یەكگرتوو كۆنگرەی نۆیەمی دەكات
2024-12-26 17:43:46
درەو:
یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان سبەینێ نۆیەمین كۆنگرەی خۆی سازدەكات، بە ئامادەیی زیاتر لە (800) ئەندام، لەدوای دامەزراندنییەوە لە 1994 – 2024 یەكگرتوو (8) كۆنگرەی كردووە، تاكە حزبی كوردستانە كە كۆنگرەكانی لەكاتی خۆیدا كردووە، جگە لە چوار ساڵەكەی (محەمەد فەرەج) لە ماوەی (30) ساڵی تەمەنی یەكگرتوودا (26) ساڵ سەڵاحەدین بەهادین ئەمینداری گشتیی یەكگرتوو بووە.
یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان
یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان لە رۆژی 6/2/1994 دامەزراوە، ئەمیندارەكەی (سەڵاحەدین محەمەد بەهادین)ە، جگە لە (4) ساڵی ئەمیندارێتی محەمەد فەرەج، لەسەرەتاوە دامەزراندنی یەكگرتووەوە ئەمینداری حزبەكەیە، واتە سەڵاحەدین محەمەد بەهادین (26) ساڵە كەسی یەكەمی ئەم حزبەیە.
یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان لە دوایین هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستاندا 2024 رێژەی دەنگو كورسیەكانی زیادی كرد بەراوورد بە هەڵبژاردنی رابردوو 2018ی پەرلەمانی كوردستان
لە هەڵبژاردنی 2018ی پەرلەمانی كوردستاندا یەكگرتوو (67 هەزارو 712) دەنگی بەدەستهێنا، (5) كورسی مسۆگەركرد، بەڵام لە هەڵبژاردنی 20ی ئۆكتۆبەری 2024 یەكگرتوو، ( 117 هەزارو 444) دەنگی بەدەسهێناوە (7) كورسی مسۆگەر كردووە، یەكگرتوو لە ئێستادا خۆی بە سەركەوتوو دەزانێت چونكە بووە بە حزبی چوارەمی كوردستان لەدوای (پارتی ، یەكێتی، نەوەی نوێ)وە.
كۆنگرەكانی یەكگرتوو.
یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان بە چالاكترین حزبی سیاسی هەرێمی كوردستان دادەنرێت لە بەستنی كۆنگرەدا لە (30) ساڵی تەمەنیدا (نۆیەم) كۆنگرە دەبەستێت، ووردەكاری حەوت كۆنگرەی رابردووی یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان كە لە سایتی فەرمی ئەو حزبەدا بڵاوكراوەتەوە:
كۆنگرەی یەكەم:
یەكگرتوو لە هەوڵی بەستنی كۆنگرەی یەكەمدابوو لە (مانگی /1/1994)، بەڵام بەهۆی شەڕی ناوەخۆوە نەتواندرا كۆنگرەكە لە كات و شوێنی خۆی ببەسترێت، ئەوە بوو رێكخستنەكانی دابەشكرد بۆ (9) بازنەی هەڵبژاردن كەلە (727) ئەندام پێكهاتبوون.
لە هەر ناوچەیەك كاندیدی خۆیان هەڵبژارد كە ژمارەی هەڵبژێر دراوەكان (131) كەس بوو لە هەرچوار پارێزگای كوردستان (سلێمانی و هەولێر و دهۆك و كەركوك)، لە دوو كۆنفرانسی جیادا كە لە هەولێر و سلێمانی بەستران (15) ئەندام و (3) یەدەك بۆ شورای یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان هەڵبژێردران. بەڵام ئیعلانكردنی یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان كەوتە بەرواری (6/2/1994)
كۆنگرەی دووەم ..
پاش بەرێوەچوونی كۆنفرانسەكانی رێكخستن لە سەرجەم مەڵبەندەكانی شارەكانی كوردستان بەرواری (20/8/1996) دەست نیشانكرا بۆ ئەوەی یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان كۆنگرەی دووەمی خۆی ببەستێت، ئەوەبوو لە شاری هەولێر هۆڵی میدایا دیار كرا بۆ بەرێوەچوونی كۆنگرە، كە سێ رۆژی خایاند و ژمارەی ئەندامانی كۆنگرەش لە (250) كەس پێكهاتبوو كە (20) ئەندام بۆ شورای ناوەندی یەكگرتوو دەرچوون، لە دوای ڕاپەرین بۆ یەكەمجار لە كۆنگرەی حیزبەكانی كوردستان رێكخراوی یەكگرتووی خوشكانی ئیسلامی كوردستان توانی بە (3) ژن بگەنە پلەی ئەندامی سەركردایەتی یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان.
كۆنگرەی سێیەم ..
بۆ كۆنگرەی سێیەمی یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان بەرواری (3/9/1999) دەست نیشانكرا لە شاری هەولێر بەرێوەبچێت، بۆ تاوتۆی كارەكانی كە تەواوی ژمارەی ئەندامانی كرنگرە (350) كەس بوو، كە (84) ئەندام كۆنگرە خۆیان پاڵاوت بۆ ئەوەی دەنگ بۆ (25) كەس بدەن بۆ هەڵبژاردنی شواری ناوەندی، دواتر زیادكرا بۆ (30) ئەندام كە (3) ئەندامیان ژن بوو.
كۆنگرەی چوارەم ..
لە كۆنگرەی چوارەمدا ئامادەكاریەكان بۆ ماوەیەك دواكەوت بە هۆی گۆڕانكاریەكانی ناوچەكە بەتایبەتی شەڕی ئەمریكا لە گەڵ ڕژێمی حیزبی بەعس و گۆڕینی سیستەمی دەسەڵاتی سیاسی لە عێراق، ئەم گۆڕانە گەورەیە نەبووە كۆشپ بۆ ئەوەی كۆنگرەی چوارەمی یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان نەبەسترێت ئەوەبوو رۆژی سێ شەممەی بەرواری (30/4/2005) شاری هەولێر دەست نیشانكرا بۆ بەستنی كۆنگرە.
ژمارەی ئەندامانی كۆنگرەی چوارەم (490) كەس بوو كە (35) یان بە ئەندامی شورای ناوەندی هەڵبژێردران، لەم كۆنگرەیەدا رێژەی ژنان زیادیكرد بۆ (5) ئەندامی شواری ناوەندی یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان.
كۆنگرەی پێنجەم ..
بۆ بەرێوەچوونی كۆنگرەی پێنجەم بەرواری (1/5/2008) شاری هەولێر دەست نیشانكرا، كە ژمارەی ئەندامانی كۆنگرە (538) كەس بوو، هەر لەم كۆنگرەیەدا بڕیاردرا ناوی شورای ناوەندی بگۆڕدرێت بۆ سەركردایەتی یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان كە (79) كەس لە برایان و خوشكان خۆیان پاڵاوت (35) كەس بوونە ئەندامی سەركردایەتی. لەم كۆنگرەیەدا رێژەی ژنان (5) لە ئەندامی سەركردایەتی بوون و (3) یان لە مەكتەبی سیاسی یەكگرتوو بوون.
كۆنگرەی شەشەم ..
كۆنگرەی شەشەم خاڵی وەچەرخانی یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان لە ماوەی كاری نهێنی و (18) ساڵی ئیعلانكردنیدا ئەمینداری گشتی یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان (سەلاحەدین محەممەد بەهائەدین) بڕیاری خۆ نەپاڵاوتنەوەی دا بۆپۆستی ئەمینداری گشتی، لەم كۆنگرەیەدا چونكە سستمی كۆتا جێگیر كرا بۆیە (9) ژن لەسەركردایەتی (پێنجیان بەدەنگی خۆیان سەركەوتن) و (سێ)یان لەمەكتەبی سیاسی بوون و (دوانیان) بەدەنگی خۆیان سەركەوتن). لە دەستەی باڵاش دوو ژن دەرچوون چونكە كۆتا هەبوو لە (9) ئەندام (دوانیان) ژن بوو.
بۆ كۆنگرەی شەشەم بڕیاردرا لە شاری هەولێر رۆژی سێ شەممە بەرواری (1/5/2012) بە ئامادەبوونی (750) ئەندام كۆنگرە كارەكانی خۆی بەرێوەبرد و هەڵبژاردن بۆ (35) ئەندامی سەركردایەتی یەكگرتوو كرا، هەر لەم كۆنگرەیەدا رێژەی ژنان بۆ (9) ئەندامی سەركردایەتی یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان بەرزبویوە.
كۆنگرەی حەفتەم ..
كۆنگرەی حەوتەم لەڕۆژانی ( 28-29 ) /5 / 2016 لەشاری هەولێر بەئامادەبونی ( 1127 ) ئەندام بەسترا.
لەو كۆنگرەدا ئەمینداری پێشوی یەكگرتوو ( سەڵاحەدین محەمەد بەهائەدین ) لەسەر داوای یەكگرتووەكان ئامادەیی دەڕیڕی جارێكی دیكە خۆی بپاڵێوێتەوە بۆ پۆستی ئەمینداری گشتی ، ئەوەبوو لەناو هۆڵی كۆنگرە بەڕێزیان خۆی پاڵاوت بۆپۆستی ئەمینداری گشتی ، لەبەرامبەردا ئەمینداری گشتی ئەوكات مامۆستا ( محمد فەرەج) وەك ڕێزو تەقدیرێك بۆ خۆپاڵاوتنەوەی ( سەڵاحەدین محەمەد بەهائەدین ) ، بەشێوەیەكی ئارەزومەندانە لەناو هۆڵی كۆنگرە ڕایگەیاند كەخۆی ناپاڵێوێتەوە بۆ پۆستی ئەمینداری گشتی ، بەم شێوەیە ( سەڵاحەدین محەمەد بەهائەدین ) جارێكی تر لەكەش و هەوایەكی برایانەدا بەئەمینداری گشتی یەكگرتووی ئیسلامی هەڵبژێردرایەوە.
لەكۆنگرەی حەوتەم ( 35) ئەندامی سەركردایەتی هەڵبژێردران ، ( 9 ) ئەندامیان لە ژنان بوون ، هەروەها ( 9 ) ئەندامیش بۆ دەستەی باڵای بەدواداچوون هەڵبژێردران كە ( 2) ئەندامیان ژن بوون.
كۆنگرەی هەشتەم ..
یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان لە رۆژانی 28 و 29 /12/2019 كۆنگرەی هەشتەمی ئەنجامدا ( 900) ئەندام بەشدار بوون تیایدا بە زۆرینەی رەها سەڵاحەدین بەهادینی وەك ئەمینداری گشتی یەكگرتوو هەڵبژاردەوە، (27) ئەندامی سەركردایەتی لە كۆی ( 43) ئەندامی سەركردایەتی كە ( 16) بەرپرسی مەڵبەند راستەوخۆ بوونە ئەندامی سەركردایەتی.
كۆنگرەی نۆیەم:
یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان لەماوەی ( 30 ) ساڵی ڕابردویدا ( 8 ) كۆنگرەی ئەنجامداوە و ئێستاش 27 و 28 /12/2024 كۆنگرەی نۆیەمی سازدەكات كە ( 800) ئەندام بەشداری تێدا دەكەن، چاوەڕوان دەكرێت سەڵاحەدین بەهادین بە ئەمینداری گشتی یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان هەڵبژێردڕیتەوە.
راپۆرتی پەیوەندیدار