Draw Media

كورد لە كەركوك 40 هەزار دەنگ لەدەستدەدات

كورد لە كەركوك 40 هەزار دەنگ لەدەستدەدات

2019-07-28 16:08:16


راپۆرتی:  محەمەد رەئوف 
كورد زەرەرمەندی یەكەمی یاسای هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكان دەبێت لە كەركوك كە لە 23ی تەموزی رابردوو لەپەرلەمانی عێراق پەسەندكرا، ئەگەر هەمواری یاساكە جێبەجێ بكرێت ( 35 -40 هەزار) دەنگی كورد لە تۆماری دەنگدەران دەسڕێتەوە.
تەنها هەمواری یاسای هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكان زیان لە پێگەی كورد نادات لەكەركوك، بەڵكو ناكۆكی و ململانێی نێوان یەكێتی نیشتیمانی كوردستان و پارتی دیموكراتی كوردستان لە رابردووداو چۆڵبونی گۆڕەبانی كەركوك، ئەگەری دۆڕانی كورد زیاتر دەكات  لە هەڵبژاردنی داهاتوودا.  

كورد لە هەڵبژاردنی كەركوكدا
بەپێی هەمواری بڕگەی  7 ی  مادەی 35ی یاسای هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكان كە تایبەتە بە هەڵبژاردن لە پارێزگای كەركوك،  كۆمسیۆنی هەڵبژردنەكانی عێراق پابەندكراوە كە تاوەكو( 31ی كانونی یەكەم 2020 ) وردبینی بكات لە تۆماری دەنگدەرانی پارێزگای كەركوك لە نێوان پسوڵەی خۆراك و ناسنامەی باری شارستانی، بۆئەوەی ئەو ناوانە بسڕێتەوە كە لە هەردوو تۆمارەكەدا هاوتا نین.¬
بەپێی بەدواداچونەكانی (درەو میدیا) ئەگەر ئەو بڕگەیە جێبەجێ بكرێت، ئەوا نزیكەی( 35 – 40 ) دەنگی كورد لە تۆماری دەنگدەرانی ئەو پارێزگایە دەسڕێتەوە، چونكە بەپێی هەمواری یاساكە ئەگەر لە لیستی دەنگدەراندا فۆرمی خۆراك و ناسنامەی باری شارستانی ( هویە الاحوال المدنیە) هاوتا نەبن ئەوا ناوەكانیان دەسڕێتەوە، بەو پێیەی بەشێكی زۆری هاوڵاتیانی ناوچەكانی درەوەی كەركوك ( چەمچەماڵ، سەنگاو، قادر كەرەم، ئاغجەلەر، قەرەناو ..) فۆرمی خۆراكیان گواستۆتەوە كەركوك و تۆماری دەنگدانیان لە كەركوكە بەڵام ناسنامەی باری شارستانیان نەگواستۆتەوە كەركوك هەر لە سەر سلێمانین، بۆیە ناوەكانیان دەسڕێتەوە.
بەشێك لە هاوڵاتیانی كورد كە مادەی 140 دەیانگرێتەوە، فۆرم و ناسنامەو تۆماری دەنگدەریانیان كەركوكە، كە ئەمان كێشەیان نیە و یاساكە نایانگرێتەوە، بەڵام بەشێكیان هێشتا قەرەبوی مادەی 140 یان وەرنەگرتووە، فۆرم و تۆماری دەنگدانیان كەركوكە، بەڵام ناسنامەیان كەركوك نیە بۆیە بەپێی یاساكە ناوەكانیان دەسرێتەوە. 

كورد زەرەرمەندی سەرەكی
( درەو میدیا) بەدواداچونی ووردی كردووە بۆ یاسای هەڵبژاردن و كاریگەری لەسەر پێگەی كورد لە پارێزگای كەركوك، بەشێك لە نوێنەری لایەنە كوردیەكان پێیان وایە ئەو یاسایە بەسەر نوێنەرانی كورد لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقدا تێپەڕێوەو زیانی زۆری بۆ كورد دەبێت، بەشێكی تریان پێیان وایە ئەو یاسایە زیانی زۆر بە كورد ناگەیەنێت، ئەگەر كورد بەیەك لیست و بە گوڕوتینێكی بەهێزەوە بەشداری لە هەڵبژاردنەكاندا بكەن، كورد دەنگی خۆی بەدەستدێنێتەوە كە لە زۆرینەی هەڵبژاردنەكاندا كورد نیوە زیاتری كورسیەكانی ئەو پارێزگایەی بەدەستهێناوە، كێشەی سەرەكی كورد لە ئێستادا لە كەركوك:
-    چۆڵكردنی كەركوك و لەدەستدانی پۆست و پلەكانی كورد لەو پارێزگایە، ئەگەر بەم بارودۆخەوە كورد بچێتە هەڵبژاردنەوە زیانی گەورە دەكات.
-    كێشەی كورد لە كەركوك لە ئێستادا تەنها كێشەی كورد و پێكهاتەكانی تری كەركوك نیە، بەڵكو كێشەی ناوخۆی كوردو  پارتی و یەكێتیە، كە لەدوای روداوەكانی 16ی ئۆكتۆبەرەوە هێندەی بە ململانێی یەكتریەوە سەرقاڵبون هێندە لە هەوەڵی چارەسەری كێشەی كەركوكدا نەبوون.
-    دواخستنی دانانی پارێزگاری كەركوك و كۆنترۆڵكردنی هەموو پۆست و شوێنە هەستیارەكانی لەلایەن پێكهاتەكانی دیكەوە.
ئێستا كورد هەوڵی جدی دەدات كە پێش هەڵبژاردنی 1ی نیسانی 2020 پرۆسەی ووردبینی لە لیستی تۆماری دەنگدەراندا نەكرێت و پرۆسەكە بكەوێتە دوای هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكان، دیاریكردنی 31ی كانونی یەكەمی 2020 بۆ ئەوەیە كە پرۆسەكە بكەوێتە دوای هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكانەوە، بەوەش رازین كە بەشێك لە هەنگاوەكان پێش هەڵبژاردن بگیرێنەبەر بەڵام بڕیاری كۆتایی لەسەر پرۆسەكە بكەوێتە دوای هەڵبژاردنی 1ی نیسانی 2020 .

توركمان سورە لەسەری
لایەنە توركمانیەكان كە فشاری زۆریان دەكرد بۆ ئەوەی هەمواری یاساكە بكرێت و هەڵبژاردن لە كەركوك بەشێوەیەك بكرێت ووردبینی لە لیستی تۆماری دەنگدەراندا بكرێت،  بەڵام دەیانەوێت پێش هەڵبژاردنی 1ی نیسانی 2020 پرۆسەی ووردبینی لە لیستی تۆماری دەنگدەراندا بكرێت.
ئەرشەد سالحی سەرۆكی بەرەی توركمانی لە پەیجی رەسمی خۆی نوسیویەتی كە " ئەگەر ووردبینی تەواو لە تۆماری دەنگدەراندا نەكرێت و تۆماری دەنگدەران لە دەنگە ساختەكان پاكنەكرێتەوە پێش هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێگای كەركوك، دەبێتە كلیلی دروستكردنی شەڕی ئەهلی، كە سەردەكێشێت بۆ گۆڕینی نەخشەی جوگرافی لە عێراقدا".

كۆبونەوە نهێنیەكان لەبەغداد
( درەو میدیا) زانیویەتی چەند رۆژێكە لە بەغداد كورد و پێكهاتەكانی دیكە بە چاودێری نەتەوە یەكگرتووەكان لە كۆبونەوەو گفتوگۆدان بۆ ئەوەی بگەنە چارەسەرێكی رێشەیی بۆ كێشەی كەركوك، بەرپرسێكی ئاگاداری كورد لە كۆبونەوەكان بە ( درەو میدیا) رایگەیاند: بە چاودێری نەتەوە یەكگرتووەكان نوێنەری پێكهاتەكانی كەركوك لە بەغداد چەند كۆبونەوەیەكیانكردووەو بڕیارە لەكۆتایی ئەم هەفتەیە یان سەرەتای هەفتەی داهاتووكۆبونەوەی ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك لە شاری بەغداد بەرێوەبچێت و پارێزگاری كەركوكیش دیاری بكرێت، هەرچەندە لایەنی عەرەب و توركمان دژی دانانی پارێزگارن"
لە قۆناغی یەكەمدا بڕیارە لیستی برایەتی كورد كۆببێتەوەو ئەجێندای كاری خۆیان یەكبخەن، دواتر ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك كۆببێتەوە، ئەگەرچی پارتی دیموكراتی كوردستان رێككەوتنی لەگەڵ یەكێتی هەیە بۆ دیاریكردنی پارێ.گاری كەركوك، بەڵام پێناچێت بە بێ ئاساساییكردنەوەی بارودۆخی ئەمنی كەركوك پارتی بارەگاكانی بگەڕێنێتەوە كەركوك، بەڵام لەدەرەوەی كەركوك لە ( بەغداد) بەشداری كۆبونەوەی ئەنجومەنی پارێ.گای كەركوك دەكات و دەنگ بە پارێزگاری كەركوك ( تەیب جەبار) دەدات.
لە حاڵەتی نەگەڕانەوەی پارتی دیموكراتی كوردستان بۆ كەركوك، ئەوكات ناراستەوخۆ پشتیوانی لە لیستێك دەكات كە رەنگە لیستەكەی (نەجمەدین كەریم) بێت كە چەند رۆژێكە نەجمەدین كەریم ئاماژە بە دانانی لیستی هەڵبژاردن دەكات لە كەركوك لە كاتی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێ.گای كەركوك.
 
دەقی هەمواری بڕگەی ( 7 ، 8 ) مادەی 35ی یاسای هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكانی عێراق:
بڕگەی 7: كۆمسێۆنی باڵای سەربەحۆی هەڵبژاردنەكان پابەندە بەوەی تاوەكو رۆژی 31 كانونی دووەمی 2020 وردبینی بكات لە تۆماری دەنگدەرانی پارێزگای كەركوك لە نێوان پسوڵەی خۆراك و ناسنامەی باری شارستانی، بۆئەوەی ئەو ناوانە بسڕێنەوە كە لە هەردوو تۆمارەكەدا هاوتا نین، ئەمە ئەوانە ناگرێتەوە كە رێوشوینەكانی لیژنەی بەدواداچوونی راستییەكان گرتونیەتەوە كە ئەو لیژنەیە بەپێی ماددەی 140ی دەستور لە پارێزگای كەركوك دروستكراوە
بڕگەی 8: كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی  هەڵبژاردنەكان پابەندە بە گرتنەبەری رێوشوێنی پێویست بەپێی رێنماییە كارپێكراوەكان سەبارەت بە رێوشوینی ژماردنەوەی دەستی دەنگەكان لە هەڵبژاردنی داهاتوودا بۆ ئەو وێستگانەی كە داوای ژماردنەوەی دەستی دەنگەكان دەكرێت تێیاندا.
 بەپێی یاساهەمواركراوەكە هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكان پارێزگای كەركوكیش دەگرێتەوە، 14 كورسی بۆ پارێزگای كەركوك دیاریكراوەو ( 13 كورسی گشتی و  1 كورسی كۆتای)ە، كورسیە گشتیەكان بەپێی ژمارەی دانیشتوان دیاریكراوە كە ژمارەی دانیشتوانی كەركوك بە ( یەك ملیۆن و 639 هەزارو 953 )كەس دیاریكراوە. ئەگەرچی ئێستا ژمارەی ئەندامانی ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك ( 41 ) ئەندامە چونكە كەركوك تەنها بەشداری لەیەك هەڵبژاردندا كردووە ئەویش بەپێی یاسای ژمارە 71ی پۆڵبریمەری حاكمی مەدەنی عێراق بووە، كە بۆ هەر پارێزگایەك 41 كورسی دیاریكرابوو.

 ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك
لەدوای هەڵبژاردنی 30ی كانونی دووەمی 2005 ەوە بەهۆی ناكۆكی پێكهاتەكانی ئەو پارێزگایەوە هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكان لە كەركوك ئەنجامنەدراوە، بەڵام بڕیارە لە هەڵبژاردنی 1ی نیسانی 2020 هاوكات لەگەڵ هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكانی عێراق هەڵبژاردن لە پارێزگای كەركوكیش بەڕێوە بچێت.

كەركوك هەڵبژاردنی 2005 دا 
لە هەڵبژاردنی 30/1/2005ی ئەنجومەنی پارێزگای كەركوكدا لیستی (برایەتی كەركوك) كە لایەنە كوردیەكانی لە خۆ دەگرت لە كۆی( 41 كورسی پارێزگە 26 كورسی بەدەستهێنا بەرێژەی( 63.4% ) كورسی ئەو پارێزگایە، لەبەرامبەردا بەرەی توركمانی 8 كورسی و بەرێژەی ( 19.5% )ی كورسیەكان و  گردبوونەوەی عەرەبی 5 كورسی و بەرێژەی ( 12.2% ) و هاوپەیمانی ئیسلامی توركمانی 1 كورسی  بەرێژەی ( 2.4% ) و گردبوونەوەی نیشتیمانی عێراقی  1 كورسی و بەرێژەی ( 2.4% ) كورسی واتا كورد ( 63.4% ) كورسی ئەنجومەنی ئەو پارێزگایەی بەدەستهێنا، كە دەكرێت بوترێت لە ( 63.4% ) دەنگی ئەو پارێزگایەی بەدەستهێناوە بەڵام لایەنەكانی تر بە عەرەب و توركمانەوە ( 36.6% )ی كورسی ئەنجومەن و دەنگی پارێزگای كەركوكیان بەدەستهێناوە

كەركوك لە هەڵبژاردنی 2010 دا 
لە هەڵبژاردنی 7/3/2010 ی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقدا كە كورد بە چەند لیستێك بەشداری كرد، لەكۆی ( 557 هەزارو 37 ) دەنگدەری پارێزگای كەركوك ، لە لیستە سەركەوتووەكاندا لیستی هاوپەیمانی كوردستانی كە لە یەكێتی نیشتیمانی كوردستان و پارتی دیموكراتی كوردستان و چەند پارتێكی دیكە پێكهاتبوو، توانی  (206 هەزارو 542 ) دەنگ بەرێژەی (37% )ی دەنگەكانی ئەو پارێزگایە بەدەستبهێنێت و 6 كورسی  لە كۆی 12 كورسی پشكی ئەو پارێزگایە لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بەدەستبهێنێت، كە رێژەی كورسیەكانی ( 50%) دەكات، هاوكات  لیستی عێراقیە (211 هەزارو 336 ) دەنگ و بەرێژەی ( 37.9% )ی دەنگی لیستە سەركەوتوەكانی ئەو پارێزگایەو  6 كورسی بەدەستهێنا واتا (50% ) و لیستی رافیدەین (28 هەزارو 78 ) دەنگ و بەرێژەی ( 5% )  و 1 كورسی لە كورسی كۆتا بەدەستهێنا.
سەرەرای دەنگی لیستی هاوپەیمانی كوردستانی كە (206 هەزارو 542 ) دەنگی بەدەستهێنابوو دەنگی سەرجەم لیستە كوردیەكان لەو پارێزگایە ( 278هەزارو 170 ) دەنگی بەدەستهێنابوو بەرێژەی ( 49.9% )ی دەنگی ئەو پارێزگایە بەو پێەی لیستی گۆران ( 36هەزارو 554 ) دەنگ و یەكگرتووی ئیسلامی ( 24هەزارو 274 ) دەنگ، كۆمەڵی ئیسلامی ( 7 هەزارو 175) دەنگی بەدەستهێنابوو حیزبی شیوعی ( 3 هەزارو 397 ) دەنگی بەدەستهێنا بوو، كە نزیكەی ( 70 هەزار ) دەنگە كە ئەو دەنگانە لەبەر ئەوەی دەنگی پێویستیان نەهێنا بۆ كورسیەك كە بەهای كورسیەك ( 46 هەزارو 419 ) دەنگ بووە، هیچ كورسیەكیان بەدەستنەهێناو دەنگەكانیان سوتا.
بەو پێیەش دەنگی كورد لە نێوان 2005 بۆ 2010 لە ( 63.4% ) دەنگی ئەو پارێزگایەوە بۆ ( 49.9% )ی دەنگی ئەو پارێزگایە دابەزی واتا بەرێژەی ( 13.5% )ی دەنگەكانی دابەزی رێژەی كورسیەكانیشی بەهەمان شێوە( 13.4% ) دابەزی.

كەركوك لە هەڵبژاردنی 2014دا 
بەڵام لە هەڵبژاردنی 30/4/2014 ی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە پارێزگای كەركوك لە كۆی (570795 ) دەنگدەری ئەو پارێزگایە كە 12 كورسی هەبوو بۆ ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق یەكێتی ( 209964 ) دەنگی بەدەستهێنا 6 كورسی و پارتی ( 63076 ) دەنگی بەدەستهێنا 2 كورسی بەدەستهێنا بەهای كورسی لەو پارێزگایە ( 47566 ) دەنگ دەكات .

كەركوك لە هەڵبژاردنی 2018 دا 
لە دوایین هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە 12ی ئایاری 2018 دا  لە پارێزگای كەركوك پارتی دیموكراتی كوردستان بەشداری هەڵبژاردنی ئەو پارێزگایەی نەكرد، لە كۆی ( 12) كورسی و ( 487 هەزارو 142 ) دەنگدەر. 
-    یەكێتی نیشتیمانی  6 كورسی و ( 177 هەزارو 920 ) دەنگی بەدەسهتهێنا
-    هاوپەیمانی عەرەبی لەكەركوك 3 كورسی و ( 86 هەزارو 452 ) دەنگی بەدەستهێنا
-    بەرەی توركمانی 3 كورسی و ( 82 هەزارو 33 ) دەنگی بەدەستهێنا
-    لیستی نیشتیمانی ( گۆڕان، هاوپەیمانی، كۆمەڵ) لە كەركوك ( 14 هەزارو 914 ) دەنگی بەدەستهێنا بەبێ كورسی
-    نەوەی نوێ (  13 هەزارو 665 ) دەنگی بەدەستهێنا
-    حزبی سۆسیالیست دیموكراتی كوردستان ( 7 هەزارو 509 ) دەنگی بەدەستهێنا
-    یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان ( 4 هەزارو 784 ) دەنگ
 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand