وردەكاری رێككەوتنەكەی نێوان پارتیو یەكێتی
2019-02-05 16:00:18
راپۆرت: محەمەد رەئوف- فازل حەمەڕەفعەت
لە یەك رۆژدا سەرۆكی هەرێمو پارێزگاری كەركوك هەڵدەبژێردرێت، ئەمە كرۆكی رێككەوتنەكەی نێوان پارتی دیموكراتی كوردستاتنو یەكێتی نیشتمانییە، لەم رێككەوتنەدا بزوتنەوەی گۆڕان (ستاند بای) كرا، (درەو میدیا) وردەكاری رێككەوتنەكە ئاشكرادەكات.
ئەمڕۆ وەفدی دانوستانكاری پارتی و یەكێتی لە هەولێر كۆبونەوە. كۆبونەوەكە بڕیاری كرداری تێدا درا سەبارەت بە پرسی پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەت.
بەپێی زانیارییەكانی (درەو میدیا) كە لە چەند سەرچاوەیەكی جیاوازی ئاگادارەوە دەستیكەوتووە، پارتیو یەكێتی بەر لە رۆژی 18ی ئەم مانگە، رێككەوتنێكی سیاسی ئیمزا دەكەن.
لەو رێككەوتنە سیاسییەدا، تەواوی پرسەكانی تایبەت بە پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەتو هەڵبژاردنی پارێزگارێكی نوێ بۆ كەركوكو پۆستی وەزارەتی دادی حكومەتی عێراق یەكلادەكرێتەوە.
رێككەوتنە سیاسییەكە !
(درەو میدیا) زانیویەتی، هەفتەی داهاتوو، لیژنەیەكی هاوبەش، دەقی رێككەوتنی سیاسی نێوان پارتیو یەكێتی ئامادە دەكات، واتا بەر لە رۆژی 18ی مانگ كە پەرلەمانی كوردستان كۆدەبێتەوە، لە رێككەوتنەكەدا ناوی كاندیدەكانی پۆستەكانی سەرۆكایەتی پەرلەمان، كێشەی ئەنجومەنی پارێزگای كەركوكو كاندیدی پۆستی وەزیری دادی عێراق یەكلادەكرێتەوە.
هەر لەو رەشنوسەدا كە ئامادە دەكرێت بۆ رێككەوتنە سیاسییەكە، جگە لە یەكلاكردنەوەی پۆستەكان، بەرنامەی حكومەتو چۆنیەتی شەراكەتی نێوان پارتیو یەكێتی یەكلادەكرێتەوە.
پارێزگاری كەركوك چۆن یەكلادەكرێتەوە؟
بەپێی ئەو رێككەوتنەی كە ئەمڕۆ لەنێوان پارتیو یەكێتی كرا، ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك رۆژی 18ی مانگ هاوكات لەگەڵ كۆبونەوەی پەرلەمانی كوردستان، لە هەولێر كۆدەبێتەوە.
(درەو میدیا) زانیویەتی، گواستنەوەی كۆبونەوەی ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك بۆ هەولێر، وەكو دڵنەواییەكی یەكێتی بووە بۆ پارتیو بەشداربوونی ئەندامەكانی پارتیش لە كۆبونەوەی ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك بۆ شكاندنی مەرجەكەی یەكێتییە كە وتویەتی بەبێ چارەسەركردنی پرسی پارێزگاری كەركوك بەشداری لە حكومەتی هەرێمدا ناكات.
بەرپرسێكی باڵای یەكێتی بە (درەو میدیا)ی راگەیاند، لەو رێككەوتنەی كە بڕیارە لەنێوان پارتیو یەكێتی ئیمزا بكرێت، یەكێتی چارەنوسی پۆستی سەرۆكی هەرێمی بەستوەتەوە بە چارەنوسی پارێزگاری كەركوكەوە، واتا تاوەكو پارتی پشتیوانی كاندیدی یەكێتی بۆ پارێزگاری كەركوك نەكات، نێچیرڤان بارزانی كە كاندیدی پارتییە، ناتوانێت ببێت بە سەرۆكی هەرێم.
پێشتر لە رێككەوتنی نێوان پارتیو یەكێتیدا، پۆستی سەرۆكی هەرێمی كوردستان بەرامبەر بە پۆستی سەرۆك كۆمار بوو، بەڵام دوای ئەوەی بەرهەم ساڵح لەدرەوەی رێككەوتنی سیاسی وەك سەرۆك كۆماری عێراق هەڵبژێردرا، ئەو هاوكێشەیە هەڵوەشایەوە.
رێككەوتنەكە چۆن جێبەجێ دەكرێت؟
بەر لە رۆژی 18ی ئەم مانگە، رێككەوتنی نێوان پارتیو یەكێتی ئیمزا دەكرێت، رۆژی 18ی مانگ لە كۆبونەوەی پەرلەمانی كوردستاندا یەكەمین هەنگاو بۆ جێبەجێكردنی رێككەوتنەكە بە هەڵبژاردنی دەستەی سەرۆكایەتی پەرلەمان دەنرێت، هەنگاوی دووەمی جێبەجێكردنی رێككەوتنەكە هەمواركردنی یاسای سەرۆكایەتی هەرێمە.
بەپێی زانیارییەكانی (درەو میدیا)، لەدوای كۆبونەوەكەی 18ی مانگو هەڵبژاردنی دەستەی سەرۆكایەتی پەرلەمان، پەرلەمان كۆبونەوەیەكی تایبەت دەكات بەمەبەستی هەمواركردنی یاسای سەرۆكایەتی هەرێمو گەڕاندنەوەی دەسەڵاتە دابەشكراوەكان بۆ پۆستی سەرۆكی هەرێم.
هەڵبژاردنی نێچیرڤان بارزانی بۆ پۆستی سەرۆكی هەرێم لەناو پەرلەمانەوە هاوكات دەبێت لەگەڵ هەڵبژاردنی پارێزگاری نوێی كەركوك، ئەم هاوكاتبوونە بەهۆی ئەوەیە یەكێتیو پارتی هێشتا متمانەی تەواوەتییان بە یەكتر نییە، واتا ئەگەر لە ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك پارتی دەنگ بە كاندیدی یەكێتی بۆ پۆستی پارێزگار نەدات، یەكێتیش لە پەرلەمانی كوردستان دەنگ بۆ نێچیرڤان بارزانی بۆ پۆستی سەرۆكی هەرێم نادات.
پۆستەكانی سەرۆكایەتی پەرلەمان
بەپێی ئەو زانیارییانەی دەست (درەو میدیا) كەوتوون، لە رێككەوتنەكەی نێوان پارتیو یەكێتیدا پۆستەكانی سەرۆكایەتی پەرلەمان بەمشێوەیە دابەشدەكرێن:
• پۆستی سەرۆكی پەرلەمان بۆ یەكێتی
• پۆستی جێگری یەكەمی سەرۆكی پەرلەمان بۆ پارتی
• پۆستی جێگری دووەمی سەرۆكی پەرلەمان بۆ پێكهاتەكان
سەرۆكایەتی حكومەت
پۆستی سەرۆكی حكومەت بۆ لایەنی براوەی یەكەمی هەڵبژاردن كە پارتییە یەكلابوەتەوەو مەسرور بارزانی سەرۆكایەتی كابینەی نوێی حكومەت دەكات، پارتی كە پێشتر وەكو گوشارێك بۆسەر یەكێتی باسی لەوە دەكرد جێگری دووەم بۆ پۆستی سەرۆك وەزیران زیاد بكرێت، ئێستا یەكلابوەتەوە كە سەرۆك وەزیران یەك جێگری هەبێتو ئەو پۆستەش بۆ یەكێتی دەبێت (قوباد تاڵەبانی).
پۆستە وزارییەكان
لەسەر چۆنیەتی دابەشكردنی پۆستە وزارییەكان، هێشتا پارتیو یەكێتی نەگەیشتوەنەتە رێككەوتنی كۆتایی، پارتی پۆستەكانی وەزارەتی سامانە سروشتییەكانو وەزارەتی ناوخۆی بۆخۆی داناوە، پێدەچێت (ئاشتی هەورامی) بۆ ماوەی یەك ساڵ لە شوێنی خۆی لە پۆستی وەزارەتی سامانە سروشتییەكان بمێنێتەوە، چونكە كێشەی قەرزەكانی حكومەتی هەرێم بەستراوەتەوە بە پرۆسەی نەوتەوە، سەرباری ئەوەش ئەو رێككەوتنەكەی نێوان هەرێمو بەغداد لەبارەی نەوتو بودجەوە بۆ ماوەی یەك ساڵەو تەنیا ئاشتی هەورامی دەتوانێت ئیدارەی ئەو دۆسیەیە بدات كە خۆی پێشتر ئەندازیاری بووە.
یەكێتی سەرەنجی لەسەر وەگرتنی پۆستی وەزارەتی ناوخۆیە، ئەگەر پارتی دەستبەرداری وەزارەتی ناوخۆ ببیت، پۆستەكە لە یەكێتی دەدرێت بە (دەرباز كۆسرەت رەسوڵ)، بەڵام پێناچێت پارتی وەزارەتی ناوخۆ بۆ یەكێتی بەجێبهێڵێت.
پۆستی وەزارەتی داراییش یەكێكە لەو پۆستە وزارییانەی كە پارتی دەیەوێت لە كابینەی نوێدا لە دەستی خۆیدا بێت، (درەو میدیا) زانیویەتی، ئەگەر پارتی ئەو پۆستە زامن بكات، بۆ ماوەی یەك ساڵی تەمەنی وەزارەتەكە (رێباز حەملان) لە پۆستەكەیدا دەهێڵێتەوە، ئەمەش بەهەمان هۆكاری مانەوەی ئاشتی هەورامی.
پشكی گۆڕان لە حكومەت
بەپێی رێككەوتنی نێوان پارتیو یەكێتی، لە خولی پێنجەمی پەرلەمانی كوردستاندا بزوتنەوەی گۆڕان هیچ پۆستێكی لە سەرۆكایەتی پەرلەماندا پێنادرێت.
لە حكومەت، بزوتنەوەی گۆڕان پۆستێكی سیادیو دوو وەزارەتی خزمەتگوزاری وەردەكرێت لەنێوان دوان لەم سێ پۆستە وەزارییەدا:
• وەزارەتی شارەوانییەكان
• وەزارەتی پەروەردە
• دەستەی وەبەرهێنان
لە وەزارەتە سیادییەكەدا، یەكلانەبوەتەوە ئاخۆ وەزارەتی پێشمەرگە یان وەزارتی دارایی بە بزوتنەوەی گۆڕان دەدرێت، ئەگەر وەزارەتی دارایی بەر گۆڕان بكەوێتو پارتی لێی بكشێتەوە، كاندیدی بزوتنەوەی گۆڕان بۆ ئەو پۆستە بریتی دەبێت لە هەریەكە لە (ئاوات شێخ جەناب) لێپرسراوی ژوری كارگێڕیو دارایی بزوتنەوەی گۆڕانو (هاوار شێخ رەئوف) بەڕێوەبەری پێشووی بانكە بازرگانییەكان لەسەر پشكی گۆڕان.
سەرباری ئەمانە، بڕیارە پۆستی جێگری سەرۆكی هەرێم بدرێت بە بزوتنەوەی گۆڕان، بۆ ئەم خولە پۆستی جێگری سەرۆكی هەرێم لە دەرەوەی چاودێری دارایی مانگانە بڕی (405 ملیۆن) دیناری بۆ دابینكراوە، كاندیدی بەهێزی بزوتنەوەی گۆڕان بۆ پۆستی جێگری سەرۆكی هەرێم (مستەفا سەید قادر)ە وەزیری پێشووی وەزیری پێشمەرگەیە.