سبەینێ گۆڕان كاندیدەكانی یەكلادەكاتەوە
2019-07-26 16:45:48
راپۆرت: فازل حەمەڕەفعەت- محەمەد رەئوف
نێچیرڤان بارزانی چاوەڕێی بزوتنەوەی گۆڕانە كاندیدی پۆستی جێگری سەرۆكی هەرێم یەكلابكاتەوە، كاندیدەكەی گۆڕان پرسی دانانی دوو جێگرەكەی سەرۆكی هەرێمی دواخستووە، سبەینێ جڤاتی نیشتمانی بزوتنەوەی گۆڕان كۆدەبێتەوەو كاندیدی هەموو ئەو پۆستانەی تر یەكلادەكاتەوە كە لەكابینەی نوێدا بەر بزوتنەوەكە كەوتووە.
سبەینێ جڤاتی نیشتمانی بزوتنەوەی گۆڕان كۆدەبێتەوە، كۆبونەوەكە بۆ بڕیاردانە لەسەر چۆنیەتی یەكلاكردنەوەی كاندیدەكانی بزوتنەوەكە بۆ پۆستی (جێگری سەرۆكی هەرێمی كوردستان)و (یاریدەدەری سەرۆكی حكومەت بۆ كاروباری چاكسازی)و پشكەكانی تری بزوتنەوەكە لە حكومەت، بەدیاریكراویش پۆستەكانی (راوێژكارو بەڕێوەبەرە گشتییەكان).
نێچیرڤان بارزانی چاوەڕوانی گۆڕانە
سەرچاوەیەك لە پارتی دیموكراتی كوردستان بە (درەو میدیا)ی راگەیاند، نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان چاوەڕوانی بزوتنەوەی گۆڕان تاوەكو ناوی كاندیدی خۆی بۆ پۆستی سەرۆكی هەرێم رەوانە بكات.
سەرچاوەكە وتی:" دواكەوتنی دانانی جێگرەكانی سەرۆكی هەرێم، پەیوەندی بە بزوتنەوەی گۆڕانەوە هەیەو ئەو بزوتنەوەیە تائێستا كاندیدی خۆی یەكلانەكردوەتەوە، پارتی بە فەرمی داوای لە گۆڕان كردووە ناوی كاندیدی خۆی بنێرێت".
بەپێی زانیارییەكانی (درەو میدیا)، نێچیرڤان بارزانی دەیەوێت لە یەك رۆژدا فەرمانی دانانی جێگرەكانی سەرۆكی هەرێم دەربكات، كە یەكێكیان كاندیدی یەكێتییەو یەكێتی یەكلایكردوەتەوە جەعفەر شێخ مستەفا ئەو پۆستە وەردەگرێت، ئەوی تریان كاندیدی بزوتنەوەی گۆڕانەو هێشتا بەفەرمی یەكلانەكراوەتەوە.
كاندیدی جێگری سەرۆكی هەرێم
(درەو میدیا) زانیویەتی، ئێستا پۆستی جێگری سەرۆكی هەرێم لەناو بزوتنەوەی گۆڕاندا لەنێوان سێ سەركردەی باڵای گۆڕاندا كێبڕكێی لەسەرە، ئەوانیش هەریەكە لە (مستەفا سەید قادر- جەمال محەمەد، محەمەد تۆفیق رەحیم)ن.
مستەفا سەید قادر كاندیدی بەهێزە بۆ وەرگرتنی پۆستەكە، بەوپێیەی خۆی ئەندازیاری رێككەوتنە سیاسییەكەی بزوتنەوەی گۆڕانو پارتییەو هاوكاتیش لەلایەن كوڕەكانی نەوشیروان مستەفاوە پشتیوانی لێدەكرێت.
(درەو میدیا) زانیویەتی، مستەفا سەید قادر هەرچەندە كاندیدی بەهێزە، سیڤی خۆی بۆ وەرگرتنی ئەو پۆستە پێشكەش نەكردووە، بەڵام دوو كاندیدەكەی تر (حەمەتۆفیق رەحیمو جەمال محەمەد) سیڤییان پێشكەشكردووە.
كاندیدی یاریدەدەری سەرۆكی حكومەت
پۆستی یاریدەدەری سەرۆكی حكومەت بۆ كاروباری چاكسازی یەكێكی ترە لەو پۆستە باڵایانەی كە بزوتنەوەی گۆڕان لە كابینەی نوێی حكومەت وەریدەگرێتو هێشتا كاندیدەكەی یەكلا نەكردوەتەوە.
یاریدەدەری سەرۆكی حكومەت بۆ كاروباری چاكسازی، پۆستێكە بۆ یەكەمینجارە لەم كابینەیەدا دروستدەكرێت، ئەم پۆستە لەسەر داوای بزوتنەوەی گۆڕان دروست دەكرێتو كاندیدی بەهێز بۆ وەرگرتنی پۆستەكە (جەلال جەوهەر) ئەندامی خانەی راپەڕاندنە، چەند كەسێكی تر ناویان هێنراوە بۆ وەرگرتنی پۆستەكە لەوانە (شوان قلیاسانی).
ئەم پۆستە رەنگە دروستكردنی ماوەیەكی تر بخایەنێت، بەوپێیەی دەبێت ئەنجومەنی وەزیران پرۆژەیاسای پێكهێنانی رەوانەی پەرلەمان بكاتو پەرلەمان پەسەندی بكات.
ئەو دامەزراوەیە ( یاریدەدەری سەرۆكی حكومەت بۆكاروباری چاكسازی ) ئەنجومەنێكی بۆ درووست دەكرێت كە نوێنەری لایەنەكانی تێدا دەبێتو سەرۆكەكەی لەلای بزوتنەوەی گۆڕان دەبێت، ئەو كەسەی سەرۆكی ئەنجومەنەكە وەردەگرێت پلەكەی (وەزیر) دەبێت.
مەسرور بارزانی جگە لە یاریدەدەر بۆ كاروباری چاكسازی، دوو یاریدەدەری تریشی دەبێت، ئێستا ئاشتی هەورامی بەفەرمی یاریدەدەری سەرۆكی حكومەتە بۆ كاروباری وزە، دەنگۆش هەیە رێباز حەملان وەزیری پێشووی دارایی بكرێت بە یاریدەدەری سەرۆكی حكومەت بۆ كاروباری دارایی، بەڵام هێشتا فەرمانی بۆ دەرنەچووە، (درەو میدیا) زانیویەتی، بزوتنەوەی گۆڕان ناڕەزایەتی خۆی لەبارەی پێدانی پۆست لە كابینەی نوێ بە پارتی راگەیاندووە، بەوپێیەی رێباز حەملان لە كابینەی پێشوودا سەربە بزوتنەوەی گۆڕان بووەو دواتر لە گۆڕان جیابوەتەوە، بەڵام پارتی داواكاریو نیگەرانییەكانی گۆڕانی لەوبارەیەوە رەتكردوەتەوە.
(درەو میدیا) زانیویەتی، پارتی بە بزوتنەوەی گۆڕانی راگەیاندووە، مەسعود بارزانی فەرمانیداوە رێباز حەملان لە كابینەی نوێدا بمێنێتەوەو پۆستی پێ بدرێت، بۆیە ئەگەر پۆستی یاریدەدەری سەرۆكی حكومەتی بۆ كاروباری دارایی پێنەدرێت، پۆستی سەرۆكی دەستەی وەبەرهێنان وەردەگرێت.
پۆستەكانی تر
جگە لەو دوو پۆستەی باڵایە، بزوتنەوەی گۆڕان ژمارەیەك پۆستی تری راوێژكارو بەڕێوەبەری گشتی وەردەگرێت، پێشتر بەرپرسانی بزوتنەوەی گۆڕان رایانگەیاند، بەپێی پشكی خۆیان دەبێت (24) پۆستی راوێژكارو (24) پۆستی بەڕێوەبەری گشتی وەربگرن.
بۆ ئەم پۆستانە ژمارەیەك لە هەڵسوڕاوەكانی بزوتنەوەی گۆڕان سیڤییان پڕكردوەتەوە، بزوتنەوەی گۆڕان گومانی لەوە هەیە پارتی هەموو پۆستەكانی راوێژكارو بەڕێوەبەری گشتی لەوادەی دیاریكراودا رادەست بكات، لەكابینەی هەشتەمدا كە نەوشیروان مستەفا رێكخەری گشتی بزوتنەوەكە لەژیاندا بوو، خۆی چاودێری رێككەوتنەكەی نێوان بزوتنەوەی گۆڕانو پارتی دەكرد، پارتی تا كۆتا رۆژ كە گۆڕانی لە حكومەت دەركرد، هەندێك لە پۆستەكانی بەڕێوەبەری گشتی كە بەر گۆڕان كەوتبوو، پڕنەكردەوە، گۆڕان لەمڕووەوە پارتی تۆمەتبار دەكرد بەوەی تەنانەت بەر لە تێكچوونی پەیوەندییەكانیشیان لەسەر یاسای سەرۆكایەتی هەرێم، پارتی بابەندی رێككەوتنەكەی نەبووە لەگەڵ گۆڕان.
كێ بڕیار لەسەر كاندیدەكان دەدات ؟
رۆژی 5ی ئەم مانگە جڤاتی نیشتمانی بزوتنەوەی گۆڕان كۆبووەوە، لەو كۆبونەوەیەدا جڤات كە بەرزترین دەسەڵاتی بڕیاردانە لەناو بزوتنەوەی گۆڕاندا، دەسەڵاتی خۆی بۆ دیاریكردنی كاندیدەكانی بزوتنەوەكە بۆ پڕكردنەوەی پۆستە وزارییەكان بەخشی بە عومەر سەید عەلی رێكخەری بزوتنەوەكە، بەم بڕیارە، جڤاتی نیشتمانی كارەكانی ئەو لیژنەیەی هەڵوەشاندەوە كە پێشترو بەر لە سێ مانگ بزوتنەوەكە دروستیكرد بۆ یەكلاكردنەوەی كاندیدی پۆستەكان، ئەم بڕیارە ئەندامانی لیژنەكەی نیگەران كردو دواتر چەند كەسێكیان راگەیەندراوێكیان بۆ رایگشتی بڵاوكردەوە.
دوو رۆژ دوای بڕیارەكەی جڤاتی نیشتمانی، عومەر سەید عەلی بەپێی ئەو دەسەڵاتەی كە جڤات پێیدابوو، كاندیدی ئەو چوار پۆستە وزارییەی دیاریكرد كە بزوتنەوەی گۆڕان لە كابینەی نوێی حكومەت وەریگرتووە، بەمشێوەیە:
• پۆستی وەزیری دارایی: ئاوات شێخ جەناب
• پۆستی وەزیری بازرگانیو پیشەسازی: كەمال موسلیم
• پۆستی وەزارەتی كارو كاروباری كۆمەڵایەتی: كوێستان محەمەد
• پۆستی وەزارەتی ئاوەدانكردنەوە: دانا عەبدولكەریم
دیارنییە جڤاتی نیشتمانی كە سبەینێ كۆدەبێتەوە چ بڕیارێك لەسەر چۆنیەتی دیاریكردنی كاندیدی پۆستەكانی تری بزوتنەوەی گۆڕان لە حكومەت دەدات، بەڵام بەوپێیەی ململانێی ئەم پۆستانەی تر لەنێوان سەركردە باڵاكانی بزوتنەوەكەدایە، پێناچێت عومەر سەید عەلی بیەوێت ئەو رۆڵە بگێڕێت كە لەدانانی وەزیرەكاندا گێڕای، بەتایبەتیش ئەوەی كە ململانێكان لەسەر پۆستی جێگری سەرۆكی هەرێم لەنێوان دوو ئەندامی خانەی راپەڕاندن (حەمەتۆفیق رەحیم، جەمال محەمەد)و سەركردەیەكی تری باڵای بزوتنەوەكەدایە (مستەفا سەید قادر)ە.
بەپێی زانیارییەكانی (درەو میدیا)، ئەگەر ئەو كارەكتەرانە لەنێوان خۆیاندا لەسەر ناوێك رێكنەكەونو بۆ یەكتری نەكشێنەوە، جڤاتی نیشتمانی بەدەنگدان ناوی كاندیدەكان یەكلادەكاتەوە.
سەبارەت بە كاندیدی پۆستی راوێژكارو بەڕێوەبەرە گشتییەكانیش، بەپێی زانیارییەكانی (درەو میدیا) پێشنیازێك هەیە جڤاتی گشتی بگەڕێتەوە بۆسەر ئەو میكانیزمەی كە لیژنەی یەكلاكردنەوەی ناوی كاندیدەكان بڕیاری لەسەر داوە، لەم رێگەیەوە هەەوڵدەدرێت هەندێك ئیعتیبار بۆ كارەكانی ئەو لیژنەیە بگەڕێندرێتەوە، بەتایبەتیش دوای ئەوەی كارەكانی لیژنەكە لە دانانی كاندیدی وەزارەتەكان رەتكرایەوە، واتە هەوڵدەدرێت كار بەو پێوەرانە بكرێت كە لیژنەكە دایناوە بۆ یەكلاكردنەوەی سیڤی كاندیدەكان، كە ئەویش بەشێوازی دانانی نمرەیە لە بوارە جیاوازەكاندا بۆ كاندیدەكانو دواتر كۆكردنەوەی كۆنمرەیە بۆ یەكلاكردنەوەی ناوی كاندیدەكە.