز فایەق- سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان
•    جەعفەر شێخ مستەفا- جێگری سەرۆكی هەرێمی كوردستان
•    قوباد تاڵەبانی- جێگری سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان (بەپێی زانیارییەكانی درەو میدیا قوباد تاڵەبانی هەندێك تێبینی لەسەر تەزكیەكردنی هەیە‌و داوا دەكات بەدەنگدان لە كۆنگرەدا هەڵبژێردرێت، ئەمەش دوای ئەوەی ماڵباتی تاڵەبانی لە كۆنفرانسە ناوخۆییەكانی حزبدا زۆرینەی نوێنەرەكانیان بردەوە)

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand