گۆڕان گومانی لە یەكێتیو پارتی هەیە
2019-02-06 12:36:39
(درەو میدیا):
دوای چەند كاتژمێرێك لە رێككەوتنی نێوان پارتی دیموكراتی كوردستانو یەكێتی نیشتمانی كوردستان، بزوتنەوەی گۆڕان بەدگومانی خۆی لە بەدیهاتنی "شەراكەتی راستەقینە" نیشان دەدات.
جەلال جەوهەر سەرۆكی وەفدی دانوستانكاری بزوتنەوەی گۆڕان لە وتارێكدا لەژێر ناوی "شەراكەتی سیاسی لە جوڵانەوەی چەكدارییەوە بۆ حوكمڕانی"، باس لە شكستی پرسی "شەراكەتی سیاسی"ی نێوان لایەنە سیاسییەكانی هەرێمی كوردستان دەكات لە قۆناغی خەباتی چەكداری لەدژی بەعسەوە تاوەكو قۆناغی پێش راپەڕین.
جەلال جەوهەر ئاماژەی بەوەكردووە، لەناو جوڵانەوەی چەكداری كوردستاندا شتێك نەبووە بەناوی شەراكەتی راستەقینە لەنێوان لایەنەكاندا، لە پێش راپەڕینیش لایەنەكان بەناچاری شەراكەتیان كردووە، بۆیە شەراكەتەكە بەردەوام نەبووە.
"شەراكەتی راستەقینە" یەكێكە لەو دەستەواژانەی كە وەفدی دانوستانكاری بزوتنەوەی گۆڕان بۆ پرسی پێكهێنانی حكومەت لە كۆبونەوەكانیاندا لەگەڵ پارتی جەختیان لەسەر كردووە.
دروستكردنی گومان لەسەر دەستەواژەی "شەراكەتی راستەقینە" لەلایەن سەرۆكی وەفدی دانوستانكاری بزوتنەوەی گۆڕانەوە، دوای چەند كاتژمێرێك دێت لەو رێككەوتنەی كە دوێنێ لەنێوان پارتیو یەكێتیدا كرا بۆ پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەت.
بزوتنەوەی گۆڕان سەرباری ئەوەی هێشتا بەفەرمی هەڵوێستی خۆی رانەگەیاندووە لەبارەی ئەوەی ئاخۆ بەشداری كابینەی نوێی حكومەت دەكات یاخود نا، بەڵام بەفەرمی چوەتە ناو چەندین كۆبونەوەوە لەگەڵ پارتی دیموكراتی كوردستان بۆ گفتوگۆكردن لەبارەی پشكەكانی لە حكومەتی نوێدا.
جەلال جەوهەر بەڕوونی هەڵوێستی بزوتنەوەی گۆڕانی لەبارەی رێككەوتنەكەی پارتیو یەكێتی ئاشكرانەكردووە، بەڵام لە كۆتا بەشی وتارەكەیدا نوسیویەتی" پارتیو یەكێتی كامیان هەڵدەبژێرن؟ پرۆسەیەكی سیاسیو تەندروستو بێ غەل و غەشو شەراكەتێكی راستەقینەی سیاسی، یان كارەساتو ماڵوێرانیو هەرەسێكی تر ؟".
بەپێی زانیارییەكانی (درەو میدیا)، مەبەستی لە دەستەواژەی "شەراكەتی راستەقینە" كە وەفدی دانوستانكاری گۆڕان داوایان لە پارتی كردووە، ئەوەیە، گۆڕان تەنیا پۆستی باڵاو وزاری پێنەدرێت، بەڵام پشكەكانی لە حكومەت شۆڕبكرێتەوە بۆ پۆستەكانی (بەڕێوەبەرە گشتییەكان، بریكارەكان، راوێژكارەكان).
لە كابینەی پێشووی حكومەتی هەرێمدا چەندین پۆستی بچوك لە نمونەی بەڕێوەبەرە گشتییەكان دران بە بزوتنەوەی گۆڕان، بەڵام پارتی تا كۆتایی ئەو پۆستانەی رادەستی گۆڕان نەكرد، سەرباری ئەوە گۆڕان گلەیی لە پارتی دەكرد بەوەی لە بڕیارە سیاسییەكاندا بەشداری پێناكات.