خۆپیشاندانەكان چۆن كۆتاییان پێدێت ؟
2018-04-02 08:16:39
راپۆرتی/ محەمەد رەئوف
خۆپیشاندانەكان تا ئێستا بەردەوامن، ئەمجارە خۆپیشاندەران توندتر و توڕەتر و جەریئانەتر و نیگەرانتر لەسەر شەقامن، دروشمەكانیان تەنها لە موچەدا نەوەستاوە، بەڵكو داوای رۆیشتن و كۆتایی هێنانی بەرپرسانی هەرێم دەكەن، كە بە دز و شەریكی دز ناویان دەبەن، ئەگەرچی سەرۆكی حكومەتی هەرێم چوارشەممەی رابردوو دەستكاریكردنی پاشەكەوتی موچەی راگەیاند، بەڵام ئەم دەستكاریكردنە دڵی گەرمی موچەخۆرانی ساردنەكردەوە، چونكە ئەوان ماوەی زیاتر لە دوو ساڵە سیستمی پاشەكەوتی موچەیان بەسەریان بەسەردا سەپێنراوە، تەنانەت ئەو چارەكە موچەیەشی لە كاتی خۆیدا پێدابیننەكراوە، بۆیە بەشێك لە هۆكاری بەردەوامی خۆپیشاندانەكان نەبونی متمانەیە، متمانە بە بەڵێنەكانی حكومەت، ئەوان دەزانن ئێستا كاتی هەڵمەتی هەڵبژاردنەكانە بۆیە سوربونی خۆیان لەسەر داواكاریەكانیان دوپاتدەكەنەوە.
ئێستای خۆپیشاندانەكان لەبەردەم دوو ئەگەردان، درێژەدان بە خۆپیاشندانەكان یاخود كۆتاییهێنان بە خۆپیشاندانەكان، لە هەردوو حاڵەتەكەدا لێكدانەوەی جیاوازی بۆ دەكرێت و كاریگەری خۆی جێدەهێڵیت.
ئەگەر خۆپیشاندانەكان بەردەوام بن:
لە ئەگەری بەردەوامی خۆپیشاندانەكاندا، وەك خۆپیشاندەران ئاماژەی بۆ دەكەن سوورن لەسەر بەردەوامی خۆپیشاندانەكان تا ئەو كاتەی داواكاریەكانیان جێبەجێدەكرێت:
- لەئەگەری بەردەوامی خۆپیشاندانەكاندا، بەهۆی نزیکبوونەوە لە هەڵمەتی هەڵبژاردنەكاندا حكومەتی هەرێم ناچارە مل بدات و بەو پێیەش فشار لەسەر خۆی و سازشی زیاتر بۆ بەغداد دەكات تا موچە بنێرێت.
- یاخود پارتی و یەكێتی بە رێكەوتن و هێز كۆتایی بەخۆپیشاندانەكان دەهێنن، هاوشێوەی خۆپیشاندانەكانی 17ی شوبات، كە ئەمەیان هەرچەندە باس لە فشاری پارتی دەكرێت لەسەر یەكێتی بۆ كپكردنی خۆپیشاندانەكان بەتایبەتیش لە دەڤەری سلێمانی، بەڵام ناكۆكیەكانی ناوخۆی یەكێتی و ترسی یەكێتی لە هەڵبژاردن، ئەستەمە یەكێتی بچێتە ژێر باری ئەو رێگەیە بۆیە ئەم ئەگەرەیان لاوازە، لایەنەكانی دەرەوەی پارتی و یەكێتیش ئەگەرچی بەردەوام لەناو خۆپیشاندانەكاندان و پشتیوانی بۆ دەردەبڕن، بەڵام چاودێران دەڵێن كە بارودۆخە بەجۆرێك ئیحراجی بۆ درووستکردون كە ناتوانن پشتی تێبكەن ئەویش بەهۆی ئەوەی ئەزانن پشتیوانی نەكردنیان زیانیان بەردەكەوێت لە هەڵبژاردنەكاندا، لەلایەكی تریش ئەوان ئەجێندای رونیان نەبووە بۆ خۆپیشاندانەكان لەبری پێشڕەوی خۆپیشاندەران ئەمان كەوتونەتە دوای خۆپیشاندەران، بۆیە ئەجێندایەكی رونیان نیە، هەروەك نوسەر و روناكبیر ئاراس فەتاح لە نوسینێكدا بەناوی ( كاتی چیە) دەنوسێت:( سەردان و بەسەركردنەوەی خۆپیشاندەران هیچ بەھایەكی سیاسیی و واقیعیی نییە گەر تەنها قەرزێكی ئەخلاقیی و خۆنماییشكردنێكی ڕەمزیی ئەم سەرۆك و ئەو ئەندام پەرلەمان و فڵان كاندیدی داهاتووی هەڵبژاردنەكان بێت، بەڵكو دەبێت وێنەكە گەورەتر ببینرێت و بیری عەقلانیی لە دروستكردنی دەرچەیەكی سیاسیی و كۆمەڵایەتیی بۆ ئەم ھەرێمە بكرێتەوە. خێوەتی خۆپیشاندەران خێوەتی پرسەی كۆمەڵایەتیی نییە، بەڵكو دەبێت بكرێت بە خێوەتێكی سیاسیی فاتیحەخوێندن بۆ ئەم دەسەڵاتە. كوردستانی دوای ریفراندۆم پێویستی بەوە نییە مەینەتی خەڵك بكرێت بە كەرەسەی بانگەشەی ھەڵبژاردن و وەھم و خەونی عەوامفەریبیی ئەوەیان لادروستبكەن گەر دەنگ بە فڵان ھێز بدەن، ئیتر ئەوان لە ھەموو زوڵمێك ڕزگاریان دەبێت. بەڵكو دەبێت بە قووڵیی و بەرپرسانە بیر لە پەیوەندیی كۆمەڵگای ئێمە بە دەسەڵاتی خۆی و بە بەغداوە بكرێتەوە و پێكڕا ڕێگە لەوەبگرن كە چیدی ئاساییشی كۆمەڵایەتیی و نیشتیمانییمان لەوە زیاتر وێراننەكرێت كە ئەم دوو حیزبە لەماوەی ئەم نیوسەدەیەدا بەسەر هەرێمدا ھێناویانە.
- یان ئەوەتا بەرپرسانی حكومەتی هەرێم بێدەنگی لەسەر خۆپیشاندانەكان دەردەبڕن و خۆپیشاندەران بەویستی خۆیان كۆتایی بە خۆپیشاندانەكان دەهێنن، وەك ئەوەی لە ساڵی رابردوودا بەناچاری مامۆستایان كۆتاییان بە خۆپیشاندانەكان هێنا، بەڵام ئەم ئەگەرەیان لاوازە چونكە ئەم جارەیان تەواوی شار و شارۆچكەكان هاتونەتە شەقام، بۆیە ئەگەری ملدانی حكومەت بۆ خۆپیشاندەران ئەگەرێكی بەهێزە.
لە ئەگەری كۆتاییهاتنی خۆپیشاندانەكاندا:
ئەگەر خۆپیشاندەران كۆتایی بە نارەزایی و خۆپیشاندانەكانیان بهێنن ئەوا، خۆپیشاندەران دەستكەوتی گەورەیان بەدەستهێناوە كە خۆی دەبینێتەوە لە:
- سەرەڕای ئەوەی ترسی و گومان هەیە كە ئەم دەستكاریە بۆ كپكردنەوەی توڕەیی شەقام بێت، بەڵام رێژەی پاشەكەوتیان بەرێژەیەكی بەرچاو دابەزاندووەو ئەوانەی موچەكەیان كەمە پاشەكەوتیان لەسەر هەڵگیراو ئەوانەشی لە سەرو ملیۆنێكەوەیە رێژەیەكی كەم لە موچەكەیان دەبڕدرێت، واتا خۆپیشاندەران حكومەتیان ناچاركرد بەشێكی زۆری موچەیان بۆ بگەڕێنێتەوە كە موچەی ئێستایان بۆ دوو هێندە زیادكرد، واتا موچەخۆرێك ئەگەر موچەكەی لەسەرو ملیۆنێك دینارەوە بوبێت و بە پاشەكەوت كرابێتە 400 هەزار دینار، ئەوا ئێستا بەرزبۆتەوە بۆ 800 هەزار دینار.
- خۆپیشاندانی ئەمجارە جیاواز لە رابردوو ئاماژەیەكی گرنگیدا بە دەسەڵاتداران بەتایبەتیش دەسەڵاتی پارتی و یەكێتی كە خۆپیشاندەران ناوچەی سەوزیان كۆنترۆڵكردووەو هەركات بیانەوێت كش مەلیكی دەسەڵاتی ئەم ناوچەیە دەكەن و هاوكات قەڵای زەردیشیان بە بوێری وئازایەتی و جورئەتەوە لەقاندووەو هەركات بیانەوێت قەڵای باستیلی پارتی وەك یەكێتی كۆنترۆڵ بكەن.
- خۆپیشاندەران لە دەڤەری هەولێر و دهۆك ئەگەرچی روبەرووی گرتن و لێدان و رێگری زۆر بونەوە، بەڵام دەسەڵاتی پارتیان ناچاركرد خۆی لەگەڵ خۆپیشانداندا رابهێنێت و تەشقی دەسەڵاتی شەقوەشێن و ئەمنی پارتیان لەو دەڤەرە تێكشكاند،بەواتایەكی تر ئاماژەكانی خۆپیشاندانی ئەمجارە لەدەڤەری زەرد دەستكەوتە گەورەكەی لە داهاتوودا دەچنرێتەوە.
سەرەرای هەمو ئەو دەستكەوتانەی كە خۆپیشاندەران بەدەستیانهێناو ملیان بە حكومەت كەچكرد كە دەستكاری پاشەكەوتی موچە بكات، بەڵام گرنتی نیە كە حكومەت پەیوەست دەبێت بەو گۆڕانكاریانەو بڕیارەكانی جێبەجێ دەكات و كاتی نیە.
...............................................................................
بیرهێنانەوە....
وەزیری دارایی حكومەتی هەرێم رایگەیاند ئەوان مانگانە لەكاتی خۆیدا موچە دەدەن و پشت بەو سەرچاوانەی داهات دەبەستن ئەوانیش :
یەكەم/ مانگانە 375 ملیار دینار لەداهاتی نەوتی وەزارەتی سامانە سەروشتیەكان
دووەم/ مانگانە 317 ملیار دیناری بەغداد
سێیەم/ مانگانە 25 ملیار دیناری ئەمریكیەكان بۆ پێشمەرگە
كە بەپێی وتەی وەزیری دارایی مانگانە داهاتەكەیان دەكاتە ( 720 ملیار دینار)، بەڵام هەموو ئەو سەرچاوەی داهاتانەی كە دەستیان دەكەوێت، جێگیر نیەو گرنتی بەردەوامی نیە، بەو پێیەی :
یەكەم/ ئەو بڕە پارەیەی لە بەغداوە بۆیان دێت كە ( 317 ملیار دینار)ە گرنتی بەردەوامی نیە، بەپێی وتەی عەلی حەمە ساڵح جێگری سەرۆكی لیژنەی دارایی و ئابوری پەرلەمانی كوردستان، ناردنی پارە لە بەغداوە كاتیە تاوەكو بڵاوكردنەوەی یاسای بودجەی عێراقە لە ڕۆژنامەی وەقائع و ئەنجامدانی هەڵبژاردنەكان، چونكە بەپێی یاسای بودجەی عێراق، هەرێمی كوردستان دەبێت ڕۆژانە( ٢٥٠ هەزار )بەرمیل نەوت بداتە بەغدا، نەك هەرێم نەوتی خۆی بفرۆشێت و بەغداش پارە بدات، پێشی وایە ئەم كارەی حەیدەر عەبادی لەپێناو ئەوەدایە پشتیوانی كورد بەدەستبهێنێت بۆ ئەوەی بكرێتەوە سەرۆك وەزیرانی عێراق، هەركاتیش كرایەوە سەرۆك وەزیران، یاسای بودجە جێبەجێدەكات.
دووەم/ مانگانە بڕی ( 375 ملیار ) دینار لە داهاتی نەوت دەست دەكەوێت، چونكە لە ئێستا حكومەتی هەرێم رۆژانە نزیكەی ( 370 هەزار بەرمیل ) نەوت بەرهەمدەهێت و نزیكەی ( 335 هەزار ) بەرمیل نەوت دەفرۆشێت و ئەوەی دیكەی بۆ ناوخۆیە، كە بەپێی راپۆرتی ( سۆمۆ) هەرێمی كوردستان لە مانگی سێدا ( مارس ) رۆژانە ( 344 هەزار ) بەرمیل نەوتی رەوانەكردووە.
بەڵام ئەم پارەیە گرنتی نیە لەبەر ئەوەی:.
ا- هەركات یاسای بودجە لە بەغداد جێبەجێبكرێت پێویستە هەرێم رۆژانە ( 250 هەزار ) بەرمیل نەوت بداتە بەغداد، ئینجا بەغداد پارە دەنێرێت.
ب- زۆرجار فرۆشتنی نەوت هەرێم كێشەی تێ دەكەوێت لە ( رەوانەكردن ، فرۆشتن، هێنانەوەی داهاتەكەی، كێشەی كۆمپانیاكانی نەوت ).
بۆیە پارەی نەوتەكەی هەرێمیش كە مانگانە ( 375 ملیار) دینارە گرنتی نیە لە كاتی خۆیدا مانگانە بگاتە دوەستی وەزارەتی دارایی و ئەویش دابەشی بكات.
سێیەم/ ئەو پارەیەی ئەمریكیەكان بۆ پێشمەرگە كە بڕەكەی ( 25 ملیار دینار)ە كۆمەڵێك مەرج و پێوەری توندیان دیاری كردووە لەبەرامبەر پێدانیان بە پێشمەرگە ئەویش پشتی پێنابەسترێت.
چوارەم/ داهاتی ناوخۆ كە بڕكەی مانگانە ( 120 ملیار دینار)ە كەم و زیاد دەكات و ئەگەر یاسای بودجەی عێراق جێبەجێبكرێت ئەبێت ئەو داهاتانە بەتایبەتیش گومرگ و خاڵە سنوریەكان و فڕۆكەخانەكان بگەڕێنەوە بەغداد، كەواتا ئەو داهاتەش گرنتی نیە.