Draw Media

وەزیرەكانی حكومەت منحەی بەردەستیان وەرگرت

وەزیرەكانی حكومەت منحەی بەردەستیان وەرگرت

2024-03-20 13:11:24




درەو:
وەزیرەكانی حكومەتی هەرێمی كوردستان مینحەی بەردەستیان وەرگرت كە هەر وەزیرێك لە (10 بۆ 25) ملیۆن دینار وەردەگرێت، كە بۆ بەخشین و كاروباری خۆی بەكاری دەهێنێت.
سەرچاوەیەك بە (درەو)ی راگەیاند  ئەمڕۆ چوارشەممە وەزیر و بریكارەكانی حكومەتی هەرێمی كوردستان مینحەی بەردەستیان چووە سەر ئەژماری بانكیان و هەموو مانگێكیش لەكاتی خۆیدا وەری دەگرن بەبێ دواكەوتن، تەنیانەت مانگانەكانی (10-11-12/2023)یش ئەو مینحەیەیەان وەرگرتووە، كە لە ئێستادا وەك موچە وایە بۆیان جگە لەوەی سولفەیەكیش وەردەگرن بۆ دیوانی وەزارەت.
ئەوەی مانگانە بۆ هەر وەزیر و بریكاری وەزارەتێك خەرج دەكرێت سەرەڕای موچەكەی مینحەی بەردەست و سولفەی دیوانی وەزارەتیشیان بۆ خەرج دەكرێت.


موچەی وەزیر
موچەی هەر وەزیرێكی حكومەتی هەرێم مانگانە دەگاتە  (7 ملیۆن‌و 850 هەزار) دینار، ئەویش لە دەرماڵەو موچەی بنەڕەتی پێكهاتووە بە لێدەركردن خانەنشینی نزیك دەبێتەوە لە (7 ملیۆن و 250 هەزار) دینار.

مینحەی وەزیر
هەموو وەزیرێكی حكومەتی هەرێم مانگانە مینحەیەكی وەردەگرێت بۆ خەرجی كاروباری بەردەست‌و بەخشین، ئەو بڕە پارەیە لە وەزیرێكەوە بۆ وەزیرێكی تر جیاوازە. بۆ نموونە:
•    هەریەك لە وەزارەتەكانی (ئاوەدانكردنەوە، سامانە سروشتییەكان، پەروەردە) مانگانە (15 ملیۆن) دینار مینحە وەردەگرن.
•    وەزارەتەكانی (بازرگانی، ئەوقاف، گواستنەوە، رۆشنبیری) مانگانە (10 ملیۆن) دینار مینحە وەردەگرن.
•    وەزارەتی دارایی مانگانە (25 ملیۆن) دینار مینحە وەردەگرێت.
•    وەزارەتەكانی (ناوخۆ، پێشمەرگە) مانگانە (20 ملیۆن) دینار مینحە وەردەگرن.
•    ئەوانەی لە پلەی وەزیردان مانگانە (7 ملیۆن‌و 500 هەزار) دینار مینحە وەردەگرن.
ئەم مینحەیە بۆ كاروباری بەردەست‌و بەخششە، بەڵام ئێستا وەكو موچەی لێهاتووەو راستەوخۆ وەزیر هەڵیدەگرێت بۆخۆی‌و تەسویە ناكرێت‌و لەلایەن چاودێری دارایی، چاودێری چۆنیەتی خەرجكردنی ناكرێت.
 
سولفەی وەزارەت
سەرەڕای موچەو مینحەی كە لەبەر دەستی وەزیردایە، مانگانە هەر وەزارەتی سولفەیەك وەردەگرێت بۆ خەرجیەكانی دیوانی وەزارەت‌و پێداویستیەكانی رۆژانە لە (قرتاسیە، بەنزین، گاز، پرنتەر، چا، قاوەو خەرجیەكانی تری ناو دیوانی وەزارەت).
خەرجی سولفە لەژێر چاودێری دیوانی وەزارەتدایەو دەبێت تەسویە بكرێت، ئەم سولفەیە لەلایەن دیوانی وەزارەتەكانەوە خەرج دەكرێت. بۆ نمونە:
•    وەزارەتەكانی (ناوخۆ، دارایی، پێشمەرگە) مانگانە بڕی (30 ملیۆن) دینار سولفە وەردەگرن.
•    وەزارەتەكانی (ئاوەدانكردنەوە، بازرگانی، كارو كاروباری كۆمەڵایەتی، ئەوقاف، رۆشنبیری) مانگانە بڕی (15 ملیۆن) دینار سولفە وەردەگرن.
ئەو سولفەیە كە (بودجەی تەشغیلی)یە، مانگانە لە كاتی دیاریكراوی خۆیدا دەدرێت‌و  هیچ رۆژێك دواناكەوێت، كێشەی ئەو سولفەیە لەوەدایە، بۆ خەرجی دیوانی وەزارەت‌و  ناو وەزارەتە، بەڵام وەزیرو بریكاری وەزیرەكان سەرەڕای موچەو مینحەكەی بەردەستیان، خەرجی خۆیان‌و نوسینگەكانیان لە نمونەی خەرجی بەنزین‌و چاككردنەوەی ئۆتۆمبێل‌و كارتی مۆبایل دەخەنە سەر ئەو سولفەیە، كە ئەمەش نایاساییە.   


بریكاری وەزیر
هەر وەزیرێك، بریكارێكی هەیە، وەزیری ناوخۆ (2) بریكاری هەیە، بەگشتی كابینەی نۆیەم زیاتر لە (20) بریكاری وەزیر هەیە.
موچەی ئەوانەی بریكاری وەزیرن مانگانە (5 ملیۆن‌و 500 هەزار) دینارە، موچەی بنەڕەتیان (2 ملیۆن‌و 500 هەزار) دینارە، (3 ملیۆن) دیناریش وەكو دەرماڵە وەردەگرن، جگە لە بڕوانامە ئەگەر بڕوانامەی ماستەر و دكتۆرایان هەبێت، ئەوە لانیكەم ( ملیۆنێك) دیناری تر دەچێتە سەر موچەكەیان.
ئەوانەی بریكاری وەزیرن، سەرەرای موچەكەیان، مانگانە بڕی (3 ملیۆن) دینار مینحە دەخرێتە بەردەستیان بۆ (خەرجی‌و پێداویستی نوسینگەكەیان‌و بەخشین)، بەڵام بریكارەكان ئەم پارەیە بۆخیان هەڵدەگرن‌و خەرجی مانگانەی كە (ملیۆن‌و 500 هەزار دینار بۆ 2 ملیۆن) دینارە، دەیخەنە سەر سولفەو خەرجیەكانی وەزارەت.   
واتا بریكارێكی وەزیر مانگانە بەتێكڕا بڕی (10 ملیۆن) دینار وەردەگرێت، كە بەشێكی نایاساییە، چونكە پێویستە خەرجیەكانی لە پارەی مینحەكەی بەردەستی خەرجبكات.
لەپاڵ ئەمانەدا، بریكاری وەزیر (3) پاسەوان‌و ئۆتۆمبێلێكی مۆدێل بەرزو ڤێلایەك یان (شوقە)ی بۆ دابینكراوە .    

راپۆرتی پەیوەندیدار

كابینەی نۆیەم.. بەهەشتی وەزیرەكان

 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand