دوای "دووپشك" BBC "چیا" دەدۆزێتەوە
2024-06-29 16:09:54
درەو:
كەناڵی (BBC) لە دووەم راپۆرتی بنكۆڵكاری گەڕان بەدوای قاچاغچییەكانی مرۆڤدا, چیرۆكی قاچاغچیەك دەگێڕێتەوە, بەناوی "چیا" كە بێدەربەستانە لە شەقامەكانی لۆكسەمبۆرگ وەك هاوڵاتیەكی ئاسایی پیاسەی كردووە, لەكاتێكدا بەرپرسە لە نوقمبوونی بەلەمێكی لاستیكی لە دەریای باكوری فەرەنسا, یەكێك لە قورباینیەكانیش كچێكی تەمەن حەوت ساڵان بوو بەناوی سارا, كە لەناو بەلەمەكەدا خنكا, بەهۆی پاڵەستۆی سەرنیشینەكانی ترو كەوتنیان بەسەریدا.
مانگی ئایاری رابردوو "BBC" لە راپۆرتێكی بنكۆڵكاریدا "دووپشك"ی لە سلێمانی دۆزیەوە دووپشك یان سكۆرپیۆن، نازناوی ئەو گەنجە كوردەیە كە چەندین وڵاتی ئەوروپی، وەك یەكێك لە دیارترین و داواكراوترین قاچاغچییەكانی مرۆڤ، بەدوایدا دەگەڕێن، دادگایەكی بەلژیكی (121) تاوانی بەسەردا ساغكردووەتەوە.
رێبوار عەباس زەنگەنە, كە نازناوی "چیا"ە, پیاوێكی كوردە باكوری عێراق لە هەرێمی كوردستان, باڵایەكی كورت و لەش و لارێكی پڕی هەیە, تەمەنی (39) ساڵە, هاوسەری نیەو وادەردەكەوێت كابرایەكی ئیمانداربێت.
رۆژنامەنوسەكەی (BBC) دەڵێت: دوای سێ رۆژ چاوەڕوانی توانیمان پاشنیوەڕۆیەك لە كۆمەڵگەكەیەكی لۆكسەمبۆرگ كە وڵاتێكی بچوكە, (چیا)ببین, كاتێك چوینە بەردەمی وێنەی سارام پیشاندا, پرسیاری ئەوەم لێكرد ئاخۆ ئەو بەرپرسیارە لەمردنی ئەو كچە تەمەن (7) ساڵانە, چیا چەند جارێك سوێندی خوارد كە ئەو قاچاغچی نیە, بەڵام دوای بینیی پاسپۆرتە عێراقیەكەی و ناسنامەی ئیتاڵیەكەی, دوای كەمێك روبەڕوبونەوە گرێكوێرەكەمان كردەوە, كاتێك زەنگی تەلەفونەكەی لێدا, داوامان لێكرد تەلەفونەكەی هەڵبگرێت, ئەو شڵەژاو بەقسەی كردین, كاتێك لە شاشەی تەلەفونەكەی نزیكبوینەوە ژمارەی تەلەفونەكەی خۆمان بینی كە زەنگمان بۆ لێدابوو, بەوشێوەیە هیچ گومانێكمان نەما لە ناسنامەكەی, چونكە پێش چەند رۆژێك بەو ژمارەیەك یەكێك لە تیمەكەمان وەك كۆچبەر خۆی ناساندبوو پێی و قسەی لەگەڵ كردبوو, بۆ ئەوەی بیپەڕێنێتەوە بۆ بەریتانیا.
چیا پێی راگەیاندبوو, دەتوانێت گەشتەكەی بۆ بەریتانیا بۆ رێكبخات لەبەرامبەر پارەو پاسەوانی زیاتریشی بۆ دابین بكات, كە هەموویان چەكیان پێیە, لە بەلەمی ئایندە كە باكوری فەرەنسا بەجێدەهێلێت, نرخی هەر سەرنشینێكیش بە بەلەم (1500) یۆرۆیە.