بازاڕی كڕین و فرۆشتنی نەوت گەرمە
2024-05-20 19:40:42
درەو:
"ئێستا بازاڕی نەوت گەرمترین بازاڕە لە كوردستان، گازی لانازو كار لە هەولێرەوە بۆ سلێمانی و لەوێشەوە دەیبەین بۆ پاكسان و ئەفغانستان، هەرتەنێك بۆ سلێمانی بە 25 دۆلار بار دەكەین، ئیدارەی گشتی یەكێتی 50 دۆلاری مەنەفێست وەردەگرێت، بە پێچەوانەشەوە هەر ترێلەیەك لە سلێمانیەوە داخڵی هەولێر بكرێت 350 دۆلار بۆ كۆمپانیاكانی سەر بە پارتیە" ئەمە وتەی بازرگانێكی نەوت و بەرهەمەكانی نەوتە كە بۆ (درەو) قسەی كردووە.
ئەو بازرگانەی نەوت كە نەویست ناوی بهێندرێت بە ووردی قسەی بۆ (درەو) كرد سەبارەت بە هاتوچۆی تانكەرەكان و بازاڕی نەوت لە هەرێمی كوردستان، ئاماژەی بەوەكرد لەدوای راگرتنی هەناردەكردنی نەوتی هەرێمی كوردستان لە رێگای بۆری بۆ توركیا ئێستا بازاڕی نەوت و بەرهەمەكانی لە هەرێمی كوردستان گەرمترینە لەناوخۆدا، كۆمپانیاكانی نەوت لەبەر ئەوەی نەوت بە بۆری ناڕوات هەمووی بە ئێمە دەفرۆشن و ئێمەش رەوانەی ئێران و لەوێوە بۆ ئیمارات و گازی كوردستانیش دەنێرین بۆ پاكستان و ئەفغانستان.
ئەو بازرگانە وورتر قسەی بۆ (درەو) كرد و وتی ئێمە رۆژانە نەوت لە كۆمپانیاكانی نەوت دەكڕین ئەمڕۆ نەوتمان كڕی بەم شێوەیە:
• نەوتی خۆرمەڵە تەنی بە (295) دۆلار واتا بەرمیلی نزیكەی (40) دۆلار دەوەستێت.
• نەوتی تاوكێ تەنی بە (280) دۆلار واتا بەرمیلی بە نزیكەی (37) دۆلار.
• نەوتی شێخان تەنی بە (218) دۆلار بەرمیلی بە نزیكەی (29) دۆلارە
ئێمە ئەو نەوتەی باری دەكەین و تەنی بە (25) دۆلار دەبەین كە رۆژانە هەزاران تانكەرە بۆ سلێمانی بۆ گۆڕەپانەكانی تانجەڕۆ، لەوێشەوە دەبرێت بۆ ئێران ئیدارەی گشتی یەكێتی تەنی (50) دۆلاری مەنەفێست وەردەگرێت و دەبرێت بۆ ئێران بۆ بەندەر ئیمام لەوێشەوە بۆ ئیمارات چەند جۆرێكە.
• گازەكەی لانازو كار راستەوخۆ دەبرێتە ئێران و لەوێشەوە بۆ پاكستان و ئەفغانستان
• نەوتی خام راستەوخۆ دەڕواتە ئێران و لەوێشەوە بۆ بەندەر ئیمام و بۆ ئیمارات و بازاڕی جیهانی.
ئەو بازرگانەی نەوت ئاماژەی بەوەكرد، ئێستا كۆمپانیاكانی نەوت كێبەركێی توند لە نێوانیاندایە، لەسەر كڕین و باركردنی بەرهەمە نەوتییەكانی هەرێمی كوردستان، ئێستا رۆژانە كۆمپانیای (ساوس كوردستان) نزیكە (400) تانكەر نەوت بار دەكات بۆ ئێران ، ئەو كۆمپانیایە بازاڕەكەی قۆرخكردووە، پارەی مەنەفێست نادات.
سەرەرای ئەوە ئێستا پارتی و یەكێتی لە بازگەكانیان پارە دەستێنن، بۆ نمونە هەر بارێك لە سلێمانیەوە بچێت بۆ هەولێر ئەوا (350) دۆلار دەدرێت بە كۆمپانیا كە سەربە پارتیە، بۆیە هەر بارێك لە سلێمانیەوە بچێتە هەولێر پارتی پارە وەردەگرێت و لە هەولێرەوە بچێتە سلێمانی یەكێتی پارە وەردەگرێت.
لە 25ی ئازاری 2023 ەوە نەوتی هەرێمی كوردستان لەرێگای بۆریەوە راگیراوە بەڵام كۆمپانیاكانی بەرهەمهێنانی نەوت بەردەوامن لە بەرهەمهێنانی نەوت و لەناوخۆیدا بەرهەمەكانیان ساغ دەكەنەوە بە وتەی وتەبێژی كۆمەڵی پیشەسازی نەوتی كوردستان (ئەپیكۆر) ئێستا رۆژانە لە هەرێمی كوردستان (400) هەزار بەرمیل نەوت بەرهەمدەهێندرێت،
بە وتەی وتەبێژی ئەپیكۆر (50%)ی ئەو نەوتەی بەرهەمدەهێندرێت بۆ حكومەتی هەرێمی كوردستانەو (50%)یش بۆ كۆمپانیاكانی بەرهەمهێنەری نەوتە و بەرمیلی لەناو خۆدا بە (40) دۆلار دەفرۆشرێت.
ئەمەش وای كردووە بازاڕی نەوتی هەرێم گەرم بێت و رۆژانە بە هەزاران تانكەر لە نەوتی خاو و نەوتی رەش و گاز رەوانەی دەرەوە بكرێت و شەقامەكانی هەرێمی كوردستان جمەیان دێت لە تانكەری بەرهەمە نەوتییەكان.