لە بەڕێوەبەرایەتی پاسپۆرتی سلێمانی چی دەگوزەرێ؟
2019-08-22 16:10:01
(درەو میدیا):
10 ئەفسەری بەڕێوەبەرایەتی پاسپۆرتی سلێمانی لە نوسراوێكدا كە بۆ حاكم قادر بەرپرسی مەڵبەندی یەكێتییان نوسیوەو كۆپییەكی دەست (درەو میدیا) كەوتووە، نیگەرانی لە بەڕێوەبەرەكەیان دەردەبڕن.
لە نوسراوەكەدا ئەو ئەفسەرانە باس لە گەندەڵیو رۆتینی ئیداریو كێشەو گرفتەكانی ناو بەڕێوەبەرێتی پاسپۆرتی سلێمانی دەكەن.
ئەفسەرەكان باسلەوەدەكەن" عەمید سالار بەڕێوەبەری پاسپۆرتی سلێمانی هەستاوە بە دروستكردنی دوبەرەكی لەنێوان ئەفسەرو كارمەندان، بەجۆرێك وایكردووە كەسیان متمانەمان بە یەكتریو یەكێتی نیشتمانی كوردستان نەماوە".
لەبەشێكی تردا ئاماژەبەوەدەكەن" بەڕێوەبەر جیاوازی زۆری دروستكردووەو دائیرەی كردووە بە دوو چینەوە، چینە دڵسۆزەكانو چینە سیخوڕە دەسەڵاتدارەكانی خۆی".
ئەفسەرە ناڕازییەكان دەڵێن:" عەمید سالار ژوورێكی كردوەتەوە لەلای خۆی بەناوی (VIP)، چەند كەسێكی نزیكی خۆی داناوە بۆ جێبەجێكردنی ئەو فایلانەی كە مەبەستیەتیو ئارەزوی هەیە بۆ جێبەجێكردنی بەبێ ئەوەی بە كۆنترۆڵ و رێكارە یاساییەكاندا بڕوات، پاش ئەوەی ئاشكرابوو بە تەسكەرەو جنسیەی تەزویر پاسپۆرت بۆ خێزانێكی داعش بەناوی (محەمەد عەلی مستەفا) دروستكراوە، لیژنەی لەسەر گیرا، خۆی گەیاندە وەزارەتی ناوخۆو كێشەكە بە تەوبیخ- سەرزەنشتكردن چارەسەركرا".
بەوتەی ئەو ئەفسەرانە، عەمید سالار عەبدوڵا، چەندین كەسی دڵسۆزی گواستوەتەوەو ئەفسەرانی پارتی لە شوێنیان داناوە، ئەفسەری دڵسۆزی لە بەڕێوەبەرایەتی سلێمانییەوە گواستوەتەوە بۆ پاسپۆرتی كەلارو هەڵەبجە، كەسانێكی لە شوێنیان داناوە كە نزیكن لەخۆیەوەو ئەوەش بۆ جێبەجێكردنی بەرژەوەندییەكانی خۆی.. عەمید سالار متمانەی داوە بە نوێنەری پارتی بۆ جێبەجێكردنی كارەكان و دەرگای بۆ ئەفسەرانی پارتی و بەغداد كردوەتەوە بەویستی خۆیان لیژنەمان لەسەر بگرنو محاسەبەمان بكەن بەبێ ئەوەی لەسەر یەكێكیان بێتە جواب".
ئەفسەرەكان، بەڕێوەبەرەكەیان تۆمەتباردەكەن بەوەی دەستی خستوەتە كاری "عەریزەنوسەكان"و خۆیان كۆمپانیایەكیان داناوە بەناوی "میوان" بۆ ئەوەی تەنها لەڕێگەی ئەو كۆمپانیایەوە كاری هاوڵاتیان بكرێت، ئەفسەرەكان ئاگادركراونەتەوە جگە لەو كۆمپانیایە كار بە فایلی سكاڵا نوسی تر نەكەن.
لە بەشێكی تری نوسراوەكەدا ئەفسەرەكان نوسویانە"ئاگاداری بەشی چاودێری كردووە كە هەر كەسێكی دەوڵەمەند هات، بیبەن بۆلای بەڕێوەبەر بەمەبەستی وەرگرتنی پارە، بۆ نمونە كاتێك شاسوار عەبدولواحید هات بۆ بەڕێوەبەرێتیمان پارەی لێوەرگرتو چەند ئەفسەرو كارمەندێكی نزیكی خۆی پێ نارد بۆ گەشت بۆ توركیا".
(درەو میدیا) پەیوەندی بە عەمید سالار عەبدوڵا بەڕێوەبەری پاسپۆرتی سلێمانییەوە كرد، ناوبراو رەتیكردەوە ئاگاداری ئەو نوسراوە بێت كە ئەفسەرەكانی بەڕێوەبەرایەتییەكەی ئاڕاستەی حاكم قادریان كردووە، بەڵام ناوەڕۆكی تۆمەتەكانی رەتكردەوە.
عەمید سالار رەتیكردەوە هیچ قسەیەك لەبارەی ئەو تۆمەتانەوە بكات كە ئاڕاستەی كراوە، بەوپێیەی وەكو خۆی وتی:" ئەوان سەربە وەزارەتی ناوخۆی عێراقنو بەپێی یاسا بۆیان نییە لێدوان بدەن"، ئاماژەی بەوەكرد، ئەو بابەتە دەبێت لەلایەن داواكاری گشتیو دادگاوە یەكلابكرێتەوە.