Draw Media

(درەو میدیا) هۆكاری دەستلەكاركێشانەوەی ئاشكرادەكات

(درەو میدیا) هۆكاری دەستلەكاركێشانەوەی ئاشكرادەكات

2019-07-27 12:49:03


(درەو میدیا):
محەمەد تۆفیق رەحیم، ئەندامی خانەی راپەڕاندنی بزوتنەوەی گۆڕان دەستی لە پۆستەكەی كێشایەوە‌و دەیەوێت پۆستی جێگری سەرۆكی هەرێم مسۆگەر بكات.
بە گوێرەی زانیارییەكانی ( درەو میدیا) محەمەد تۆفیق رەحیم  دەستی لە ئەندامێتی خانەی راپەراندن كێشاوەتەوە‌و كێبركێی مسەفا سەید قادر دەكات بۆ وەرگرتنی پۆستی جێگری سەرۆكی هەرێم.
دەستلەكاركێشانەوەی محەمەد تۆفیق رەحیم دوای ئەوە دێت ئەمڕۆ جڤاتی نیشتمانی گۆڕان هاوشێوەی یەكلاكردنەوەی پۆستی وەزیرەكان دەسەڵاتی یەكلاكردنەوەی كاندیدی تری پۆستەكانی تری بزوتنەوەكەی بەخشی بە عومەر سەیدعەلی رێكخەری گشتی گۆڕان.
(درەو میدیا) زانیویەتی عومەر سەیدعەلی پێشتر هەڵوێستی خۆی دەبارەی یەكلاكردنەوەی كاندیدەكان راگەیاندووەو لەگەڵ ئەوەدا نیە ئەندامانی خانەی راپەراندن كە ژمارەیان شەش ئەندامە هیچ پۆستێك وەربگرن, ئەوەش وایكردووە محەمەد تۆفیق رەحیم دەست لە ئەندامێكی خانەی راپەڕاندن بكشێنێتەوە بۆ ئەوەی بەهانەی رێكخەری گشتی حزبەكەی ببڕێت لە یەكلاكردنەوەی كاندیدی پۆستی جێگری سەرۆكی هەرێم.

لە كۆبونەوەی ئەمڕۆی جڤاتی نیشتیمانی بزوتنەوەی گۆڕانیشدا عومەری سەید عەلی رایگەیاندووە كە هیچ ئەندامێكی خانەی راپەڕاندن بۆ پۆستە حكومیەكان دانانێت، لەو كاتەدا محەمەد تۆفیق رەحیم رایگەیاندووە كە ئەویش چیدیكە ئەندامی خانەی راپەڕاندن نیە، لەلایەك دژ بە بڕیارەكەی عومەری سەید عەلی، لەلایەكیش دەیەوێت خۆی بەدور بگرێت لەو بڕیارەی عومەری سەید عەلی  و دەیەوێت لەدەرەوەی خانەی راپەڕاندن خۆی بۆ جێگری سەرۆكی هەرێم كاندید بكات 

دەستلەكاركێشانەوەی محەمەد تۆفیق رەحیم لە كاتێكدایە كە 25ی تەموزی 2019 وادەی یاسایی خانەی راپەڕاندن كۆتایی هاتوو لە كۆبونەوەی 25ی تەموزی رابردو جڤاتی نیشتیمانی بزوتنەوەی گۆڕان 14ی ئەیلولی داهاتووی دیاریكرد بۆ هەڵبژاردنی ئەندامانی خانەی راپەڕاندن .
دوێنێ‌ (درەو میدیا) لە راپۆرتێكدا ئاشكرایكرد نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێم داوای لە بزوتنەوەی گۆڕان كردووە بە فەرمی ناوی كاندیدی جێگری سەرۆكی ئاراستەبكەن‌و ئێستا سێ‌ كەس لەناو گۆڕاندا كێبركێ‌ لەسەر ئەو پۆستە دەكەن كە بریتین لە مستەفا سەیدقادر، جەمال حاجی محەمەد، محەمەد تۆفیق رەحیم.
مستەفا سەیدقادر هیچ پۆستێكی حزبی نیە بەڵام لەلایەن كوڕەكانی نەوشیروان مستەفاوە پشتگیری لێدەكرێت‌و خۆی ئەندازیاری رێككەوتنی گۆڕان‌و پارتییە لە پێكهێنانی حكومەتدا‌و چانسی بۆ وەرگرتنی پۆستەكە زۆر بەهێزە، كاندیدی دووەم جەمال حاجی محەمەدە كە ئەندامی خانەی راپەڕاندنەوە بە گوێرەی زانیارییەكانی (درەو میدیا) ئێستا باری تەندروستی ناجێگیرە‌و بۆ چارەسەر لە دەرەوەی وڵاتەوە‌و كاندیدی سێیەم محەمەد تۆفیق رەحیم كە دەستی لە ئەندامێتی خانەی راپەڕاندن كێشاوەتەوە‌و بەپێگەیەكی بەهێزترەوە چوەتە ناو ململانێی پۆستی جێگری سەرۆكی هەرێمەوە.

(درەو میدیا) بۆ وەرگرتنی زانیاری دەربارەی دەستلەكاركێشانەوەی پەیوەندی بە محەمەد تۆفیق رەحیمەوە كرد، بەڵام مۆبایلەكەی داخرابوو.
پرۆفایلی محەمەد تۆفیق رەحیم
- 1953 لە سلێمانی لەدایكبووە
- كۆلێژی ئەندازیاری تەواوكردووە
- زاوای نەوشیروان مستەفا دامەزرێنەری بزوتنەوەی گۆڕانە
- پێشمەرگەی دێرینە‌و لە شاخ‌و لەناو یەكێتی‌و كۆمەڵەی رەنجدەراندا پۆستی باڵای هەبووە.
- ئەندامی مەكتەبی سیاسی یەكێتی بووە
- 1992 جێگری سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان بووە
- لە یەكەمین كابینەی حكومەتی هەرێمدا وەزیری هاوكاری‌و پەیوەندییەكان بووە
- ساڵی 2004 وەزیری پیشەسازی بووە لە كابینەكەی ئەیاد عەلاویدا.
- 2006 لەگەڵ نەوشیروان مستەفادا وازی لە یەكێتی هێناوە‌و بەشداری دامەزراندنی بزوتنەوەی گۆڕانی كردووە.
- بەرپرسی ژووری پەیوەندییە دیپلۆماتییەكانی گۆڕان بووە
- 2017 خۆی بۆ پۆستی سەرۆكی هەرێم كاندیدكرد، بەڵام هەڵبژاردن ئەنجام نەدرا.
- 2017 بە ئەندامی خانەی راپەڕاندنی بزوتنەوەی گۆڕان هەڵبژێردرا.
- 27ی تەموز دەستی لە ئەندامێتی خانەی راپەڕاندن كێشایەوە.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand