Draw Media

حزبەكان پێشبینی چەند كورسی بۆخۆیان دەكەن؟

حزبەكان پێشبینی چەند كورسی بۆخۆیان دەكەن؟

2024-06-27 20:54:48


 

درەو:
سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان رۆژی 20ی ئۆكتۆبەری 2024ی بۆ هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی كوردستان دیاریكردووە، ئەم جارە تەواوی حزبەكانی كوردستان بەشداری تێدا دەكەن، لە ئێستاوە حزبەكان راپرسی نهێنی و بۆچونی ناوخۆیان وەرگرتووە لەسەر پێگەو رێژەی كورسی و ژمارەی دەنگەكانیان، (درەو) گفتوگۆی لەگەڵ بەرپرسی زۆربەی حزبەكان كردووە، سەبارەت بە پێشبینیان بۆ ئەنجامی هەڵبژاردنی داهاتوو و ئەو كورسیانەی بەدەستی دەهێنن، ژمارەی ئەو كورسیانەی حزبەكان  پێشبینیان بۆخیان كردووە دەگاتە (150) كورسی.  

بەهۆی ئامادەكاری پێشوو بۆ رۆژی 10ی حوزەیران، حزبەكان پێگەو سەنگی خۆیان بۆ دەركەوتووەو بەهۆی ئەو راپرسیانەی لەناوخۆدا كردوویانە جۆرێك بەرچاویان روون بووتەوە بۆ ئەو دەنگ و كورسیانەی بەدەستی دەهێنن، (درەو) گفتوگۆی لەگەڵ بەرپرسی حزبەكاندا كردووەو پێشبینی ئەوان بۆ ئەنجامی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی كوردستان و ژمارەی ئەو كورسیانەی بەدەستی دەهێنن.
 

یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان
یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان لە هەڵبژارنی خولی شەشەمی پەرلەمانی كوردستان بە نیازە نزیكەی (10) كورسی بەدەستبهێنێت و پێیان وایە دەنگەكانیان زیاد دەكات.
یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان لە هەڵبژاردنی ئۆكتۆبەری 2021ی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق (108) هەزار دەنگی بەدەستهێناوەو چوار كورسی پەرلەمانی عێراقیان مسۆگەركردووە.
بە پێی وتەی بەرپرسانی یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان كە (درەو) گفتوگۆی لەگەڵ كردوون، لە هەڵبژاردنی رابردوو لە دهۆك زیاتر لە (81) هەزار دەنگی بەدەستهێناوەو پێیان وایە دەنگەكانیان زیاد دەكات و زیاتر لە (5-6) كورسی بەدەستدەهێنن و لە سلێمانی (3) كورسی و لە هەڵەبجە (1) كورسی و لە هەولێر ئەگەری بەدەستهێنانی (1) كورسی هەیە، بۆیە كۆی كورسیەكانیان نزیك دەبێتەوە لە (10) كورسی.
 بزووتنەوەی گۆڕان
بزووتنەوەی گۆڕان لە دواین هەڵبژاردنی ئۆكتۆبەری 2021ی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق تەنیا (22) هەزار دەنگی بەدەستهێناوە، بەڵام لە هەڵبژاردنی 2018ی پەرلەمانی كوردستان (187) هەزار دەنگیان بەدەستهێنا، بزووتنەوەی گۆڕان چاوی لەوەیە بۆ لە هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی كوردستان (5) كورسی بەدەستدەهێنن، لە سلێمانی (3) كورسی و لە هەولێر (2) كورسی.

كۆمەڵی دادگەری كوردستان.
كۆمەڵی دادگەری كوردستان لە دواین هەڵبژاردنی ئۆكتۆبەری 2021ی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق (64) هەزار دەنگی بەدەستهێناوە لەكاتێكدا یەك كورسی پەرلەمانی عێراقیان بردەوە، بەڵام لە هەڵبژاردنی 2018ی پەرلەمانی كوردستان (109) هەزار دەنگیان بەدەستهێنابوو (7) كورسی پەرلەمانیان هەبوو، بەپێی ئەوەی (درەو) گفتوگۆی لەگەڵ كردوون كۆمەڵی دادگەری لە هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی كوردستان (6 - 7) كورسی بەدەستدەهێنن، بەجۆرێك لە سلێمانی (3) كورسی لە هەولێر (3) كورسی و لە هەڵەبجە كورسیەك.

جوڵانەوەی نەوەی نوێ
حوڵانەوەی نەوەی نوێ لە هەڵبژاردنی ئۆكتۆبەری 2021ی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق (204) هەزار دەنگیان بەدەستهێناوە و لە هەڵبژاردنی 2018ی پەرلەمانی كوردستاندا (127) هەار دەنگیان بەدەستهێنابوو، (درەو) قسەی لەگەڵ بەشێك لە بەرپرسان و نزیكانی جوڵانەوەی نەوەی نوێكرد، ئەوان پێیان وایە دەنگەكانیان هێندە یاد دەكات دەبنە موفاجەئەی هەڵبژاردەنی 20ی ئۆكتۆبەری داهاتوو، ئەوان پێیان وایە دەنگەكانی پێشوویان بەشی (18) كورسیە، بەڵام تموحی (25) كورسیان هەیە،
جوڵانەوەی نەوەی نوێ چاوی لەوەیە كورسیەكی هەڵەبجە و (12) كورسی سلێمانی و (9) كورسی هەولێر و (3) كورسی دهۆك بەدەستبهێنێت.

یەكێتی نیشتمانی كوردستان
یەكێتی نیشتمانی كوردستان لە دواین هەڵبژاردنی ئۆكتۆبەری 2021ی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق (215) هەزار دەنگی بەدەستهێناوە ، بەڵام لە هەڵبژاردنی 2018ی پەرلەمانی كوردستان (319) هەزار دەنگیان بەدەستهێنابوو (21) كورسی پەرلەمانیان هەبوو، (درەو) قسەی لەگەڵ بەشێك لە بەرپرسانی یەكێتی كرد ئەوان پێیان وایە ئەم هەڵبژاردنە بۆ یەكێتی هەڵبژاردنی راستكردنەوەی هاوسەنگیەو (26 - 28) كورسی بەدەستدەهێنن، بەجۆرێك كاریان لەسەر هەموو لایەنگر و ئەوانە كردووە لە یەكێتیدا كار دەكەن و پۆستیان وەرگرتووەو سودمەندبوون و لە هێزی ئەمنیان، ئەوان بە نیازن لە هەڵبژاردنی داهاتوودا زیاتر لە (350) هەزار دەنگ مسۆگەر بكەن (26 - 28) كورسی بەرنەوە.
بەجۆرێك لە سلێمانی (15 - 16) كورسی و لە هەڵەبجە (1) كورسی و لە هەولێر (6 -7) كورسی و لە دهۆكیش (2-3) كورسی.

پارتی دیموكراتی كوردستان
پارتی دیموكراتی كوردستان لە دواین هەڵبژاردنی ئۆكتۆبەری 2021ی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق (579) هەزار دەنگی بەدەستهێناوە ، بەڵام لە هەڵبژاردنی 2018ی پەرلەمانی كوردستان (688) هەزار دەنگیان بەدەستهێنابوو (45) كورسی پەرلەمانیان هەبوو، (درەو) قسەی لەگەڵ بەشێك لە بەرپرسانی پارتی كرد ئەوان پێیان وایە كورسیەكانی پارتی نەك هەر كەم ناكات بەڵكو زیادیش دەكات بەجۆرێك (46 - 47) كورسی بەدەستدەهێنن.
ئەو بەرپرسانەی پارتی دەڵێن، پارتی دەستی بە جێبەجێكردنی پلانێك كردووە بۆ ئەوەی زۆرترین دەنگ بهێنێت و لایەنگرانی خۆی ئاشت بكاتەوە، كە پارتی خاوەنی نزیكەی (700) هەزار ئەندام و لایەنگرە، ئەگەر تەنیا ئەندام و لایەنگرانی دەنگی پێبدەن زیاتر لە (45) كورسی دەكات.
بۆیە پارتی چاوی لەوەیە لە سلێمانی (4- 5) كورسی و لە هەڵەبجە (1) كورسی و لە هەولێر (19 -20) كورسی و لە دهۆكیش (19 -20) كورسی بەدەستبهێنێت.

هەڵوێستی نیشتمانی
رەوتی هەڵوێستی نیشتمانی كە عەلی حەمەساڵح پەرلەمانتاری پێشووی بزووتنەوەی گۆڕان سەرۆكایەتی دەكات، پێیان وایە نزیكەی (10) كورسی پەرلەمانی كوردستان بەدەستدەهێنن، چونكە خەڵكی بێزارە لە حزبە باڵادەستەكانی كوردستان.
بەرەی گەل
بەرەی گەل كە لاهور شێخ جەنگی هاوسەرۆكی پێشووی یەكێتی سەرۆكایەتی دەكات پێیان وایە (12 - 15) كورسی پەرلەمانی كوردستان بەدەستدەهێنن، ئەوان چاویان لە دەنی ناڕازی كوردستان و بنكەی ناڕازی ناو یەكێتیە.

هاوپەیمانی كوردستانی
هاوپەیمانی كوردستان لە (حزبی شیوعی كوردستان و حزبی زەحمەتكێشانی كوردستان و پارتی سۆسیال دیموكراتی كوردستان) پێكهاتووەو محەمەد حاجی مەحمود سەرۆكایەتی دەكات، ئەو سێ حزبە پارێزگای سلێمانی و هەڵەبجەیان بۆ سۆسیال دیموكرات داناوەو پارێزگای هەولێر بۆ حزبی شیوعی و پارێزگای دهۆك بۆ زەحمەتكێشان دانراوە، چاویان لە دوو كورسیە، كورسیەك لە سلێمانی و كورسیەك لە هەولێر.

هاوپەیمانی سەردەم
هاوپەیمانی سەردەم لە ( پارتی پارێزگارانی كوردستان بە سەرۆكایەتی نەجات عومەر سورچی، پارتی كرێكاران و رەنجدەرانی كوردستان بەسەرۆكایەتی باپیر كامەلا، یەكێتی نەتەوەیی دیموكراتی كوردستان بەسەرۆكایەتی غەفور مەخموری) پێكهێندراوەو عەبدوڵا حاجی مەحمود سەرۆكی هاوپەیمانێتیەكەیەو چاویان لە كورسیەكی هەولێرە.


ئەگەر خوێندنەوە بۆ دۆخی حزبەكان و ژمارەی دەنگ و پێگەیان بكرێت، رەنگە ژمارەی ئەو كورسیانەی حزبەكان بۆخۆیانی دادەنێن، كە نزیكەی (150)كورسیە لەكۆی (95) كورسی پەرلەمان بگۆڕێت، بەڵام ئەم راپۆرتە تەنیا تایبەتە بە بۆچۆنی حزبەكان خۆیان و بە بێ شیكاری و لێكدانەوەی دۆخی ئێستای حزبەكان و پێگەو ئاستی جەماوەری و دۆخی ژیانی و گوزەرانی هاوڵاتیان.  

 

راپۆرتی پەیوەندیدار

پێگەی لایەنة سیاسییەکان لە سنوری بازنەی پارێزگای هەڵەبجە

پێگەی لایەن سیاسییەکان لە سنوری بازنەی پارێزگای سلێمانی

پێگەی لایەنە سیاسییەکان لە سنوری بازنەی پارێزگای هەولێر

پێگەی لایەنە سیاسییەکان لە سنوری بازنەی پارێزگای دهۆک

 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand