هەرێم دەبێتە دۆزەخی رۆژنامەنووسان
2018-03-28 20:28:09
راپۆرتی : محەمەد رەئوف
ئێستا گرتەی ڤیدیۆیی و وێنەی خۆپیشاندانەكان لەبری میدیای بینراو لە ناو تۆڕە كۆمەڵایەتییەكانەوە بڵاودەبێتەوە و تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان بونەتە سەرچاوەی گواستنەوەی خۆپیشاندانەكان، رەنگە هۆكاری سەرەكی ئەم دۆخە رێگریكردن و گرتنی پەیامنێران و رۆژنامەنووسان بێت لەلایەن دەزگا ئەمنییەكانەوە و رێگە نەدانیان بە روماڵكردنی خۆپیشاندانەكان بەتایبەتیش لە دەڤەری هەولێر و دهۆك.
لەماوەی خۆپیشاندانەكانی چەند رۆژی رابردوودا دەیان رۆژنامەنوس دەستگیركران و ژمارەیەكی زۆری پەیامنێر و رۆژنامەنوسی دیكە لێیان دراوە و كەلوپەلەكانیان لێسەندراوە، ئەو چەند رۆژەی خۆپیشاندانەكان سەرەرای گرتن و لێدان و سوكایەتیكردن بە خۆپیشاندەران رۆژانێكی رەش بوون بۆ رۆژنامەنووسان و مێدیاكاران، لەو چەند رۆژەدا پەیامنێر و وێنەگرانی كەناڵەكانی ( NRT . KNN . PAYAM . SPEDA . XENDAN ) و چەندین دەزگاو میدیای دیكە، لە هەولێر و دهۆك دەستگیردەكرێن و لێیان دەدرێت و كەل و پەلەكانیان لێدەستێنرێت و سوكایەتیان پێدەكرێت.
ئەو پێشێلكاریانەی بەرامبەر بە رۆژنامەنووسانكراوە گەیشتوەتە رێكخراوە نێودەوڵەتییەكان و لە راپۆرتێكدا رێكخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی " Amnesty International " رایگەیاندووە" توندوتیژی دژی خۆپیشاندەران و رۆژنامەنووسان لە هەرێمی كوردستان، رێزنەگرتنی ئاشكرای ئازادی رادەربڕین نیشاندەدات".
لین مەعلوف بەڕێوەبەری توێژینەوەكانی رێكخراوەكە لە خۆرهەڵاتی ناوەڕاست دەڵێت" خۆپیشاندەران كە بەشێوازێكی ئاشتیانە خۆپیشاندانیان دەكرد رووبەڕووی سوكایەتیپێكردن بوونەتەوە و رۆژنامەنوسانیش كە بە كامێرا و مۆبایلەكانیان هەوڵی بە دۆكیۆمێنتكردنی خۆپیشاندانەكانیان دەدات رووبەڕووی هێرش بوونەوە ئەوەش قبوڵنەكراوە و هەوڵێكی ئاشكرایە بۆ كۆنترۆڵكردنی ئۆپۆزسیۆن".
لەلایەن خۆشیانەوە لیژنەی داكۆكی لەرۆژنامەنوسان داوادەكات حكومەتی هەرێم لێكۆڵینەوە لە هێرشەكانی سەر ڕۆژنامەنوسان بكات ئەوانەشی ئەو هێرشانەیان ئەنجامداوە بدرێنە دادگا.ڕۆبەرت ماهون بەڕێوەبەری لیژنەكە دەڵێ بەرپرسانی هەرێم بەردەوام دەڵێن كە پشتگیری لە ئازادی ڕۆژنامەنووسی دەكەن، دواین نمونەی ڕەفتاری بەڵتەجیانە لەلایەن چەند هێزێكی ئەمنیی هەرێمەوە پێچەوانەی ئەو قسەیە دەڵێن، داوا لە حكومەتی هەرێم دەكات ئەو كەسانەی هێرشەكانیان ئەنجام داوە ڕووبەڕووی دادگا بكاتەوە و تەواوی ئەو كەلوپەلانەشی كە براون ڕادەستی ڕۆژنامەنووسانی بكاتەوە.
بەشێك لەو رۆژنامەنووسانی دەستگیركراون و ئازاردراون و رێگریان لێكراوە:.
- دلبرین غازی پەیامنێری كوردسات لە ئاكرێ دوای هێرشكردنەسەری و برینداركردنی لەلایەن ئاسایشەوە دەستگیردەكرێت و كەل و پەلەكانی دەشكێنرێت
- ڕادیۆی ئاكرێی یەكگرتوو دەستی بەسەرداگیرا
- سیروان زێباری بەڕێوەبەری ڕادیۆی پەیامی یەكگرتوو لە شاری ئاكرێ دەستگیركرا
- لەزاخۆ ئاسایشی دەستیگرتووە بەسەر كەلوپەلی كەناڵی خاپیر كە كەناڵێكی ناوخۆیی خاوەن جەماوەری یەكگرتووە لە شاری زاخۆ
- دڵشاد هیمۆ، پەیامنێری خەندان لە شاری دهۆك لەلایەن هێزە ئەمنییەكانەوە دەستگیركراوە
- یاسر عەبدولرەحمان پەیامنێری سپێدە لە كاتی رووماڵكردنی خۆپیشاندانی مامۆستایانی دهۆك لەگەڵ ستافەكەی لە لایەن هێزە ئەمنییەكانەوە هێرشكرایە سەریان و خۆی دەستگیر كرا و دەستبەسەر تەواوی كەلوپەلی رۆژنامەوانی ستافەكەی سپێدەشدا گیرا.
- ئاكار فارس ڕۆژنامەنوس و پەیامنێری كەناڵی ئاسمانی سپێدە، لەدوای ئەوەی دوێنێ سێ شەممە لە ناوخۆپیشاندانەكان لەهەولێر
- ئاراس عەزیز و موتەلیب خۆشەوی پەیامنێرو كامێرەمانی كەناڵی ئاسمانیی پەیام لەهەولێر دەستگیركران
- پەیامنێران و كامێرامانانی كەناڵی NRT لە هەولێر و دهۆك پێشێلكاریان بەرامبەر كراوەو رێگریان لێكراوە
- پەیامنێران و كامێرامانانی كەناڵی KNN لە هەولێر و دهۆك پێشێلكاریان بەرامبەر كراوەو رێگریان لێكراوە
- پەیامنێران و كامێرامانانی كەناڵی پەیام لە هەولێر و دهۆك پێشێلكاریان بەرامبەر كراوەو رێگریان لێكراوە
- پەیامنێران و كامێرامانانی كەناڵی سپێدە لە هەولێر و دهۆك و زاخۆ و سۆران و شێلادزێ پێشێلكاریان بەرامبەر كراوەو رێگریان لێكراوە
- دەستگیركردن و ئەشكەنجەدانی رۆژنامەنوس و پەیامنێری سایتی دوارۆژ هانا چۆمانی لە هەولێر
- پەلاماردان و ئازاردانی رۆژنامەنووس نیاز عەبدوڵا لە هەولێر
سەنتەری میترۆ بۆ داكۆكی لە رۆژنامەنووسان و روانگەی ئازادی رۆژنامەگەری ( JFO ) لە راگەیەنراوێكدا چەندین چەندین پێشێلكاریان بەرامبەر بە رۆژنامەنووسان تۆماركردووە لە ( لێدان ، گرتن، سوكایەتیكردن، رێگریكردن) لەلایەن هێزە ئەمنییەكانەوە تۆماركراوە، راگەیەنراوەكە ئاماژەی بە گرتنی هوما ئاراس و عەزیز موتەلیب پەیامنێر و كامێرامانی كەناڵی پەیام كردووە لەگەڵ ئاكار فارسی پەیامنێری سپێدە لە هەولێر دەستگیركراون، هاوكات یاسر عەبدولرەحمان پەیامنێری سپێدە لە دهۆك و دڵشاد هیمو پەیامنێری خەندان لەدهۆك روبەرووی گرتن و لێدان بوونەتەوە هاوكات پەیامنێری سایتی دوارۆژ هانا چۆمانی روبەرووی لێدان و گرتن بۆتەوە لە شاری هەولێر. هاوكات دڵبرین شێروانی پەیامنێری كوردستات و وریا حەمەنوری پەیامنێری NRT و بەشدار عوسمان و سیروان زێباری روبەرووی لێدان و گرتن بونەتەوە، لەگەڵ گرتنی عەمار رەجەب كامێرامانی NRT . راگەیەنراوەكە ئاماژەی بەوەكردووە كە هەموو ئەو كارانە لەلایەن هێزە ئەمنییەكانەوە ئەنجامدراون.
لقی هەولێری سەندیكای رۆژنامەنووسانی كوردستانیش لە بەیاننامەیەكدا داوای ئازادكردنی رۆژنامەنووسان دەكات و رایگەیاندووە، لە هەولێر ژمارەیەك رۆژنامەنوس لە ئەنجامی رۆماڵكردنی خۆپیشاندانەكاندا دووچاری پێكان و رێگریی لێكردن و دەستگیركردن بونەتەوە. هەر جۆرە توندو تیژییەك و دەستگیركردنی رۆژنامەنوسان، بە پێشێڵكاری راستەوخۆ دەزانین بۆسەر رۆژنامەنوسان و ئازادی كاری راگەیاندن و ئازادییەكان، ئەو پێشێلكاریانە هیچ خزمەتێك بە پرۆسەی سیاسی لە كوردستان ناكات، بەڵكو سەرەنجام ئەم جۆرە كارانە دەبنە هۆی زیاتر لەكەداركردنی ئەزمونی سیاسی كوردستان.
هاوكات دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ لە هەرێمی كوردستان ڕاگەیاندراوێكی لەسەر خۆپیشاندانەكانی هەرێم بڵاوكردەوە، لە هەندێ ناوچە پێشیلكاری زەق بەرامبەر چەند رۆژنامەنوس و پەیامنێر و وێنەگری هەندێ كەناڵ كراوە دەست گیراوە بەسەر كامیراو كەلوپەلەكانیان، دوپاتی دەكەینەوە دەبێت ڕێز لە كاری رۆژنامەوانی بگیرێت و نابێت رۆژنامەنوسان چ خۆیان چ لەلایەنی بەرامبەرەوە بە ئامانج بكرێن و ببنە بەشێك لە خۆپیشاندەر و شیكەرەوەی ڕووداوەكان.
ئەمە لەكاتێكدایە بەپێی بڕگەی چوارەمی مادەی حەوتەمی یاسای ژمارە ( 35)ی ساڵی 2007 ی یاسای كاری رۆژنامەنووسی، رۆژنامەنووس مافی ئامادەبوونی هەیە لە كۆنگرەو چالاكییە گشتییەكاندا، لە بڕگەی پێنجی مادەی حەوتدا هاتووە: هەركەسێك بەهۆی كارەكەیەوە سوكایەتی بە رۆژنامەنوو بكات، یان دەستدرێژی بكاتە سەر ئەوا هەمان ئەو سزایە دەیگرێتەوە كە بۆ دەستدرێژیكردنە سەر فەرمانبەرێك لە كاتی یان بەهۆی بەجێهێنانی ئەركەكانی دانراوە).
بەڵام لە خۆپیشاندانەكاندا ئەوەی سوكایەتی بە رۆژنامەنووسان دەكات و دەستگیریان دەكات و كەل وپەلەكانیان لێدەستێنێ و رێگریان لێدەكات هێزە ئەمنیەكانی سەربەحكومەت خۆیەتی، تا ئێستاش لێپێچینەوە بەرامبەر كەس نەكراوە و كەسیش لەسەر ئەو هەموو پێشێلكاریانە نەكراوە.