هه‌ڵبژاردنی كوردستان له‌نێوان دوو بڕیاری "بنبڕ"دا
2024-05-16 10:48:05
راپۆرت: دره‌و
ناكۆكی پارتی و یه‌كێتیی له‌سه‌ر هه‌ڵبژاردن خه‌ریكه ئه‌نجومه‌نی دادوه‌ریی عێراق توشی دابه‌شبوون ده‌كات، كۆمسیۆنی هه‌ڵبژاردنه‌كانی عێراق ئه‌مڕۆ كه‌وته به‌رده‌م دوو بڕیاری (بنبڕ)ی دژبه‌یه‌كه‌وه، یه‌كه‌میان بڕیاری دادگای فیدراڵییه بۆ راگرتنی ئاماده‌كارییه‌كان بۆ هه‌ڵبژاردنی كوردستان، ئه‌وی تر بڕیاری ده‌سته‌ی دادوه‌ریی هه‌ڵبژاردنه‌كانه بۆ ده‌ستپێكردنه‌وه‌ی ئاماده‌كارییه‌كان، له‌سه‌ر ئه‌م كه‌یسه ناكۆكی قوڵ له‌نێوان فایه‌ق زه‌یدان و حاكم جاسم ده‌بینرێت، ورده‌كاری زیاتر له‌م راپۆرته‌دا.
یه‌كێتیی ده‌سته‌ی دادوه‌ریی ده‌كات به گژی دادگای فیدراڵیدا!
رۆژی 6ی ئه‌م مانگه مه‌سرور بارزانی سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێم كه هاوكات جێگری سه‌رۆكی پارتی دیموكراتی كوردستانیشه، سكاڵایه‌كی له دادگای فیدراڵی عێراق تۆماركرد، له سكاڵاكه‌یدا داوای له دادگای فیدراڵی كرد فه‌رمانێكی سالاریی (امر ولائی) ده‌ربكات بۆ را‌گرتن و هه‌ڵپه‌ساردنی ئاماده‌كارییه‌كانی كۆمسیۆنی هه‌ڵبژاردن بۆ سازدانی هه‌ڵبژاردنی كوردستان تا ئه‌وكاته‌ی سكاڵاكه‌ی یه‌كلاده‌بێته‌وه.
دادگای فیدراڵی رۆژێك دواتر‌و له 7ی ئه‌م مانگه‌دا به فه‌رمانێكی سالاریی كاركردنی به بڕگه‌ی (دووه‌م) له مادده‌ی (2)ی سیسته‌می تۆماری لیستی كاندیده‌كان و په‌سه‌ندكردنی بۆ هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی كوردستان ژماره 7ی ساڵی 2024 راگرت، سیسته‌مێك كه له‌لایه‌ن كۆمسیۆنی باڵای سه‌ربه‌خۆی هه‌ڵبژاردنه‌كانی عێراقه‌وه ده‌رچووه‌و مه‌سرور بارزانی تانه‌ی لێداوه، راگرتنی كاركردن به‌م بڕگه‌یه تا یه‌كلابوونه‌وه‌ی چاره‌نوسی سكاڵاكه‌ی مه‌سرور بارزانی، وایكرد كۆمسیۆن هه‌مان رۆژ بڕیارێك بۆ راگرتنی رێوشوێنه‌كانی بۆ سازدانی هه‌ڵبژاردن ده‌ربكات.
ئه‌مه له‌كاتێكدا بوو بڕیار بوو رۆژی 10ی ئه‌م مانگه هه‌ڵمه‌تی بانگه‌شه‌ی هه‌ڵبژاردنی خولی شه‌شه‌می په‌رله‌مانی كورستان ده‌ستپێبكات و كۆمسیۆن ده‌ست به چاپكردنی فۆرمه‌كانی ده‌نگدان بكات، مه‌سرور بارزانی له‌رێگه‌ی ئه‌م سكاڵایه‌وه له‌به‌رژه‌وه‌ندی حزبه‌كه‌ی توانی هه‌ڵبژاردنی كوردستان دوابخات، هه‌ڵبژاردنێك كه بڕیاربوو رۆژی 10ی حوزه‌یرانی ئه‌مساڵ به‌ڕێوه‌بچێت.
له‌به‌رامبه‌ردا یه‌كێتیی كه پێشتر‌و له‌رێگه‌ی دادگای فیدراڵییه‌وه كاری خۆی كرد‌و یاسای هه‌ڵبژاردنی به‌وشێوه‌یه گۆڕی كه دڵخوازی خۆی بوو، به بڕیاری سالارییه‌كه‌ی دادگای فیدراڵی نیگه‌ران بوو، بۆیه رێگایه‌كی یاسایی نوێی بۆ روبه‌ڕووبونه‌وه‌ی بڕیاره‌كه‌ی دادگا دۆزییه‌وه، چونكه به‌پێی ده‌ستور بڕیاره‌كانی دادگای فیدراڵی تانه‌یان لێ نادرێت.
یه‌كێتیی له‌رێگه‌ی (رزگار حاجی حه‌مه) به‌رپرسی مه‌كته‌بی هه‌ڵبژاردنی حزبه‌كه‌یه‌وه، له ده‌سته‌ی دادوه‌ریی هه‌ڵبژاردنه‌كانی عێراق سكاڵایه‌كی له‌دژی بڕیاری كۆمسیۆنی هه‌ڵبژاردنه‌كان بۆ راگرتنی ئاماده‌كارییه‌كانی هه‌ڵبژاردن جوڵاند.
ده‌سته‌ی دادوه‌ریی هه‌ڵبژاردنه‌كان كه ده‌سته‌یه‌كی سه‌ربه ئه‌نجومه‌نی باڵای دادوه‌ریی عێراقه، ئه‌مڕۆ بڕیاری خۆی له‌سه‌ر ئه‌و سكاڵایه ده‌ركرد كه (رزگار حاجی حه‌مه) تۆماریكردبوو.
ده‌سته‌ی دادوه‌ریی هه‌ڵبژاردنه‌كان له‌بڕیاره‌كه‌یدا جه‌خت له‌سه‌ر ئه‌م خاڵانه ده‌كات:
• كۆمسیۆنی هه‌ڵبژاردنه‌كان پابه‌ند ده‌كات به‌وه‌ی له بڕیاره‌كانیدا سه‌باره‌ت به پرۆسه‌ی هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی كوردستان پشت به بڕیاری رۆژی 7ی ئه‌م مانگه‌ی دادگای باڵای فیدراڵی نه‌به‌ستێت، به‌وپێیه‌ی چاره‌سه‌ركردنی ئه‌و ناكۆكییانه‌ی كه له‌به‌ره‌نجامی ئاماده‌كاریی و جێبه‌جێكردنی پرۆسه‌ی هه‌ڵبژاردنه‌وه سه‌رهه‌ڵده‌ده‌ن، پسپۆری ئه‌نجومه‌نی كۆمسیارانی كۆمسیۆنی هه‌ڵبژاردنه نه‌ك دادگای فیدراڵی و هه‌ر سكاڵایه‌كیش له‌وباره‌یه‌وه هه‌بێت به‌ته‌نیا ده‌بێت له‌به‌رده‌م ده‌سته‌ی دادوه‌ریی هه‌ڵبژاردن پێشكه‌ش بكرێت نه‌ك له‌به‌رده‌م دادگای فیدراڵی، به‌ڵام دادگای فیدراڵی له‌سه‌ر بنه‌مای ده‌ستور سكاڵاكه‌ی مه‌سرور بارزانی قبوڵكردووه، به‌وپێیه‌ی به‌گوێره‌ی ده‌ستور دادگا ده‌توانێت هه‌ر سكاڵایه‌ك وه‌ربگرێت كه له‌سه‌ر پرسی ده‌ستوریبوونی یاسا‌و سیسته‌مه كارپێكراوه‌كان تۆماركرابن، مه‌سرور بارزانی سكاڵای له‌سه‌ر سیسته‌می هه‌ڵبژاردن كردووه.
• سیسته‌می تۆماری كاندیده‌كانی بۆ هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی كوردستان له رۆژی 29/2/2024 ده‌رچووه‌و ئه‌نجومه‌نی كۆمسیارانی كۆمسیۆنی هه‌ڵبژاردن په‌سه‌ندیكردووه، لایه‌نی زه‌ره‌رمه‌ند له‌م سیسته‌مه (مه‌به‌ستی پارتی و مه‌سرور بارزانییه كه سكاڵای كردووه) ده‌بوو به‌پێی یاسای كۆمسیۆن له‌ماوه‌ی سێ رۆژدا دوای بڵاوبوونه‌وه‌ی سیسته‌مه‌كه له‌به‌رده‌م ده‌سته‌ی دادوه‌ریی هه‌ڵبژاردن تانه بده‌ن، واتا ئه‌م كاره‌یان نه‌كردووه‌و سكاڵاكه‌ی مه‌سرور بارزانی بنه‌مای یاسایی تێدا نییه.
• مادده‌ی (10/ دووه‌م) له یاسای كۆمسیۆنی باڵای سه‌ربه‌خۆی هه‌ڵبژاردنه‌كان ژماره (31)ی ساڵی 2019و یاسای هه‌ڵبژاردنه‌كانی په‌رله‌مانی كوردستان ژماره (1)ی ساڵی 1992ی هه‌مواركراو، ده‌سه‌ڵاتی ئه‌وه‌یان به كۆمسیۆنی هه‌ڵبژاردنه‌كان داوه هه‌رێمی كوردستان دابه‌ش بكات به‌سه‌ر چوار بازنه‌ی هه‌ڵبژاردندا، ئه‌م بابه‌ته له ده‌ره‌وه‌ی پسپۆڕی دادگای باڵای فیدراڵییه، به‌وپێیه‌ی تانه له ده‌ستوریبوونی ئه‌م دوو یاسایه نه‌دراوه.
• تانه‌دان له سیسته‌می هه‌ڵبژاردن له ده‌ره‌وه‌ی پسپۆڕی دادگای فیدراڵییه، چونكه مادده‌ی (23)ی یه‌یڕه‌وی ناوخۆی دادگای فیدراڵی ده‌ڵێت:" به‌ر له كه‌متر له شه‌ش مانگ له واده‌ی به‌ڕێوه‌چوونی هه‌ڵبژاردن، هیچ تانه‌یه‌ك له ده‌ستوریبوونی یاسای هه‌ڵبژاردنه‌كان و ئه‌و ده‌قانه‌ی كه له یاساكه‌دا هاتوون وه‌رناگیریت)، له‌مه‌شدا ده‌سته‌ی دادوه‌ریی ده‌یه‌وێت سكاڵاكه‌ی مه‌سرور بارزانی له‌ڕووی یاساییه‌وه بێ به‌ها بكات.
• تانه‌دان له سیسته‌می هه‌ڵبژاردن له‌به‌رده‌م دادگای فیدراڵی تێپه‌ڕاندنی تایبه‌تمه‌ندی ده‌سته‌ی دادوه‌ریی هه‌ڵبژاردنه‌كانه، بۆیه ئه‌و بڕیاره‌ی كه له ده‌ره‌وه‌ی تایبه‌تمه‌ندی ده‌رچووه هیچ پابه‌ندییه‌كی یاسایی له‌سه‌ر دروست ناكرێت، له‌سه‌ر ئه‌م بنه‌مایه نابێت ئه‌نجومه‌نی كۆمسیارانی كۆمسیۆنی هه‌ڵبژاردنه‌كان له بڕیاره‌كانیدا سه‌باره‌ت به هه‌ڵبژاردن پشت به بڕیاری ناوبراوی دادگای فیدراڵی ببه‌ستێت.
• له‌كۆتایی بڕیاره‌كه‌یدا، ده‌سته‌ی دادوه‌ریی هه‌ڵبژاردن، كۆمسیۆنی هه‌ڵبژاردنه‌كانی عێراق پابه‌ند ده‌كات به‌وه‌ی ده‌ست به رێوشوێنه‌كانی بكاته‌وه بۆ سازدانی هه‌ڵبژاردنی كوردستان.
• كۆمسیۆن داوا له سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێم بكات واده‌یه‌كی نوێ بۆ هه‌ڵبژاردن دیاری بكات تا سكاڵاكه‌ی مه‌سرور بارزانی له دادگای یه‌كلاده‌بێته‌وه.
كۆمسیۆن له‌نێوان دوو بڕیاری بنبڕدا !
ده‌ره‌نجامی ئه‌م بڕیاره‌ی ده‌سته‌ی دادوه‌ریی هه‌ڵبژاردن هیچ له بڕیاره‌كه‌ی رۆژی 7ی ئه‌م مانگه‌ی دادگای فیدراڵی ناگۆڕێت، سه‌رباری ئه‌مه‌ش هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی كوردستان به‌شێوه‌یه‌كی كرداریی دواكه‌وتووه، به‌ڵام كۆمسیۆنی هه‌ڵبژاردنه‌كانی عێراق كه‌وتوه‌ته به‌رده‌م دوو بڕیاری (بنبڕ)ه‌وه، یه‌كێكیان بۆ راگرتنی رێوشوێنه‌كانی هه‌ڵبژاردنی كوردستان و ئه‌وه‌ی تر بۆ ده‌ستپێكردنه‌وه‌ی.
ئه‌م به‌ریه‌ككه‌وتنه له‌رووی یاساییه‌وه، ئاماژیه بۆ بوونی ناكۆكی قوڵ له‌نێوان فایه‌ق زه‌یدانی سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی باڵای دادوه‌ریی عێراق و دادوه‌ر جاسم عومێری سه‌رۆكی دادگای باڵای فیدراڵی.
ئه‌مه له‌كاتێكدا رووده‌دات كۆمسیۆن هه‌ڵبژاردنه‌كان رۆژی 7ی ته‌موز واده‌ی یاسایی به‌سه‌ر ده‌چێت و چاوه‌ڕوانی ئه‌وه‌یه ته‌نیا له‌پێناو به‌ڕێوه‌بردنی هه‌ڵبژاردنی كوردستاندا، په‌رله‌مانی عێراق شه‌ش مانگی تر ته‌مه‌نی بۆ درێژبكاته‌وه.
بڕیارێك له‌به‌رژه‌وه‌ندی مه‌سرور بارزانی
دادگای باڵای فیدراڵی عێراق له‌سه‌ر بنه‌مای سكاڵای مه‌سرور بارزانی سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان و جێگری سه‌رۆكی پارتی، فه‌رمانێكی سالاری ده‌ركرد له‌باره‌ی هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی كوردستانه‌وه.
به‌پێی ئه‌وه‌ی له فه‌رمانه‌كه‌دا هاتووه، دادگای فیدراڵی جێبه‌جێكردنی بڕگه‌ی (دووه‌م)ی مادده‌ی (2)ی سیسته‌می تۆماری لیستی كاندیده‌كانی بۆ هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی كوردستان راگرت.
بڕگه‌ی (دووه‌م) له مادده‌ی (2)ی سیسته‌می تۆماری كاندیده‌كان و په‌سه‌ندكردنیان بۆ هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی كوردستان كه به ژماره (7) له 2024دا له‌لایه‌ن كۆمسیۆنی هه‌ڵبژاردنه‌كانی عێراقه‌وه ده‌رچووه ده‌ڵێ:
* په‌رله‌مانی كوردستان له (100) كورسی پێكدێت كه دابه‌ش ده‌بێت به‌سه‌ر ئه‌م بازنانه‌ی هه‌ڵبژاردندا:-
- پارێزگای هه‌ولێر: 34 كورسی
- پارێزگای سلێمانی: 38 كورسی
- پارێزگای دهۆك: 25 كورسی
- پارێزگای هه‌ڵه‌بجه: 3 كورسی
دادگا جێبه‌جێكردنی ئه‌م بڕگه‌ی له سیسته‌مه‌كه‌ی كۆمسیۆنی هه‌ڵبژاردن بۆ هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی كوردستان راگرتووه تا ئه‌وكاته‌ی چاره‌نوسی سكاڵاكه‌ی مه‌سرور بارزانی یه‌كلا ده‌بێته‌وه.
مه‌سرور بارزانی كه له‌دوای بڕیاره‌كه‌ی ناوه‌ڕاستی شوباتی 2022وه بۆ هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی یاسای نه‌وت و غازی هه‌رێمی كوردستان، به‌رده‌وام دادگای فیدراڵی به‌وه ناوده‌برد كه "دادگایه‌كی ناده‌ستورییه"، هه‌ڵبژاردنی كوردستان ناچاریكرد په‌نا بۆ دادگاكه ببات و ئه‌مجاره دادگاكه له‌به‌رژه‌وه‌ندی ئه‌و بڕیاری ده‌ركرد.
مه‌سرور بارزانی سكاڵای له چی كردووه ؟
6ی ئه‌م مانگه، مه‌سرور بارزانی له‌رێگه‌ی پارێزه‌ره‌كه‌یه‌وه (ئه‌یاد كاكه‌یی) له‌به‌رده‌م دادگای باڵای فیدراڵی عێراق سكاڵایه‌كی له‌دژی كۆمسیۆنی باڵای سه‌ربه‌خۆی هه‌ڵبژاردنه‌كانی عێراق تۆماریكرد.
له‌م سكاڵایه‌دا مه‌سرور بارزانی داوای له دادگای فیدراڵی كرد فه‌رمانێكی سالاری (امر ولائی) ده‌ربكات بۆ را‌گرتن و هه‌ڵپه‌ساردنی رێوشوێنه‌كانی كۆمسیۆنی باڵای هه‌ڵبژاردنه‌كانی عێراق تایبه‌ت به هه‌ڵبژاردنی خولی شه‌شه‌می په‌رله‌مانی كوردستان.
مه‌سرور بارزانی سكاڵای له‌سه‌ر (سیسته‌می تۆماری لیستی كاندیده‌كان و په‌سه‌ندكردنی بۆ هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی كوردستان ژماره 7ی ساڵی 2024) هه‌یه، كه له‌لایه‌ن كۆمسیۆنی هه‌ڵبژاردنه‌كانی عێراقه‌وه ده‌رچووه.
به‌پێی ئه‌وه‌ی له سكاڵاكه‌یدا هاتووه، مه‌سرور بارزانی له‌سه‌ر بنه‌مای بڕیاری رۆژی 21ی شوباتی ئه‌مساڵی دادگای فیدراڵی، تانه‌ی له كاره‌كانی كۆمسیۆنی هه‌ڵبژاردنه‌كان داوه، تانه‌كانی له‌م خاڵانه‌دا كورت ده‌بێته‌وه:
• كۆمسیۆنی هه‌ڵبژاردنه‌كان له دابه‌شكردنی (100) كورسییه‌كه‌ی په‌رله‌مانی كوردستان به‌سه‌ر بازنه‌كانی هه‌ڵبژاردندا، سه‌رپێچی بڕیاری دادگای فیدراڵی كردووه، كورسییه‌كانی له‌سه‌ر بنه‌مای ژماره‌ی ده‌نگده‌ران به‌سه‌ر بازنه‌كاندا دابه‌شكردووه، نه‌ك ژماره‌ی دانیشتوانی هه‌رێم، پشتبه‌ستن به‌م پێوه‌ره پێچه‌وانه‌ی ده‌ستوری عێراقه كه ژماره‌ی دانیشتوانی كردووه به بنه‌ما نه‌ك ژماره‌ی ده‌نگده‌ران، داوا له دادگای ده‌كات ئه‌م بڕیاره‌ی كۆمسیۆن هه‌ڵبوه‌شێنێته‌وه.
• له دابه‌شكردنی كورسییه‌كانی په‌رله‌مانی كوردستاندا، كۆمسیۆنی هه‌ڵبژاردنه‌كان بنه‌مایه‌كی تری ده‌ستوری پێشێلكردووه كه له مادده‌ی (49/ یه‌كه‌م)ی ده‌ستوردا هاتووه‌و داوای له‌به‌رچاوگرتنی نوێنه‌رایه‌تی سه‌رجه‌م پێكهاته‌كان ده‌كات له ده‌سه‌ڵاته‌كانی یاساداناندا، له هه‌رێمی كوردستان به‌هۆی نه‌بوونی ده‌قێكی یاسایی، دادگای فیدراڵی له بڕیاری 21ی شوباتی 2024ی خۆیدا بابه‌تی نه‌خشه‌ی ناوچه‌كانی هه‌ڵبژاردن و دابه‌شكردنی كورسییه‌كانی داوه به كۆمسیۆنی هه‌ڵبژاردنه‌كان له‌سه‌ر بنه‌مای دادپه‌روه‌ریی و یه‌كسانیی، بۆیه ده‌بێت كۆمسیۆن پابه‌ند بێت به بنه‌مای ده‌ستوریی تایبه‌ت به نوێنه‌رایه‌تی سه‌رجه‌م پێكهاته‌كانی هه‌رێمی كوردستان، به‌دیاریكراویش توركمان و مه‌سیحییه‌كان، واتا مه‌سرور بارزانی له‌م ده‌رگایه‌وه ده‌یه‌وێت كورسی "كۆتا"ی پێكهاته‌كان بگه‌ڕێنێته‌وه، چونكه مافی ئه‌وه‌ی نییه تانه له بڕیاری دادگای فیدراڵی بدات به هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی (11) كورسییه‌كه‌ی "كۆتا"ی پێكهاته‌كان و ئێستا ده‌یه‌وێت له‌چوارچێوه‌ی (100) كورسییه‌كه‌دا كورسی بۆ پێكهاته‌كان ته‌رخان بكرێت.
• دادگای له بڕیاره‌كه‌یدا ده‌ڵێ كۆمسیۆنی هه‌ڵبژاردنه‌كان له‌سه‌ر بنه‌مایه‌كی "بابه‌تی"یانه ناوچه‌كانی هه‌ڵبژاردن دیاری بكات و كورسییه‌كانی به‌سه‌ردا دابه‌ش بكات، ئه‌و بنه‌مایه‌ی كه كۆمسیۆن به‌كاریهێناوه بنه‌مایه‌كی بابه‌تییانه نییه.
• مادده‌ی (2/یه‌كه‌م/ج)ی ده‌ستور ده‌ڵێ" نابێت یاسایه‌ك ده‌ربكرێت كه پێچه‌وانه بێت له‌گه‌ڵ ماف و ئازادیه بنه‌ڕه‌تییه‌كان كه له ده‌ستوردا هاتوون)، بێبه‌شكردنی پێكهاته‌كان له نوێنه‌رایه‌تیكردن له په‌رله‌مانی كوردستان پێچه‌وانه‌ی بنه‌مای ده‌رفه‌تی یه‌كسان و یه‌كسانییه له‌به‌رده‌م یاسادا بۆ هه‌موو عێراقییه‌كان، چۆنیه‌تی دابه‌شكردنی كورسی و بازنه‌كانی هه‌ڵبژاردن واده‌كات پێكهاته‌كان نه‌توانن كێبركێ له‌سه‌ر كورسییه‌كان بكه‌ن و هیچ كورسییه‌ك به‌ده‌ست نه‌هێنن كه له ده‌سه‌ڵاتی یاسادانانی هه‌رێمی كوردستاندا نوێنه‌رایه‌تییان بكات.
مه‌سرور بارزانی هه‌ڵبژاردنی دواخست
له‌سه‌ر بنه‌مای ئه‌م سكاڵا یاساییه‌و ئه‌و خاڵانه‌ی له‌باره‌ی سه‌رپێچییه‌كانی كۆمسیۆنی هه‌ڵبژاردنه‌كان خستویه‌تیه به‌رده‌م دادگای فیدراڵی، مه‌سرور بارزانی داوای له دادگای فیدراڵی عێراق كرد:
* حوكم بدات به ناده‌ستوریبوونی مادده‌ی (2)ی سیسته‌می تۆماری لیستی كاندیده‌كان و په‌سه‌ندكردنی بۆ هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی كوردستان ژماره 7ی ساڵی 2024 كه له‌لایه‌ن كۆمسیۆنی باڵای سه‌ربه‌خۆی هه‌ڵبژاردنه‌كانی عێراقه‌وه ده‌رچووه.
* تا ئه‌وكاته‌ی بڕیار له‌سه‌ر ئه‌م سكاڵایه ده‌درێت، دادگای فیدراڵی فه‌رمانێكی سالاریی (امر ولائی) ده‌ربكات بۆ را‌گرتن و هه‌ڵپه‌ساردنی رێوشوێنه‌كانی كۆمسیۆن سه‌باره‌ت به هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی كوردستان، چونكه ئه‌گه‌ر دادگا وه‌ڵامی سكاڵاكه بداته‌وه‌و پێكهاته‌كان به‌شداری هه‌ڵبژاردن بكه‌ن و لیست پێشكه‌ش بكه‌ن، ئه‌وكاته ده‌بێت له‌ڕووی هونه‌ری و لۆجستییه‌وه رێوشوێنه‌كانی كۆمسیۆن دووباره بكرێنه‌وه، ئه‌مه‌ش له‌كاتێكدایه كه گرێبه‌سته‌كانی كۆمسیۆن له‌گه‌ڵ كۆمپانیا جیهانییه‌كان خه‌رجییه‌كی زۆر ده‌خه‌نه سه‌ر شانی ده‌وڵه‌ت.
له‌سه‌ر ئه‌م بنه‌مایه، دادگای فیدراڵی فه‌رمانی سالاریی بۆ راگرتنی ئه‌و مادده‌یه‌ی په‌یڕه‌وی كۆمسیۆنی هه‌ڵبژاردن ده‌ركردو كاركردنی به مادده‌كه راگرت تا ئه‌وكاته‌ی ئه‌نجامی سكاڵاكه‌ی مه‌سرور بارزانی یه‌كلاده‌بێته‌وه.
له‌حاڵی ده‌رچوونی بڕیاری دادگای فیدراڵی له‌سه‌ر سكاڵاكه‌ی مه‌سرور بارزانی، ئیتر ده‌رفه‌ت له‌به‌رده‌م دواخستنی هه‌ڵبژاردن و ده‌ستكاریكردنی بڕیاره‌كانی 21ی شوباتی دادگای فیدراڵی له‌باره‌ی یاسای هه‌ڵبژاردنی كوردستانه‌وه نامێنێت، بڕیارێك كه سیسته‌می هه‌ڵبژاردنی له كوردستان له (یه‌ك بازنه‌یی)ه‌وه گۆڕیوه بۆ (فره بازنه‌یی)و كورسی "كۆتا"ی پێكهاته‌كانیشی هه‌ڵوه‌شاندوه‌ته‌وه.
مه‌سرور بارزانی له سكاڵاكه‌یدا داوای ته‌رخانكردنی كورسی بۆ پێكهاته‌ی توركمان و مه‌سیحی كردووه له‌چوارچێوه‌ی (100) كورسی په‌رله‌ماندا، پێشبینی ده‌كرێت دادگا له‌چوارچێوه‌ی ده‌ستورو یاسای كارپێكراوی عێراقدا كورسی "كۆتا"ی پێكهاته‌كان به‌شێوه‌یه‌كی نوێ رێكبخاته‌وه‌و به‌سه‌ر ناوچه‌كانی هه‌رێمدا دابه‌شیان بكات.
چیرۆكی هه‌ڵبژاردنێك كه چاره‌نوسی دیار نییه!
هه‌ڵبژاردنی خولی شه‌شه‌می په‌رله‌مانی كوردستان ده‌بوو له رۆژی 1ی ئۆكتۆبه‌ری 2022 به‌ڕێوه‌بچێت، به‌ڵام به‌هۆی ناكۆكی پارتی و یه‌كێتیی له‌سه‌ر چۆنیه‌تی هه‌مواری یاسای هه‌ڵبژاردن و كاراكردنه‌وه‌ی كۆمسیۆنی هه‌ڵبژاردن و راپرسی كوردستان، ساڵێك و شه‌ش مانگ هه‌ڵبژاردنه‌كه له‌واده‌ی خۆی دواكه‌وتووه.
دواكەواتنی هەڵبژاردن لەوادەی خۆی، نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێمی ناچاركرد، بۆ جاری دووەم مەرسوم دەربكات‌و وادەیەكی نوێ بۆ هەڵبژاردن دیاری بكات، كۆتاییەكانی ئازاری 2023 سەرۆكی هەرێم مەرسومی دووەمی دەركردو رۆژی 9ی تشرینی یەكەمی 2022ی بۆ سازدانی هەڵبژاردن دیاریكرد، لەماوەی مانگی ئازار بۆ تشرینی یەكەم، لایەنە سیاسییەكانی هەرێم لە بارەگای سەرۆكایەتی هەرێم چوونە ناو زنجیرەیەك كۆبونەوە بۆ رێككەوتن لەسەر ئەنجامدانی هەڵبژاردن، بەڵام نەگەیشتنە رێككەوتن، بەتایبەتیش پارتی‌و یەكێتیی.
لە پرسی دواكەوتنی هەڵبژاردندا، یەكێك لەخاڵە سەرەكییەكانی ناكۆكی لەنێوان پارتی‌و یەكێتیی كورسی "كۆتا"ی پێكهاتەكان بوو، ئەم ناكۆكییە تاوەكو ئێستاش بەردەوامە.
لە سەرەتای گفتوگۆكانەوە لەبارەی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی كوردستان، یەكێتیی داوای دەكرد هەڵبژاردنی كوردستان هاوشێوەی دواین هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق كە 2021 بەڕێوەچوو، بكرێت بەشێوازی "فرە بازنەیی"، چونكە یەكێتیی‌و هەندێك لەلایەنەكانی تر پێیانوایە شێوازی (یەك بازنەیی) ئەوەی بۆ پارتی فەراهەمكردووە زۆرینەی پەرلەمانی هەبێت‌و لەشێوازی (فرە بازنەیی)دا دەنگەكان دابەشدەبن‌و پارتی ناتوانێت زۆرینەی پەرلەمانی بە قەبارەی پێشتر دروستبكات، ئەوكات لە گفتوگۆكاندا پارتی لەسەر ئەم داواكارییە قایل بوو، بەڵام هاوكات لەگەڵ فرە بازنەییدا، یەكێتیی داوای دەكرد كورسی "كۆتا"ی پێكهاتەكانیش بەسەر بازنەكانی هەڵبژاردندا دابەش بكرێت، بۆ ئەمە یەكێتیی داوای دەكرد (2 بۆ 4) كورسی لە كۆی (11) كورسی "كۆتا"ی پێكهاتەكان بخرێتە سنوری پارێزگای سلێمانی، لەسەر ئەمە لەگەڵ پارتی نەگەیشتنە رێككەوتن‌و بەوهۆیەشەوە هەڵبژاردن دواكەوت و مه‌رسومی یه‌كه‌می نێچیرڤان بارزانی هه‌ڵوه‌شایه‌وه.
نیسانی 2023 كاتێك دانوستانی پارتی‌و یەكێتیی لەبارەی هەمواری یاسای هەڵبژاردن چڕبووەوە، بەتایبەتیش لەسەر چۆنیەتی دابەشكردنی (11) كورسییەكەی "كۆتا"ی پێكهاتەكان بەسەر بازنەكانی هەڵبژاردندا (ئەوكات پارتی‌و یەكێتیی رێككەوتبوون لەسەر ئەوەی هەرێم بكرێت بە چوار بازنەی هەڵبژاردن)، بۆ یەكلاكردنەوەی ئەم ناكۆكییە، نەتەوە یەكگرتووەكان بەشداری لە دانوستانەكانی پارتی‌و یەكێتیدا دەكرد، نەتەوە یەكگرتووەكان پێشنیازی ئەوەی كرد كورسییەكی پێكهاتەی توركمان بدرێت بە پارێزگای سلێمانی (كفری)، بەڵام نوێنەرانی پێكهاتەی توركمان ئەم پێشنیازەیان رەتكردەوە.
به‌هۆی شكستی ئه‌م دانوستانه‌شه‌وه، نێچیرڤان بارزانی به‌ناچاری مه‌رسومی دووه‌می بۆ سازدانی هه‌ڵبژاردن له رۆژی 18ی تشرینی دووه‌می 2023دا ده‌ركرد.
به‌ڵام ناكۆكی پارتی و یه‌كێتیی هه‌ر به‌رده‌وام بوو، به‌وهۆیه‌وه په‌رله‌مان نه‌یتوانی یاسای هه‌ڵبژاردن هه‌موار بكاته‌وه‌و كۆمسیۆنی هه‌ڵبژاردنی كوردستان كارابكاته‌وه، شكستی دانوستانه‌كانی سه‌ریكێشا بۆ هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی درێژكردنه‌وه‌ی ته‌مه‌نی په‌رله‌مانی كوردستان به‌بڕیارێكی دادگای فیدراڵی له رۆژی 30ی ئایاری 2023دا، ئیتر لێره‌وه یه‌كێتیی یه‌كه‌م خاڵی سه‌ركه‌وتنی تۆماركرد‌و رێگه‌ی نه‌دا به یاسا كۆنه‌كه به‌وشێوه‌ی پارتی ده‌یه‌وێت هه‌ڵبژاردن بكرێت، چونكه ئیتر په‌رله‌مانێك نه‌ما بۆ ئه‌وه‌ی یاسای هه‌ڵبژاردن هه‌موار بكاته‌وه، له‌قۆناغی دواتردا یه‌كێتیی په‌نای بۆ دادگای باڵای فیدراڵی عێراق برد‌و دوای هه‌شت مانگ تاوتوێكردن، دادگای له 21ی شوباتی ئه‌مساڵدا سكاڵاكه‌ی یه‌كێتیی په‌سه‌ندكردو شێوازی هه‌ڵبژاردنی له كورستان له (یه‌ك بازنه)وه بۆ (فره بازنه) گۆڕی و كورسی "كۆتا"ی پێكهاته‌كانیشی هه‌ڵوه‌شانده‌وه.
نێچیرڤان بارزانی سه‌رۆكی هه‌رێم كه له مه‌رسومی سێیه‌می خۆیدا رۆژی 25ی شوباتی 2024ی بۆ سازدانی هه‌ڵبژاردن د‌یاریكردبوو، ده‌رچوونی بڕیاری دادگای فیدراڵی له 21ی شوباتی 2024دا له‌باره‌ی سكاڵاكه‌ی یه‌كێتیی، جارێكی تر دۆخه‌كه‌ی لێ تێكدا‌و ناچاریكرد مه‌رسومی چواره‌م بۆ سازدانی هه‌ڵبژاردن له 10ی حوزه‌یرانی ئه‌مساڵ ده‌ربكات، ئه‌م مه‌رسومه‌ش چاره‌نوسی له‌وانی تر باشتر نه‌بوو، ئێستا سه‌رۆكی هه‌رێم چاوه‌ڕوانی یه‌كلابوونه‌وه‌ی سكاڵاكه‌ی مه‌سرور بارزانی ئامۆزای ده‌كات له دادگای فیدراڵی به‌مه‌به‌ستی ده‌ركردنی مه‌رسومی پێنجه‌م و دیاریكردنی رۆژێكی نوێ بۆ هه‌ڵبژاردن كه پێشبینی ده‌كرێت له نێوان مانگی 9 بۆ 10ی ئه‌مساڵدا بێت.
ده‌قی بڕیاری ئه‌مڕۆی ده‌سته‌ی دادوه‌ریی هه‌ڵبژاردنه‌كان